بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی جەماوەری لە دەیان شاری ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران، بۆ سێزدەهەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە، دژ بە گرانیی تێچووی بژێوی ژیان و بەربڵاوی بێکاری و هەژاری، وە دژ بە ڕژێمی فەرمانڕەوای ئیسلامیش. ئەم شەپۆلە بە دوای دەسپێکی مانگرتنی خاوەن دوکانەکانی تارانی پایتەختەوە سەریهەڵداوە.
لەگەڵ بەرفراوانبوونەوەی ناڕەزایەتیی دەربڕیندا، پێکدادان لەگەڵ دەسەڵاتداران توندتر بۆتەوە کە دەیان کەس کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش دەستگیرکراون. هەڵسانی دەسەڵاتداران بە بڕینی ئینتەرنێت و ڕێگری لە ڕووماڵکردنی میدیایی لە دوێنێوە، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی دۆخەکە چەندە مەترسیدارە بۆ ئەم دەسەڵاتە و ئەگەری ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی گەورەتریشی هەیە.
ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت شتێکی نوێ نیـیە؛ بەڵکو درێژکراوەی ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیەکانی ساڵانی پێشوو و ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریـیە شۆڕشگێڕانەیەشە کە بە دوای کوشتنی (ژینا ئەمینی) لە تاران لە پاییزی ساڵی (٢٠٢٢)دا سەریهەڵدا، و بووە هۆی کوژرانی سەدان کەس و دەستگیرکردنی هەزاران. هەرچەندە ئەو ڕاپەڕینە سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، بەڵام واقیعێکی نوێی سەپاند کە تـێـیدا لەسەر ئاستێکی کۆمەڵایەتی فراوان ژنان کۆتوبەندی حیجابی ئیجباریـیان تێپەڕاند، و تەحەدا و سەرپێچی ئەو یاسایانەیان کرد کە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە سەپێنرابوون.
زۆربەی هەرە زۆری جەماوەر لە ئێران بوونەتە نێچیری ژێر چەپۆکی ڕژێمی ئیسلامی سەرکوتگەر و چەندین ساڵە بە دەست نەداری و نەهامەتی ئابووریـیەوە دەناڵێنن بە هۆی گرانی تێچووی ژیان و خراپی دۆخی ئابووری و بێکاری و کەمی کرێ و کەمی پشتیوانەی حکومەت بۆ کەلوپەل و پێداویسستیـیە بنەڕەتیـیەکان و دابەزینی توانای کڕینی دراوی ئێرانی تا ئاستێکی کارەساتبار، و چەندین گرفتی تر. ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی سەروەت و سامانی وڵات لەلایەن بۆرژوا ئیسلامی فەرمانڕەوا و ڕژێمە سەرکوتگەرەکەی و دامەزراوە سەربازی و ئیداریـیە گەندەڵەکانی و سوپای “پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی”یەوە قۆرخ دەکرێت، و بۆ بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتی میلیشیایی و عەسکەرتاری، وە بۆ پڕچەککردنی میلیشیا دارودەستەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خەرج دەکرێت.

ئەمە و ساڵانێکی زۆریشە ئیمپریالیزمی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانی لە هێزە ڕۆژئاوایـیەکان، هەژاری و برسێتی بەسەر جەماوەردا دەسەپێنن لە ڕێگەی سەپاندنی گەمارۆیەکی ئابووریی ماڵوێرانکەر بەسەر ئەو وڵاتەدا، وەک ئامرازێک بۆ جەنگ لە دژی ڕژێمی ئێران. جەماوەر لە عێراق، لە ڕێگەی ئەو نەهامەتیـیە ئابووریـیانەی کە لە ماوەی (١٣) ساڵی گەمارۆی ئابووری ئەمریکادا تووشی هاتن، درک بە دڕندەیی ئەم سیاسەتە دەکەن، کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی درێغیـیان نەکردووە لە سەپاندنی بەسەر جەماوەر لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان وەک یەکێک لە توندترین ئامرازەکانی شەڕ و وێرانکاری دژی کۆمەڵگاکان.
شۆڕشی (١٩٧٩)ی ئێران لە دژی ڕژێمی شا، پارێزەری سیستەمی سەرمایەداری ئێران، یەکێک بوو لە دیارترین شۆڕشە سیاسیـیە جەماوەریـیەکان کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە جیهاندا ڕوویداوە، بەڵام لەلایەن هێزە بۆرژوا ئیسلامیـیە دژە شۆڕشیـیەکان و بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی هێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا کۆنتڕۆڵ کرا و خنکێندرا. بۆیە هەر چالاکیـیەکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری لە ئێرانی ئەمڕۆدا، بەناچاری و بەدڵنیایـیەوە دەبێ کردەیەک بێت لە دژی ڕژێمی ئیسلامی و هێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانە ناوخۆیـیەکانیان؛ لە لایەنگرانی شاخواز و بۆرژوا ئۆپۆزسیۆنی ناسیونالیست و ئیسلامی و نیولیبراڵ، بەڵام ئەم لۆژیکە مێژوویـیەی پەرەسەندنی شۆڕشگێڕانە لەم وڵاتەدا بە ئاسانی نایەتەدی، چونکە دەبێ ڕێگەی خۆی لەمیانەی خەباتێکی سیاسی چینایەتی تیژ و گشتگیردا، وە لە قۆناغە جیاجیاکانی ئەم پرۆسە شۆڕشگێڕیـیەی ئەمڕۆی ئێراندا بدۆزێتەوە کە نزیکەی نیو سەدە لە شۆڕشی (١٩٧٩) دووکەوتۆتەوە.
واقیعەکە ئەوەیە کە ئامانجی گۆڕینی ڕژێمی ئێران بە ڕێگەیەکی شۆڕشگێڕانە و ڕووخاندنی لەو ڕێگەیەوە، هەر تەنیا هیوا و ئاواتی ئەم جەماوەرە ڕاپەڕیووەی ئێستا نیـیە بۆ ڕزگاری، بەڵکو مەسەلەیەکی عەمەلیشە و خۆی دەخاتەڕوو لەناو هەر خۆپێشاندانێکدا کە جەماوەر پێی هەڵدەستن بۆ بەدەستهێنانی داواکاریـیە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووریـیەکانیان، وەک ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، یان وەک ئەوەی بە تیرۆرکردنی (ژینا ئەمینی) هاتەئاراوە.
ئاشکرایە خەبات لەپێناو بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیەی ئێستای ئێران، و ڕێگریکردن لە شکست پێهێنانی چ لە میانەی گۆڕانکاریـیەک لە سەرەوەی ڕژێمەکە، یان لە ڕێگەی دەستێوەردانێکی سەربازیـیانەی ئیمپریالیستی ئەمریکیـیەوە بە هاوکاری هاوپەیمانە ناسیۆنالیست و ئیسلامی و نیولیبراڵە ناوخۆیـیەکانی لەگەڵ ئەم هێزە ئیمپریالیستییە، بەندە بە ڕادەی گەشەکردنی ڕیزی سەربەخۆی سیاسی و ڕێکخراوەیی و فیکریی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش لە دووتوێی خەباتی چینایەتی بەردەوام لەم وڵاتەدا. پرۆلیتاریای سۆسیالیست و ڕێکخراو و حزبەکانی لەم وڵاتەدا هەر هەنگاوێک هەڵبهێننەوە لەم ئاراستەیەدا، کاریگەری گرنگی لەسەر خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بە تایبەتیش و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراق بەجێدەهێڵێت.
بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی عێراق لە هەمان سەنگەری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و گەنجان و ژنانی ستەملێکراوی شۆڕشگێڕی ئێراندایە لە بەرامبەر بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە ئێران و لەبەرامبەر زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانیان و لە دژی هەموو ئەو هێزە بۆرژوا ئۆپۆزسیۆنە ناسیۆنالیست و تایفەگەر و نیولیبراڵانەشە کە دەیانەوێت ئەم هەوڵ و کۆششە شۆڕشگێڕانەیە بخنکێنن و سەرکوتی بکەن.
ئێمە لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لە هاوپشتییەکی بەهێزدا وەستاوین لەگەڵ جەماوەری کرێکاران و بەهەژار کراوانی ئێران، لە خەباتیاندا بۆ سەپاندنی داواکاریـیە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریـیەکانیان بەسەر دەسەڵاتداران، وە لە خەباتی شۆڕشگێڕانەیاندا بۆ ڕزگاربوون لە چنگی ڕژێمی ئیسلامی، ڕژێمی سەرکوت و لەسێدارەدان.
هەروەها هەوڵی هێزە ئۆپۆزسیۆنە بۆرژوازیـیە ناوخۆیـیەکانیش بە هەموو باڵ و ڕەوتێکیانەوە بە توندی ئیدانە دەکەین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم شەپۆلە شۆڕشگێڕانەی جەماوەر لە ئێران بە هەوڵدانیان بۆ سنووردارکردنەوەی لە چوارچێوەی بەرژەوەندیـیە سیاسیـیەکانی خۆیاندا. هەروەها ئەو ئابڵوقە ئابووریـیەش کە سەپێنراوە بەسەر جەماوەردا لە ئێران و هەر دەستێوەردانێکی سیاسی و سەربازیش ئیدانە دەکەین کە ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانە ناوخۆیی و ناوچەیـیەکانیان بیانەوێت ئەنجامی بدەن لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ئەم شەپۆلە شۆڕشگێڕیـیە جەماوەریـیە نوێـیەدا لە ئێران.
٩-١-٢٠٢٦
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
