قەڵادزێ لە (٢٤)ی (٤)دا – پێناسەیەکی کورتی دەڤەرەکە

عەبدوڵا ساڵح

ناوچەی پشدەر دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، نزیک بە (١٣٨) کم لە سلێمانیەوە دوورە، ئەم دەڤەرە وەک حەوزێک لەناوچەیەکی شاخاوی سەختدا هەڵکەوتوە، زنجیرە چیای قەندیل کە یەکێکە لە چیا هەرە بڵندەکانی کوردستان دەکەوێتە باکوریەوە، چیای مامەندە وبڵفەت لە ڕۆژهەڵاتی وچیای کوڕییس وشاخی ئاسۆس لە خواروی، چیای کێوە ڕەش لە ڕۆژئاوای.  (دەربەندی ڕەمکان)، کە هەردووک دەڤەری پشدەر و بیتوێن لێک جیادەکاتەوە، لە ئێستادا تاکە ڕێگایەکی ئوتومبێلە ئەو ناوچەیە بە بەشەکانی تری کوردستانی عێڕاقەوە دەبەستێتەوە، ناوی پشدەریش هەر لەسەر بنەمای ئەو دەربەندە هاتوە واتە (پشتی دەر)، و بیتوێنیش پێیگوتراوە (بەر دەر) واتە پێشی دەر، ڕوبەری ناوچەکە نزیک بە (١٤٠٠) کم دوجایە و دانیشتوانەکەشی نزیک بە (١٣٦٠٠٠) هەزار کەسە (بڕوانە پەڕاوێزی١)، پێنج شارەدێ (سەنگەسەر، ژاراوە، هەڵشۆ، هێرۆ و ئیسێوە)، هەروەها (٢٧٦) گوند و مووچە لە خۆی دەگرێ و شاری قەڵادزێش سەنتەری دەڤەرەکەیە (بڕوانە پەراوێزی٢).

  • جوگرافیای سیاسی ناوچەکە

ئەم هەڵکەوتە جوگرافیایە سەختە وای کردوە، دەسەڵاتی مەرکەزی بەدرێژایی مێژوو گرفتی گەورەی هەبێ لە کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە، ئەمەلەلایەک، و لەلایەکی ترەوە زوربەی بزوتنەوە چەکداریەکانی دژی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێڕاق، لەو ناوچەیە سەریانهەڵداوە وئەو دەڤەرەیان کردۆتە جێگای بنکەو بارەگا سەرەکیەکانیان، هەربۆیە بەدرێژایی مێژووی دوور و نزیک، دانیشتوانی ئەوناوچەیە کەوتونەتە بەرشاڵاوی دڕندانەی پەلاماردەران و باجی بوونیان لەو هەڵکەوتە جوگرافیایەی ناوچەکەی خۆیان داوە.

  • کارەساتەکە

یەکێک لەو پەلامارانە دڕندانەیە ڕۆژی (٢٤)ی (٤)ی ساڵی (١٩٧٤)، کاتێک ڕێکەوتنەکەی (پارتی دموکراتی کوردستان) بەڕابەری (مستەفا بارزانی) لەگەڵ ڕژێمی ناوەند هەڵوەشایەوە و ئەم بزوتنەوە چەکداریە بانگەشەی کرد کە دام و دەزگا دەوڵەتیەکان وەک خۆیان دادەمزرێنەوە ودەگوازرێنەوە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان (بڕوانە پەراوێزی٣)، بەگوێرەی ئەم بەرنامەیە، زانکۆی سلێمانی گواسترایەوە بۆ قەڵادزێ، لەکاتێکدا کە خوێندن پێویستی بە کەش و هەوایەکی ئارامە، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە بەبێ هیچ نەخشە وپلانێک ئەو کارەی ئەنجامدا  وزوربەی خوێندکارانی زانکۆکە خزێنرانە چەند بەنگەڵەیەکی عەمباری توتن، ڕژێمی بەعس لەبەرەبەیانی ئەوڕۆژەدا بەفڕۆکە پەلامارێکی دڕندانەی خوێناوی کردە سەر ئەو شارە و لە ئەنجامدا زیاتر لەسەد کەس لەقوتابی و خەڵکی سڤیل کوژران و چەندین خێزان لە شاری قەڵادزێ بەتەوای لەبەین چوون و سەدان برینداریشی لێکەوتەوە، جگە لەوێران کردنی بەشێکی بەرچاوی شارەکە، ئەو ڕۆژە کارەساتێک بوو لەمێژووی ئەوشارەدا تۆمار کرا و ساڵانە بەردەوام یادی دەکرێتەوە.

لێرەدا جێگای خۆیەتی دەست بخەینە سەر ئەو ڕاستیەی کە سیاسەتی ئەو کاتی بزوتنەوەی ناسیۆنالستی کورد بەڕابەری بارزانی بریتی بوو لە چۆڵکردنی ئەو شارانەی لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی مەرکەزیدان، هەروەهاگواستنەوەی زانکۆی سلێمانی بۆ قەڵادزێ، ئەویش بەمەبەستی: یەکەم فشار خستنە سەر دەسەڵاتی بەعس و هێنانەوەی دووبارەی بۆسەر مێزی گفتوگۆ، دووەم: لەئەگەری هەر دەستوەشاندنێکی ڕژێمی بەعس لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، لەوانەش زانکۆی سلێمانی لەقەڵادزێ، لەقاودانی ئەو تاوانە و دەرخستنی بۆڕای گشتی دنیا، کە ئەم سیاسەتەش جێگای ناڕەزایەتی خەڵک بوو (بڕوانە پەراوێزی٤).

  • ڕاپەڕینی (١٩٨٢)

ڕۆژی ڕۆژی (٢٤)ی (٤)ی ساڵی (١٩٨٢)، بەگوێرەی بەرنامەیەکی پێشتر داڕێژراو لە نێوان ڕێکخراوی بروسک (بڕوانە پەراوێزی٥) لەناو شار و هەرێمی (١٠)ی جوتیارانی پشدەر، بە هاوئاهەنگی و هاوکاری هەردووک لا و بەشداری بەرفراوانی جەماوەری شاری قەڵادزێ، ڕاپەڕینێکی پڕ شکۆ بەرپاکرا دژی دەسەڵاتدارانی ڕژێمی بەعس (بڕوانە پەراوێزی٦)، لەدروشمەکانی ئەو ڕاپەڕینە (الجنود إخواننا والفاشست أعداؤنا )، (تانک و تۆپ وتەیارە، ناترسێنێ ئەم شارە). لە ئەنجامدا ژنێک بەناوی (دایکە ئامینە) و کچێکی مامۆستا بەناوی (سنەوبەر مەحمود) گیانیان لەدەستدا (بڕوانەپەراوێزی٧).

ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریە لەکاتێکدا بوو کێشمە کێشی لەمێژینەی نێوان جوتیاران و دەرەبەگەکانی ناوچەکە تادەهات توندتر دەبوو، ئەمەش ڕەنگی دابۆوە لە کەشوهەوای سیاسی ئەوکاتی دەڤەرەکە، لەهەمان کاتدا دەسەڵاتی سەرکوت وداپلۆسینەری ڕژێم لەو پەڕی ئامادەییدا بوو بۆ بەکارهێنانی هەموو جۆرە توندو تیژیەک دژی هەر جوڵەیەکی جەماوەری، جگە لەوەی کاتەکە گەرمەی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران وعێڕاق بوو، ئەو دەڤەرەش یەکێک بوو لەمەیدانەکانی ئەو جەنگە، هەموو ئەم هۆکارانە پێکەوە ڕق و کینەی جەماوەری داخ لەدڵی قەڵادزێی زیاتر خرۆشاندبوو ودەورو نەخشیان هەبوو لە جۆشدانی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریە.

  • ڕۆڵی پڕشنگداری کچان و ژنان

لایەنێکی پڕشنگداری ئەم ڕاپەڕینە، بریتی بوو لەبەشداری بەرفراوانی ژنان و کچان، کە لەئەنجامدا بووە هۆی گیان بەختکردنی دوان لەوان و دەستگیرکردنی دەیان ژن و کچ، هەر ئەم بەشداریە بووە نمونە وسەرمەشقی شێوازێکی کە لە خەبات و بەرەنگار بونەوەی جەماوەری و ئەم خەباتەشی خستەسەر خەرمانی مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و شانازی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بەگشتی و شاری قەڵادزێ بەتایبەتی.

  • وێرانکردنی شارەکە

لە درێژە پێدانی سیاسەتی چۆڵکردن و ڕاگواستنی شارەکانی سەرسنوور، جگە لە هۆکاری ڕاپەڕین و بەرپەچدانەوەی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس لە لایەن دانیشتوانی شاری قەڵادزێ، لە ڕۆژی (٢٦)ی (٦)ی (١٩٨٩) شارەکە ڕوخێنرا و دانیشتوانەکەی ڕاگوێزی ئۆردوگاکانی نزیک لە سلێمانی و هەولێر کران.

  • ناسیونالیزمی کورد، میراتگری زوڵموزۆری بەعس

ئەم ڕوداوە، هۆکارێک بوو بۆ تێکشکانی دیواری ترس و هاتنە مەیدانی خەڵک و وەستانەوەیان بەدژی زوڵم و ستەمی ئەوکاتی ڕژێمی بەعس، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دواتر ڕاپەڕین زوربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی بگرێتەوە. (ی.ن.ک)، وەک باڵێکی هێزە ناسیۆنالیستەکانی ئەوکات، ئەوەندەی بەدوای بەهرەبەرداری سیاسی ڕێکخراوەیی خۆی بوو لەم ڕاپەڕینە، ئەوەندە بەدوای گەیشتن بە داخوازیەکانی جەماوەرەوە نەبوو، هەربۆیە بەرهەمەکەی بۆ ئەوان ناچار کردنی ڕژێمی بەعس بوو بۆ ملدانە گفتوگۆ کە لە بەهاری (١٩٨٤)دا ئەم گفتوگۆیە ئەنجامدرا.

حیزبە ناسیونالستەکان، وەک سیاسەت و بەرنامەی هەمیشەیی خۆیان، بەری ڕەنج وخەباتی جەماوەریان کردۆتە ئامرازی گەیشتن بە ئامانجەکانیان و لەسەر دەرد و مەینەتی خەڵک سیاسەتی خۆیان بردۆتە پێش، هەموو ئەوکارەساتانەی بەسەر جەماوەری کرێکار وزەحمەتکێشی ئەودەڤەرە وشوێنەکانی تری کوردستاندا هاتون، بۆ ئەوان بۆتە بانیژەی گەیشتن بە ئاواتەکانیان و کاتێکیش دەسەڵاتیان کەوتۆتەدەست، هەمان ئەو سەنگەرەیان لەوخەڵکە گرتۆتەوە کە پێشتر ڕژێمە سەرکوتگەرەکان گرتبویان، نمونەی ئەم ڕاستیە وەک ڕۆژی ڕوناک لە ئێستادا دیارە.

یادکردنەوەی ساڵانەی ئەم ڕۆژە، دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو پەیامەیە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان کە سەرکوت و برسیکردن و ستەمکاری ئەنجامەکەی وەستانەوەیە بەڕویدا و تێکشکانیەتی.

٢-٥-٢٠٢١

-.-.-.-.-..-.–.

  1. هوشیار جەمال، نوسەر و توێژەر – گوگڵ.
  2. هاواری ڕاگواستن و بزەی ئاوەدانی، دووەمین کۆنفرانسی ئاوەدانی و گەشەپێدانی دەڤەری پشدەر (٢٦-٢٨ ی ٦ ی ٢٠١٢ لاپەڕە ١٤).
  3. نزیک بە (١٣٠٠٠٠) کەس لە فەرمانبەر و مامۆستا و قوتابی ڕویانکردە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی – [کۆستی شارێک، بەدواداچون و لێکۆڵینەوە – دادوەر تەها بابان لاپەڕە (٧١)].
  4. دوای بۆمبارانەکە مامۆستایانی زانکۆ ڕویان کردبا هەر گوندێک، دانیشتوانی گوندەکە داوایان لێدەکردن زانکۆ نەبەنە گوندەکەی ئەوان ونەبنە سەرچاوەی دەردی سەری بۆیان – هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە (٧٦).
  5. ڕێکخراوی بروسک لە کۆتایی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە ناوچەی پشدەر وبیتوێن، بەدەستپێشخەری کۆمەڵێک ڕۆشنبیری چەپ و ئازیدیخواز دامەزرا، {(ساڵحی مەلادەڵگەیی – نادر عەبدولحەمید)، (عەبدوڵا ساڵح – مامۆستا عەبدە)، هەردووک زیندەیاد (مامۆستا محەممەد ئیسماعیل سوڵتان) و (مامۆستا سەعیدی مەلا عەبدوڵا)} و توانی لە ماوەیەکدا بەشێکی بەرچاوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەدەوری خۆی کۆ بکاتەوە، دواتر پەیوەندی کرد بە (ی.ن.ک).
  6. جێگای ئاماژەیە، شەوی (٢٣ لەسەر ٢٤)ی (٤) مەفرەزەیەک لە هەرێمی (١٠)ی جوتیاران بە فەرماندەیی (جەلالی مینەبەگ) نێردرایە ناوشار و پەیامی ڕاپەڕین وپشتیوانیان بەگوێ خەڵکی شار دادا، ئەو پەیامە {(ساڵحی مەلادەڵگەیی – نادر عەبدولحەمید)، (عەبدوڵا ساڵح – مامۆستا عەبدە)، ( ئاسۆی کەریم زەند )} ئامادەیانکردبوو وە بەدەنگی ئاسۆ خرایە سەرکاسێت و کاسێتەکەش خرایە سەر بڵندگۆی (مزگەوتی کارەبا) کە ئەمەش بووە یەکێک لە هۆکارەکانی جۆشدانی ئەوڕاپەڕینە. شایانی باسە ڕێکخراوی (یەکیەتی تێکۆشانی کارگەران) پێشتر لەهەندێک لە شارەکانی تری کوردستان، وەک خۆپیشاندانەکەی پینجۆین هاوینی (١٩٨٠) کە “کارگەران” دەوری سەرەکی تێدا دی، دواتر لە نەورۆزی (١٩٨٢) لە سلیمانی، ڕابەری خۆپیشاندانی جەماوەریان کردبوو وە کۆنتڕۆڵکردنی بڵندگۆی مزگەوتەکان و بەکار هێنانیان بۆ هاندانی جەماوەر وەک شێوازێک بەکار هێنابوو، ڕاپەڕینی قەڵادزێش لەو ئەزمونە کەڵکی وەرگرت.
  7. مۆنیمێنتێک و ستەیجێک بە کۆمەگ و هاوکاری خەڵکی دڵسۆزی شارەکە بۆ ڕێزلێنان لە گیانبەختکردوانی (٢٤)ی (٤) لە بەردەم گۆڕستانی سەرەکی شاری قەڵادزێ دروست کراوە وساڵانە ئەو یادە لەوێ بەررز ڕادەگیرێ.

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

شەش ساڵ حوکمی زیندانی و دادگای پیاچونەوەی هەرێم

نەواد بابان ئە‌گە‌ر دادگا سەربەخۆ بوایە و یاسای مەدەنی سە‌روە‌ر بوایە‌ ‌لە‌م ھە‌رێمە‌‌دا،  ئێستا دە‌بوایە‌ ...

سەما، گڕی ئازادی دەربڕین و نواندنی موسیقایی جەستەیە

 ئەوەی فورسەتی  بەم توانا سەرکوتکارییەی لایەنە ئیسلامیەکان لە دژی هونەری یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی بە خشیوە، ...

لە یادی (کۆمۆنەی پاریس)دا

موئەیەد ئەحمەد ئەمڕۆ (١٨-٣-٢٠٢١)، سەد وپەنجا ساڵ بەسەر بەرپاکردنی کۆمۆنەی پاریسدا تێئەپەرێ. پێشوازی فراوان و ...

شەنگال لەناو بەرداشی کێشمەکێشێکی جیۆ-سیاسیدا

چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ساڵح ڕەوت: هاوڕێ عەبدوڵا سالح سوپاس کە بۆ ڕۆژنامەی ڕەوت کاتت گونجاند تا ...

مەسەلەی ژنان، ئازادی و سۆشیالیزم

نادر عەبدولحەمید بەراوردێک سەرهەڵدانی سەرمایەداری و پوکانەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی دەرەبەگایەتی وەک پڕۆسەیەکی هێواش و ئارام ...

%d مدونون معجبون بهذه: