بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
لە دیدارێکی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی گەورەترین دەوڵەتی تاوانکاری ئیمپریالیستی و ناتانیاهۆ، سەرۆکی حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل، لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن و خرایە بەردەم جیهان، واتە لە دیدارێکی نێوان دوو دوژمنی چینی کرێکاری جیهانی و جەماوەری زەحمەتکێش و چەوساوە؛ ترامپ ڕۆژی سێشەممە (٤)ی شوباتی (٢٠٢٥) سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی خۆی بۆ پاکتاوکردنی نەتەوەیی فەلەستینیـیەکان لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند.
لە کاتێکدا کە تەنها سێ هەفتە بەسەر ئاگربەستی غەززەدا تێپەڕیوە کە لە (١٩)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٥) دەستیپێکرد، و هیوایەکی بە خەڵکی غەززە بەخشی بۆ ئەوەی هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵمژن، هەتا ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، حکومەتی نەتانیاهۆ دەستیکرد بە هەڕەشەکردن بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لە (١٥)ی شوباتەوە، ئەگەر ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکرابوون ئازاد نەکرێن، ترەمپیش هەمان هەڕەشەی کرد و داوای ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی کرد، ئەگەرنا غەززە دۆزەخ بەخۆوە دەبینێت.
پێشتریش لە بەیاننامەیەکدا ئێمە جەختمان لەوە کردۆتەوە کە “ئاگربەست لە غەززە، لەلایەن ئیسرائیل و ترەمپەوە، لەنێو ئەم هاوکێشانەدا، هیچ نییە جگە لە ئاگربەستێک لە کەرتێکدا کە بەردەوام بەدەست وێرانکاریـیەوە دەناڵێنێت و دانیشتووانەکەی لە ناهەموارترین بارودۆخدا درێژە بە ژیان دەدەن، بەبێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەکی سیاسی و ئابوورییان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاسایش و ئارامی هەمیشەییدا بژین”.
ئەمە ئەو شتەیە کە ئێستا ڕوودەدات، و ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر و کارەساتبارتر دەبێت، لە ڕێگەی سیاسەت و پلانی پاکتاوکردنی نەتەوەیی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە، کە هەریەک لە ترامپ و حکومەتی ئیسرائیل پەسەندیان کردووە، کە بریتییە لە دەرکردنی زۆرەملێی نزیکەی دوو ملیۆن و نیو فەلەستینی لە کەرتی غەززە، و لکاندنی بە ئیسرائیلەوە و داگیرکردنی لە ژێر ناوی پڕۆژەیەکی خانووبەرەی سەرمایەداری “ڕیڤێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، ئەمەش هاوکاتی ئەگەری دووبارەبوونەوەی شەڕی جینۆسایدە لە غەززە.
زنجیرە ڕووداوی دراماتیکی و تراژیدی و گۆڕانکارییە سەربازی و سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەت لە سەرەتای چالاکیـیە سەربازی و تیرۆریستیـیەکەی حەماسەوە لە (٧)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٣) و شەڕی کۆمەڵکوژیی دواتر کە ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامیاندا، و تاوانە جەنگیـیە قێزەونەکانی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا و لوبنان و سوریا و باقی وڵاتانی ناوچەکە، هەروەها ململانێ و هەڕەشەی شەڕی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و ئێران، هەموو ئەمانە وایانکردووە ئەوەی ترەمپ پێشنیاری دەکات سەبارەت بە غەززە ببێتە بەشێکی تەواوکەر و درێژەپێدەری سروشتی هەموو ئەو گۆڕانکاریـیانە لە هاوسەنگی هێزە سەربازی و سیاسی و جیۆپۆلیتیکیـیەکانی ناوچەکەدا.
بەڵام ئەوەی ترەمپ پێشنیاری دەکات لە هەمان کاتدا لەوە واوەترە کە زیادکردنێکی چەندایەتی بێت بۆ ئەو کارەسات و وێرانکاری و کۆمەڵکوژیـیانەی کە تا ئەم ساتەوەختە ڕوویانداوە، چونکە قۆناغێکی نوێ و چۆنایەتی لەناو ئەم ڕێڕەوانەدا پێکدەهێنێت، قۆناغێک کە تایبەتمەندە بە یەکلاکردنەوەی حسابات بەپێی بەرژەوەندی بەهێزترینەکان، و دروێنەکردنی دەستکەوتەکان دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازیـیەکانی ئیسرائیل بۆسەر هێزە ئیسلامیـیەکان، بەتایبەتی بۆسەر ئێران، حزبوڵڵا و حەماس.
بۆ سەرمایەداریی ئیمپریالیستی ئەمریکی و دەوڵەتەکەی و سەرۆکەکەی ئێستای ترەمپ، کە هاوبەشی سەرەکی ئیسرائیلە لە تاوانەکانی لە غەززە و ناوچەکەدا، ئەم پڕۆژە تاوانکاریـیە زیادکردنێکی چۆنایەتی نوێیە بۆ پڕۆژەی “ڕێککەوتنی ئیبراهیم” و پرۆسەی ئاسایـیکردنەوەی پەیوەندیـیەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، کە لە بنەڕەتدا سیاسەت و پلانێکە بۆ زیاتر چەسپاندن و فراوانکردنی بەرژەوەندیـیە ئابووری و سیاسی و جیۆپۆلەتیکیـیەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر نەیارانی ئیمپریالیستی و ناوچەیی لە چین و ڕووسیا و ئێران. ئەمەش هاوئاهەنگە لەگەڵ بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایەی ئیسرائیل و سیاسەت و ستراتیجی گشتی دەوڵەتی فاشیست، فراوانخواز و داگیرکەری ئیسرائیل بەرامبەر غەززە و کەنارەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاواتەکانی بۆ بنیاتنانی “ئیسرائیلی گەورە”.
بەم پێیە، ئەوەی ترەمپ پێشنیاری دەکات هەورەتریشقەی ئاسمانێکی ساماڵ نییە، بەڵکو یەکێکە لە دەرکەوتەکانی ستراتیژ و سیاسەتی ئیمپریالیستی ئەمریکا و پەیڕەوکردنی سیاسەتی داگیرکاری ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستین و ناوچەکە.
لەماوەی ڕابردوودا، لە کاتی شەڕی جینۆساید لە کەرتی غەززە، مشتومڕ لە نێوان دەستەوتاقمی فەرمانڕەوای ئیسرائیل و ئەمریکا لە دەوری ئەوە دەخولایەوە کێ حوکمڕانی غەززە بکات دوای شەڕ و وێرانکردنی ئەو کەرتە، ئێستا بۆ ئەو دەستەوتاقمە سیاسەتی پاکتاوکردنی نەتەوەیی هەمەلایەنەی فەلەستینیـیەکان لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا بووەتە کارنامەیەکی ڕەسمی، بێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا ئەمە دەتوانرێت پیادەبکرێت یان نا.
ئەم گۆڕانکاریـیە لە سیاسەتی ڕەسمی لەوانەیە پێکهاتەی سیستەمی سیاسی بۆرژوازی ناوچەکە بهەژێنێت، و ببێتە هۆی توندبوونەوەی قەیرانی سیاسی ئێستای ڕژێمە فەرمانڕەواکان لە وڵاتانی عەرەبی، ئەویش لە ئەنجامی پەرەسەندنی توڕەیی و ڕقینەیەکی لەڕاددەبەدەر کە سەراسەری ناوچەکە دەگرێتەوە دژ بەم کارەساتە مرۆیـیەی بەسەر جەماوەری فەلەستیندا دەهێنرێت، کە چەند دەیەیەکیشە بەردەوامە، هەروەها بەهۆی ئەگەری ڕاپەڕینی جەماوەری دژ بەم ڕژێمانە و سیاسەتی کۆنەپەرستانەیان کە لەگەڵ ئیسرائیل پیلانگێڕی دەکەن و پەیوەندیـیەکان لەگەڵیدا ئاسایی دەکەنەوە.
ڕژێمە سیاسیـیە دەسەڵاتدارەکانی وڵاتانی عەرەبی بەشێکن لە سیستەمی سیاسی بۆرژوازی جیهانی و سیستەمی ئیمپریالیستی زاڵ و زۆربەیان لەژێر هەژموونی جەمسەری سەرمایەداری ئیمپریالیستی ڕۆژئاوادان، و تەنانەت ئەگەر لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیشدا نەبن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوا هاوبەشن لەگەڵ پلانەکانیدا. هەروەها حزبە بۆرژوا ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو ڕژێمانەش نوێنەری بەرژەوەندیی سەرمایەدارین لەم وڵاتانەدا، بۆیە چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و هەروەها جەماوەری ستەملێکراو هیچ شتێکی هاوبەشیان نییە لەگەڵیاندا، لە خەباتی چینایەتی و خۆڕاگرییاندا لە دژی شێوە جۆراوجۆرەکانی چەوساندنەوە، لەوانە چەوساندنەوەی نەتەوەیی، نەک هەر ئەوە، بەڵکو خەباتی سەربەخۆشیان بەرەوپێش ناچێت ئەگەر خەباتێکی بەردەوام دژی ئەو حزبە ئۆپۆزسیۆنانە ئەنجام نەدەن و سنورێکی یەکلاکەرەوە نەکێشن لەنێوان خۆیان و ئەو حزب و ڕەوتانەدا.
ئەو کێشانەی سەرمایەداری هاوچەرخ و ڕژێم و ڕەوت و حزبە سیاسیـیە بۆرژوا قەومی و دینی و لیبڕاڵیـیەکان دەیهێننەئاراوە لە چوارچێوەی هەمان سیستەمی ئابووری و سیاسیدا چارەسەر ناکرێن. چەوساندنەوەی چینایەتی، شەڕ، تیرۆر، داگیرکاری، جیاکاری و چەوساندنەوەی نەتەوەیی، کۆتاییان پێ نایەت بەبێ خەباتێکی چینایەتی سۆسیالیستی نێونەتەوەیی بەهێز کە ئاڵای بەرزکردبێتەوە بۆ ڕزگاری لەدەست سەرمایەداری و دەوڵەتی سەرمایەداری و بۆ جێگیرکردنی بەدیلێکی سۆسیالیستی.
بەڵام ئەمە نەک هەر نکۆڵی لەوە ناکات، بەڵکو جەختیش دەکات لەسەر پێویستی ڕێکخستنی بەرگریـیەکی جەماوەری بەرفراوانی چینی کرێکار و زەحمەتکێش و هەموو ئازادیخوازان و بەرگریکاران لە مافکانی ئینسان لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئازادخوازانی ئیسرائیلیشەوە بۆ ژیانێکی پڕ لە ئاشتی و ئاساییش و دوور لە شەڕ و ئاوارەیی و کارەساتەکانیان. هەروەها جەختیش دەکاتەوە لەسەر وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی جیهانی دژ بە شەڕە ئیمپریالیستیـیەکان و کۆمەڵکوژیـیەکانی ئیسرائیل لە فەلەستین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ملهوڕیـیەی ئیمپریالیستی ئەمریکا و سیاسەتی داگیرکاری ئیسرائیل و خەبات بۆ پوچەڵکردنەوەیان.
بڕوخێ سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و تاوانکارانەی ترەمپ و ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستینیـیەکان.
نا بۆ بەردەوامیی کۆمەڵکوژی و شەڕ و ئاوارەیی لە غەززە و لە ناوچەکەدا.
١٤ی شوباتی ٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
