ئامادەبووانی بەڕێز، ژنان و کچان و پیاوان و کوڕانی ڕاپەڕیوو، هەڵسوڕاوانی شۆڕشگێر، ڕێکخراوەکان، یەکە هەماهەنگیەکان و سەندیکاکان.
ئەم لایەنانە لەم وەرچەرخانە مێژووییە هەستیارەدا، کە عێراقی پێیدا تێدەپەڕێت، کۆبوونەتەوە بەمەبەستی یەکخستنی خەباتی هەموو ئەوانەی ئاواتەخوازن و بەدوای بەرجەستەکردنەوەی هەڵۆێستێکی جەماوەری یەکگرتوودا دەگەڕێن، تا هێڵێکی شۆڕشگێڕانە بگرێتەبەر، کە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر لە پێناویدا سەریهەڵدا، بۆ ڕزگاری لەم ڕژێمە میلیشیاییە گەندەڵەی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیستەکان بە هەموو پارت و هێزەکانییانەوە، کە هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو کارەسات و نەهامەتییانەن کە وڵاتەکە دەرگیری بووە لە (٢٠٠٣)ەوە تا ئەمڕۆ.
واژۆکارانی بەیاننامەی کۆتایی، لە لایەن شۆڕشگێڕانی پەیگیر لەسەر ئامانجەکانی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)، و نوێنەرانی زەحمەتکێشان و کرێکاران و بێکاران و گەنجان و ژنانی شۆڕشگێڕ، و هەموو ئەو تۆێژە ڕزگاریخوازە شۆڕشگێڕانەی کە ئاواتەخوازن کۆتایی بەم ڕژێمە گەندەڵە پشکپشکێنەیە بهێنن، کە کابوسیکە بە سەر سنگی خەڵکەوە، ڕایدەگەێنن کە هیچ پەیوەندێکیان بە ململانێی باڵەکانی ڕژێمەوە نییە و نوێنەرایەتیان ناکات، بەڵکو ئەو باڵانە نوێنەرایەتی حزب و هێزەکانی دەسەڵات دەکەن، هەرچەند هەوڵیش بدەن بە ناوی جەماوەر و نەهامەتییەکانیشیەوە قسە بکەن.
هەروەها (کۆنگرەی بەغدا) ڕایدهگهیهنێت كه هیچ تێزێک پهسهند ناكات لەو لایەنانەی خۆیان لهسهر ڕاپەڕینەکە حیساب دەکەن، بەڵام له جهوههردا لە ڕێگەی هێشتنەوەی ئەم ڕژێمە و پاراستنیەوە به دوای چارهسهردا دەگەڕێن، وەک ئهنجامدانی ههندێ چاكسازی و پینەوپەڕۆکردنی لێره یان لهوێ، لە چەشنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، یان پەنابردن بۆ یارمەتی وەرگرتن لە دەرەوەی وڵات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری، وەیا پڕۆژەی تری لەو بابەتە کە لە جەماوەرەوە سەرچاوەی نەگرتبێت.
وێڕای هەموو ئەمانە، بەشداربووانی ئهم كۆنگرەیە بەڕووی هەموو ئەو پڕۆژانەدا دەوەستنەوە کە هەر هێزێکی ڕژێم بیەوێت گۆڕانکاری بە ڕیگەی کودەتای سەربازی بێنێتەدی و گۆڕانکارییەکی ڕووکەشی سەروەیی ئەنجام بدات.
کۆنگرە ئەشوەستێتەوە بە ڕووی ئەوانەدا کە دەیانەوێت بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری لەباربەرن بە کێشکردنی بۆ لای ئەم باڵ، یان ئەو باڵی ڕژێم و حزبەکان و هیزەکانیان و کێشمەکێشەکانیان، لەوانەش کێشکردنی بۆناو کێشمەکێشی ئیستای نیوان (ڕەوتی سەدر) و (چوارچیوەی هەماهەنگی)، وەیا کێشکردنی بۆناو کێشمەکێشی حزبەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان و هەوڵوتەقەلای هاوکارەکانیان لە پەرلەمانی عێڕاق و حکومەت، ئەمە و کۆنگرە بەڕووی ئەو هەلپەرستانەشدا دەوەستێتەوە، جا لەهەر شکڵ و ڕەنگێکدا بن، کە دەیانەوێت هەڵچوونی شۆڕشگێڕانە کۆنتڕۆڵ بکەن.
هەروەها کونگرە، ئەوەستێتەوە بە ڕووی ئەوانەشدا کە بەهەر بیانویەکەوە بێت، بیانەوێت بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کێش بکەن بە لای ئێران یا ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، وە یا بیخەنە خزمەت بەرژەوەندی پاشماوەی بەعسیەکان، و ئەو هێز و بزوتنەوانەی تر کە پەیوەستن بە ئەجیندەی نێودەوڵەتییەوە.
بەشداربووانی كۆنگرە، بە تەواوی قەناعەتیان بە زەرورەتی سهركهوتنی شۆڕش و ڕزگاربوون له سەرجەم سیستهمی سیاسی ئێستا هەیە، وە قەناعەتیان هەیە بە گهیشتن به ئامانجهكانی شۆڕش له گواستنهوهی دهسهڵاتی دهوڵهت بۆ جهماوهر كه له شورا شۆڕشگێڕهكانیاندا ڕێكخراون، تا هەنگاوهەڵبهێننەوە بۆ کۆتاییهێنان بە هەژاری و بێکاری و نەخۆشی و هەموو بەڵا کۆمەڵایەتییەکانی تر، و هەنگاوبنێن بۆ پێشەوە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەک کە خۆشگوزەرانی و ئازادی و ئاسایش و یەکسانی تیایدا بەرقەراربێت.
کۆنگرە ئەم ئەرک و ئامانجانەی خوارەوە دەخاتە دەستوری کاری خۆیەوە
- کارکردنی جدی بۆ یەکخستنی خەباتی هەموو شۆڕشگێڕانی ڕاپەڕیوو، ئەوانەی کە ئەم ڕژێمە و حیزب و هێزە بەشدارەکانی و پشتیونکارانیان ڕەت دەکەنەوە، وە بەدوای ڕزگاریەوەن لە هەژاری و ستەم و ستەمکاری، وە دژایەتی هەموو جۆرە ژێردەستەییەک دەکەن.
- دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لە خوێن ڕشتنی خەڵکانی ڕاپەڕیوو، وە ڕادەست کردنیان بۆ دادگاکان و دادگاییکردنیان بەپێی پێوەرە دادوەرییە پرۆفیشناڵییەکان.
- هەموو مڵکوماڵ و پارەوپولێک، جا چ لە ناوخۆی عێڕاق بێت یا لە دەرەوەی وڵات، کە دزراوە لە لایەن سەرانی ئەم ڕژێمە و دەستڕۆیشتووەکانیان و گەندەڵکارانیانەوە، دەبێ بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و تەرخان بکرێت بۆ خۆشگوزەرانی جەماوەر و ڕەخساندنی هەلی کار و بیمەی تەندروستی و خوێندنی گشتی بەخۆڕایی، و پەرەپێدانی ئابووری وڵات.
ئامانجە بنەڕەتیەکانی کۆنگرە
- ھەڵپێچانی ئەم ڕژێمە پشکپشکێنەی ئێستا کە دامەزراوە لەسەر بنەمای دابەش کردنی کۆمەڵگە بۆ پێکھاتەی قەومی و دینی و تائیفی.
- دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی بەپێی پرەنسیپی هاوڵاتی بوونی تەواو بۆ ھەموان، بەبێ ھەڵاواردن لەسەر بنەمای ئاین، تائیفە، قەومیەت، عەشیرەت، نێر و مێی و ڕەنگی پێست.
- ھەڵپێچانی تەواوی سیاسەتە ئابوورییە سەرمایەدارییە نیولیبڕاڵییەکان و ڕەتکردنەوەی مەرجەکانی (سندووقی دراوی نێودەوڵەتی) و (بانکی نێودەوڵەتی) کە بوونەتە ھۆی ھەژارکردنی جەماوەر و سەپاندنی بێکاری و کوێرەوەری ئابووری بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاوان و پەڕاوێز خستنی زۆرینەی کۆمەڵگە.
- جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و لە سیستمی خوێندن.
- مسۆرگەرکردنی ئازادی ژنان و یەکسانی تەواویان لەگەڵ پیاواندا. هەڵپێچانی هەموو ئەو یاسایانەی کە دژ بە ژنانن، هەروەها پاراستنی ژنان لە دەستدرێژیەکانی دامەزراوە ئایینی و عەشایەریەکان.
- ئازادی سیاسی بێ قەید و شەرت. ئازادی مانگرتن و خۆپیشاندان، ئازادی پێکهێنانی ڕێکخراوە و حزب و گردبوونەوە و پێکھێنانی نەقابە و یەکێتی و هەر کۆڕوکۆمەڵێک.
- ئازادی ڕا دەربڕین و بیروباوەڕ و ڕەخنەگرتن، و ئازادی ڕۆژنامەگەری، و بەکارھێنانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی پەیوەندی.
- داڕشتن و جێبەجێکردنی یاساگەلێک کە فراوانترین ماف و بیمەی کۆمەڵایەتی لەخۆبگرن بۆ کرێکاران و بەرزترین ڕادەی خۆشگوزەرانی و باشترین بارودۆخی کارکردن دەستەبەر بکەن، بەپێی ئەو دەسکەوتانەی کە بزووتنەوەی کرێکاری لە جیھاندا لەم بوارەدا بەدەستی ھێناوە.
- دابینکردنی کار یان بیمەی بێکاری بۆ هەر بێکارێکی کچ یا کوڕ، پیا و یا ژن.
- دابین کردنی خانووبەرەی گونجاو و خوێندنی گشتی ھاوچەرخ بێ بەرابەر، لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی پێشکەوتوو بێ بەرابەر بۆ ھەمووان.
- دابین کردنی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکان لە میزانیەی دەوڵەت و بێ بەرابەر بۆ هاوڵاتیان، لە چەشنی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری تری پێویست.
(کۆنگرەی بەغدا)، کۆنگرەی ڕاپەڕیوانی شۆڕشگێڕ
(٢٦)ی ئابی (٢٠٢٢)
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
