نادر عەبدولحەمید
ڕوونکردنەوەیەک: بەدوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکەی بەنگلادیش لە مانگی هەشت (ئاب/ئۆگستی ٢٠٢٤)دا ئەم وتارەم بە زمانی عەرەبی لە مانگی نۆدا نوسیووە بۆ ڕۆژنامەی (الغد الإشتراكي). هۆکاری ئەوەی کە لێرەدا بە کوردیش دەیخەمە بەر دەست خوێنەرانی ڕۆژنامەی (ڕەوت) ئەوەیە کە مێسۆدی لێکدانەوە و ئاکامگیرییەکانی بۆ ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لە ئێستای سوریاش لە ناوەڕۆکدا ڕێکدێنەوە، نەک لە شکڵدا، چونکە دیارە کە لە بەنگلادیش ڕاپەڕینی جەماوەری بووە هۆی ڕووخانی دەسەڵات، بەڵام لە سوریا هێزێکی میشیایی ئیسلامی سیاسی بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا و ئیمپریالیزمی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانی لە کێشمەکێشێکی جیۆپۆلەتیکدا دژی بلۆکبەندی ڕووسیا و ئیران ڕژێمی ئەو وڵاتەیان ڕووخاند.
لێکچوونێک
هەڵاتنی سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش (شێخ حەسینە واجید) لە ڕۆژی (٦-٨-٢٠٢٤) بەتەواوی هاوشێوەی هەڵاتنی سەرۆکی تونس (زین ئەلعابدین بن عەلی) بوو لە ناوەڕاستی (کانوونی دووەمی ٢٠١١) نەک تەنها لە ڕووی ناوەرۆکەوە کە دواتر باسی دەکەین، بەڵکو لە ڕووی ڕواڵەت و ڕووداوەکانیشەوە.
کرێکارێکی دەستفرۆش لە تونس لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانییەکەی خۆیدا لە ڕۆژی (١٧-١٢-٢٠١٠)دا خۆی سوتاند، وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر ڕێگەپێنەدانی بەکاری دەستفرۆشی لە شەقامەکانی شار و ئەو سوکایەتییەش کە پۆلیسی شارەکە بەرامبەریان کرد، ئەمە بوو بە چەخماخەی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری بەهێز، کە لە پەرەسەندنی خۆیدا بە (شۆڕشی تونس) و هەڵاتنی سەرۆکی دەوڵەت کۆتایی هات.
بەهەمان شێوە لە بەنگلادیشیش ناڕەزایەتییەکی جەماوەری بە تایبەتی لەنێو خوێندکارانی زانکۆدا هەبوو، کە داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکیان دەکرد کە پشکی تایبەتی تەرخانکردبوو بۆ کارپێدان و دامەزراندن لە کەرتی گشتی دەوڵەتیدا بۆ ئەندامانی ئەو خێزانانەی کە لە ساڵی (١٩٧١)دا لە بزووتنەوەی سەربەخۆیی وڵاتەکەدا جەنگاوەر بوون. ئەم خۆپیشاندانانە بەخێرایی پەرەیان سەند و بوون بە بزووتنەوەیەکی سیاسی خوازیاری ڕووخاندنی ڕژێم، بە تایبەت دوای کوشتنی خوێندکارێکی تەمەن (٢٢) ساڵ لە بنەماڵەیەکی هەژار بە ناوی (ئەبو سەعید) لە ڕۆژی (١٨-٧-٢٠٢٤)، ئەویش لە کاتێکدا کە ئاڵای وڵاتەکەی هەڵگرتبوو وە لە دووری (١٥) مەترەوە لەلایەن پۆلیسی دژە ئاژاوەگێڕییەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. بەمەش خۆپیشاندانەکان پەرەیان سەند و تەشەنەیان کرد بۆ زۆربەی شارە گەورەکانی وڵات بەتایبەتی پایتەخت و گۆڕا بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەری و سەرۆک وەزیرانی ناچار کرد بە هەڵاتن بۆ دەرەوەی وڵات تا خۆی قوتار بکات.
پێش شۆڕشی تونس، ڕاپۆرتەکانی (بانکی جیهانی) و (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) ئاماژەیان بەوەدا کە ئابووری ئەو وڵاتە لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٠) و (٢٠١٠) گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە پەیکەرەی ئابووری وڵاتەکەدا ئەنجامدراون و پێویستە وڵاتانی تر لاسایی بکەنەوە و هەمان هەنگاو بگرنەبەر. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەسەڵاتی سیاسی وڵاتەکە مەرجەکانی ئەو دوو دامەزراوە نێودەوڵەتییەی جێبەجێ کردووە، کە بریتین لە ئازادکردنی دەستی کۆمپانیا تایبەتیـیەکانی ناوخۆیی و بیانی و هەروەها کەمکردنەوەی خەرجیەکانی دەوڵەت بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران و کرێکارانی کەرتی گشتی، واتە وازهێنان لە پلانی دامەزراندن لە کەرتی گشتی دەوڵەتیدا و سپاردنی ڕەخساندنی هەلی کار بە کەرتی تایبەت، … هتد.
بێگومان تونس لەو دە (١٠) ساڵەدا پێشکەوتن و گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینی، بەڵام بە قیمەتی داسەپاندنی بێکاری و هەژاری و پەراوێزخستنی جەماوەری زەحمەتکێش و هاوڵاتیان لە ژیانی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا، سەرمایەداری سیستەمێکە هاوڕای گەشەکردن و پێشکەوتنەکەی، نەهامەتی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان دەهێنێت، چونکە سیستەمێکە لەسەر بنەمای چەوسانەوە و دژایەتی چینایەتی دامەزراوە.
لە بەنگلادیشیش، میدیای بۆرژوازی نێودەوڵەتی باسیان لە “مۆدێلی موعجیزەی ئابووری” ئەم وڵاتە دەکرد کە بانکی جیهانی بە “چیرۆکێکی ئیلهام بەخش” بۆ گەشەی ئابووری وەسفی دەکات. لە ڕاستیدا بەنگلادیش گەشەی ئابووری بەرفراوانی بەخۆیەوە بینیوە و بۆتە جێگەی مەبەستی کۆمپانیا بیانییەکان و شوێنێکی ئارام و پارێزراو بۆ وەبەرهێنان بەتایبەتی لە کەرتەکانی ڕستن و چنین و پیشەسازی جلوبەرگدا بەڕادەیەک کە سەدان کۆمپانیای بەناوبانگی جیهانی وەک (H&M) و(Gap) و (Zara) و زۆرێکی تر لە کۆمپانیا ناودارەکانی جیهانی دەستیان کردووە بە کردنەوەی کارگەکانیان لەوێ، بەڵام بە هەلومەرجێکی کارکردنی زۆر خراپتر لە هی کرێکارانی تونس.
ژمارەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە زیاتر لە (١٧٠) ملیۆن کەسە و لە ڕووبەرێکی بەرتەسک و بچووکدا دەژین کە ڕێژەی چڕیی دانیشتووانی زۆر بەرزە، واتە ملیۆنەها خانەوادەی کرێکار و زەحمەتکێش لەسەر پارچە زەوییەکی بچووک نیشتەجێ بوون و کەوتوونەتە ژێر “ڕەحمەت”ی بزنێسمەنەکان و سەرمایەداران کە ئاخۆ هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێنن تا داهاتێکیان هەبێت و بتوانن بژین یان نا؟ جا کرێکار لەوەها بارودۆخێک و لە نەبوونی گەرەنتی کۆمەڵایەتیدا ناچارە هەر جۆرە هەلومەرجێکی کارکردن قبوڵ بکات، تەنها بۆ ئەوەی بتوانێت بژی. بازاڕی سێکس لەم وڵاتەدا نموونەیەکی بەرجەستەی ئەم تڕاژیدیایەی چینی کرێکارە، لە وڵاتێکدا کە کەلتووری پیاوسالاریی ئیسلامی دژ بە ژنان زاڵە کەچی هەلومەرجی ژیانی سەرمایەداری و بێکاری و برسێتی، ژنان و کچانێکی زۆری ئەم وڵاتەی ناچار بە فرۆشی سێکس کردووە تەنها بۆ پەیداکردنی داهاتێک و ژیانکردن، ئەم بازاڕە بۆتە کەرتێکی بزنێسی گەشتوگوزار (تۆریست)ی ڕەونەقدار.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە سەدا بیست و نیو (٢٠،٥٪)ی دانیشتوانی وڵاتەکە لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەمە “چیرۆکی ئیلهامبەخش” و “موعجیزەی ئابووری” کۆمپانیا جیهانییەکانە کە ساڵانە ملیارەها دۆلار قازانج دەچـنـنەوە و سەرمایە کەڵەکە دەکەن، بۆیە جێی سەرسوڕمان نیـیە کە کرێکاری بەنگلادیشی ڕۆژانە (١٢) کاتژمێر و شەش ڕۆژ لە هەفتەیەکدا بە مووچەیەکی زۆر کەم کار بکات کە تەنانەت بەس نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی کاڵا و کرێخانوو.
سەرەڕای ئەوەش هەلومەرجی کاری کرێکاران هاوشێوەی هەلومەرجی کۆیلایەتییە کە دەرگای کارگەکان بەڕووی کرێکاراندا دادەخرێت و ناتوانن شوێنی کارەکانیان بەجێبهێڵن، لەڕاستیدا ئەو کارگانە زیندانێکی داخراون بۆ کرێکاران، وە چەندین نمونەی بە دۆکیومێنتکراو هەیە کاتێک ئاگر کەوتۆتەوە لەناو کارگەیەکی جلوبەرگدا و دەرگای کارگە داخراوە و کرێکاران نەیانتوانیوە لە شوێنی کارەکانیان بچنەدەرەوە، پاشان تەرمی سەدان کرێکار بە سوتاوی هێنراونەتە دەرەوە، ئەمە چ دۆزەخێکی سەرمایەدارییە بۆ کرێکاران! وەیان کاتێک باڵەخانەی کارگەیەک داڕماوە لەژێر داروپەردووەکەیدا سەدان کرێکار نێژراون. تا ئێستا چەندین فیلمی دۆکیۆمێنتاری لەسەر ئەم “چیرۆکی ئیلهامبەخش”ە لە گەشەی ئابووری بەنگلادیش و “موعجیزەی ئابووری” ئەم وڵاتە، کە لە ڕاستیدا کۆیلایەتییەکی بێ پەردەی سەرمایەدارانەیە، بڵاوکراوەتەوە.
خوێندکاران و پشکی تەرخانکراو بۆ خێزانی پێشمەرگە دێرینەکان
لە بەنگلادیش نزیکەی (٦٠) زانکۆی حکومی و (١١٠) زانکۆی ئەهلی و نێودەوڵەتی هەیە کە ساڵانە یەک ملیۆن خوێندکار وەردەگرن و هەشت سەد هەزار دەرچوو دەخەنە ناو بازاڕێکی کارەوە کە هەلی کار تیایدا کەمە و کار بەسەختی تیایدا دەست دەکەوێت، بۆیە ڕێژەیەکی زۆر لەو کرێکارە خاوەن شەهادە و خوێندەوارانە بێکار دەمێننەوە و دەبنە بارگرانی بەسەر خێزانە کرێکارەکانیان و هەندێکیان بۆ دۆزینەوەی کار کۆچ دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات و هەندێکی تر هەوڵ دەدەن کاری وەرزی و ناپەیادار و کاتی بدۆزنەوە.
چەندین نەوە لە خوێندکارانی دەرچوو توشی نائومێدی بوون کاتێک کە بەدوای دامەزراندن لە کەرتی گشتی و وەزیفەیەکی حكومیدا گەڕاون، ئەمەش بەهۆی ئەوەوە کە لە ساڵی (١٩٧٢)ەوە یاسایەک هەیە کە لە سەدا پەنجاو شەش (٥٦٪)ی کار و وەزیفەکانی کەرتی گشتی دەوڵەتی بۆ ئەو کەسانە تەرخانکردووە کە سەر بە ئەندامانی ئەو خێزانانەن وەختی خۆی جەنگاوەربوون لە شەڕی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وڵاتەکەدا.
ئەم یاسایە بۆتە یەکێک لە پایەکانی گەندەڵی لەم وڵاتەدا چونکە حزبی دەسەڵاتدار وەک ئامرازێک بەکاری هێناوە بۆ دامەزراندنی کەسانی نزیک لە خۆی و وەک بەرتیل بەکاری هێناوە بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ لای خۆی و ملکەچبوون بۆ فەرمانەکانی، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی زۆر بەتایبەتی لە ساڵانی (٢٠٠٨) و (٢٠١٣) و (٢٠١٨) و (٢٠٢٤) دژ بەو یاسایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی.
جا لە ژێر فشاری ئەو ناڕەزایەتیانە (شێخ حەسینە) سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش لە ساڵی (٢٠١٨)دا ناچار بوو چاکسازییەک ئەنجام بدات، کە ڕێژەکەی لە (٥٦٪)ەوە بۆ (٣٠%) کەمکردەوە و گروپی کۆمەڵایەتیی دیکەی زیاد کرد بۆ ئەو ڕێژەیە؛ وەک تەرخانکردنی (١٠%) بۆ ئافرەتان، و (١٠%)ش بۆ هەندێک هەرێم ، و ( ٥%) بۆ کەمینە نەتەوەییەکان و (١%) بۆ ئەو کەسانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن.
بەڵام لە بەهاری (٢٠٢٤)دا سەرۆک وەزیران ئەم چاکسازییەی هەڵوەشاندەوە و ناڕەزایی دیسان سەریهەڵدایەوە بەتایبەتی لە زانکۆکاندا و پچڕپچڕ بەردەوام بوو تا (١-٧-٢٠٢٤) و دوای ئەو بەروارە بوو بە بزووتنەوەیەکی فراوانی گەنجان و خوێندکارانێکی سەر بە بنەماڵە کرێکاریـیەکان و داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سیستەمی پێدانی پشک و ئیمتیازاتیان کرد. ئەم ناڕەزایەتییە لە پەرەسەندنیدا بوو بە ڕاپەڕینێکی جەماوەری و شۆڕشێکی سیاسی کە خوێندکاران و گەنجان بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتدا ڕۆڵی پێشەنگایەتییان تێدا گێڕا نەک حزبە نەریتی و کلاسیکیـیەکان کە دواتر باسی دەکەین.
چاوخشاندنێک بە مێژووی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی بەنگلادیشدا
لە کۆتایی ساڵی (١٩٧١) بەنگلادیش، کە تا ئەوکات بە پاکستانی ڕۆژهەڵات ناسرابوو، دوای شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی کە نۆ مانگی خایاند و بە دەستێوەردانی سەربازی هیندستان دژی پاکستان و لە بەرژەوەندی سەربەخۆیـیخوازان، بەنگلادیش لە پاکستان جیابۆوە.
یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە (موجیبوڕڕەحمان – موجیب الرحمن) سەرۆکی (حزبی عەوامی بەنگلادیش. Bangladesh Awami League) واتە حزبی گەل و سەرکردەی بزووتنەوەی سەربەخۆیی بەنگلادیش بوو. میراتی سیاسی ئەو لە بەنگلادیشدا بریتیـیە لە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی عەلمانی کە ئابوری وڵاتەکە کۆنترۆڵ بکات، بە واتایەکی تر بنیاتنانی سەرمایەداری دەوڵەتی، یان بە پێی ئەو چەمکەی کە لەو کاتەدا باوبوو، بنیاتنانی “سۆسیالیزمی نەتەوەیی”، بۆیە دەستی کرد بە نیشتمانیکردنی (٧٠%)ی کارگە و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی جووت (Jute) و پەموو (لۆکە) و شەکر و چا و ڕستن و چنین و جلوبەرگ، ….هتد، لەگەڵ بە نیشتمانیکردنی بانکەکان.
لە مانگی ئازاری (١٩٧٤)، نرخی برنج و خۆراک بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، هەم بەهۆی گەندەڵی کارمەندانی دەوڵەتی و هەم بەو هۆیەشەوە کە بارانبارینێکی بەخوڕ باری و لافاو بەدرێژایی ڕووباری (براهما پوترا) هەڵسا، و ڕووبەرێکی زۆری کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی برنجی نوقمی ئاوکرد، ئەمەش قاتوقڕییەکی سەختی لێکەوتەوە و بووە هۆی برسێتییەکی لە ڕاددەبەدەر کە تا کۆتایی ساڵ ملیۆن و نیوێک کەس لەم وڵاتەدا گیانیان لەدەستدا، و خەڵکێکی زۆریش بوونە قوربانی نەخۆشی، ئەمەش پەرەیدا بە ناڕەزایەتی جەماوەری دژی دەسەڵات.
ئەمە و ڕێبازی سیاسی (موجیبوڕڕەحمان)یش زیاتر بەرەو سەرکوتکردنی ئازادییە سیاسییەکان و قەدەغەکردنی حیزبەکانی دیکە و سەپاندنی سیاسەتی تاک حزبی هەنگاوی دەنا. هەموو ئەمانە دواجار بوونە هۆی کودەتایەکی سەربازی بەسەریدا لە (ئابی ١٩٧٥) و کوشتنی لەگەڵ هاوسەرەکەی و سێ لە منداڵەکانیان، جگە لە دوو کچیان کە لەو کاتەدا لە گەشتێکدا بوون بۆ ئەوروپا، ئەوانیش (شێخ حەسینە) و… خوشکە بچووکەکەی بوون.
جگە لەم هۆکارە ناوخۆییانەی کودەتاکە، (سی.ئای.ئەی-CIA) ئیمپریالیزمی ئەمریکیش ڕۆڵی هەبوو لە ڕووخاندنی (موجیبوڕڕەحمان) لە بەنگلادیش، لە چوارچێوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکییە جیهانییەکانی ئەو کاتەدا دژی بلۆکی سۆڤیەت، هەروەک ڕۆڵی هەبوو لە کودەتا سەربازییەکانی پاکستانیش، بەتایبەتی دژی (زولفیقار عەلی بۆتۆ) بەهاوکاری جەنەڕاڵ (زیائولحەق-زیاء الحق) لە ساڵی (١٩٧٧) و دواجار لە ساڵی (٢٠٢٢) لە ڕووخانی سەرۆک وەزیران (عیمران خان) لە ڕێگەی حزبە ئیسلامییەکانەوە، بۆیە ڕۆڵی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕووداوەکانی ئێستای بەنگلادیش بەدوور نییە، چونکە ئەم وڵاتە بەشێکە لە هەرێمێک کە دەوڵەتانی چین و هیندستان و ئەمریکا کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
لە ساڵی (١٩٧٥) تا (١٩٩٠) لە بەنگلادیش (٢٩) کودەتا و دژە کودەتا ڕوویدا و سیستەمی پەرلەمانیش هەڵپەسێردرا، بەڵام کۆتایی هاتنی جەنگی سارد بووە هۆی سەرهەڵدانی دۆخێکی نوێی جیهانی، کە جەنەڕاڵەکان ناچاربوون دەسەڵات ڕادەستی حزبەکان بکەن، بەتایبەتی دوای پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان هەردوو حزبی سەرەکی (حزبی عەوامی بەنگلادیش. BAL) و (حزبی نیشتمانی بەنگلادیش. Bangladesh Nationalist Party) بۆ فشار خستنە سەر جەنەڕاڵ (محەمەد حسێن ئەرشەد) بۆ دەست لەکار کێشانەوە، ئەویش لە کانوونی دووەمی (١٩٩٠) دەستی لەکارکێشایەوە. یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەنگلادیش لە سەرەتای ساڵی (١٩٩١) ئەنجامدرا و (حزبی نیشتمانی بەنگلادیش-BNP)، کە حزبێکی ناسیوناڵ لیبڕاڵی کۆنەپارێزە لە یەکەم هەڵبژاردندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سەرکردەکەی (خالیدە زیا-خالیدة ضياء) بوو بە یەکەمین سەرۆکوەزیرانی ژن لەو وڵاتە لە ساڵی (١٩٩١) تا (١٩٩٦).
لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی (١٩٩٦) (حزبی عەوام-BAL) سەرکەوت و (شێخ حەسینە) سەرۆکی حزبەکە بوو بە دووەم ژنە سەرۆکوەزیر لەو وڵاتە.
بەڵام (خالیدە زیا)، سەرۆکی (حزبی نیشتمانی-BNP) لە خولی سێهەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی (٢٠٠١) جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و تا ساڵی (٢٠٠٦) جارێکی تر بووەوە بە سەرۆک وەزیران.
بەم شێوەیە ئەگەرچی ئەم دوو حزبە و ئەم دوو ژنە لە سەرەتادا لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستدا دژی حوکمڕانی جەنەڕاڵەکان هاوپەیمان بوون، بەڵام نەیانتوانی لە هەڵبژاردنەکاندا ببنە هاوپەیمان و حکومەتێکی هاوپەیمانی هاوبەش پێکبهێنن، چونکە ڕوانگەی سیاسی و ئابووری جیاوازیان هەبوو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکاندا دەستاودەستی دەسەڵاتیان دەکرد.
(شێخ حەسینە) لە کانوونی یەکەمی ساڵی (٢٠٠٨) جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت و لە سەرەتای ساڵی (٢٠٠٩)ەوە هەمدیسانەوە بوو بە سەرۆک وەزیر. لە سێ خولی داهاتووشدا (٢٠١٤)، (٢٠١٨) و (٢٠٢٤) سەرکەوتنی بەدەستهێنایەوە و بۆ ماوەی (١٥) ساڵ لەسەریەک سەرۆکوەزیر بووە تا ڕووخانی دەسەڵاتەکەی لە (٥-٨-٢٠٢٤).
پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسی
(شێخ حەسینە) لە ماوەی (١٥) ساڵی دەسەڵاتدا توانی هەموو جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە بەنگلادیش کۆنترۆڵ بکات، هەموو بەرپرسە باڵاکانی دەزگای ئیداری و سەربازی و ئەمنی و دادوەری دەوڵەتی بە کەسانی نزیک لە بنەماڵەکەی سپارد و چالاکییە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سنوردار و بەرتەسک کردەوە، لەنێویاندا (حزبی نیشتمانی-BNP)، کە سەرکردەکەی (خالیدە زیا) لە ساڵی (٢٠١٨) حوکمی (١٧) ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند، جگە لە ڕاوەدوونانی ئیسلامیستەکان و دەستگیرکردنیان و لەسێدارەدانی چەند کەسێک لە سەرکردەکانیان.
ئەم فشارە بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی، بە پێچەوانەی ئەو لێکدانەوە لیبراڵانەی کە دەیگێڕنەوە بۆ کولتوور و عەقڵییەتی دواکەوتووی خێڵەکی، یان بۆ خەسڵەتەکانی کەسایەتی و پەروەردە و ئاڵۆزییە سایکۆلۆژییەکانی ڕابەرانی حزبەکان و سەرۆکی دەوڵەت و … هتد، ئەمە ڕەنگدانەوەی مەیلێکی گشتی دەسەڵاتی بۆرژوازییە بۆ خوڵقاندنی کەشێکی ئیستیبدادیانەی فیکری و سیاسی، بە مەبەستی خنکاندن و دامرکاندنەوەی ناڕازیەتییەکانی جەماوەری زەحمەتکێش و توێژ و بەشە جیاجیاکانی چینی کرێکار.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، سەرمایەداری لەم وڵاتەدا گەشەی کردووە و پەرەی سەند و لەگەڵ خۆشیدا بێکاری و هەژاری و چەوساندنەوەیەکی زۆری بەسەر چینی کرێکاردا سەپاند، کە سەرچاوەی ناڕەزایەتییەکی جەماوەری بەربڵاو بوو، وە دەسەڵاتی (شێخ حەسینە) بێ بەزەییانە سەرکوتی کردن. ئەم تێکشکاندنەی ئیرادەی جەماوەری ناڕازی، خۆی لە خۆیدا زەمینەیەکی لەباری خوڵقاند بۆ پەرەسەندن و گەشەسەندنی خوڕافاتی ئایینی، چونکە وای کرد خەڵک باوەڕی بەهێزی خۆی نەمێنێت بۆ ڕزگاری و پەنا بباتە بەر “ئاسمان” بۆ ڕزگاربوون لە زووڵمی ئەم دەسەڵاتە. لێرەوە جۆرەها دەستەجات و گروپ و حزبی ئیسلامی سیاسی لە وڵاتەکەدا چالاک بوون و بووژانەوە. شایانی باسە حزبی لیبراڵی کۆنەپارێزیش (حزبی نیشتیمانی-BNP) دوای ئەوەی سەرۆکەکەیان گیرا و حوکم درا بوو بە هاوپەیمانی حزبەکانی ئیسلامی سیاسی لە دژی دەسەڵاتی (شێخ حەسینە)، و ئەوەش ئەو قازانجەی هەبوو بۆ ئیسلامییەکان کە ئەوانی هێنایە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی و دەرفەتی ئەوەی پێدان کە لە داهاتوودا دەسەڵات هاوبەش بکەن لەگەڵ ئەو حزبەی هاوپەیمانیان.
بەم شێوەیە ئەو حزبە ئیسلامییانەی کە لەسەرەتادا دژبە سەربەخۆیی بەنگلادیش و جیابوونەوەی بوون لە پاکستان و ئەو کاتە یارمەتی سوپای پاکستانیاندا لە کۆمەڵکوژی بزووتنەوەی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان و لەلایەن خەڵکی بەنگلادیشەوە بەچاوێکی سوکایەتییەوە وەک بەکرێگیراو سەیر دەکران، ئێستا لە سەردەمی حوکمڕانی (شێخ حەسینە)دا چالاک و فراوان بوون و کاریگەرییان لەناو کۆمەڵگادا پەیدا کردووە بەجۆرێک بوونەتە بەربەستێکی ڕاستەقینە لەبەردەم گەشەی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و هەر جۆرە پێشکەوتووخوازییەکی کۆمەڵایەتی و هەر دەنگێکی عەلمانی و سەردەمیانە و دەیانهەوێت شەریعەتی ئیسلام جێبەجێ بکەن و دەوڵەتێکی ئیسلامی دابمەزرێنن، وە زۆرێک لە شاعیر و هونەرمەند و نوسەری عەلمانی و ئازادیخواز دوای هەڕەشەی ئیسلامییەکان بەناچاری وڵاتیان بەجێهێشتووە و هەڵاتوون بۆ دەرەوەی وڵات.
بزوتنەوەی خوێندکاران، شۆڕشگێڕیەتی لە شێواز و کۆنەپەرستیی لە ئاسۆدا
لە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری وەک بەنگلادیشدا ڕێژەیەکی کەمی خوێندکاران سەر بە خێزانە دەوڵەمەندەکانی بۆرژوازی یان چینی مامناوەندن و زۆربەیان سەر بە خانەوادە کرێکاریەکانن و پێش تەواوکردنی خوێندنیان بەشێکن لە چینی کرێکار و کاتێکیش لە زانکۆ دەردەچن دەبنە بەشێک لە توێژ و بەشە جیاوازەکانی چینی کرێکار، بۆیە پرسی خوێندکاران پرسێکی چینی کرێکارە.
ناڕەزایەتی خوێندکاران ڕەگ و ڕیشەی قووڵ و چینایەتی هەیە، لە قۆناغی جیاوازدا لە دەوری هەندێک پرس و داواکاری سەرهەڵدەدات، بەڵام ناتوانرێت تەنها لەو پرس و داواکارییانەدا سنووردار بکرێتەوە، دژایەتیکردنی پێدانی ئیمتیاز بە خانەوادەی جەنگاوەرانی ڕابردوو و داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی تەنها ئامرازێک بوو کە بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکەی بەنگلادیش لە ڕێگەیەوە شکڵی گرت بە خێراییەکی پێوانەیی.
هەموو مەیل و ڕوانگە فیکری و سیاسی و حزبییە جۆراروجۆرەکانی خوێندکاران بە شێوەیەکی خۆبەخۆیی لە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی گشتیدا یەکگرتوو بوون، لە دەوری هەندێک داواکاری، کە گرنگترینیان هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیاز پێدان و (سیستەمی بەخشینی پشک) بوو، ئەم بزووتنەوەیە لە پەرەسەندنی خۆیدا، وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات دەرکەوت.
هەموو ڕێکخراوە خوێندکارییەکان لەم بزووتنەوەیەدا بەشدار بوون، هەر لە ڕێکخراوی خوێندکارانی سەر بە (حزبی نیشتمانی بەنگلادیش- BNP) و ڕێکخراوە خوێندکارییەکانی سەر بە حیزب و گرووپە ئیسلامییەکان، تا دەگاتە زۆرێک لە ئەڵقە و مەحفەلی سەربەخۆ و گرووپی خوێندکاری لیبراڵ، ئازادیخواز، چەپ، و سۆسیالیستی، هەموو ئەم ڕەوتانە لەم بزووتنەوە جەماوەرییەدا چالاک بوون، جگە لە ڕێکخراوی خوێندکارانی سەر بە حزبی دەسەڵاتدار (حزبی عەوام-BAL) کە گۆپاڵێک بوو لە دەستی دەسەڵاتدا بۆ سەرکوتکردنی خوێندکاران و لە زۆرێک لە ناڕەزایەتییەکانیشدا کاری توندوتیژی و چەقۆکێشیان بەرامبەر خوێندکارانی ناڕازی ئەنجامدا.
ئێستا لانی کەم ئەم بزووتنەوەیە سەرکەوتوو بووە لە ڕووخاندنی حکومەتەکەی (شێخ حەسینە) و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە، بەمەش ئەو شتەی وەک بلۆکێکی یەکگرتوو کۆی کردبوونەوە و یەکی پێ گرتبوون لە بزووتنەوەیەکدا لە ئارادا نەما، ئیتر هەر ڕەوتێکی فکری و سیاسی و ئایدیۆلۆژی و حزبی هەوڵ دەدات ئەجێندای خۆی بخاتە پێشەوە و گەورەترین دەستکەوت بەدەست بهێنێت لەدوای ئەم سەرکەوتنە.
هەر لە یەکەم ڕۆژی ڕووخانی حکوومەتی (حزبی عەوام-BAL)دا ڕوون بووەوە و دەرکەوت کە ئەم بزووتنەوەیە سەرەڕای شێوازی شۆڕشگێڕانەی خۆڕاگری و بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا، بەڵام ئاسۆییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەمانای وشە کۆنەپەرستانەی هەبوو کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی دژە شۆڕش و یارمەتی کۆکردنەوەی هێزەکانی ئەم دژە شۆڕەشەی دا.
ڕاستەوخۆ دوای هەڵاتنی سەرۆکی حکومەت، سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە دژایەتی خۆیان بۆ جەنەراڵەکان ڕاگەیاند بۆ ئەوەی دەست بەسەر دەسەڵاتدا نەگرن، ئەمەش کارێکی باش بوو، بەڵام ئەوان خواستی خۆیان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی لە لەلایەن (محەمەد یونس)ەوە ڕاگەیاند، کە خاوەنی “بانکی هەژاران”ە و براوەی خەڵاتی نۆبڵە و شارەزای ئابووری و بانکداریـیە و کەسایەتییەکی متمانەپێکراوە لە بازنەی دامەزراوە نێودەوڵەتییە ئیمپریالیستییەکاندا. بەمانایەک ئەوان چوونەپاڵ باڵێکی دژە شۆڕشی ئۆپۆزیسیۆنی دژی باڵێکی تری دژە شۆڕش لە دەسەڵاتدا. ئەم ئاسۆ سیاسییەی بزووتنەوەی خوێندکاران کە ئەمڕۆ زاڵە، ئاسۆی (حزبی نیشتیمانی-BNP)ە، واتا ئاسۆی حزبی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا قەومی لیبڕاڵی کۆنسێرڤەتیڤ و کۆنەپەرستە بە سەرۆکایەتی (تاریق ڕەحمان) کە کوڕی خانمی سەرەک وەزیرانی پێشوو (خالیدە زیا)ئە.
ئاسۆی خەباتی چینایەتی
ئەم هەموو قوربانیدان و قارەمانێتییە لەبەرامبەر دامودەزگا ستەمکارەکانی دەوڵەتی بۆرژوازی لەلایەن گەنجانی کچ و کوڕی سەر بە خێزانە کرێکاری و زەحمەتکێشەکان لە بەنگلادیش، کە نزیکەی (٥٠٠) کەس گیانی خۆیان لەدەستدا، سەرەنجامەکەی لابردنی نوخبەیەکی دەسەڵاتداری گەندەڵ و سەرکوتگەر و جێگرتنەوەی بێت بە نوخبەیەکی تری سەربە هەمان دامودەزگای سیاسی دەوڵەتەکە لەم وڵاتەدا، بەڕاستی ئەمە جێگەی داخە و واقیعێکی پڕ ئازارە.
ئەمە گوزارش لە نەبوونی هۆشیاری چینایەتی و حزبایەتی کۆمۆنیستی دەکات لەناو چینی کرێکار، لەگەڵ نەبوونی هەژموونی ئاسۆ و ئاواتی سۆسیالیستی و یەکسانیخوازانە لە کۆمەڵگادا. ئەمەش تەنیا کێشەی بەنگلادیش نییە، بەڵکو کێشەی هەموو وڵاتانی جیهانە و کۆمۆنیزم ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورە و چارەنووسساز بۆتەوە.
ئەوەی لە بەنگلادیش ڕوویدا هاوشێوەی پرۆسەی سیاسی و خەباتی چینایەتییە لە تونس کە لە سەرەتای ئەم وتارەدا ئاماژەمان پێدا. لەم وڵاتەدا شۆڕشی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان حکومەتیان ڕووخاند و سەرخانی سیاسی کۆمەڵگا داڕووخا، بەڵام نەبوونی بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی حزبی لەناو چینی کرێکاردا، شۆڕشی کردە گۆڕەپانێک بۆ کێشمەکێشی ڕەوتە دژە شۆڕشە جیاجیاکانی قەومی و لیبڕاڵی و ئیسلامی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و دووبارە سەروساماندانەوە بە سەرخانی سیاسی کۆمەڵگای چینایەتی، بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان کە نەکا دەستبەرن بۆ هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی چینایەتی. سەرەنجام لەڕێگەی کێشمەکێشی هەموو ئەم باڵە جیاوازانەی دژە شۆڕشەوە توانییان هەمان سیستەمی سیاسی پێشوو دووبارەبەرهەم بهێننەوە هەرچەندە بە ڕوخسارێکی نوێی (قەیس سەعید)ەوە کە درێژەپێدەری ڕێچکەی (زین العابدین بن عەلی)ە. واتا (قەیس سەعید) ئاکامی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ڕژێمی پێشووە لەلایەن بۆرژوازی تونسەوە، هەروەک حاڵەتی میسریش جەنەراڵ (عەبدولفەتاح سیسی) و گرتنەدەستی دەسەڵاتی ئاکام و بەرهەمی گێڕانەوەی ڕژێمی (حوسنی موبارەک) بوو لەلایەن بۆرژوازی میسرەوە لە دوای شۆڕشی (٢٥-کانوونی دووەمی ٢٠١١).
ئەوەی لە بەنگلادیش ڕوویدا، دووبارەبوونەوەی هەمان گواستنەوەی دەسەڵات بوو لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا لە نێوان هەردوو باڵی دژە شۆڕشی بۆرژوا ناسیۆنالیست نیولیبراڵی کۆنەپەرستانە، واتە لە نێوان (حزبی نیشتیمانی-BNP) و (حزبی عەوام-BAL)، بەڵام ئەمجارەیان بە دوو جیاوازییەوە؛ یەکەمیان دەستاودەستی دەسەڵاتەکە لەڕێگەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی پەرلەمانییەوە نییە، بەڵکو لەڕێگەی ڕاپەڕینێکی جەماوەرییەوەیە کە بەدوایدا هەڵبژاردن بۆ گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات بەڕێوەدەچێت، وە دووەمیش بەپێچەوانەی مێژووی پێشووی وڵاتەوە کە بزووتنەوە ئیسلامییەکان لەبەرچاوی جەماوەر قێزەون و ناشیرین بوون، ئێستا بوونەتە هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە بەنگلادیش، و پێدەچێت ئەمجارە قورساییـیەکەیان ڕەنگ بداتەوە لە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا.
ئەم پڕۆسە مێژووییە لە چوارچێوە گشتییەکەیدا ڕوونە، ڕاپەڕین و شۆڕشێکی جەماوەری ڕوویداوە و (حکومەتی بەنگلادیش)ی ڕووخاند، هەر زوو دەمودەست بۆرژوازی ناوخۆییش بە هاوکاری بۆرژوا ئیمپریالیستی نێودەوڵەتی، بە خێرایی کەوتنە خامۆشکردنی دۆخی شۆڕشگێڕانە و ڕاگرتنی جەماوەری ستەملێکراو و بێکار و برسی وڵات لە چاوەڕوانیدا بە هیوا و ئاواتێکی درۆینەوە کە گوایە حکومەتی کاتی (محەممەد یونس) لە سێ مانگی داهاتوودا ڕێگا خۆش دەکات بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و بەدبەختییەکانیان لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەوە بۆ ئەوەی خۆیان بتوانن “ئازادانە” دەنگبدەن لە هەڵبژاردنێکی “پاک و بێخەوش و دادپەروەرانە”دا! و حکومەتێکی نوێ بۆ خۆیان هەڵبژێرن لە حزبێکی تر یان هاوپەیمانی چەند حزبی تر پێکەوە، یان حکومەتێک لەو تەکنۆکراتانەی کە خزمەتکاری دامەزراوە ئیمپریالیستییە جیهانیەکانن، بۆ درێژەدان بە هەمان سیستمی ئابووری و سیاسی کە تا ئێستا نەهامەتی و بەڵای بۆ هێناون!
سێ مانگ کەشوهەوایەکی سیاسی تاڕادەیەک کراوە لەئارادایە لەبەردەم چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان بۆ ئەوەی خۆیان ڕێکبخەن و هێزی خۆیان کۆبکەنەوە بۆ پێکهێنانی جەمسەرێکی چینایەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پەکخستنی هەموو ئەم درامایەی کە لەسەر شانۆی بۆرژوازی پێشکەش دەکرێت. ئەمەش کارێکی ئاسان نییە لە ماوەی ئەم سێ مانگە کورتەدا کە حکومەتی کاتی دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، تا ئەوانەی دوێنێ لە ئۆپۆزسیۆن بوون ئەمڕۆ هەڵبژێردرێن بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات بۆ پاراستنی هەمان سیستەمی سیاسی چینایەتی، بەڵام کۆمۆنیستەکان و چینی کرێکار لە بەنگلادیش هیچ چارەسەرێکی ڕیشەیی دیکەیان نییە جگە لەوە کاری جدی بکەن لەسەر ئەم ستراتیژە.
ئەمڕۆ لە هەموو وڵاتانی جیهانی سەرمایەداریدا، ناڕەزایەتی چین و توێژە جیاجیاکانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان ڕۆژانە و بە بەردەوامی ڕوودەدەن و خەبات و تێکۆشانیان لە هەندێک وڵاتدا پەرە دەسێنێت تا لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا دەگاتە ڕاپەڕین و شۆڕش و ڕووخانی دەسەڵاتی سیاسی لێرە و لەوێ لە وڵاتاندا، بەڵام ئەنجامەکەی لە دوا شیکردنەوەدا ڕووخاندنی دەسەڵاتی باڵێکی سیاسی دیاریکراو یان ڕەوتێکی دیاریکراوی بۆرژوازی دەسەڵاتدار و جێگرتنەوەیەتی بە باڵێکی تر و ڕەوت و مەیلێکی تری بۆرژوازی.
ئەم بازنە داخراوە کۆتایی نایەت تاوەکو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا بە ڕێکخستنی چینی کرێکار لە دەوری ئاسۆیەکی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕانە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و سەپاندنی ئیرادەی چینایەتی کرێکاران (یا دیکتاتۆرییەتی چینایەتی) لە دژی چینی بۆرژوازی و سیستەمی سەرمایەداری کۆتایی پێنەهێنێت.
لە عیراق، ئێمەی کۆمۆنیستەکانی ناو (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لەساڵی (٢٠١٩)دا ڕووبەڕووی ڕاپەڕینی گەنجانی کچ و کوڕی خانەوادە کرێکاری و زەحمەتکێشیەکان بووینەوە، لە ڕاگەیاندن و بڵاوکراوەکانماندا شیکارییەکی چینایەتیمان بۆ ئەم دیاردەیە ئەنجامدا، و نەک هەر هێزەکانی دژە شۆڕشمان لەنێو ڕیزەکانی ڕاپەڕیندا دەستنیشان کرد، بەڵکو دروشمی خەباتی (هەموو دەسەڵات بۆ جەماوەری ڕاپەڕیوو)یشمان بەرزکردەوە و ڕێبازێکمان لە سەرخەتێکی گشتی خستەڕوو بۆ بە سەرکەوتنگەیاندنی و لەنێو ڕاپەڕیندا هەوڵماندا بۆ چەسپاندنی ئەم هێڵە گشتییە و ئەو ڕێبازە سیاسییە چینایەتییە.
لێرەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە ناکەین کە لە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)دا چیمان کرد و نەمانتوانی چی بکەین، بەڵکو لێرەدا مەبەستمانە بیرۆکەیەک بوروژێنین کە ئەویش بریتییە لەوەی:
ئایا هێزێکی چەپ و کۆمۆنیستی ڕوون لە ئاسۆی فکری و سیاسیی خۆیدا لەناو ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕەی بەنگلادیشدا هەیە، کە سروشتی چینایەتی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە هەڵبسەنگێنێت و سیاسەتێکی چینایەتی سۆسیالیست بەرامبەری بگرێتەبەر و دروشمی خەباتی شۆڕشگێڕانەی بۆ بخاتەڕوو، وە لە ڕێگەی تاکتیکی شۆڕشگێڕانەوە هەوڵی جدی بدات بۆ بەرەوپێشبردن و بەسەرکەوتن گەیاندنی؟
کۆتایی ئەیلوولی (٢٠٢٤)
- ئەم ووتارە لە ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٣٣ بڵاو کراوەتەوە.
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
