ئامادەکردنی ڕاپۆڕت: جەمال کۆشش

لە ڕۆژانی (١٧و ١٨/١/٢٠٢٥) کۆڕبەندی (داڤوسێکی تر) لەژێر شیعاری “ئەنتی فاشیزم، ستراتیژییەکانی بەرەنگاربونەوەی دژی ڕاستەکان” لە شاری (زوریخ) لەلایەن (بزووتنەوەی بۆ سۆشیالیزم) لە سویسرا ڕێکخرابوو.
کۆڕبەندەکە بۆ ماوەی (١٥) ساڵە بەبەردەوامی ڕێکدەخرێت بۆ پەرچدانەوەی کۆڕبەندی ئابوری جیهان کە ساڵانە لە (داڤۆس) دەگیرێت و بۆ گەورە سەرمایەدارو خاوەن بانکەکان و سەرۆکی دەوڵەتان و توێژی کلتوری (ڕۆشنبیر و بیرمەند)ی ئەو چینە.
لە دەستپێکی پەڕەی بەرنامەکانی (داڤۆسێکی تر)دا هاتووە:
لە کاتێکدا کە نوێنەرانی کۆمپانیا جیهانیـیەکان و سەرۆکی دەوڵەتە بەهێزەکان لە مانگی یەکی (٢٠٢٥) لە کۆڕبەندی ئابووری جیهاندا کۆدەبنەوە، لیکۆڵینەوە لە هەلومەرجی قەیراناوی جیهان دەکەن و ناتوانن لێدەرچن، … لە جەنگی جیهانی دووەمەوە، هیچ کات بەقەد ئێستا هێندە شەڕی چەکداری لە ئارادا نەبووە، هێندە گەشەی سەرمایە و ئەزمەی ژینگەیی و قازانجپەرستی و نایەکسانی ئابووری لە ئارادا نەبووە، کێشمەکێشی ئیمپریالیستی و ئاشتی ناتوانرێت لەنێو سیستمی سەرمایەداریدا چارەسەر بکرێت، شەڕ و قەیرانەکان بەشێکی پیکهێنەری سیستەمەکەن.
نوێنەرانی بزووتنەوە وکۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان لە ئەڵمانیا، نامیبا، ئیتالیا، بەریتانیا، فەرەنسا، نەمسا، ئەفەریکا، ئەفغانستان، بەشدارییان لە کۆڕبەندی (داڤوسێکی تر)دا کرد. لەنێو بەشداربوندا (جۆزیف داهیر) هوڵسوڕاو و نوسەری کتێبی (مارکسیزم و فەلەستین)، ژنە پرۆڤیسۆری ئابووریناس و ئیکۆلۆژی لە زانکۆی لۆزان (یولیا شتاینبێرگەر) و دەیان هەڵسوڕاوی سیاسی و دژە ڕاسیستی و فاشیزمی نوێ، دەبینران.
(هەڵبژاردنەوەی ترامپ بە سەرۆکی ئەمەریکا لە هەمانکاتدا ئاکام و دەرهاویشتەی ئەم هەلومەرجەیە. لەجیاتی چارەسەری کێشە هەمە جەمسەرەکان، سەرمایەداری لەئەمڕۆدا هێشتا مەترسی زیاتر دەکات و خەریکە دەسەڵاتێکی فاشستی دەهێنێتە ناوەوە).

لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا بەچڕی لەسەر ئەو ستراتیژییانە گفتووگۆکرا کە دەتوانن ڕووبەڕووی ئەم هێرشە ڕاستیستانە و بەهێزبوونی مەیلی ڕاستگەرایی لە دەوڵەت و لە پەیدابوونی حزبی ڕاست و فەرهەنگ و کلتوردا، ببنەوە.
ئەگەر سەرمایەداری و بەتایبەت نیولیبراڵیزم هەژاری، شەڕ، نەخۆشی، ترس، نایەکسانی، قەیران، بێخانەولانەیی، توندوتیژی دەهێنیت، ئەگەر سەرچاوەکانی وزە و گاز تاڵان دەکات و دەوڵەتەکان دەکەونە ژێر قەرزەوە،.. ئێمە پێویستە فێربین خۆمان ڕێکبخەین، بەکردەیی و هەموو ڕۆژە ئاڵتەرناتیڤمان هەبێت، دەبێت توانای ئەوەمان هەبێت ڕووبەڕووی پۆپۆلیزم، نیۆلیبرالیزم، ناسیۆنالیزم، ڕاسیزم و فاشیزم ببینەوە، ناوکی هەموو ئەم ڕەوتانە سەرمایەداریـیە.
خەباتی چینایەتی، خەباتێکی هەمەلایەنەی کۆمەڵایەتیـیە، لە بزوتنەوەی ژناندا، لە ژینگە و ئیکۆلۆژیدا، لە دابینکردنی سۆشیال و بیمە و تەندروستیدا. ئەمانە هەموو پێکەوە گرێدراون و خۆڕێکخستنمان لە بزوتنەوەیەکی چینایەتی شۆڕشگێڕانەدا پێویستە.
پاشان لەو کۆڕبەندەی (داڤۆسێکی تر)دا هەر هەڵسوڕاوێک لە شێوەیەکدا، هەر سیاسیـیەک لە وڵاتێکدا، لە نێو بزووتنەوە و لە کات و ساتی جیاوازدا تاقیکردنەوە و لیکدانەوەی خۆیان خستە ڕوو.
پلینۆمی کۆتایی هەوڵدان بوو بۆ دیاریکردنی ستراتیژەکانی ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەم دیاردەیە. ئەویش فۆرمێکە لە دەرکەوتەی قەیرانێکی گەورەتری سەرمایەداری، بۆیە پێویستە خەبات لەدژی کەپیتالیزم جەوهەری ئەم خەباتە بێت.
١٩-١-٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
