عه‌بدوڵا ساڵح
له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ڕێكه‌وتنی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتی ڕاگه‌یاند، ڕێكه‌وتنێك كه ماوه‌یه‌ك ژێر به‌ژێر به‌رده‌وام بوو و ئێستاش ئاشكرا كرا. به‌م شێوه‌یه ئیمارات ده‌بێته سێیه‌م ووڵاتی (عه‌ره‌بی) و یه‌كه‌م ووڵاتی كه‌نداو كه ڕێكه‌وتن واژۆ ده‌كا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل دوای میسر (1979) و ئوردون (1994). چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێ به‌دوای ئیماراتدا چه‌ندین ووڵاتی تری ((عه‌ره‌بی)) ئه‌م هه‌نگاوه بنێن، له‌وانه عومان، به‌حره‌ین، سودان و ته‌نانه‌ت مه‌غربیش.
ئیمارات، بۆ واژۆ كردنی ئه‌م ڕێكه‌وتنه، بیانوی ئه‌وه دێنێته‌وه گوایه ئیسرائیل لێره به‌دواوه په‌ل ناهاوێ بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی هیچ زه‌ویه‌كی كه‌ناری ڕۆژئاوا (الضفة الغربية) و ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌وه‌ستێنێ، له‌ڕاستیدا ئه‌م بیانوه وه‌ك هیچ ده‌ستكه‌وتێك هه‌ژمار ناكرێ و ئه‌وه‌مان بیر ده‌خاته‌وه كاتی خۆی له ساڵی (1978)دا كه ڕێكه‌وتنی نێوان ئیسرائیل و میسر واژۆ كرا، مه‌ناحیم بێگن ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاتی ئیسرائیل، بڕیاری دا بۆماوه‌ی سێ مانگ چالاكی نیشته‌جێكردن (النشاط الاستيطاني) بوه‌ستێنێ دواتر ڕوداوه‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یان سه‌لماند.
ئه‌م ڕێككه‌وتنه درێژه‌ی پڕۆژه به‌دناوه‌كه‌ی (صفقة القرن)ه كه ئه‌مریكا داڕێژه‌ریه‌تی و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بریتیه له گونجاندنی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ وولاتانی ناوچه‌كه (تطبيع) و كردنی به شه‌ریك له ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ترسیاه‌كاندا، مه‌به‌ستیش له مه‌ترسیه‌كان له پله‌ی یه‌كه‌مدا ئێرانه، دواتریش به‌یه‌كجاری په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش پێش مه‌رجی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی ئاشتیه له ناوچه‌كه‌دا. تێڕوانینی ئه‌مریكا بۆ هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی جیهانی، به‌ر له‌هه‌موو شتێك، له گۆشه‌نیگای ئابوریه‌وه سه‌یر ده‌كرێ، به‌ڵام له‌په‌یوه‌ند به‌م ڕێكه‌وتنه، وه‌ك یه‌ك كۆگشتی (پاكێجی) لێكهه‌ڵپێكراو له هه‌موو بواره‌كانی سیاسی، ئابوری و ستراتیژیه‌وه سه‌یر ده‌كرێ، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه كاتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌م ڕێكه‌وتنه، به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ده‌چێته خانه‌ی بانگه‌شه‌ی دووباره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و ووڵاته.
كێشه‌ی فه‌له‌ستین یه‌كێكه له كێشه هه‌ره ئاڵۆز و دژواره‌كانی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی و جیهانیش به‌گشتی. خه‌ڵكی فه‌له‌ستین كه له ساڵی (1948)وه به‌زۆر له ووڵاتی خۆیان ده‌ركراون و نێردراون بۆ وولاتانی ده‌وروبه‌ر و له ئۆردوگاكاندا نیشته‌جێ كراون، ڕووبه‌ڕوی سه‌خترین بارودۆخی ژیان و گوزه‌ران بونه‌ته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ شوناسێكی ((نیشتمانیان)) هه‌بێ و وه‌ك هاوڵاتی مامه‌ڵه بكرێن، بۆهه‌ركوێ چوبن وه‌ك په‌ناهینده هه‌ژمار كراون، مه‌گه‌ر له هه‌ندێ ووڵات كه مافی هاوڵاتی بوونی پێبه‌خشیبن. ژیانیان له ئۆردوگاكاندا، جگه له نه‌هامه‌تی و ده‌ست كورتی و هه‌ژاری و نه‌خۆشی و چه‌ندین ده‌رد و ئازاری تر، به به‌رده‌وامیش په‌لامار دراون و پاكتاو و قه‌ڵاچۆ كراون، كوشتاری ئۆردوگای ته‌ل زه‌عته‌ر ساڵی (1976) له‌لایه‌ن میلیشیا مه‌سیحیه‌كانی لوبنان، كوشتاری ئۆردوگاكانی سه‌برا و شاتیلا ساڵی (1982) دووباره له‌لایه‌ن میلیشیا مه‌سیحیه‌كانی لوبنان، دواتر له‌هه‌مان ئه‌و دوو ئۆردوگایه ساڵی (1985) له‌لایه‌ن میلیشیا شیعه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل، ئه‌وه جگه له ده‌ستدرێژی و په‌لاماری به‌رده‌وامی ده‌وڵه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی ئیسرائیل. ئه‌و فه‌له‌ستینیانه‌ش كه له كه‌رتی غه‌زه و كه‌ناری ڕۆژئاوا ده‌ژین، بارودۆخی ژیان و گوزه‌رانیان له‌وانی تر باشتر نیه چ به‌ده‌ست په‌لاماری ده‌وڵه‌تی ڕه‌گه‌ز په‌رستی ئیسرائیله‌وه و چ به‌ده‌ست سیاسه‌ت و شه‌ڕی نێوان باڵه سیاسیه جیاوازه‌كانی فه‌له‌ستینیه‌كان خۆیانه‌وە.
كێشه‌ی فه‌له‌ستین، هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه، ناسیۆنالسته عه‌ره‌به‌كان و ده‌وڵه‌ته‌كانیان سه‌رمایه‌گوزاریان له‌سه‌ر كردوه و به‌كاریان هێناوه بۆ جوڵاندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و خۆڵ كردنه چاوی جه‌ماوه‌ری وڵاته‌كانیان. به‌رز كردنه‌وه و زه‌قكردنی دروشمی (كێشه‌ی فه‌له‌ستین كێشه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی عه‌ره‌به، ئیسرائیل ده‌بێ فڕێبدرێته ده‌ریاوه …) و چه‌ندین دروشمی قه‌به‌ی تر، ته‌نیا بۆ په‌رده‌پۆشی زوڵم و چه‌وسانه‌وه بوه له سه‌ر خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌تی ئه‌و ووڵاتانه و بردنه پێشی سیاسه‌تیه‌كانیان و هه‌رچی زیاتر پێشێل كردنی مافه‌كانیان و چه‌نگ قاییم كردنیان له ده‌سه‌ڵات و په‌رده‌پۆشی كێشه‌ی ئابوریه‌كانیان و شكاندنه‌وه‌ی به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ئه‌و ووڵاتانه‌دا و پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندی چینی بۆرژوازی و سه‌رمایه‌داراندا. ئه‌مڕۆش، ئه‌م ڕیز به‌ستن و په‌لەكردنەی ووڵاتانی عه‌ره‌ب زمان بۆ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كۆنه‌په‌رست و ڕه‌گه‌زپه‌رستی ئیسرائیل و ده‌ستبردن بۆ سات و سه‌ودا له‌گه‌ڵیدا و په‌راوێز خستنی كێشه‌ی فه‌له‌ستین، نیشانه‌یه‌كی تره له‌وه‌ی كه بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالستی عه‌ره‌ب و ماهیه‌ته چینایه‌تیه بۆرژوازیه‌كه‌ی تا دێت بزماری پته‌وتر ده‌درێ له تابوته‌كه‌ی، هه‌روه‌ك ((كوردایه‌تیه‌كه‌ی)) لای خۆمان، ئیتر تازه جه‌ماوه‌ری به‌رینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌وه ده‌رچوه به‌و ته‌پڵه سه‌ما بكه‌ن و فریو بخون.
لێره‌دا نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیركه‌ین كه هه‌ڵوێستی فریوكارانه‌ی هه‌ردووك ووڵاتی ئێران و توركیا كه گوایه دژی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی ئیمارات و ئیسرائیلن و به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین ده‌كه‌ن، جگه له‌شانۆیه‌كی ساخته‌كاری شتێكی تر نیه، بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستیه‌ش ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو كاتی شه‌ڕی ئێران و عێڕاق كاتێك ده‌ركه‌وت ئێران ژێر به‌ژێر له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ڕێككه‌وتوه بۆ كڕینی چه‌ك، ئه‌و سكانداڵه‌ش وه‌ك (ئێران كۆنترا) ناوی ده‌ركرد، هه‌روه‌ها توركیاش زۆر ده‌مێكه په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه!
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی باسمان كرد لایه‌نێكی مه‌سه‌له‌كه بێت، لایه‌نكه‌ی تری ده‌وڵه‌تی كۆنه‌په‌رست و ڕه‌گه‌ز په‌رست و جینایه‌تكاری ئیسرائیله، كه ده‌وڵه‌تێكی داپڵۆسێنه‌ره و وه‌ك چه‌قوكێش له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینیه‌كان و له‌ناوچه‌كه‌دا ڕه‌فتار ده‌كا، هاتنه سه‌ركاری ڕه‌گه‌زپه‌رستێكی ڕاسیستی وه‌ك دۆناڵد ترامپیش، ده‌ستی تاوانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی چه‌ند به‌رابه‌ر ئاوه‌ڵاتر كردوه.
هه‌موو ئه‌م سیاسه‌ت و ڕێكه‌وتن و هه‌ڵوێستانه، به ئه‌رێن و نه‌رێنیه‌وه، به‌گوێره‌ی چه‌رخی به‌رژه‌وه‌ندی وولاته ئیمپریالست و زلهێزه‌كانی جیهان و وولاته كۆنه‌په‌رسته‌كانی ناوچه‌كه و ده‌سوڕێ و به‌ئاشكرا نیشانمان ده‌دا كه له‌م نێوه‌دا دوو به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز به‌زه‌ق و ئاشكرا خۆی ده‌رده‌خا، به‌رژه‌وه‌ندی چینی بۆرژوازی له ڕێگای سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كانیانه‌وه كه گشت سنوره نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و تایفیه‌كانیان به‌زاندوه و كرۆكی چینایه‌تی خۆیان زۆر ئاشكرا نیشانداوه، له‌به‌رامبه‌ردا به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و ئازادیخوازی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت له فه‌له‌ستین و ئیسرائیل كه هیچ جۆره به‌رژه‌وه‌ندیه‌كیان له‌م ساتوسه‌ودایه و شه‌ڕ و دوژمنایه‌تیه دینی و نه‌ته‌وه‌ییه نیه و بگره ئه‌وه‌ی ئه‌نجام ده‌درێ دروست دژ به به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه و هێرشه بۆ سه‌ر ژیان و گوزه‌رانیان.
لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه كه خاوه‌نی سه‌ره‌كی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی هه‌ردووك ووڵاتن، ده‌ریش ده‌كه‌وێ كه كلیلی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه ئاڵۆزه هه‌ر به‌ده‌ست ئه‌وانه، ئه‌وانن كه به‌هیچ جۆرێك به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌م سیاسه‌تانه نایه‌ته‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌مڕۆ یه‌كڕیزی خه‌باتی چینایه‌تیان زامنی پوچێڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ندوبه‌ست و ساتوسه‌ودایه‌یه كه له‌سه‌ر ژیان و مافی ئه‌وان ده‌كرێ، ده‌ستبردن بۆ ئه‌م یه‌كڕیزیه چینایه‌تیه، زه‌مینه خۆشده‌كا بۆ له‌قكردنی ژێرپێی ئه‌م لایه‌نه كۆنه‌په‌رستانه و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانیان. چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه له ئێستادا خۆی له دامه‌زراندنی دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدا ده‌بینێته‌وه، یه‌كیان بۆ فه‌له‌ستین و ئه‌وی تریان بۆ ئیسرائیل به دوور له‌شه‌ڕ و كوشتار و دوژمنكاری، دوو ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای دابینكردنی ئازادی و یه‌كسانی و خۆشگوزه‌رانی بۆ دانیشتوانه‌كا‌نی له ئێستاودا بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوش دوور له هه‌ر جۆره مۆركێكی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی.
ئابی 2020