ڕەوت: زۆر لە لیستەکان باس لە جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن لەوانی پێشووتر، وە بەزۆری باس لە تێکشکانی زۆرینەی ڕەهای کورسیەکانی پەرلەما لەلایەن (پارتی)ـیەوە دەکەن، بەهۆکاری جۆراوجۆر، نەمانی کۆتا، کەمی تەزویر، کۆمۆسیۆنی سەربەخۆ و بێلایەن و چەیکی دەنگەکان هەر لەلای سندوقەکان و ئایا ئەگەر ئەمانە وابن مانای ئەوە دەدات کە بەڕاستی ئالوگۆڕ لە سیستەمی پەرلەمانی کوردستان ڕوودەدات؟
شەماڵ عەلی: من کێشەی گەورەم لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا لە خودی پێشگریمانەکەی ناوێتی کە بە جۆرێک پەرلەمانی کوردستان بە سیستەم ناودەبات. شتێک لە کوردستان بە ناوی سیستەمی پەرلەمانی بوونی نییە. تەنها شتێک کە لە سیستەمی سیاسی کوردستاندا کار دەکات میلێشیایە. پەرلەمان وەک دەزگایەک ئیکسیسوارێکە بۆ داپۆشینی ڕووی ڕاستەقینەی ئەم سیستەمە و بە پێی پێویست و بۆ کاتی گونجاو لەلایەن هەردوو میلیشیای دەسەڵاتدارەوە بەکار دێت. ئەگەری گۆڕانی ڕیشەیی لە سەنگوسوکی لیستە جۆراوجۆرەکاندا لەو دیوەخانە زۆر نییە. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەوەش ڕوو بدات. سیستەمی میلێشیایی چەندین میکانیزم و فێڵ و ئامرازی لەدەستدایە کە ئەو دەزگایە لە قاوغی خۆیدا بهێڵیتەوە و لەچاکترین حاڵدا کۆڕێک دەبێت بۆ چەنەحانێی بێ ئەنجام و شەڕی سیمبولی و زۆر جار کاریکاتێری.
ڕەوت: زۆر لە حزبە نوێـیەکان، (نەوەی نوێ)، (ڕەوتی هەڵوێست)، (بەرەی گەل)، دەڵێین ئەگەر خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوە بەقازانجی (یەکێتی) و (پارتی)ـیە، بۆیە پێویستە خەڵک بەفراوانی بەشداری ئەم دەرفەتە بکەن؟ ئێوە دەڵێن چی؟
شەماڵ عەلی: بەشداری کردن لە پرۆسەی دەنگداندا، مەشروعیەت بەخشینە بە سیستەمی میلیشیایی و دەسەڵاتێکی نامەشروع و نا شەرعی. ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات دەزانن. ئۆپۆزیسیۆنی دەزگایەکی کارتۆنین و ناتوانن لە پچڕینی بەشێک لە بەروبوومی تاڵانکاری هیچی تر بچننەوە و لەڕاستیشدا لەوە زیاتە ئامانج و مەبەستیان نییە.
ڕەوت: ئایا بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان، چ کات دەتوانرێت مانایەکی شۆڕشگێڕانە وەربگرێت و هەڵوێستێکی دروست بێت؟
شەماڵ عەلی: لە ڕوانگەی منەوە بایکۆت نە ناوێکی گونجاوە بۆ هەڵوێستێکی دروست لەبەرانبەر ئەم دەنگدانەدا و نە هەڵوێستێکی دروستیشە. پەرلەمانێک و هەڵبژاردنێک شایانی بایکۆتە کە کێماسی تێدا هەبێت. بۆ نموونە ئەگەر شەفافیەتی کەم بێت. یاخود فرسەتی چوون یەک بۆ هەموو هێزەکانی تێدا نەبێت. بایکۆت ڕەخنە و ڕەتکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنە بۆ دەزگایەک کە مەشروعە و کاریگەرە. ئەم پرۆسەیە بۆ هێنانەدی بوونەوەرێکی بێ گیانە. ڕەخنە و ڕەتکردنەوە دەبێ ئاراستەی خودی بوونەوەرەکە بکرێت نەک پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی.
پرۆسەی دەنگدان لە کوردستان دەستدرێژی کردن و گاڵتەکردنە بە عەقڵی سەلیمی جەماوەری کوردستان. نەک تەنها نابێت بەشداری تێدا بکرێت، بەڵکو دەبێ پەکبخرێت و تێکبدرێت. ئەگەر توانا و بوار هەبووایە دەبوو لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا جموجوڵی دژبەر بەو پرۆسەیە بکەوتایەتە ڕێگا و لە ڕۆژی دەنگدانیشدا بنکەکانی دەنگدان ببوایەتە ئامانجی گردبوونەوەی ناڕەزایی و تەنانەت پەلامار بۆسەر سندوقەکان.
هێزە میلیشیاییەکانی ناو ئەم پرۆسەیە هەقی ئەوەیان نییە ڕیفراندۆم بەڕێ بخەن کە ئایا جەماوەر تاڵانکاری (٣٣) ساڵی ڕابردووی ئەوان تا چەند پەسەند دەکات. بایکۆتکردنی ئەم ڕیفراندۆمە وەڵام نییە. تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی وەڵامی دروستە.
ڕەوت: بەرنامەی سیاسی و ئابووری و ئاڵوگۆڕ لەژیانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت کرێکاران و هەژارانی کوردستان لە هیچ لە لیستەکاندا نەهاتووە، یان زۆر بەکەمی هاتووە، ئایا بۆ کاریگەری ڕەوتی کۆمەڵایەتی و سوشیالیستی بەم هەڵبژاردنەوە لاوازە و گوشاری ناڕەزایەتیـیەکانی کوردستان بەم هەڵبژاردنەوە زۆر کەم دیارە و زیاتر مۆرکی شەڕێکی حزبی ڕووتە لەسەر کورسی دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایە و مۆنۆپۆلکردنیانە؟
شەماڵ عەلی: بە بڕوای من هیچ هێزێکی مکوڕ لەسەر ماف و ئامانجەکانی خەڵک بەشداری ئەم پرۆسەیەی نەکردووە، بۆیە کاریگەری ئەو ناڕەزاییانە نابینرێت. دیارە کە ناڕەزاییەکانیش لە جووڵانەوەیەکی کاریگەری جەماوەری خۆی فۆرمۆڵە نەکردووە تاکو کەس ناچار بکات گوێی بۆ بگرێت و بە هەندی بگرێت./ ١٥-١٠-٢٠٢٤
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
