تارق فەتحی
ڕوونکردنەوەی ڕۆژنامەی ڕەوت: [سەرەک وەزیرانی عێڕاق لە (٤/٦/٢٠٢٦)دا ڕایگەیاند کە لیژنەیەکی حکومی تایبەت پێکدەهێنێت بۆئەوەی هەڵگرتنی چەک سنوردار بکاتەوە بە سوپا و هێزە چەکدارەکانی سەر بە دەوڵەت و دوا مۆڵەتی بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەش دیاری کرد کە بریتییە لە (٣٠-٩-٢٠٢٦). کە هاوکاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێڕاق. ئێستا کە لە ناوەڕاستی مانگی نۆ (ئەیلول/سێپتێمبەر)داین کاتەکە بەرەو کۆتایی ئەو وادە دیاریکراوە دەڕوات. ئەم وتارەی هاوڕێ تارق فەتحی لەو بارە بایەخی خۆی هەیە و (ڕەوت) لەبەر گرینگی بابەتەکە لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی بۆ خوێنەرانی].
-*-*-*
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی (٣٠)ی ئەیلوول (ی ٢٠٢٦)، زنجیرەیەک لێدوانی یەک بەدوای یەکدا بڵاودەکرێتەوە کە هۆشداری دەدەن لەبارەی “فیتنە” و “پیلانگێڕی” کە لەوانەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا ببێتە هۆی ئاژاوەگێڕی لە شەقامەکاندا، ئەمە بە گوتەی سەعد مەعەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی ئەمنی.
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دیاریکراودا، قەیرانە ئابووری و ئەمنی و سیاسیـیەکانیش بەرەو هەڵکشان دەچن:
- لە ڕووی ئابووریـیەوە، قەیرانی سووتەمەنی باڵی کێشاوە بەسەر دیمەنەکەدا؛
هەزاران ئۆتۆمبێل لە سەرەی دوورودرێژی بەنزیدا لە چاوەڕوانیدان، زۆرێک لە کارگەکان لە کار و لە بەرهەمهێنان وەستاون بەهۆی لابردنی پشتیوانەی دارایی بۆ سوتەمەنی و کەمی بڕی سوتەمەنی. دابینکردنی مووچەی کارمەندان و کرێکاران و خانەنشینان لە نادڵنیایی و لە هات و نەهات دایە، خۆپیشاندانی دەرچووانی زانکۆ و کرێکارانی گرێبەست شەقامەکانی داگرتووە، دۆلاریش بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، کە ڕەنگدانەوەی خۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان نیشان دەدات.
- هەرچی لایەنی ئەمنی و سیاسیشە، لە ڕاستیدا گرێدراون بەیەکەوە و یەک دۆسیەن:
لێکەوتەکانی بۆردومانی بۆریی نەوتی ستراتیژیی سعودی هێشتا لە نێوان هەردوولای عێڕاق و سعودیەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، کە بابەتێکی زاڵە بەسەر دیمەنی سیاسی لە عێڕاق، چونکە هەندێک لە فڕاکسیۆن و دەستەوتاقم بە ئاقاری توندوتیژکردنەوەی گرژیی و چوونە ناو ململانێ و کێشمەکێشەکە پاڵ دەنێن، لە کاتێکدا لایەنی تر هەن لەناو دەسەڵاتدا دەیانەوێت پێگەی خۆیان بپارێزن، یان بە شێوەیەکی تر بڵێین دەیانەوێت “پارێزگاری بکەن لە کیسەباخەڵەکانیان”، سەرباری ئەوەی کە هێشتا پێکهاتەی وەزاری حکومەتەکەی عەلی زەیدی تەواو نەبووە و وەک قەیرانێک ماوەتەوە، هەندێک زانیاریی دزە-پێکراو ئاماژە بەوە دەکەن کە ناکۆکی هەیە لەنێوان لایەنەکاندا لەسەر دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و پشکەکان، بەڵام قەیرانی چەک داماڵین دایکی هەموو قەیرانەکانە، کە دەتوانێت هاوکێشەی دەسەڵات و ڕووخسارەکەشی بگۆڕێت.
کێشەکە لەوەدایە کە هێشتا پرسی داماڵینی چەک، تەنها لە ڕوانگەی دەسەڵات و میلیشیاکانەوە تاوتوێ دەکرێت، هەردووکیشیان چ دەسەڵات و چ میلیشیاکان ئیسلامین. دەسەڵات هێزی سوپا و پۆلیس و هێزی ئەمنیی جۆراوجۆری هەیە و بە لۆژیکێکی میلیشیاییش کار دەکەن. هەرچی میلیشیاکانیشن لای خۆیانەوە چەکی جۆراوجۆریان هەیە و بەهرەمەندن لە پشتیوانەی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وە چەندین کەمپی سەربازی و کۆگا و عەمباری چەک و دامەزراوەی ئابووری گەورەیان هەیە کە پوڵ و پارەیان بۆ دابین دەکات.
ئێستا، پرسیارەکە ئەوەیە: داماڵینی چەک مانای چییە؟ یان با ڕوونتر بپرسین: کێ چەک لە کێ دادەماڵێت؟ ئایا دەسەڵاتی “میلیشیایی” چەک دادەماڵێت لە میلیشیاکان؟ یان میلیشیاکان چەک دادەماڵن لە دەسەڵات، یان بەهێزتر لەو دەسەڵاتە لە مەیدانەکەدا دەمێننەوە؟ با بە شێوەیەکی کۆنکرێـتـیـتر بڵێین: ئایا چەکی عەممار حەکیم و عامری و مالیکی و خەزعەلی کە “نوێنەرانی دەسەڵاتی سیاسی”ن باشترە لە چەکی حەمیداوی و وەلائی و کەعبی؟
با سیناریۆیەکی دیاریکراو بـێـنـیـنە بەرچاو: حەکیم و مالیکی و عامری سەرکەوتوو دەبن لە چەک داماڵینی حەمیداوی و وەلائی و کەعبی، و بەردەوام دەبن لە حوکمڕانی وڵات بە هەمان عەقڵیەتی تاڵانی و میلیشیایی و پاشکۆیەتی و پشتبەستوویی بە وڵاتانی دەرەکی. کەواتە، چی گۆڕاوە؟
هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی میلیشیاکان (ڕاپەڕینەکەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)یان سەرکوت کرد، ئێستا با وا دابنێین دوای سەرکەوتنی نوێنەرانی دەسەڵاتی سیاسی ئیسلامییەکان، خۆپیشاندان یان ڕاپەڕینێک ڕوودەدات؛ ئایە چۆنچۆنی مالکی و حەکیم و ئەمیری و خەزعەلی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن؟
دوایین ژمارەی ڕۆژنامەی “الغد الإشتراكي”، (ژمارە ٥٣/ئاب-ئۆگۆستی ٢٠٢٦) ئەم ڕستە ڕاستگۆیانە و قووڵەی کردۆتە مانشێتی سەرەکی خۆی:
[قۆرخکردنی چەک لە دەستی هێزە میلیشیاکاندا بێت یان لە دەستی دەسەڵاتداران، ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردنی جەماوەر و ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەیان، هەر ئەو جەماوەرەشە کە چەکیان لێ دادەماڵێت]
لێرەدا دەڵێین: پێویستە لە لۆژیکی خودی دەسەڵات و لە بازنەی بیرکردنەوەیان بچینە دەرەوە؛ ئەوان خۆیان وا نیشان دەدەن لەبەر چاوی خەڵک کە باشترن لە میلیشیاکان! بەڵام ئەمە درۆیەکی سیاسی گەورەیە، چونکە ئەوان و میلیشیاکان یەک شتن، واتە: لۆژیکی سیاسییان یەکێکە و هەمان شتە.
١٥-٩-٢٠٢٦
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
