عەبدوڵڵا ساڵح
پێش ئەوەی بچینە ناوەڕۆکی بابەتەکە، با چاوێک بەم یاریەدا بخشێنین کە ناوی تۆپی پێیە و کەمێک باسی نهێنی خۆشەویستی ملیۆنەها کەس بکەین بۆ ئەم یاریـیە کەمن خۆم یەکێکم لەوان.
تۆپی پێ هونەرە، هاوشێوەی هونەرەکانی تر، هونەرێکی باڵایە، هەوڵێکی بەکۆمەڵە لە پێناو گەیشتن بە یەک ئامانج، ئەویش سەرکەوتن و بردنەوەیە، تەنانەت، ئەگەر ڕێگەمان پێبدرێت، دەکرێ بڵێین شێوازێکە لە ململانێ، ئەم هەوڵە بەکۆمەڵە، تێکەڵ بە پلانی دروست و سەرکەوتوانەی ڕاهێنەر و ئەدای هونەری یاریزان، و یەکگرتوی و هاوئاهەنگی یاریزانەکان هەمووی پێکەوە دەکرێ وەک سمفۆنیایەک وێنابکرێ و تابلۆیەک لە هونەری جوان بخرێتە پێش چاوی عاشقان و هەواداران و شوێنکەوتوانی ئەم یاریـیە.
تۆپی پێ، لە پێشەنگی زوربەی یاریـیە وەرزشیەکاندایە کە هەستێکی دەرونی و ئینسانی دروست دەکا، بەتایبەت کاتێک تیمە میللیەکان یاری دەکەن، هەستی “سەر بەوڵاتێک بوون”، ئەگەرچی ئەو هەستە لەکۆتاییدا ئاوێکە و دەڕژێتە ناو ئاشی دەسەڵاتدارانەوە، بەڵام ئەستەمیشە بەرگری لێبکرێ، چونکە، لانیکەم بۆ چرکەساتێکیش بێ، ئەم یەکگرتنە خەم و ئازار بیردەباتەوە و تەماشاکەر دڵخۆشدەکا بەتایبەت لە کاتی بردنەوەدا. ئەمە حاڵەتێکی مادی بەرجەستە نییە، بەڵکو دۆخێکی دەروونی و سۆزداری مرۆڤە، منداڵ و گەنج و ژن و پیاو و خەڵکانی بەتەمەنیش دەگرێتەوە.
ئەوەی دوێنێ (٢٩ – ١١ – ٢٠٢٢) کۆتایی یاریەکەی (ئەمریکا) و (ئێران)ی بینیبێ کە بەئەنجامی (یەک و سفر) بە سودی تیپی ئەمریکا تەواو بوو، چۆن یاریزانە ئەمریکیەکە (ئەنتۆنی ڕۆبسن) باوەشی کرد بەیاریزانە ئێرانیەکەدا (ڕامین ڕەزاییان) کاتێک ئەو بەکۆڵ دەگریا چونکە تیمەکەی دۆڕابوو، وەسەری خستە سەر شانی خۆی و دڵنەوازی کردەوە، وە هەردووک یەکتریان کردە باوەش، گۆشەیەک لەم حاڵەتە ئینسانیەی بۆ دەردەکەوێ کە سیاسەت ناتوانێ سنووری بۆ دانێ.
بەڵام وەک چۆن سیستمی سەرمایەداری کونجێک نەماوە لە ژیاندا سەریپێدا نەکا و نەیشێوێنێ ئاواش هاتۆتە ناو ئەم وەرزشەوە و دەستی نگریسی گەیاندوەتێ، تەنانەت لەو چێژ و خۆشیـیەشی زۆرکەمکردۆتەوە … ئەوەتا ملیاردێرە زەبەللاحەکانی جیهان فڕکان فڕکانیانە بۆکڕینی یانە بەناوبانگەکانی ئەوروپا، ئەویش لەپێناو قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان لەسەر حیسابی زەوق و ئارەزووی هاندەر و تەماشاکەر، ئەوانە نەک یانەکە، بگرە یاریزانەکانیش دەکڕن بەشێوازێک کە تەنانەت خەو و خۆراک و جلوبەرگ و ژیانی کۆمەڵایەتیشیان دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەو سەرمایەدارانەوە، کە دەکرێ وەک جۆرێک لە سیستمی کۆیلایەتی سەیر بکرێ، ڕاستە لەبەرامبەردا یاریزانەکان مووچەی زەبەللاحیان پێدەدرێ، بەڵام لە خۆشترین ساڵەکانی تەمەنیاندا بێبەشدەکرێن لە جێژی ژیان، هەرهەمان ئەو یاریزانانە کاتێک تەمەنیان دەچێتە سەر، چارەیان گران دەبێ و بەجۆرێک لە جۆرەکان دەردەکرێن بەبێ گوێدانە هیچ بەهایەکی مرۆیی.
لایەنێکی تاریکی کەی ئەو دەستێوەردانە، بازاڕی گرەوە کە ئەویش بەجۆرێک گیرفانی شوێنکەوتوان بەتاڵدەکا، هەرئەم گرەوە ئەو یانەوەرزشیانەی کردوە بە جۆرێک لە قومارخانە، ئەمە جگە لە بازاڕی بەناوبانگی دەڵاڵەکان بۆ کڕین و فرۆشتنی یاریزانەکان، یاخود گەندەڵی لەناو بەشێک لە ناوبژیواناندا، بەتایبەتی هەڵبژاردە و یانەکانی وڵاتانی کەنداو، بۆیە لەزوربەی پاڵەوانەتیەکانیانداپەنا دەبەنە بەر ناوبژیوانی ئەوروپی.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢٠ی ١١ ی ٢٠٢٢)، (جامی جیهانی فیفا لە قەتەر) دەستیپێکرد، دوای ئەوەی فیفا (فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی یەکێتی تۆپی پێ) لە کۆتایی ساڵی (٢٠١٠) مافی ڕێکخستنی ئەو پاڵەوانەتیەی دا بەو وڵاتە. ئەم بەخشینە لە پرۆسەیەکی پڕاوپڕ لە گەندەڵیی و بەرتیلداندا ئەنجامدرا و تا ئەمڕۆش گومانی لەسەرە! هەر ئەم پرۆسەی گەندەڵیە کاریگەری لەسەر سەرۆکی فیفای ئەو کاتە (جۆزێف سێپ بلاتەر) و سەرۆکی (یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا)ی ئەو کاتە (میشێل پلاتینی) دانا و هەردوکیان بەتۆمەتی گەندەڵی درانە دادگا و ناچارکران دەستبەرداری پۆستەکانیان بن. ئەم مافی میوانداریکردنەی قەتەر بۆ پاڵەوانێتیـیەکە مشتومڕێکی زۆری بەدواداهات کە تائەمڕۆش بەردەوامە. پەردەیەک لەم شانۆگەری مشتومڕە لەو دووڕووییەدایەکە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرامبەر قەتەر نمایشی دەکەن، وەک چۆن لە بواری مافی مرۆڤدا ڕەخنەی لێدەگرن، بەڵام لە بەرامبەر سیاسەتەکانی تریدا بێدەنگی هەڵدەبژێرن. قەتەر پیشتیوانەیەکی بەهێزی مادی و مەعنەوی ڕێکخراو و هێزە ئیسلامیە توندڕەوە چەنگبەخوێنەکانی وەک تاڵیبان و داعش بوو تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێ، جگە لەوە خەزێنەی وڵاتەکەی بۆ دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژێ وەک ئەردۆگان کردۆتەوە تا فاشیزمە نەتەوەیەکەی لە ناوچەکە باڵادەست بکا و بە بەرچاوی ئەمریکا و هاوپەیمانانیەوە ئەم ڕۆڵە بە ئاشکرا دەگێڕێ.
لەم مۆندیالەدا، قەتەر درکی بەوە کرد کە جبە و عەمامەی ئیسلامی ناتوانی بەر بەو شاڵاو و ئەو هەموو ڕەخنانەبگرێ کە ڕۆژانە ڕوبەڕوی دەبنەوە، هەر بۆیە ئێستا خۆی خزاندۆتە ناو (چەفتە) و (عەگاڵی) نەتەوەییەوە تا خەڵکێکی “ساوێلکە” بەوە فریوبدا کە گوایە قەتەر بۆیە دوژمنایەتی دەکرێ چونکە وڵاتێکی عەرەبیـیە!
لە نێو هەوڵەکانی (قەتەر) بۆ لادانی سەرنج لەو ڕەخنانەی کە ئاراستەی دەکرێت، کڕینی هەندێک یاریزان و کەسایەتی بەناوبانگی تۆپی پێ یە (وەک پیپ گواردیۆلا و دەیڤد بێکهام و کاکای بەڕازیلی) و هەندێکیتر، ئەمەش وا دەکات وێنەکەی لێڵتر دەرکەوێ نەک ڕوناکتر، چونکە ئەمە لە گەمەیەکی پۆخڵی پارە و خەڵاتبەخشینەوە زیاتر شتێکی تر نیـیە.
دروستکردنی ئەم دامەزراوە وەرزشیـیە زەبەلاحانەی قەتەر لەسەر حیسابی ژیانی هەزاران کرێکاری بیانی بوو کە وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا و چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆڤیش ڕاپۆرتی وردیان لەسەر ئەو بارودۆخە سەختانەی کە ئەو کرێکارانە تێیدا دەژیان بڵاوکردۆتەوە، ئەم پێشێلکاریانەی مافی کرێکارانی بیانی، پەڵەیەکی خوێناویـیە کە مۆندیال و (قەتەر) دەگرێتەوە، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ڕۆژنامەی (گاردیان)ی (بەریتانیا) بڵاویکردۆتەوە بەهەزاران کرێکاری (هیندی و بەنگلادیشی و نیپاڵی و سریلانکی و پاکستانی)ی هەر لە سەرەتای دروستکردنی ئەم دامەزراوە وەرزشیانەوە تا ئەمڕۆ گیانیان لەدەست داوە، ئەویش لە ئەنجامی سەختی کار و زۆری سەعاتی کار بەتایبەت لە هاویندا کە پلەکانی گەرما لەسەروو بەنجا پلەوەن هەروەها نەبوونی هیچ جۆرە خزمەتگوزاریەک لە شوێنی حەوانەوەیاندا، جگە لە پێنەدانی مووچە تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە لە لایەن هەندێک “ڕێکخراوی خێرخوازیەوە” خۆراکیان پێبدرێت! ئەوان دامەزراوەی وەرزشی و کۆشکە لوکسەکانیان لەسەر حیسابی ژیانی ملیۆنان کرێکار دروست دەکەن. لێرەدا پرسیاری داهاتوو ئەوەیە: ئایا ئەوانەی لەم یاریگایانەدا دادەنیشن بۆ تەماشای یاریەکان ئەم تراژیدیایە دەبینن؟ ئەوشمان بیر نەچێ کە دیاردەی کەمی ئامادەبووان لە یاریگاکاندا بە بەراورد بە مۆندیالەکانی پێشوو بە ئاشکرا دیارە، ئەمەش وای کردوە، وەک هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن لە ڕۆژئاوا باسی دەکەن، گوایە هێنانی هاندەران لەلایەن قەتەرەوە بە پارە و بلیتی خۆڕایی و مانەوە لە ئوتێلی پێنج ئەستێرە بۆتە دیاردە.
لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین تۆماری پێشێلکاریەکانی (قەتەر) لە بواری مافەکانی مرۆڤ وە بەتایبەتی مافی ژنان و مافەکانی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازانیش پەڵەیەکی ترە بە تەوێلی ئەم وڵاتەوە. بەداخەوە ئەمڕۆ جیهان وایلێهاتوە بۆ هەر شوێنێک بچین، دەبینین ئەهریمەنە سەرمایەداریـیەکە لەبەردەم چاومان وەستاوە، ئیتر باسی چ جامێک و چ دونیایەکمان بۆ دەکەن، دونیایەکی پڕاو پڕ لە ناڕەزایەتی و برسێتی و کوشتوکوشتار و شەڕ، بەڕاستی ئەم جیهانە و بونەوەرەکانی شایستەی ئەم بەربەریـیەتە نین.
٣٠ – ١١ – ٢٠٢٢