ئاوات (عبدالرحمن رسول)
لە چوارچێوەی هێنانەدی یەکسانی بۆ دەست ڕاگەیشتن بە ماف و ژیانێکی باشتر و ئازادی و ڕیفاهیەت و خۆشگوزەرانی لە کۆمەڵگای فەڕەنسا، بەجۆرێکی کراوە و وشیارانە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە تێکۆشانی چینایەتیان بەردەوامن. تا دێت ئەم تێکۆشانە جەماوەرییانەیان بەرەو پێشەوە و باشتر دەچن، هەرچەندە زۆرجار گرفت و لەمپەری زۆریشیان بۆ دێتە پێش، بەڵام کرێکاران و گەنجان هەمیشە هێزی نوێ بوونەوەی تێکۆشانی یەکگرتووانەی چینایەتیین. هەر ئەم جۆرە تێکۆشانە جەماوەرییە چینایەتییە بوو کە فشاری جدی دروست کرد بۆ سەر حیزبە کرێکاری و کۆمۆنیست و چەپەکان و پارتی ژینگە پارێزەکان کە بە ئەڵتەرناتیڤی هاوبەش و یەکگرتووانە پشتیوانی لە خواستەکانی کرێکار و خانەنیشانکراوان بکەن ڕووبەڕووی هێزە ڕاستڕەواکانی لایەنگرانی دەسەڵاتی سەرمایەداری ببنەوە.
ئەم تێکۆشانە یەکگرتووانەیە، ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی دەرکەوت، هەر لەگەڵ دەست بەکار بوونی حکومەتی نوێ (بەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا لە ئەپریلی ٢٠٢٢) وازی لەو گەڵاڵەنامەیە هێنا کە پێش هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسا دەیویست بیکاتە بڕیار بۆ زیاد کردنی تەمەنی خانەنیشینی لە (٦٢) ساڵەوە بۆ (٦٥) ساڵ. ئەم ڕاسپاردەی هێزە ڕاستڕەواکانی سەرمایەداری سەرکەوتوو نەبوو، بەهۆی کاریگەربوونی بزوتنەوەی جەماوەری کرێکاری و پشتیوانی هێزە چەپ و کۆمۆنیست و ژینگە پارێزەکان، و بەم شێوەیە ئەم سەرکەوتنە بەدەستهات.
ئەوەی ئێستا بزوتنەوەی جەماوەری کرێکاری کاری لەسەر دەکات چارەسەر کردنی قەیرانەکانی بەرز بوونەوەی نرخەکان و زیاد کردنی هەقدەست و زیاد کردنی بیمەکۆڵامەیەتی و تەندروستیـیەکانە، کە لە ئێستادا نرخی سووتەمەنی بەجۆرێک بەرزبۆتەوە و کاریگاری نەرێنی خستۆتە سەر ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، نرخی خواردەمەنی و میوە و سەوزەکان بەرز بۆتەوە. هەروەها نرخی کاڵا و شەممەکان بەرزبۆتەوە. هەمووئەمانەش فشارێکی جدیـیە بۆ سەرژیانی خەڵکی هەژار و کرێکار و زەحمەتکێشان. هەرئەمەش وایی کردووە کە ڕۆژانی هەموو شەممەیەک و هەندێک جار ڕۆژەکانی تریش، شەقام و شۆستەکانی (پاریس) و شارەکانی وەک (لیل) و (لیۆن) و (مارسیلیا) و چەندین شاری تریش، بەردەوام ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری درێژەی هەبێت.
یەکێک لە بەیاننامەی بڵاوکراوە کرێکاریـیەکان بەم جۆرە باس دەکات (کەرامەت، ڕێزگرتن)، (ژیان بە کەرامەتەوە لە پیشەکەیەوە، لە کارەکەیەوە). چۆن لەوە تێبگەین کاتێک سەرمایەداری لۆژیکێک پیادە دەکات کە کار بە تێچوون دەزانێت، نەک “تێچووی هەیە”، بەڵکو “تێچووە”. ئەمەش بەو مانایەیە کە مرۆڤ بێ بەها دەکرێت بە خەرجیەکەوە، بەهایەک نیـیە کە مرۆڤ بڕیار بدات، بیدات، بەڵکو تەنها خەرجیەکە پێویستە سنووردار بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی دابەزینی مەیلی ڕێژەی قازانج، ئەمەش بەواتایی زیاد بوونی پارەی سەرمایەداران و زیادبوونی هەژاری و جیاوازی چینایەتی دەگەیەنێت.
لەمەودوا پلاتفۆرمەکەمان بریتی یە لە:
- سەرچاوەی نایەکسانی نێوان ژن و پیاو لە ساڵی (١٧٨٩ تا ١٩١٤).
- قەرزی گشتی: وێرانکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەشبگیری قەرزەکان.
- خۆپاراستن لە مەترسییەکانی پیشەیی.
- گەنجینەی سەندیکا.
- ڕاوێژکاری کارمەند.
- (١٥٠) ساڵ لەمەوبەر … کۆمۆنەی پاریس.
- دانوستاندن لەسەر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی پێش هەڵبژاردنەکانی (CSE -پۆدکاست).
هەروەها لە یەکێک لەداواکاری و دروشمە جەماوەرییەکان کە لە خۆپیشاندان بەرز کراوەتەوە و لەناو بڵاوکراوەی (کاس) بڵاوکراوەتەوە، لە لایەن (کۆمەڵەی کاس)ەوە، سەبارەت بە خاوەن کارە. (کە خاوەنکار بەرپرسیارە لە سەلامەتی ژیانی کرێکار مەگەر بیسەلمێنێت کە هەموو ڕێوشوێنە خۆپارێزیـیە پێویستەکانی گرتۆتەبەر و بە ئاگادارکردنەوەی لە بوونی ئەو جۆرە ڕاستیانەی کە ئەگەری هەیە هەراسانکردن پێکبهێنن، ڕێوشوێنی دەستبەجێی گرتۆتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەو کردەوەیە).
(کۆمەڵەی کاس، 1-6-16، ژمارە 14-19702).
>> https://www.force-ouvriere.fr/harclement-
comment-l-خاوەنکار-دۆیت-ئیل-ئینکوێتەر
هەروەها کرێکارانی (کارفۆر- Carrefour) بۆ زیادکردنی هەقدەستەکانیان دەستیان بەناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کرد لە ڕۆژی چوارشەممە (٧-١٢-٢٠٢٢) لە لایەن چالاکیی فیدراسیۆنی بازرگانی (CGT) و یەکێتی بەشەکانی (CGT 94) لە کارفۆری (سەنتەری بازرگانی بێرسی ٢) لە شاری (چارینتۆن). بەم جۆرە باس لە خۆپیشاندانی سەراسەری دەکات ٧ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ڕۆژێکی مانگرتنی سەرتاسەرییە لەگەڵ دوو داوای مانگرتنی فیدراڵی بۆ کرێ لە (SNCF) و لە بازرگانی و خزمەتگوزارییەکان. ئەمڕۆ بۆ خۆپیشاندانی مووچەکانمان لەگەڵ فیدراسیۆنی بازرگانی و خزمەتگوزاری (CGT Center) بازرگانی (BERCY). ڕێگاوبانەکان ناوەندی بازرگانی بێرسی گیرا! زیادکردنی کرێی کرێکاران نەک قازانجی خاوەن پشکەکان.
لە ڕاگەیاندنی (ئودفۆ دێس لاندێس) (Fo) دا داوا دەکات:
- زیادکردنی موچەی کرێکار و بریکارەکانی نەخۆشخانە.
- ئیندێکسکردنیان لە پێوەندی لەگەڵ هەڵاوسان.
دەرئەنجام: خوێنەری ئازیز گۆڕانی کۆمەڵگا پێویستی بە تێکۆشانی یەکگرتووانەی جەماوەری یەکگرتووانە هەیە کە بتوانێت بە وشیاری خۆی ناڕەزایەتی و خواستەکانی لەناو بزوتنەوەی جەماوەریدا ڕێکخراو بکات بەئاراستەی دەسەڵاتدارێتی خەڵک لە شوراکانی خۆیاندا. لەبەرئەوەی ئەبینین سیستەمی سەرمایەداری هەرگیز ناتوانێت کۆمەڵگا بەرەو کۆمەڵگایەکی ئارام و یەکسان و ئازاد بەرێت هەمیشە دەسەڵاتدارانی سەرمایەدار قەیران و کێشەی جۆراو جۆر بۆ کۆمەڵگا ساز دەکەن و ناتوانن چارەسەری کێشە و قەیرانەکانیان بکەن چونکە کۆی کێشە و قەیرانەکانیان بەندە بەگەشەی جیاوازی چینایەتی و نایەکسانی بەئامانجی کۆکردنەوەی پارەی زیاتر و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ سەرمایەدارانی خاوەن دەسەڵات لەهەمان کاتیشدا زیاد بوونی ئاوارەیی و هەژاری و بێکاری بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش .ئیتر ئەوەیە چارەسەری ئینسانی کە هەریەکەمان خۆمان بەرپرس بزانین لە ئێستا و داهاتووییمان کە دڵسۆزانە تێکۆشان بۆ هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشتر و نوێتر بکەین.