(١٦-٩-٢٠٢٣) یەکەمین ساڵیادی خرۆشان و ڕاپەڕینی جەماوەری ژنان و لاوان و کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەراسەری ئێرانە، کە بە کوشتنی (ژینا ئەمینی) لەلایەن پۆلیسی جمهوری ئیسلامیـیەوە دەستی پێکرد، و تیایدا هێزە سەرکوتگەرە ئەمنیـیەکان و میلیشیاکانی سەدان خۆپیشاندەریان کوشت و چەندین هەزاریان زیندانی کرد و ژمارەیەکیشیان لە سێدارەدان.
ئەم ڕاپەڕینە کە بەدژی ستەم لەسەر ژنان و حیجاب پۆشینی زۆرەملێ سەریهەڵدا، هەر زوو گۆڕدرا بۆ ڕاپەرینێکی چینایەتی و سیاسی جەماوەریی بەڕووی هەژاری و بێکاری و سەرکوتی سیاسی و فەرهەنگی سیستمی سەرمایەداری و ڕژێمە سیاسیـیە ئیسلامیـیەکەی لە ئێراندا. هەروەها بە درێژایی زیاتر لە شەش مانگ زووربەی هەرە زۆری شار و شارۆچکەکانی گرتەوە و ڕژێمەکەی توشی ترسولەرز کرد، و پایە بنەڕەتییەکانی ئیسلامی سیاسیشی، بە تایبەت ستەم لەسەر ژنان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێنایە لەرزین.
بۆ زیاتر لە چوار دەیەیە ئەم ڕژێمە لە هەوڵی جێگیرکردنی هەڵاواردن و داسەپاندنی دۆخێکی کۆیلایەتیدایە بەسەر ژناندا، کە ئایدیۆلۆژیا و ستڕاتیژی سیاسی ههموو ڕهوته فەرمانڕەوا و ئۆپۆزیسیۆنەكانى ئیسلامى سیاسی پێکدەهێنێت لە سەراسەری جیهاندا، بە عێڕاق و هەرێمی کوردستانیشەوە.
ئەمە چوارەمین ڕاپەڕین بوو لە شەش ساڵی ڕابردوودا، کە یەک لەدوای یەک سەریانهەڵداوە لە ئێراندا، بەڕووی هەژاری و بێکاری و گرانی و داسەپاندنی بێمافی لەلایەن ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێرانەوە؛ کە ڕاپەڕینەکانی (دێسێمبەری ٢٠١٧)، و (نۆڤێمبەری ٢٠١٩) و (تەمموزی ٢٠٢١)ن، وە لە بەردەوامی زنجیرەیەکی نەپساوەی مانگرتنی کرێکاراندا دێت کە دەیان هەزار لە کرێکارانی شارەوانی و کارگەکانی شەکر و چیمەنتۆ و پیتڕۆ کیمیاویـیەکان و ئاسن توانەوە بەشداریان تێدا کردووە.
ئەم ڕاپەڕینە لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە هەوڵی لە قاڵبدانی دراوە لەناو ئەجندای ڕەوتە جۆراوجۆر و هەمە چەشنەکانی بۆرژوا ناسیونالیستی پان ئێرانیست و قەومیـیە لۆکاڵیـیەکان و لیبڕاڵ ئیسلامیـیەکان و شاهەنشاهیـیەکان و پۆپۆلیزمی جەماوەریانەی سەروو چینایەتیـیەوە، ئەمە جگە لە هەوڵدانی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بۆ خنکاندنی وزەی شۆرشگێڕانەی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریـیە و بەهرەبەرداری بۆ خزمەت بە بەرژەوەندیـیە جیۆپۆلەتیکەکانیان.
سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوا ئیسلامی و قەومی نەک هەر لە ئێران، بەڵکو لە عێڕاق و تورکیا و لوبنان و تەواوی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە قەیرانێکی قوڵی لەچارنەهاتوودایە، و نەک هەر ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی ڕۆژانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەمدیدە و لاوانی ئازادیخوازە، بەڵکو بەردەوامیش ڕووبەڕووی ڕاپەڕینە یەک لەدوای یەکەکانی ئەم جەماوەرەیە بۆ ڕزگاربوون لە چنگی ئەم سیستمە ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە ژیانی لەمەنگەنەداوە. ئەمە پرۆسە و بارودۆخێکی شۆرشگێڕانەیە و بە دابینکردنی سەربەخۆیی سیاسی و فیکری و ڕێکخراوەیی پرۆلیتاریا لە جەرگەیدا ئەبێتە قەیرانێکی شۆڕشگێڕانە و ئەگەری سەرهەڵدانى شۆرشی سۆشیالیستی و سەرکەوتنی.
ئەمڕۆ لە ساڵیادی ئەم ڕاپەڕینەدا، ترس و دڵەڕاوکێ سەراپای ڕژێمی جمهوری ئیسلامی داگرتووە بۆ بەرگرتن بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەم ڕاپەڕینە و چۆنیەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی، چونکە هێشتاش وەک گڕکانێک لە دەرونی کۆمەڵگەی ئێراندا دانەمرکاوەتەوە. هەربۆیە، ماوەیەکە کەمپێنێکی بێهودەی بەڕیخستووە هەم بۆ دووبارە فەرزکردنەوەی حیجابی ئیجباری کە لە پاش ڕاپەرینی پارەوە ژنان پەیرەوی ناکەن و هەم دەستیداوتەوە گرتن و سزادانی چالاکەوانانی ڕاپەڕینەکە.
هەر لەم ڕاستیەشدا، یەکێک لەو هەنگاوانەی گرتوویەتیـیەبەر، ڕێکەوتنامەیەکە لەگەڵ حکومەتی عێڕاق، بە ئاگاداری حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتداری، بۆ داخستنی بارەگای حزب و ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران لەناو هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا تا (١٩-٩-٢٠٢٣) و هەڕەشەی موشەکباران و لەشکرکێشی دەکات ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، ئەویش بەمەبەستی خوڵقاندنی کەش و هەوایەکی جەنگی و نانەوەی تڕاژیدیایەک لەدەرەوەی سنورەکان تا بتوانێت سەرکوتی ناڕەزایەتیـیەکانی جەماوەر بکات لەناوخۆی ئێران و بەربگرێت بە سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی ڕاپەڕینەکە.
لە یادی یەکەمین ساڵەی ڕاپەڕینی (ئەیلولی ٢٠٢٣)ی ئێراندا، ئەو ڕاستیـیە دەسەلمێنینەوە کە ڕێگەی ڕزگاری لەدەست تەواوی ئەو مەینەت و کارەساتانەی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بۆرژوایی ئیسلامی سیاسی، هەوڵدانە بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینانە لە ڕێگەی چەکدارکردنیان بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی و هێنانەدی هاوپشتیـیەکی نێونەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق شانبەشانی کریکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و لاوانی ئازادیخواز و ڕەوتی پرۆلیتاریای سۆشیالیست لە سەرجەم عێراق و ناوچەکەدا لە خەباتدایە بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەی بێ چین و ئازاد و یەکسان.
هەروەها ئەم ڕیکخراوە وێڕای سەرکۆنەکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان هەردوو حکومەتی ئێران و عێڕاق، و ساتوسەودای حکومەتی هەرێم و حزبە فەرمانڕەوا کانی، دژ بە حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئیران لە هەرێمدا، مافی پەنابەریی سیاسی و ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسی و فکری و میدیایی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بە مافێکی بێ ئەملاوئەولا دەناسێ، و لە هەمانکاتیشدا حکومەتی ناوەندی و هەرێم، بە بەرپرس دادەنێ لە پاراستنی ئەمنیەتی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە و پەنابەران و خانەوادەکانیان.