پارێزەری گیراوەکانی دەڤەری بادینان:

 

  • بۆ پەنجەمۆری وەرەقەیەک کە ئیشی (١٠) دەقەیە، (٣٦) ڕۆژ ئیشەکەیان دوا خستین
  • بەشێوەیەکی نایاسایی مامەڵە لەگەڵ (بەدەل بەرواری) و لەگەڵ پارێزەران دەکرا

چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی ڕەوت لەگەڵ پارێزەر (کرێکار ئەمین)

ڕۆژنامەی ڕەوت: زۆر سوپاس بۆ بەدەنگ هاتنەوەتان، بەڕێزتان لەسەر زۆر پرس هاتوونەتە دەنگ، وەک داگیرکارییەکانی تورکیا، کێشەی چە کداری و کوشتار، کەمئاوی، هەژاری، وە کێشەی ئازادییەکان، هەروەها لەمەڕ کێشەی زیندانیانی سیاسی لە دەڤەری بادینان، بەتایبەت زیندانیکردنی چالاکوان (بەدەل بەرواری). تۆ یەکێکی لە پارێزەرە خۆبەخشەکان، ئەکرێ ئەو ڕێگریی و ئاستەنگیانەی کە هاتوونەتە بەردەم کارەکانتان، وەک تیمی پارێزەران، بۆ خوێنەرانی ڕۆژنامەکەمان ڕوون بکەیتەوە؟

کرێکار ئەمین: سوپاس بۆ ئێوە، بەڕاستی ئاستەنگی و ڕێگری زۆر بۆ تیمی پارێزەران دروست کرا و دەکرێت، کە ئەگەر بەپێی یاسا بوایە، دەبوو ئێمە زۆر بە ئاسایی چوباین بۆ زیندانەکە و لەگەڵ گیراوان دانیشتباین و قسەمان لەگەڵیان کردبا، ئەسڵەن دەبوا بەبێ ئامادەبوونی کارمەندانی ئاسایش یا هیچ کەسێکیش بەرامبەرمان لەگەڵیان دانیشتباین، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر زۆر ناڕەوا مامەڵەیان لەگەڵ کردین.

سەرەتا ئێمە داوای وەکالەی جەزائیمان کرد، کە تەنها پەنجە مۆرێکی کاکە (بەدەل بەروار)ی دەویست. ئەو پەنجە مۆرە تەنها ئەوەیە پارێزەر دەچێتە ئەو شوینەی کە وا کەسەکەی تێدا گیرایە، ئەو کاغەزە دەخاتە بەردەست و دەڵیت پەنجەمۆرەکی فڵان کەسمان پێویستە بۆ ئەوەی بە شیوەیەکی فەرمی ئێمە ببین بەپاڕێزەری.

باوەڕ بکە ئەوە تەنها ئیشی دە (١٠) دەقیقەیە، بەڵام سی و شەش (٣٦) ڕۆژی ڕێک من هاتووچۆی ئاسایشی گشتیم کردووە تەنها بۆ ئەوەی پەنجە مۆرەکەم لەبۆ بکەن. هەر ڕۆژەی بیانوویەکیان دەدۆزییەوە، ڕۆژەک دەیانووت بەرپرسەکە لێرە نیە، ڕۆژیک دەیانوت ئیجازەیە، ڕۆژێک دەیانوت کوڕۆنا هەیە، … بەم شێوەیە تەنها بۆ ئەوەی زیندانییەک پەنجەمۆری وەرەقەیەک بکات کە ئیشی دە (١٠) دەقەیە، (٣٦) ڕۆژ ئیشەکەیان دوا خستین. واتا (٣٦) ڕۆژی زەڕبی (٢٤) سەعاتی بکە ئەوەندە دواخراین.

وە کاتێک ڕێگەیاندا پەنجەمۆرەکە وەرگرین و بە ڕەسمی ببین بە پارێزەریان، کە دەنگۆیەکی زۆر بڵاوبۆوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە گوایە کاک (بەدەل بەرواری) لە ناو زینداندا مردووە، جا لە ژێر شکەنجە بێت یا نەخۆشی یا هەر کارەساتێک بێت، وە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە نەمردووە ناچاربوون ڕێگەمان پێبدەن گیراوەکان ببینین، واتا لە چاکەی خۆیان نەبوو، بۆیە ڕۆژیی دوایی تەلەفۆنیان لەبۆ کردم و وتیان دەتوانن کە کاک ئاسۆ لەگەڵ برایەک و کوڕێکی کاکە (بەدەل بەرواری) بێن و بیان بینن. بەڕاستی لەناو زیندانیش زۆر ناخۆش بوو، چونکە یەکەم کاتێک دیدەنی کاک (بەدەل)مان کرد بینیمان لەشولاری زۆر لاواز بووە، دووەمیش لە ژوورێکی (٤) بە (٤) دانشتبووین، دوو کارمەندی ئاسایش لە پشتی سەری بوون.

کوڕی کاک (بەدەل) و برایەکەی هەواڵپرسی شەخسی و پرسیاری کۆمەڵایەتییان لێکرد؛ چۆنن، باشن، تەندروستیتان، … من هەر ئەوەندەی گووتم، کاکە (بەدەل) تەحقیق لەگەڵت چۆن دەکرێت؟ یەکسەر (بەدەل)یان لە پێش چاوی ئێمە هەڵگرت و بردیانە ژوورێکی تر، ئاسایشەکە بە من دەڵێت تۆ بۆت نیە ئەو جۆرە پرسیارانە بکەی. تەنها لەبەرئەوە هاتووی کە ئەوە (بەدەل)ە مایە و نەمردیـیە. ئەمنیش ڕاستەوراست وتم، برا، کاک (بەدەل) نە باوک و نە برا و نەئامۆزا و نەخزممە تا هاتبم هەواڵی شەخسی لێ بپرسم و دەنگوباسی کۆمەڵایەتی لەگەڵ باس بکەم، ئەوە برا و کوڕەکانی لەگەڵی باسی دەکەن، من پارێزەی ئەوم، تەنها باسی چۆنیەتی گرتن و تەحقیقی لەگەڵ دەکەم، چونکە کارەکەی من پەیوەندی بەو بابەتەوە هەیە، بەراستی نیو سەعات کاک (بەدەل)یان بزرکرد و پاشان هینایانەوە بەو مەرجەی کە نابێت بە هیچ جۆرێک پرسیاری تەحقیق و باسی شێوازی مامەڵەی ئاسایش و بارودۆخی ناو زیندانی لەگەڵ بکەم.

دەسەڵات و بەرپرسان ئەم مەسەلەیان وەها ئاڵۆز و گەورە کردبوو تەنها لە پێناوی ئەوە بوو کە بیانترسێنن، وە پەیامێکیش بە خەڵکی تر بدەن ئەوەی هەر شتەک بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە بکاتن، ئەوا چارەنوسی زیندانیکردنە.

ڕۆژنامەی ڕەوت: تۆ پارێزەری مامۆستا (بەدەل بەرواری) بووی، دەتوانی بۆچوونەکانی خۆت لەسەر ئەو دۆسیەیە بۆ خوێنەران ڕوون بکەیتەوە؟

کرێکار ئەمین: بەڕاستی (بەدەل بەرواری) و هاوشێوەکانی خەڵکانێکن تەنها بەرگریان لە ماف و ئازادییەکان کردووە. (بەدەل بەرواری) هاوڵاتییەکی مامۆستا بوو، ڕۆژانە دەهاتە بەردەم قوتابخانەکەی خۆی کاغەزێکی ئەی چوار (A4)ی پێبوو، لەسەری نوسیبوو، کوا موچە پاشەکەوتەکەم، کوا ئازادی و مافەکەم؟ من لە مافی خۆم خۆش نابم، یانی ئەو جۆرە قسانە، ئەمەش لەهەر وڵاتێک کە هەناسەیەکی ئازادی تێدا هەبێت، جێگای ڕێزە، ئەو هاوڵاتییە چی کردیـیە؟ داوای مافی خۆی و مافی ئەو کەسانە دەکات کە موچەکانیان بڕاوە بەناوی پاشەکەوت، وە باسی ماف و ئازادییەکانی کردووە، جا (بەدەل بەرواری) لەڕێگای ئەو پەیامانەوە هاوسۆزی و پشتیوانی خەڵکێکی زۆری بەدەستهێنا، کە ئەمەش لە دەڤەری بادینان لەژێر سایەی ئەو دەسەڵاتەدا باجی خۆی هەیە، چەند جارێک گیرا، وە هەڕەشەی کوشتنی لێکرا، تا لە کۆتاییدا ئەو پەروەندەیان بۆ سازدا و فایلێکیان بۆ دروستکرد کە گوایە پەیوەندی هەیە بە (پەکەکە) و جۆرەها شتی دروستکراوی لەم بابەتە. جا بەراستی لە ماوەی ساڵێک لە بەرگریکردنی یاسایی لە کاکە (بەدەل بەرواری) و پاشان حوکمدان لەسەری، ئازار و ناخۆشی زۆرمان دیت. بەشێوەیەکی نایاسایی مامەڵە لەگەڵ کاکە (بەدەل) و لەگەڵ ئێمەش دەکرا. بەڕاستی زۆر ناخۆشە ئەو مافناس و پارێزەرانەی بەرگری لە مافی جەماوەر دەکەن بەم شیوەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەکریت، ناخۆشیمان زۆر دیت، بەڵام دواجار کاکە (بەدەل) ئازادکرا، ئەو ماوەیەی کە لە زیندان بوو وەک ماوەی حوکمدانەکەی بۆ حساب کرا. ئێستاکەش کاکە (بەدەل) و هاوشێوەکانی لەسەر بەدەنگهاتنیان لەسەر ماف و ئازادییەکان مامەڵەی نایاسایی و خراپیان لەگەڵ دەکریت.

ڕۆژنامەی ڕەوت: لەم ماوانەدا زیندانیانی سیاسی ناوچەی بادینان، دەستیان کردووە بە مانگرتن لە نانخواردن، بۆ بەرگریکردن لەخۆ لەژێر سایەی دەسەڵاتێکی سیاسی داپڵۆسێنەر و لە نێو سیستەمێکدا کە ماف و ئازادییەکان پێشێل دەکات، تۆ وەک پارەزێزەرێکی بەدەنگهاتوو بۆ بەرگری لە ماف و ئازادییەکان، دەتەوێت چی بە کەسوکاری زیندانییەکان و خەڵکی کوردستان بڵێیت لەسەر ئەم دۆسیەیە؟

کرێکار ئەمین: بەڕاستی هەموو ئەو کەسانەی لە پێناو بەرگریکردن لە ماف و ئازادییەکان زیندانی دەکرێن، جێگای شانازین. ئەوانە تەنها تێکۆشانیان بەرگریکردن بووە لە چەمکە جوانەکانی ئازادی و ڕێزداری مرۆڤ، لەوەی کە ئەمڕۆ ئینسان پێویستە بە کەرامەتەوە بژیت و وڵات بەعەدالەتەوە بەڕێوە ببرێت، چونکە بەڕاستی ئێستا لەو هەرێمۆکەی خۆماندا ئازادی ڕادەربرین، زۆر زۆر بەرتەسکە، شەفافیەت بوونی نیـیە، ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات بوونی نیـیە، گەندەڵی ئەو وڵاتەی وەک سەڕەتانێکی پیس تەنیوەتەوە. ماڵی گشتی وەک شتێکی حەڵاڵ بۆ هەندێک کەس فڕێدرابیت و بۆ خۆی هەڵیدەگرێتەوە و دەیبا، ئیدی لە بارودۆخێکی ئاوادا ئەو چالاکوانانەی بادینان و غەیری بادینانیش کە بەرگری لەو چەمکە جوانانە دەکەن جێگای شانازین.

جێگای پرسیارە دەسەڵاتێک پاشی سی (٣٠) ساڵ، نەیتوانیبێت بناغەیەک دابنی لە بۆ کاری دەوڵەتدارییەکی مەدەنیانە و هاوچەرخ کە هاوڵاتیان تیایدا تووشی ئازار و ئەشکەنجە نەبنەوە، بەڕاستی هەرێمی کوردستان ئەگەر ترسێکی لەسەر هەبیتن، تەنها ئەو ترسەی لەسەرە کە گەندەڵییەکی ئێجگار زۆر لە لایەن سیاسیاکان و دەستڕۆیشتووەکانەوە دەکرێت.

هەموو ئەو چەمکە جوانانەی کە ووڵات لەژێر سایەیدا  پێوەی بەڕێوەدەبرێت، لێرە پێشێل دەکرێت. سبەی ڕۆژێ هەر ئەو دەوڵەتانەی کە ئێستا کوردستان “دەپارێزن”، هەر ئەوان دەتوانن بەو بەڵگانەی کە لە کوردستان ئازادی نیە، گەندەڵی هەیە، هەموو ئەو چەمکانە پێشێل دەکرێت کە هەر وڵاتێک خۆی بە وڵات دابنیت لە سایەیدا.

چونکە بەڕاستی تۆ ناتوانی بە چەند چەکدارێک دیفاع لە خۆت بکەی، تۆ دەتوانی بەو چەمکانە دیفاع لە خۆت بکەی کە  خەڵکانی ئازادیخوازانی دونیا بێن بەرگریت لێبکەن. تۆ دەتوانی بەو چەمکانە بەرگری لەخۆت بکەیت و ئازاد دەبین. ئێمە بینیمان هەر لە (٣١)ی ئاب و (١٦)ی ئۆکتۆبەر و ڕوداوەکانی تردا بینیمان دەسەڵاتدارانی هەرێم توانایی بەرگریکردنیان لەو هەرێمە نیە.

مەسەلەکە ئەوە نیە تۆ (٢٠٠) هەزار پێشمەرگە و چەکدارت هەیە لە بودجە و قووتی گشتی مانگانە بەملیارەهایان دەدریتێ. بەڵام لە شەڕەکانی دژی داعش هەر (١٠) تا (١٥) هەزار پێشمەرگە دەجەنگان. هەمووشمان بینیمان کە چۆن پێشمەرگە ناچار بەسواڵ دەکرا چونکە مەعاشەکەی بەشی نەدەکرد کە (٥٠٠) هەزارە دینار دەکاتە (٣٠٠) دۆلار. خێزانێک تۆزێک بەکەرامەت بژیت، پێویستی بە (١٠٠٠) تا (١٥٠٠) دۆلار هەیە لەم کوردستانە. بەهەر حاڵ بۆ ئەوەی زۆر لە بابەتەکەمان دوور نەکەومەوە، مەسەلەی پارێزگاریکردن لە هەرێم، پەیوەندی بە مافی هاوڵاتیانەوە هەیە، لە ئازادییەکان و مافەکان و گوزەرانیان.

بەڕاستی ڕێزی زۆرم بۆ کەسوکاری گیراوەکان هەیە و سەربەرزن کە ڕۆڵەکانیان بەرگریی لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن. سەربەرزن کە کوڕەکانیان لە زیندانن چونکە لەسەر کێشەیەکی پێرۆز گیرانە، هیوادارم ئەو دەسەڵاتە چیتر پێشێلکاری نەکاتن. بێرێزی بەرامبەر ئەو چەمکە جوانانە نەکاتن.

چونکە بەڕاستی سبەی ڕۆژێ هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر فۆکەس، (٣٠) ساڵە فورسەتێک درایە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان پاش سەدان ساڵ لە دەردەسەری و قوربانی و ناخۆشی، فورسەتێکی تەواویان درایە تا خۆیان و حوکمڕانییەکەیان نیشانی خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی دونیا بدەن، کە ئێمە پاش ئەو هەموو قوربانییە، ئەو هەرێمە جوانەمان دروست کردیە، بەڵام  بەداخەوە فورسەتەکەیان لەدەستدا، نەیانتوانی دەسەڵاتێکی دادوەر دروست بکەن. ئێستاکەش دەسەڵات لەژێر فشاری ئازادیخوازاندایە. فشاری ئازادیخوازان لە پێناو ئازادی ڕادەربڕین، لەدژی گەندەڵی. مەسەلەی هەڵبژاردنیش کە سەرەڕای هەر تێبینیەکەم لەسەر هەڵبژاردن، ئەم حزبانە هەلبژاردنیشیان ژەهر باران کرد، دەبینین ئینتخاباتەکان دزی و تەزویری زۆر تێدایە، باوەڕنەبوونی بە دابەشکردنی دەسەڵات تێدایە، ئیدی چ جۆرە هەرێمێکە کە تۆ شانازی پێوە بکەی، یان بەرپرسان شانازی پێوە بکەن و بڵێن ئێمە هەلبژاردنمان هەیە و خەڵک دەچێت بە ئازادی دەنگ دەدات، ئێمە هەموو ئینتخاباتێکمان دیت و هەموو ئەو پەڵپانەمان دیت کە حزبەکان لێیان گرت  کە جۆرە تەزویرێک کرا، چ جۆرە بەکارهێنانێکی دەسەڵات لە بەرژوەندی ئەو حزبانە کرا کەسەر بەدەسەڵاتن. هیوادارم ئەم حزبانە لەوە زیاتر خەڵکی هەرێمی کوردستان بێکەرامەت تر نەکەن.

 ڕۆژنامەی ڕەوت: زۆر سوپاس هاوڕێ کرێکار، ماندوومان کردی و هیوای سەرکەوتن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بۆ دەخوازین.

کرێکار ئەمین: سوپاس بۆ ئێوە و هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەش.

[هاورێ (جەمال کۆشش) ئەم چاوپێکەوتنەوەی ئەنجامداوە بۆ ڕۆژنامەی ڕەوت].

ئابی ٢٠٢٢

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی و بەرنامەی کابینەکەی، خزمەتە بە چەسپاندنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و بەردەوامیدانە بەو دۆخە سیاسییەی کە هەیە

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق دوای زیاتر لە شەش مانگ لە کۆتاییهاتنی گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەکانی ...

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ڕاپۆرتێک لەسەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن، ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦

بۆ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی (یەنار محەمەد) ژنە کۆمۆنیست و ڕابەری بزووتنەوەی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦