بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

ماوەی چەند هەفتەیە جەماوەری کرێکاران و فەرمانبەران و کارمەندانی پەروەردەیی و گەنجانی بێکاری عێراق لەسەر ئاستی زۆربەی پارێزگاکانی وڵات، لە خەباتێکی بەرفراواندان لە شێوەی خۆپێشاندان و مانگرتن و ڕاوەستان لەبەردەم دامەزراوە جۆراوجۆرە حکومی و ناحکومییەکان، دژ بە هێرشی ئەم حکومەتەی ئێستا؛ حکومەتی سەرمایە، بۆ سەر بژێوی ژیانیان و دژ بە هەژاری و بێکارییەکی بەرفراوان کە بەسەریاندا سەپێنراوە.
بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەتی ناوەندی عێراق بە لێبڕینی بەشێکی کرێ و مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران و کارمەندانی پەروەردەیی، هەروەها کەمکردنەوە و ڕاگرتنی دەرماڵە داراییەکانیان، وە سەپاندنی جۆرەها باج بەسەر هاوڵاتیان، لەگەڵ بڕیارە تایبەتەکەیدا بۆ ئازادکردنی بەهای ئاڵوگۆڕی دراوی ناوخۆیی (دینار) کە بووە هۆکاری دابەزینی نرخەکەی لە بەرامبەر دۆلاردا، هەموو ئەم بڕیارانە هەژاری و ئاستەنگییەکی ئابووری زیاتری بەسەر جەماوەری زەحمەتکێش و زۆرینەی هاوڵاتیاندا سەپاندووە.
ئەمە و گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانەی حکومەت، بەرزکردنەوەی باجی گومرگیشی گرتۆتەوە لەسەر ئەو کەلوپەلانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن کە زیانی گەیاندووە بە بەرژەوەندی خاوەن دوکانەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، بۆیە هەڵساون بە مانگرتن و داخستنی دەرگای بازاڕە سەرەکییەکان لە پایتەختی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە لە (١ی شوباتی ٢٠٢٦)ەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە.
لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە سیاسەتی ئابووری ڕەسمی ئەم ڕژێمە ئیسلامی و قەومییەی ئێستا و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی، بریتی بووە لە داکوتان و پتەوکردن و بەرفراوانکردنی مۆدێلی ئابووری نیولیبرالی سەرمایەداری لە عێراق، ئەمەش بەپێی پلان و سیاسەتەکانی (بانکی نێودەوڵەتی) و (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی)، ئەم ڕژێمە سیاسییە و حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی بەم سیاسەتە ئابوورییەیان هەژاریان بەسەر بەشێکی بەرفراوانی جەماوەردا سەپاندووە.

ئەم حکوومەتانە بەردەوام هەڵساون بە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەت بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرجەم کەرتەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاریدا، وە دەستبەرداری پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بوون وە لەم ڕاستایەشدا هەڵساون بە دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەرەی کۆمپانیاکانی دەوڵەتی لە کەرتی پیشەسازیدا، وە گرتنەبەری چەندین ڕێوشوێن و سیاسەتی دیکەی لەم چەشنە، هەموو ئەمانەش بە سوودوەرگرتن لە بەکارهێنانی دامودەزگاکانی دەوڵەت و یاساکانی لە سەرانسەری وڵاتدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ سەقامگیرکردنی ئەم مۆدێلە ئابوورییە نیولیبرالییەی سەرمایەداری و لێکهەڵپێکانی بە شێوەیەکی بەرفراوان و قوڵ بە جوڵە و کەڵەکەی سەرمایەی جیهانی و هەرێمیـیەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم سیاسەتە ئابوورییە لە (لاپەڕەی سپی) ساڵی (٢٠٢٠)دا گەیشتە لوتکەی خۆی و ئەمڕۆش دەبینین بڕگە و بەندی زیاتر لەم سیاسەتە ئابوورییە جێبەجێ دەکرێت لە ڕێگەی هێرشێکی ڕێکخراو و پلان بۆ داڕێژراو بۆ سەر بژێوی جەماوەر، بۆ گواستنەوەی تا قورسایی قەیرانی ئابووری ئێستای ڕژێم بخرێتە سەر شانی چینی کرێکار و گەنجان و هاووڵاتیان، هەموو ئەمانەش لە بارودۆخی قەیرانێکی سیاسی قووڵ و فرەلایەنی ئەم ڕژێمەدا، و لەنێو پەرەسەندنی ململانێ جیۆپۆلەتیکی و جیۆ-سەربازییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم هێرشە ڕێکخراوە بۆ سەر ژیان و بژێوی جەماوەری کرێکاران و ڕەنجدەران لە عێراق، و ئەوەش کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی پێشتر ئەنجامیان داوە و تا ئێستاش بەردەوامن لەسەری، لە ڕێگریکردن لە خەباتی بەکۆمەڵی سەربەخۆی کرێکاران لە شێوەی سەندیکا و یەکێتیە کرێکاریەکان، بەتایبەتی لە کەرتی حکومیدا، ناتوانێت ئەم ڕژێمە ڕزگار بکات لە ئاسۆ ئابوورییە داخراوەکەی و بێتواناییەکەی لە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە لەناو جەرگەی سیستمی سەرمایەداری عێراقدایە.
ئەم قەیرانە بە شێوەیەکی بەردەوام تا دێت بەرەو خراپتربوون دەڕوا، هەر ڕۆژێکیش کە تێدەپەڕێت بەسەر بەردەوامی ئەم ڕژێمە سیاسییە پشک پشکێنە گەندەڵییەی ئێستا و قوڵبوونەوەی قەیرانە سیاسیەکانیدا، ئاسەوارە وێرانکەرەکەی زیاتر دەبێت بۆسەر ژیانی جەماوەر. گەندەڵی دارایی و کارگێڕی و تاڵانکاری میلیشیاییش، قەبارەی بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیان گەورەتر کردووە، کە دەستەنگی و بێ دەرەتانییەکی ئابووری چەندبارە و تێکچوونی باری بژێوی و خزمەتگوزاری هاووڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەدیھاتنی هەر بەرەوپێشچوونێکی جۆرایەتی لە سەپاندنی داواکارییەکانی جەماوەری کرێکاران و ڕەنجدەران بەسەر دەسەڵاتداراندا لە چوارچێوەی شەپۆلی خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی ئێستایاندا، هەنگاوێکی گرنگە لە خەباتی ئەم چینەدا؛ بەتایبەتی لە سایەی دەسەڵاتێکی سەرمایەداریی عەسکەرتاری و میلیشیایی دڕندە کە چەکدارە بە ئایدۆلۆژیایەکی ئایینی-تائیفی و نەتەوەیی کۆنەپەرستانە و ملکەچی هەژموونی زلهێزە ئیمپریالیست و ناوچەییەکانی ئەمریکا و ئێران و ململانێ جیۆپۆلیتیکیەکانیانە.

بەڵام پێشڕەوی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە و بەدیهێنانی داواکارییە چینایەتییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی و سەپاندنیان بەسەر ڕژێمدا، بەستراوەتەوە بە چەند هۆکارێکەوە؛ گرنگترینیان پلەی خۆڕێکخستنیانە لە بزووتنەوەیەکی داواکارییانەی یەکگرتووی کرێکاران لەسەر ئاستی کەرتە جیاجیاکانی ئابووری و لەسەر ئاستی وڵاتدا، هەروەها بەندە بە ڕادەی یەکخستنی خەباتە پەرتەوازەکانی توێژە جیاجیاکانی کرێکاران، چ ئەوانەی لەسەر کارن و چ ئەوانەی بێکارن، لە ڕیزێکی خەباتگێڕانەی چینایەتی یەکگرتوودا.
هەر بۆیە، بزووتنەوەی ڕوو لە هەڵکشانی کرێکاران و، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی بێکاران و توێژە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران لە کەرتی کارە ناسەقامگیرەکان (العمالە الهشە)، وە خەباتی لاونی کچ و کوڕ لەبواری ئابووری و کۆمەڵایەتیدا؛ ڕووبەڕووی گەلێک ئاستەنگی ڕێکخراوەیی و ئاستەنگی خەباتکاری و هەڵخڕاندن دەبنەوە. هەروەها چالاکوانانی ئەم بزووتنەوانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئەرکی بەپەلە دەبنەوە تا ڕۆڵی ڕابەرایەتی عەمەلی و ڕێکخراوەیی و هەڵخڕێنەرانەی خۆیان ببینن بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم بزووتنەوەیە بۆ هێنانەدی: یەکەم داواکارییەکان، دووەم بەدەستهێنانی پلەیەک لە ڕێکخستنی جەماوەریی جێگیر بۆ خەباتەکەیان، لە شێوەی شورا، سەندیکا، یان تۆڕێک لە پەیوەندی جێگیری کرێکاران.
زامنکردنی گەشەی ئەم بزووتنەوەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە چینایەتییە سەربەخۆکانی، نەک تەنیاهەر بزووتنەوەی کرێکاری و ناڕەزایەتی جەماوەریی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەهێز دەکات و ڕۆڵی ڕزگاریخوازییانەیان پتەو دەکات، بەڵکو ڕۆڵی سیاسی بزووتنەوەی کرێکاریش لە ڕابەرایەتیکردنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری لە کۆمەڵگەدا بۆ هێنانەدی گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەهێز دەکات؛ لەگەڵ هەنگاو نانیان بەرەو ڕزگاربوون لە تەواوی ئەم ڕژێمەی ئێستا وەک سیستەمێکی ئابووری، سیاسی و فیکریی سەرمایەداری.
بێگومان، ڕەوتە بۆرژوازییەکان و حزبەکانیان لە ئیسلامی و نەتەوەیی و تائیفی و نیولیبرالەکان، چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و چ ئەوانەی لە ئۆپۆزسیۆندان، دەستەوەستان ناوەستن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بزووتنەوەیە و لادانی لە ڕێڕەوەکەی و لەقاڵبدانی. ئەمەش وا لە کرێکاران و ڕابەرانی ئەم خەباتانە دەخوازێت کە وریا و بەئاگابن بۆ پاراستنی سەربەخۆیی چینایەتیی کرێکاری بزووتنەوەکە لە بەرانبەر ئەم هەوڵە کۆنەپەرستانەیەدا.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق بە توندی سەرکۆنەی سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەم حکومەتەی ئێستا دەکات کە بارگرانی قەیرانە ئابوورییەکانی دەخاتە سەر شانی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆربەی هاووڵاتیان، هەروەها ئەم حکومەتە بە بەرپرسیار دەزانێت لە داسەپاندنی هەژاری و بێکاری بەسەر جەماوەر و بێبەشکردنیان لە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی تر.
هەروەها خەباتیش دەکات شانبەشانی کرێکاران و بێکاران و گەنجان بۆ سەپاندنی داواکاریەکانیان بەسەر حکومەتدا. ئەمە و خەباتیش دەکات لەپێناو بەهێزکردنی خەباتی چینایەتی کرێکاران تا بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە ڕابەرایەتیکردنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریدا بۆ بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕە ڕیشەییە سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە وڵاتدا.
بژی بزووتنەوەی کرێکاری
سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران و فەرمانبەران و بێکاران لە عێراق
١٢-٢-٢٠٢٦
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
