لە چیدا لێکناچن … مەغریب و کوردستان!

جەمال کۆشش

دوای (٤٥) ڕۆژ لە کۆچی بەکۆمەڵی لاوانی مەغریب بۆ هەر دوو شاری ئیسپانیایی سویتا و مەلیلە (Ceuta – Melilla) – سبتة و مليلية (سەبتە وەک بەعەرەبی ناوی دەهێنن) کێشەی پەنابەران، ئاڵۆزترە لەوەی چاوەڕوان دەکرێت؟

کۆتایی (تەمموزی ٢٠٢٦)، لەگەڵ دەستپێکردنی پشوی هاوینە و جەژنی پادشایی وڵاتی مەغریب، دەنگۆی واڵابوونی خاڵی سنوری “سویتا” سەرووی (٧٠) هەزار کەس لە لاوانی کوڕان و کچان و مناڵان بە تەلبەندەکاندا هەڵگەڕان، یان ڕێگای ئاوی بەمەلەوانی بەپڕ مەترسیترین سەرکێشی دەپەڕینەوە، بەداخەوە نزیکەی (٨٠) کەس بەخەونی دەسپێکێکی نوێی ژیان گیانیان لە دەستدا، لەنێویاندا (فاتن بن عومەرئەلعەزیزی)، کچە وەرزشکاری یانەی تەتوانی و ئەتلەنتیک تانجە (طنجة).

فاتن ئەلعەزیزی … گەورەترین ئازار و تێکشکانی خەونەکانی نەوەیەک بوو ڕۆشنایی ئومێدی ئەستێرەیەکی گەشی تۆپانێی ژنانی مەغریب، لە شەوی (٢٩) لەسەر (٣٠) مانگی (٧)ی ئەمساڵ (٢٠٢٦) لە سنورە ئاوییەکانی مەغریب/ئیسپانیا نزیک لە قەراخی بەری سویتا بە یەکجاری کوژایەوە.

فاتن، چوارەم لە پێنجەمی مناڵی خێزانەکەی بوو، فاتن هەر لەمنداڵییەوە، خولیاو شەیدای تۆپانێ بوو، هەر بەتریکۆتەوە (جلی وەرزش) دەنوست و هەڵدەستا. فاتن لە تـیـپەکانی ئەتلەنتیک تانجە و تەتوانی مەغریبی بوو، لە شوێنی چەپی بەرگریکار یاری دەکرد و هەندێ جاریش کاپتن بوو، بەڵام وەک یاریکەری پیشەیی نەناسێنرابوو.

زۆر خەونی بوون بە وەرزشکارێکی ئەستێرەیی و باشبوونی ژیانی خێزانەکەییەوە دەبینی، چونکە دایک و باوکی لێک جیاببونەوە و زۆر دەستکورت و هەژار بوون، پێش پێنج (٥) ڕۆژ بەر لە مەرگی، ژوورۆچکەیەکی لاچەپیان لە حەوشەکەیان بۆ چێکرد کە هێشتا بزگوڕەکانی لەنێو عەلاگەکاندا ماوون وەک تەنها یادگارییەک! فاتن لە گۆڕستانی سەرووی ماڵی خۆیان کاری سەختی ئاودانی گوڵەکانی دەکرد، هەندێ جار هەر لە گۆڕستانەش دەنووست.

ئەوە دووەم جاری بوو کە هەوڵبدات بۆ دەرەوەی وڵات و تەنانەت فۆڕمی داوای (فیزەی شەنگن)یشی پڕ کردبۆوە بۆ ئەوەی بەڵکە ئێ، بەخت یاوەری بێت لە یانەکانی ئیسپانیا!، بەڵام لەبەر بێمتمانەیی بەکارمەندەکانی دەوڵەت واستە و واستەکاری حەوسەڵەی چاوەڕوانی نەما. ئەو شەوە لەگەڵ برایەک و خوشکێکی بەگەڵ هەزارانی تر کەوتن. فاتن قەبارەی گەورەترین ئازار و ئاوات و هەوڵەکانی نەوەیەکی لەخۆیدا گوزارشت لێدەکرد.

تەنگژەی دبلۆماسی دەرەوە بۆ شاردنەوە هۆکارەکانی ناوەوە

سەرۆک دۆناڵد ترامپ، کۆچەکەی بۆ بێتوانایی حکومەتی ئیپسانیا و دەستەپاچەیی سەرەک وەزیران سانشێز (Pedro Sánchez) گەڕاندەوە و سەرکۆنەی یەکێتی ئەوروپای کرد، کە بێدەنگن “حکومەتی سانشێز ڕەدی کردەوە خاکەکەی بۆ ‌پەلاماری ئێران بەکاربهێنریت”. حکومەتی شانسێز، بە هەڵبەستنی زانیاری ناڕاست و هاندان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان، ئیسرائیل و ڕوسیای لە پشت ئەم کۆچی بەکۆمەڵەوە ناساند. نەتانیاهۆ بەهۆی پشتگیری حکومەتی ئیسپانیا لە فەلەستینیەکان، وتبوی “دەبینیت چیت بەسەر دێت”. یەکێتی ئەوروپا بە هەرە دیموکراسیـیەکانی ناویان، فینلاند و دانمارک تا نیو فاشیستەکەی ئیتالیا، هەڕەشەی سڕکردن و دەرکردنی ئیسپانیایان لە ڕێککەوتنامەی شەنگن کرد. چەندان تێۆری تر، ڕەنگە ئەم ئەگەرانە هەریەکەیان لە گۆشەیەکەوە کاریگەر بن و لە شیکارییەکانی نێو میدیای کوردیشدا گوێمان گرت و خوێندمانەوە، وەلێ ئەوەی وون بوو، چیرۆک و خەون و کارەساتەکانی پەنابەران بوو.

سویتا و مەلیلە

سویتا شارۆچکەیەکە دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست و لە کیشوەری ئەفەریکادایە، چەندین سەدەیە بەشێکە لە خاکی ئیسپانیا و یەکیتی ئەوروپا بەسنوری خۆی دەزانێت. وە یەکێکە لە دەروازە گرنگەکانی سنوورە ئاوییەکان و ساڵانە کارەساتی خنکانی پەنابەران چەندین بارە دەبێتەوە. سویتا دانیشتوانەکەی (٨٥) هەزارکەس دەبن و شارێکی ڕەنگین و پڕ سیحرە. ستاتووە گەورەکەی هەرقل لە نێو دوو ستوندە گەورەکەیـدا، سویتای بە پێکـگەیشتنی دوو کیشوەر ئەوروپا و ئەفەریکا ڕازندۆتەوە.

گەشەی سەرمایە و داڕمانی خزمەتگوزاریـیەکان پێشکەوتنێکی بەرچاو لە گەشە و کەڵەکەی سەرمایەداری لە مەغریب بەتایبەت لە ساڵانی دوو هەزار بەدواوە دەستیپێکردووە، بەڵام لە پێناو باشترکردنی ژیانی گشتیدا، ڕۆڵێکی تێکدەرانە و نێگەتیفی گێڕاوە، بێکاری لەنێو تەمەنی (٢٤ تا ٣٥ ساڵیدا) لە سەدا (٣٧) و لەنێو دەرچوانی زانکۆدا لە سەدا بیست تێدەپەڕێت. سیستەمی تەندروستی لە داڕمانێکی تەواو دایە، ساڵی پار ئەم کاتانە هەشت ژن لە نەخۆشخانەی “حەسەنی دووەم” لە شاری ئەگادیر گیانیان لەدەستدا. بۆ هەر دە هەزار دانیشتوان (٧ تا ٨) پزیشک هەیە و ناوچە هەژارنشینەکان و لادێیەکان بەتەواوی فەرامۆشکراون.

لێکۆڵەرە کۆمەڵایەتیـیەکان، گەندەڵی بەخوێنبەربوونی ئابوری مەغریبی دەزانن. ڕاپۆرتی دەزگای چاودێری نەهێشتن و بەرەنگاربونەوەی بەرتیل مەزەندە دەکات ساڵانە نزیکەی (٥٠ ملیارد درهەم بێت کە دەکاتە نزیکەی ٥.٣٣ ملیارد دۆلاری ئەمەریکی). ئەمەش یەکسانە بە بودجەی سەرجەم کەرتە کۆمەڵایتیـیەکان. ئەم هەلومەرجە وای کردووە ئازادی سیاسی و بەتایبەت ئازادی ڕۆژنامەگەری بەرتەسک بکرێتەوە و هەوڵبدرێت بەپێی یاسا ڕێگە لە دەستڕاگەیشتن بەزانیاری کۆنتڕۆڵ بکەن. بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنیرانی بێسنوور مەغریب لە ڕیزی (١٢٠) دەوڵەتدا بوو بۆ ساڵی (٢٠٢٥).

نارەزایەتیـیەکان و خۆپێشاندانەکان نەوەیەکی نوێی پرۆلیتاری ئەمڕۆ لە مەغریبدا لەگەڵ بەشە هەژار و زەحمەتکێشەکەی کۆمەڵگادا، چەندین ساڵە خۆپیشاندانی بەردەوام لە دژی دەسەڵاتی گەندەڵ، لە دژی بێکاری و سەندیکاکرێکارییەکان بۆ مافەکانی کرێکاران و تەنانەت قوتابیان و بە دایک و باوک و کەسوکارییانەوە چەندین جار خۆپیشاندانی جەماوەریی فراوان و لە زۆربەی شارەکان بەتایبەت ڕەبات (رباط) و دارولبەیزا (دار البيضاء) بەرپاکردووە و تەنانەت تا هەڕەشەی تێهەڵچوونی گەورە و داوای دەستکێشانەوەی سەرۆک وەزایرانیان کردووە، بەڵام دەوڵەت لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا، سەرکوتی خوێناوی و زیندانی و گرتنـی پەیڕەو کردووە.

لە کاتی هەوڵدان بۆ داگیرکردنی بنکەیەکی جەندرمەی شاهانەی مەغریب (دەرەک ئەلمەلەکی – درك الملکي) کە دامەزراوەیەکی ئەمنی و سەربازیی شاهانەیە، لە شاری قەلیعە (٣) گەنج کوژرا و (٤٠٩) کەسیان زیندانی کرد کە زۆربەیان مێردمناڵ بوون، (٢٨) کەسیان بریندارکرد. دەوڵەت بەناچاری دەست بۆ هەندێک ڕیفۆرم لە کاتی خۆپیشاندان و کارەساتەکاندا دەبات، وەک بڕیاری تەرخانکردنی (١٥) ملیارد دۆلار بۆ کەرتی تەندروستی و پەروەردە.

مامەڵەی ئیسپانیا لەگەڵ کۆچکردوان

ئیسپانیا لە بڕیارێکی ناوازەدا، پێدانی مافی مانەوەی یەکساڵی بە کەسانێک دا کە لە ناوەڕاستی مانگی (٦)ی (٢٠٢٥)ەوە لەنێو خاکی ئیسپانیا دەژین. بەم شێوەیە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس سودمەند دەبن، بەڵام ملیۆنێک و دوو سەد هەزار کەس داوایان پێشکەش کردووە. ئەو کەسانە مافی مانەوەیان هەیە، فورسەتیان بۆ بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی دەڕەخسێنرێت. ئەمەش شانس بەهەزاران کرێکار دەدا کە بەر لەو بڕیارە بەدزی و کۆیلەیی کار لە کەرتەکانی کشتوکاڵی و بیناسازی و پاککردنەوە دەکەن. ئەم کەسانە کە لە کۆچکردوو، وە پەنابەرانن بەشێکی سەرەکیان ئەمەریکایی لاتینن و سەدا (١٣.٣) مەغریبین.

کەمپی فریاگوزاری بۆ پەنابەران، گواستنەوەی لاوان و مناڵان و ژنان نزیکەی دە هەزار پەنابەر هێشتا لە سویتا دەژین، ئەوانەی دی گەڕانەوە. پەنابەران لە قەراخ ئاوەکان و سەر گرد و دۆڵکەکان و پارکەکانی شار و بندیوارەکان ڕۆژ دەکەنەوە لە توانای لۆجیستی و ئینسانی ڕێکخراوە ئینسانی و خەڵکە بەتەنگهاتووەکانی ئەم شارە گەورەترە. هەلومەرجێکی ئاڵۆز و پڕکێشەیی بۆ ئەم ناوچەیە خوڵقاند.

لایەنە ڕاستەکان و حزبە کۆنەپەپارێزەکان، قین و بێزاری لە سیاسەتی حکومەت دەردەبڕن و هانی خەڵک دەدەن لە دژی پەنابەران خۆپیشاندان بکەن. پەنابەرانیش لەبەرامبەر سەرما و برسیەتی و بێ جێگەوڕێگەیی و بە ئومێدی ڕزگاربونیان دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین کردووە.

بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەوڵەت (٤٠٠) ملیۆن یۆرۆی تەرخانکرد بۆ سویتا و یەکێتی ئەوروپا (١١٥) ملیۆن یۆرۆی بەخشی وەک پشتیوانی بۆ ئیسپانیا. ئەم پارانە بۆ دابینکردنی کەمپ و گواستنەوەی مێرمنداڵ و مناڵ و ژنەکانە بۆ شوێنی تایبەت لەگەڵ بودجە بۆ لەشکری ئیسپانیا بۆ پاراستنی سنور و بۆ ڕێکخراوەی [ئاژانسی پاسەوانی سنوور و کەنار ئاوەکانی ئەورووپا (فرۆنتێکس-Frontex)] بۆ هەمان مەبەست.

ئیسپانیا و یەکێتی ئەوروپا، وە ئیسپانیا و مەغریب

سیستەمی پەنابەری یەکێتی ئەوروپا لە مانگی شەشی ئەمساڵەوە (حوزەیرانی ٢٠٢٦) چۆتە پرۆسەی جێبەجێکردنەوەوە. بەگوێرەی ئەم یاسایانە، ئەو پەنابەرانەی دێنە سنورەکانەوە، هەر لەو جێگایانە لە کەمپەکاندا جێگیردەکرێن و دەخرێنە پرۆسەی خێرای وەڵامدانەوە بە داواکانیان، وە ئەگەر داواکانیان ڕەفزبوەوە، هەر لەوێ یەکسەر بۆ وڵاتی سێیەم یان وڵاتی دایک دیپۆرت دەکرێنەوە.

ئەگەر وەڵامی داواکاری پەنابەری پۆزەتیف بوو، پەنابەر دەگواسترێتەوە بۆ ناو ئەوروپا و دابەشدەکرێت بەسەر دەوڵەتەکاندا. وە تەواوی بایۆمەتری و دۆکیومنتە شەخسیەکانی لە سەنتەرێکی هاوبەشی ئەوروپادا کۆدەکرێتەوە بەناوی (ئیرۆدۆک-Eurodoc).

ماوەیەکی زۆرە ئیسپانیا و یەکیتی ئەوروپا لەگەڵ حکومەتی مەغریب بۆ پاراستنی سنورەکان و ڕێگری لە پەنابەرانی وڵاتانی ئەفەریکا، وەرگرتنەوەی پەنابەرانی دیپۆرتکراوە لێکتێگەیشتنیان هەیە، وەک ئەوەی لەگەڵ تورکیا و جەزائیر هەیانە، بەڵام بەگوژمێکی کەمتر.

چارەنوسی تڕاژیدیایی و هاودەردی

کاتێ ناڵە و دادی باوکی لاوێکی (١٥) ساڵەم بینی لە سەنتەری بێسەروشوێنان لە سویتادا کە نەخۆشخانە نەماوە، بنکەی پۆلیس نەماوە نەگەڕێ، و تەلەفۆنی کوڕەکەی (٣) ڕۆژە داخراوە، هەمان ئەو ئاخ و حەسرەتانەم هاتەوە یاد کە چۆن دایکێک ڕۆڵەکەی لە بەردەمی خۆیدا ئاوی ئیجە دەیبات، چۆن کۆمەڵیک گەنج گۆرانیـیەکەی ئەردەڵان پێکەوە (٥) خولەک پێشنوقمبونی یەختەکەیان دەڵینەوە، چۆن جەندرمەی تورکیا گولـلەبارانی گەنجانی سلێمانی لەسەر سنوری شەڕناخ دەکرد، چۆن ئاگر لە لۆرییەکەی یۆنان بەربوو کە پڕ بوو لە پەنەباران، دەیان کارەساتی ڕەقبونە لە سەرما و خنکانی کەنداوی بەریتانیا و هەموو ئەوانەم هاتەوە یاد!

تێکشکاندنی سنورەکان و ئازادی نیشتەجێبوون

چارەنوسی ملیۆنان لاو لەنێو بێکاری و هەژاریدا لەگەڵ سەرکوتی خوێناویدا بەرەوڕووە. لەم ماوانەدا لەنێو بزوتنەوەی سۆشیالیستیدا و لە خۆپیشاندان و گردبوەنەوەکاندا دروشمێک (شعارێک) دەڵێننەوە: بە ئاڵای جۆراجۆرەوە … یەک خەبات! خەبات بۆ تێکشکاندنی سنورەکان و ئازادی نیشتەجێبوون.

سەرەتای ئەیلولی ٢٠٢٦

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٤٢

ژمارە (42)ی ڕۆژنامەی (ڕەوت)، ئەیلول/ سێپتێمبەری (2026)، بڵاوکرایەوە ڕۆژنامەی (ڕەوت) بە چاپی وەرەق لە هەرێمی ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، لە یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنیدا

یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق دەکەینەوە، و هەر ساتە هەست بە ...

چەند کلیپێک لە بەشداریکردنەکانی مەراسیمی یادی هاوڕێی ئازیز یەنار محەمەد لە سلەیمانی ٢١-٦-٢٠٢٦

چەند کلیپێک لە بەشداریکردنەکانی مەراسیمی یادی هاوڕێی ئازیز یەنار محەمەد لە سلەیمانی ٢١-٦-٢٠٢٦ لەم کلیپەدا: ...

ڕاپۆرتێک دەربارەی ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی هاوڕێی ئازیز یەنار محەمەد لە سلێمانی!

لە ژێر دروشمی (شۆڕشی یەنار بەردەوامە!)، ئێوارەی (٢١)ی حوزەیرانی (٢٠٢٦)، ڕێوڕەسمێکی شایستە و بەشکۆ بەڕێوەچوو ...

سروودی انتەرناسیۆنال، النشيد الاممي، Internationale

https://youtube.com/shorts/my0Jh90IsoQ?si=wic84-IkCWvgAYB4