لە ژیانتا چەندە هەستم بە گرنگی و بوونت دەکرد، لە مردنیشتا دەیان هێندە
لە نوسینی ئازاد هۆرێنی
هاوڕێ، هاوڕێم بووی لە گشت هەوراز و نشێو و کۆسپ و کەندەڵانێکی ئەم ژیانە سەختەدا، کە سەرمایەداران هیچ شتێکیان بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان تیا نەهێشتۆتەوە بێجگە لە “خوا”!!!
سەرباری ئەم هەموو نەهامەتیانەش، تۆ هەم ڕابەر بووی، هەم ڕێبەر بووی چونکە دەتزانی لەدوا ساتە شەوە تاریک و ئەنگوستە چاوەکاندا، ڕووناکی سەر دەردێنێ و خۆر تیشکەکانی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی پەخش دەکات بەبێ جیاوازی.
لەناو هەموو ئەم بێبەشیانەدا، تۆ سفرەی ئومێد بووی لە دەیان ماڵە کرێکاردا و پارووی هیوا بووی بەدەم سەدان مناڵی هەژارەوە، کەوابوو هاوڕێم تۆ لە دۆزەخی نائومێدی و بێ هیواییدا بەهەشتی هیوا و ئومێدت دەبەخشی.
تۆ لەناو ئەو هەموو خێو و دێو و تارماییە ترسناک و دڕندانەی نیزامی سەرمایەداریدا، خەونی ڕەنگاوڕەنگت بە “دنیایەکی باشتر”ەوە دەبینی، کە فەراهەمکردنی زۆر لەم دونیا لنگەوقووچ و ناعەدالەتەی دونیای سەرمایە ڕەواتر و واقیعتر و بەرهەقترە.
تۆ باوکی (باوان) “١” و باوانی “٢” زۆرێک لە بێ باوانان بووی، بەڵام مخابن بێ باوانت کردین.
هاوڕێم تۆ کە مێتاڵێک لە ئەڵماس و ئیرادەیەک لە پۆڵا و کێوێک لە ورە بوویت لەبەرامبەر جەور و ستەمی هەردوو دەسەڵاتی ناسیونالیزمی عەرەبی و کوردیدا چۆکت دانەدا و ڕێک وەستایت و نەچەمایتەوە، سەرسامم نازانم چۆم ئەم ڤایرۆسە “٣” نەفرەتییە زەفەری پێ بردی؟!!!
بەڵام هاوڕێ هەندێ جار نابێت هێندە لە مەرگ نیگەران بین کاتێ مرۆڤی وەک تۆمان لە تەواوی کەماڵ و جەماڵی خۆیدا لێ دەسێنێ، چونکە مرۆڤ قابیلی گۆڕانە، قابیلی پێ هەڵخزانە، قابیلی … و قابیلی … هتدە، (گەرچی دڵنیام ڕوودانی ئەمانە لە تۆ مەحاڵ بوون).
بەجێتهێشتین و بۆ دواجار ماڵئاواییت لێ کردین، بەڵام دڵنیابە هاوڕێ لە ژیانتا چەندە هەستم بە گرنگی و بوونت دەکرد، لە مردنتا دەیان هێندە.
١٣/٨- ٢٠٢٢
–.—.—-.
١)- (باوان) کوڕی (مامۆستا عەزیز)ە و ئەمساڵ پۆلی شەشەمی زانستی بە کۆنمرەی (٧٠٠) پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بەدەستهێنا.
٢)- مەبەستم لەم (باوان)ە کە دووەمجار بەکارهاتووە بە مەجاز، مەرجەع و سەرچاوەی زانست و زانیاری سیاسیـیە، کە ئەو مەرجەعەش مامۆستای کۆچکردوو بوو.
٣)- مەبەست لە ڤایرۆسی (کوڕۆنا)یە کە هاوڕێمان لە ڕێگەی پەتای کڕۆناوە لە (٢٤/٨-٢٠٢١) گیانی لەدەستدا.
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
