بڵاوکراوەی (ژنانی ڕاپەڕین- نساء الانتفاضة)
لە عەرەبییەوە بۆکوردی: شیرین عەبدوڵڵا
بۆ پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەک، ڕاپەڕینی هەزاران ژن و پیاو لە ئێران بەردەوامە، ئەمەش بەدوای کوشتننی ژینا (مەهسا) ئەمینی (لە ١٦-٩-٢٠٢٢)دا، ئەو ژنە لاوە تەمەن (٢٢) ساڵەی کە بەدەستی بەناو “پۆلیسی ئەخلاق”ەوە، و بە بیانووی پێشێلکردنی یاساکانی حیجاب پۆشین، کە حکومەتی مەلاکان لە ئێران سەپاندوویەتی، کەوتە بەر لێدانێکی توند، و بووە هۆی جەڵتەی مێشک و لەهۆش خۆ چوونی وە پاشان مردنی. ژینا یەکەم کەس نییە کە تووشی زوڵم و چەوساندنەوە و تیرۆر بێت لە ئێراندا، بەڵكو زۆرینەی ژنان لە كۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەدەست جۆرەها زەلیلكردن و زوڵم و سەرکوتی پیاوسالاری و مەزهەبی و کۆنەپەرستەوە دەناڵێنن.
ئەم تاوانە تووڕەیی ژنانی ئازادیخوازی لە هەموو جیهاندا وروژاند، و بەتایبەتی لە ئێراندا ژنان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر سیاسەتی سەرکوت و تیرۆر حیجابیان فڕێ دەدەن و لە شەقامی شارەکاندا دەیسووتێنن. لەم ناڕەزایەتیانەدا درووشمی (مەرگ بۆ دیکتاتۆر) دەووترێتەوە، کە ئاماژە بە موڕشیدی ئێرانی (عەلی خامنەیی) دەدات، وەک سەرۆکی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی ئەو وڵاتە.
هەموو گەلی ئێران وەک زۆرێک لە گەلانی تری ژێر دەسەڵاتی ڕژێمە ئیسلامیەکانی وەک ئەفغانستان، سعودیە و عێراق و هەروەها ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکان، بەدەست هەلومەرجی کارەساتبارەوە دەناڵێنن، بەڵام ژنان هەمیشە بەشی زۆری ئەم ستەم و نەهامەتیانەیان بەر دەکەوێت، چونکە لەڕێی کۆنترۆڵی ژنانەوە، کۆنترۆڵی سەرجەم کۆمەڵگا ئاسانتر دەبێت بۆیان. جا بۆیە بەدوای کوشتنی ژینادا، شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران وەک ئاگر کڵپان کرد و شەقامەکان پڕ بوون لە جەماوەری تووڕە کە بێزاریی خۆیان دەردەبڕن لە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئیسلامی، کە هەژاری و سەرکوت و تیرۆری بەسەردا سەپاندوون.
دەزگا ئەمنیـیەکانی ئەم ووڵاتە یەکسەر دەستیان دایە سەرکوتی ئەو جوڵانەوە ناڕەزایەتییەی بەدوای کوشتنی ژینادا سەری هەڵدا، ئەویش بە بەکارهێنانی شێوازی فاشیستی و دڕندانە، کە سیاسەتەکانی ڕژێمی فەرمانڕەوای عێراقمان بیردەخاتەوە لە کاتی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)دا، و ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ڕژێمە سیاسیـیە بۆرژوا ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان هەمان شێوازی تیرۆر و سەرکوت پەیڕەو دەکەن بەرامبەر بە هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری کە هەڕەشە لە مانەوەیان دەکات.
هەڵوێستی هەموو ژنانی ئازادیخواز و ئەوانەش کە پشتیوانیانن، سەبارەت به کوشتنی ژینا بەم شێوه دڕندانەیە، لەسەر بنەمایەک ڕاوەستاوە کە بانگەواز و کارکردنە بۆ ڕزگاربوون له ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران که له ساڵی (١٩٧٩)ەوه مۆتەکەیە بەسەر سنگی خەڵکی ئێرانەوە. ئەم ڕژێمە بە تەواوی لە لایەن خەڵکی ئێران و ناوچەکەش بەگشتی نەفرەت لێکراوە، چونکە یەکێکە لە لایەنگرە سەرەکیەکانی ڕژێم و میلیشیا تیرۆریستەکان لە عێراق و یەمەن و سوریا و لوبنان و ووڵاتانی دیکە. ئەمە و ئەم هەڵوێستە ئازادیخوازانەیە، ئەوە دەبینێت کە مامەڵەی زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ پرسەکانی ژنان و جەماوەر بەگشتی دووفاقی تێدایە، ئەویش بە مەبەستی خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، هەروەک جەماوەر لە عێراقدا ئەو پشتگیرییە دەبینێت کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا پێشکەش بە ڕژێمی تائیفی و قەومی دەکەن لەسەر حیسابی نەهامەتییەکانی جەماوەر.
بڵاوکراوەی (ژنانی ڕاپەڕین) لە پشت ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی جەماوەریی ئێران و لە پشت پرسی ژنانی ئێرانەوە وەستاوە، کە خوازیاری ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانین و داوا لە هەموو ڕزگاریخوازانی جیهان دەکەین کە پشتیوانی لە ژنانی ئێران و هەموو ژنانی چەوساوەی ئەم ناوچەیە بکەن، کە یەکێکە لە خراپترین شوێنەکانی جیهان بۆ چەوساندنەوە و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان.
٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٢