دەسخەڕۆیی ئۆپۆزیسیۆن لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا

(ئایندە پەیوەستە بە ئاسۆی سۆشیالیستی و هاتنەمەیدانی چینی کرێکارەوە)

نادر عەبدولحەمید

ڕۆژی (٦-١١-٢٠٢٢)، دوایین ڕۆژی خولی پێنجەمی (٢٠١٨ – ٢٠٢٢)ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بوو. هەرچەندە ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانیی زۆر هەوڵیدا، وەک سەرۆکی فراکسیۆنی (نەوەی نوێ) وتی: (بە هەموو شێوەیەکی مەدەنی و بە فیکەلێدان و دەهۆڵ کوتین و دەربڕینی دەنگی ناڕەزایی و سازشنەکردن لەسەر درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمان)، بەڵام لە (٩-١٠-٢٠٢٢)دا بە دەنگی (٨٠) پەرلەمانتار لە کۆی (١١١)، تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک تا (٣١-١٢-٢٠٢٣) درێژکرایەوە.

بەم شێوەیە ئاوێکی سارد کرا بەسەر ئۆپۆزیسیۆنی قەومی نیولیبڕاڵی (نەوەی نوێ) و ئیسلامی سیاسی؛ چ (یەکگرتوو) و چ (کۆمەڵی دادگەری)، کە ساڵانێک بوو چاوەڕێ بوون تا لە کۆتایی ئەمساڵ (٢٠٢٢)دا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی خولی شەشەم بەڕێوە بچێت و ژمارەیەکی زۆرتری پەرلەمانتار و سەنگێکی قورستر بەدەستبهێنن لە پەرلەمانی داهاتووی هەرێمەکەدا.

لە میدیاکانی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە پەرلەمانییەوە وێنەیەک دەخرێتەڕوو، کە کێشەی سەرەکی کۆمەڵگە کوردستانی عێڕاق، کێشەی ئەم ئەم ئۆپۆزیسیۆنەیە لەبەرامبەر حزبەکانی فەرمانڕەوای حکومەت و دەسەڵاتداری هەرێمەکە.

ئەگەر لایەک گەندەڵی و فەرهودی سامانی گشتی و هەڵتۆقینی ملیۆنلەر و پێشێلکاری یاسایی هەیە، و لایەکیش؛ بێکاری، هەژاری و گرانی، دواکەوتنی موچە و نادادپەروەری، ڕەشەکوژی ژنان و کۆچوڕەوی بەکۆمەڵی لاوان بۆ هەندەران، هەیە و کراوە بە دۆخێکی داسەپاوی ئاسایی بەسەر ژیانی جەماوەردا، ئەوە هۆکارەکەی نەشارەزایی و لێ نەهاتوویی و بێ پلانی و نادڵسۆزییە، بۆ وڵات و میللەت و ئایین لە لایەن کاربەدەستان و حزبەکانی دەسەڵاتداری هەرێمەکەوە! ئەگەر ئەو حزبانەی دەسەڵات و فەرمانڕەوای هەرێمەکە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و دەستاودەستپێکردنی دەسەڵاتەوە بگۆڕدرێن ئەوا ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن!!

ئەم وێنەیە بەر لە هەرشتێک ئاسۆی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات دەردەخات، وە پەردەپۆشی سیستمێکی چینایەتی و بناغەیەکی ئابووری نیولیبرالیزمی سەرمایەداری دەکات، کە ئەو دەسەڵاتە و حکومەتی هەرێمەکەی لەسەر وەستاوە، و بە هەزار و یەک سەرەداو بە تۆڕی هەمان سیستمی سەرمایەداری جیهانی و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەوە بەسراوەتەوە و بەشێکی تەواوکاریانە. ئەوەتا لە کۆنفراسی هاوبەشی (حکوومەتی هەرێمی کوردستان) و (بانکی نێودەوڵەتی)دا بە پشتگیریی (نەتەوە یەکگرتووەکان) لە (٣٠-٥-٢٠١٦) لە هەولێر، لەژێر ناوی (ڕیفۆرم لە ئابووری هەرێمی کوردستاندا) ستڕاتیژ و پلانی ڕیفۆرمی ئابووری هەرێمی کوردستان داڕێژراوە و سەرۆکی هەرێمی ئەو کاتەش (مەسعود بارزانی) لە (٩-٦-٢٠١٦)دا دەستخۆشانەی لێکردوون بە پەیامێک.

مانای واقعی ئەم ڕیفۆڕمە ئابوورییە؛ بریتی بووە لە شانخاڵی کردنی حکومەتی هەرێم، لە خەرجیە گشتییەکانی وەک تەندروستی و خوێندن، وەستاندنی دامەزراندن و کارپێدان لە کەرتی گشتی و کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکار و کارمەندەکانی، زیادکردنی باج لەسەر هاوڵاتیان و ڕادەستکردنی خزمەتگوزاریەکان بۆ دەستی ئەو کۆمپانیایانەی کە هەریەکەیان بەجۆرێک سەر بە حزبەکانی دەسەڵاتن تا جەماوەر بڕوتێننەوە. ئەم ڕەوەندە، لە تەمموزی (٢٠١٩)وە بە هەنگاوی گەورەتر و خێراتر لە لایەن کابینەی نۆهەمی ئێستاوە بردراوەتەوە پێشەوە.

مانای واقعی ئەم ڕیفۆڕمە ئابوورییە؛ بریتی بووە لە شانخاڵی کردنی حکومەتی هەرێم، لە خەرجیە گشتییەکانی وەک تەندروستی و خوێندن، وەستاندنی دامەزراندن و کارپێدان لە کەرتی گشتی و کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکار و کارمەندەکانی، زیادکردنی باج لەسەر هاوڵاتیان و ڕادەستکردنی خزمەتگوزاریەکان بۆ دەستی ئەو کۆمپانیایانەی کە هەریەکەیان بەجۆرێک سەر بە حزبەکانی دەسەڵاتن تا جەماوەر بڕوتێننەوە. ئەم ڕەوەندە، لە تەمموزی (٢٠١٩)وە بە هەنگاوی گەورەتر و خێراتر لە لایەن کابینەی نۆهەمی ئێستاوە بردراوەتەوە پێشەوە.

ئەم بارودۆخە، بە پێچەوانەی لێکدانەوە و بۆچوونی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن، ئاکامی لێنەهاتوویی و نەشارەزایی چەند سەرکردەیەکی حزبی و حکومیی نییە، بەڵکو ئاکامی ئەم ڕیفۆڕمە ئابوورییەی حکومەتی هەرێمە بە پشتوانی دامەزراوە ئیمپریالیستییەکانی جیهان. کوردستان بەشێکە لە بازاڕی سەرمایەداری جیهانی و ڕۆڵی دابینکردنی نەوت و گازی پێ سپێردراوە بۆ بازاڕی جیهانی، نەک بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارەکانی جەماوەر لە ناوخۆی هەرێمدا، دەسەڵاتەکەشی هاوئاهەنگ و لێکهەڵپێکراوە لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتانی بورژوا کۆنەپەرستی ناوچەکە و لەگەڵ ستڕاتیژ و پلانی وڵاتانی ئیمپریالیست، بەتایبەت ئیمپریالیستی ئەمریکی.

ئەم بارودۆخە لە کەڵەکەی پوڵ و سەرمایەی چینی سەرمایەدار لە لایەک و کەڵەکە هەژاری و بێکاری و برسیەتی جەماوەر لە لایەکی ترەوە، تا هاتووە پەرەیسەندووە و قوتبی بۆتەوە لە کۆمەڵگەدا. وەتا هاتووە ڕەوەندی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر لە لایەک و ڕەوەندی سەرکوت و توندوتیژی حکومەتی هەرێم و هێزە میلیشیاکانی سەر بە حزبەکانی دەسەڵات لە لایەکی ترەوە پەرەیسەندووە.

لە ئێستادا نەک هەر سەران و بەرپرسانی حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات لە هەموو کەس باشتر هەست بەو بۆشاییە گەورەیە و ئەو نەفرەت و ڕقە ئەستوورە دەکەن کە لە قوڵایی دڵی جەماوەردایە بەرامبەریان، بەڵکو دەوڵەتانی ئیمپریالیستی جیهانی و دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەش، کە هەر یەکەیان بەجۆرێک لە پشت یەکێک لە حزبەکانی دەسەڵاتداری هەرێمەکەوەن هەستی پێدەکەن و جێگەی نیگەرانییانە.

بەڵام هەر جۆرە ئاڵوگۆڕییەک لە بارودۆخی سیاسی ئێستای هەرێمەکە و تێکچوونی هاوکێشە سیاسییەکان و تەرازووی هێز لەنێو باڵە جۆراوجۆرەکانی بورژوازیدا، دەروازە دەکاتەوە، نەک هەر بەڕووی ئایندەیەکی نادیاردا بۆ بورژوازی لۆکاڵی کوردەواری، بەڵکو بۆ گۆڕانکاریی و دووبارە پێناسەکردنەوەی ستڕاتیژی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا، لەم هەرێمەی کوردستانی عێڕاقدا.

لەم ڕوانگەوە هێشتنەوەی ئەم پێکهاتەی ئێستای دەسەڵاتی هەرێمەکە لە (پارتی) و (یەکێتی)، نەک هەر لەبەرژەوەندی بورژوازی لۆکاڵی هەرێمەکەیە، بەڵکو لە بەرژەوەندی بورژوازی دەوڵەتانی دەوروبەر و دەوڵەتانی ئیمپریالیستیشە لەم هەرێمەدا، لەگەڵ هەموو دووڕووییەکیشیان لە باسکردنیاندا بۆ پێشێلکردنی یاسا و پابەند نەبوونی حزبەکانی دەسەڵاتدار بە ئازادی سیاسی و دیموکراسی پەرلەمانییەوە لە هەرێمەکە.

ناڕەزایەتییەکان لە دەرونی کۆمەڵگەدا لە کڵپەسەندندان، هەر ماوە نا ماوەیەک کرێکارانی ژینگەپارێز، کارمەندانی کەرتی تەندروستی، مامۆستایان بەگشتی و مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەست دژی دواکەوتن و پێنەدانی موچەکانیان و دژی دانەمەزراندنیان، خوێندکاران دژی هەلومەرجی سەختی خوێندن و نەبوونی خزمەتگوزاریەکانی هاتووچۆ و شوێنی حەوانەوەیان، شوفێرەکانی گواستنەوە دژی گرانی بەنزین و گاز، جەماوەر لە گەڕەکە زەحمەتکێشەکاندا دژی نەبوونی خزمەتگوزاریەکانی کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ، …. ناڕەزایەتی دەردەبڕن و خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن و دەسەڵات بە توندوتیژیەوە ڕووبەڕوویان دەوەستێتەوە.

لەم نێوەدا (دەهۆڵ کوتین و دەربڕینی دەنگی ناڕەزایی و سازشنەکردن لەسەر درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمان)، لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا قەومی نیولیبڕاڵ و ئیسلامیـیەوە، هەوڵدانە بۆ بەهرەبەرداری لەم ناڕەزایەتیانە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە و لە پێناو هێنانەدی ئاڵوگۆڕێکی ڕوکەشی سیاسی لە دەسەڵات و لە قۆرخکاری ئابوریدا، تا هەم بوار بڕەخسێنێ بۆ بەشداریان لە دەسەڵات، وە هەم پەرلەمان و دامەزراوە بونیادییەکانی دەسەڵاتدارەتی بورژوازی و سیستمە ئابووریـیە نیولیبڕالیزمەکەشی بپارێزێت لە دەست ڕاپەڕینی جەماوەر.

(پەرلەمان) دامەزراوەیەکی سەروو ئیرادەی جەماوەری زەحمەتکێش و لە ئەسڵدا بۆ داماڵینی ئیرادەی ئەو جەماوەرە و شەرعییەتدانە بە ئیرادەی داسەپاوی چینی دەسەڵاتداری بورژوازی، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وەیا درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بەو ئەندازەیە مەسەلەیە کە چ ڕۆڵێک دەبینێت بۆ ڕێگریکردن لە خەبات و هەوڵی بەردەوامی جەماوەری زەحمەتکێش و ژنانی ستەمدیدە و لاوانی کچ و کوڕی بێکار و شۆڕشگێڕ، بۆ ڕزگاربوون لەدەست حکومەتی هەرێم و حزبە میلیشیا دەسەڵاتدارەکانی.

ڕەوتی چەپی ڕادیکاڵی دژە دەسەڵاتیش کە لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانەدا جۆشوخرۆشی تێدەکەوێت و لە هەوڵدایە جەماوەر بەڕووی دەسەڵاتدا بتەقێتەوە، بێ ئەوەی پێداویستییەکانی بەسەرکەوتن گەیاندنی هاتنەمەیدان و ڕاپەڕینی ئەو جەماوەرە ئامادە بێت، نەک هەر توانای ڕێکخراوکردن و ڕابەرایەتی جەماوەری ڕاپەڕیوی نیـیە بەڕووی دەسەڵاتدا، بەڵکو دەستەوستانیشە لەبەرامبەر بورژوا لیبڕاڵی قەومی و ئیسلامیدا، وە لە توانایدا نییە ببێتە بەربەست لەبەردەم هەژمونی ئەجەندا و سیاسەتەکانیان بەسەر ئەو ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانەی جەماوەری بەش مەینەت و زەحمەتکێشدا.

لێرەوە کێشەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانیانە بۆ ئاست بزووتنەوەیەکی چینایەتی یەکگرتووی بەهێز لە دەرونی ئەم کۆمەڵگەیەدا، کە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی و ئینتەرناسیونالیستیـیەوە بێتەمەیدانی جەنگی دەسەڵاتەوە، دژ بە دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیست و حکومەتەکەی لەم هەرێمەی کوردستانی عێڕاقدا.

ئەرکی دەستبەجێی کۆمۆنیستەکان چالاکبوونە لەو ڕاستایەدا و گرێدانەوە و لێکهەڵپێکانی ئەو خەباتەیە بە خەباتی سەراسەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی عێراقەوە دژی دەسەڵاتی بورژوزازی لە دەوڵەتی مەرکەزیدا.

سەرەتای نۆڤێمبەری ٢٠٢٢

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاوپەیمانی سەربازیی سعودی-تورکی-پاکستانی وەک نموونەیەک!

عەبدوڵڵا ساڵح ووتراوە: "جەنگ سیاسەتە کاتێک وشەکان شکست دێنن، ئابووریـیە کاتێک بەرژەوەندیـیەکان بەریەک دەکەون، و ...

کوشتنی ژنان، لوتکەی شاخە بەفرینەکەی توندوتیژیی خێزانییە، کە لە پشت هەواڵەکانەوە شاردراوەتەوە

شیرین عەبدوڵڵا دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کوشتنیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک ...

کۆمۆنیزم دەبێ ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی و پڕۆلیتاری بە عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگە

نادر عەبدولحەمید هەرێم لە پڕۆسەیەکی مێژوویی جیهانیدا لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە (١٩٩١) کۆمەڵگەی کوردستان ...

ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٤٢

ژمارە (42)ی ڕۆژنامەی (ڕەوت)، ئەیلول/ سێپتێمبەری (2026)، بڵاوکرایەوە ڕۆژنامەی (ڕەوت) بە چاپی وەرەق لە هەرێمی ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، لە یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنیدا

یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق دەکەینەوە، و هەر ساتە هەست بە ...