ئایین و خەباتی چینایەتی لە فەڕەنسا

ئەمەی لێرەدا پێشکەش بە خوێنەرانی ڕۆژنامەی ڕەوت دەکرێت بریتیە لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ هاوڕێیانی ڕێکخراوی (یو پی سی – یەکیەتی لە پێناو کۆمۆنیزم)* سەبارەت بە کارە ترۆریست و توانکاریەکانی ئیسلامی سیاسی توندڕەو لە فەڕەنسا و چۆنیەتی سود وەرگرتنی دەوڵەت و هێزە ڕاستەڕەوەکان لەم کردە دژی ئینسانیانە.

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: شیرین عەبدوڵڵا

پێشەکی:

لە مانگی ئەیلولدا ساموێل پاتی مامۆستای فەرەنسی لەلایەن دەمارگیرێکی ئیسلامیی ١٨ ساڵەوە سەر بڕدرا، هێرشبەرەکە گوتبووی کە ویستویەتی سزای پاتی بدات لە بەر نیشاندانی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام  “محەمەد” بۆ قوتابیەکانی لە وانەیەکدا سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین کە وا تێدەگەین بەشێکە لە بەرنامەی خوێندن. چەند هەفتەیەک دواتر لە مانگی ئۆکتۆبەردا لە کەنیسەی نۆتردام لە شاری نیس ٣ کەس بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون.

ئەمانە و زنجیرەیەک هێرشی دڕندانەی هاوشێوە لە فەرەنسا لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا، هەموویان لە دژایەتی ئازادی ڕادەربڕیندا ئەنجام دراون و توندڕەوەکان بە تایبەتی ئاماژەیان بە بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک وێنەی کاریکاتۆری پێغەمبەری ئیسلام (موحەممەد) کردووە، لەلایەن ژمارەیەک ڕۆژنامە و گۆڤاری ئەوروپییەوە کە بووە هۆی هێرشە کوشندەکەی چارلی هێبدۆی ساڵی ٢٠١٥.

گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان بە شێوەیەکی ڕەمزی سەربڕین بەکاردێنن لەگەڵ وێنەگرتنی دواتری سەربڕینەکە بۆ ناردنی پەیامێکی دڵتەزێن وەک ڕێگرێک بۆ هەر کەسێک کەوێرابێتی ڕەخنەیان لێبگرێت.

لە ڕۆژی هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٥ و لە کاتێکدا هێشتا تیرۆریستەکان ئازاد بوون، هەزاران کەس بۆ دەربڕینی هاودڵی و هاوخەمی بۆ قوربانیان و بە بەکارهێنانی دروشمی “جێسو چارلی” (من چارلیم) و پەیامەکانی هاودڵی لە سەرتاسەری جیهاندا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە. هاوکات مارین لو پێن کە کەسایەتیەکی ناسراوی ناسیۆنالیستی ڕاستی توندڕەوی فەرەنسایە، داوای “ڕیشەکردنی ئیسلامگەرایی لە خاکەکەمان” کرد!.

هەندێک ئەو ڕەگەزپەرستییەی کە موسڵمانان لە ئەوروپا ڕووبەڕووی دەبنەوە وەک لێکدانەوەیەک بۆ ئەو تاوانانە دەبینن و زۆر کەس، تەنانەت تا ئەوەش دەڕۆن کە ئەوان شایەنی چارەنووسی خۆیان بوون لەبەر سووکایەتیکردن بە موسڵمانان.

 

پرسیار: لەکاتێکدا هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەو تاوانە ناپەسەندانە، وەک سۆشیالیستێک ئەم جەدەلانە چۆن دەبینن؟ و ڕاتان چیە لەسەر بزوتنەوەی “من چارلیم”؟

وەڵام: دەکرێت دوو لایەنی پەیوەندی دەوڵەتی فەرەنسا بە پرسی ئاینیەوە بخەینە بەرچاو بۆ ئەوەی بە وردی و تەواو تێڕوانینێکی پوختی پێ ببەخشین. یەکەمیان ڕۆڵی ئەم “جەدەلانە”یە لە ئاستی سیاسەتی ناوخۆییدا. و دووەم لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەییدایە، لە ئاستی پەیوەندی دەوڵەتی فەرەنسا بە دەوڵەتەکانی ترەوە، بە تایبەت ئەوانەی کە بە توندڕەوی ئاینیەوە ناسراون و هەندێک جار تەنانەت بەرگری لە توندڕەویەکی دیاریکراو دەکەن.

لە کاتێکدا پەیوەندی نێوان ئەم دوو ئاستانەی کاری دەوڵەت لەوانەیە لە زۆر ڕوەوە ناکۆک دەربکەوێت، لە ڕاستیدا لە ڕووی شیکاری چینایەتییەوە بە قوڵی پێکەوە گرێدراون، دیاردەی دینی لە خزمەتی ڕاهێنانی زاڵبووندایە لەلایەن چینی بۆرژوازییەوە، کە بۆ هێشتنەوەی خۆی لەسەر ئاستی نەتەوەیی بەکاری دەهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم چینە دەبێت لە ئاستی بازاڕی جیهانیدا خۆی بپارێزێت، لە ململانێی نێوان دەوڵەتانی سەرمایەداریدا. بەو شێوەیەش دەبێت سیاسەتێک ئەنجام بدەن کە هاوکۆکیی خۆی هەیە. ئەو دوو گوتاریەی کە بەکاری دەهێنێت کەواتە دەکرێت لە ئەساسدا دووڕوویی بێت.

ئەگەر ئایین شەبەنگی گۆمی فرمێسکی چینی پرۆلیتاری بێت، ئەوا شەبەنگی گۆمی خوێنیەتی کە بەهۆی جەنگەکان و بازرگانی چەکەوە بە ڕابەرایەتی دەوڵەتانی بۆرژوازی دەڕژێت.

بۆچی لە فەرەنسا زۆر لە ئێمە هەین کە چارلی نین؟

دەکرێت شیکردنەوەکانمان هەر لەم پرسیارەوە دەست پێبکات، کە پێ دەچێ پەیوەندیدار بێت. هەروەک ئەم بزووتنەوە سەرتاسەرییە، یەکێتیی پیرۆزی ١٩١٤ مان بەبیر دەهێنێتەوە، دروشمی “من چارلیم” لە دوای هێرش و کوشتاری ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژنامەی “چارلی هێبدۆ” بڵاو بووەوە.

بێگومان ئێمە ئەو هێرشە تیرۆریستییە مەحکوم دەکەین، ئەگەر ئەم هێرشە لە ئەنجامی بڵاو بونەوەی کاریکاتێرەکانی موحەمەدی پێغەمبەرەوە بوو، ئەوە دەبێت لە ڕیزی زنجیرەیەکی درێژ لە کاریکاتێریستە ڕەگەزپەرست و دژە موسڵماندا جێبکرێتەوە. لە بنەڕەتدا ڕۆژنامەیەکی چەپی ڕەخنەگر، “چارلی هێبدۆ” لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا وردە وردە هەڵدەخلیسکێت بۆ ناو کۆمێنتی ڕاسیستی ئاشکرا، کە لەژێر بەرگی “ئازادی ڕادەربڕین” دا کراوە.

نەک هەر بەرگری لە ئەگەری دروستکردنی کارتۆنی دژە ئاینی دەکات، بەڵکو ڕۆژنامەیەکە بەرگری لە ئەگەری دروستکردنی کاریکاتێری ڕەگەزپەرستی ئاشکرا دەکات. بۆیە ناکرێت بەرگری لە پێگەی لەو جۆرە بکرێت. لەوانەیە تۆ ئاگات لەم کارە نەبێت.

ئەم شکڵە لە پاساودانی گوتاری ڕق و کینە بە بیرۆکەی “ئازادی ڕادەربڕین” بەشێوەیەکی سەرەکی لە ئەمریکادا دەبینرێت. ئێستا پەلی بۆ فەڕەنسا کێشاوە و لەلایەن ئەم ڕۆژنامە ساتیرییەوە بەرجەستە کراوە کە ڕقێکی دژە موسڵمان بەرز دەکاتەوە کە ئێستا بێ باکانە لەلایەن حکوومەتێک بەکار دەهێنرێت کە لە ڕێگەی ئەم مۆر لێدانەوە، ستراتیژیەتی هێشتنەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا گرتووە.

لە فەرەنسا ئەم بابەتەی ئازادی ڕادەربڕین بەکار هاتووە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە پشت ئەم ئایدیەڵانەوە ڕاستیەکی توندڕەوی ڕاستەقینە دەوەستێت، وەک (گرووپی نەتەوەیی – Rassemblement National (RN)) و (ناسنامەکان -Identitary Groups).  بەم بۆنەیەوە با ئەوەش بیر بهێنینەوە کە ئێستا پەیوەندی نێوان RN و گروپە ئیسلامییەکان سەلمێنراوە، وەک لەکاتی دادگاییکردنەکەدا کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا لەسەر هێرشی چارلی هێبدۆ ئەنجامدرا ئاشکرا کرا: شانبەشانی یەک لە ناو سندوقی تۆمەتباران دا بازرگانەکانی باڵی ڕاست و جیهادیبوون! لە ڕاستیدا ئیسلامیستەکانیش پێکهێنەری ڕاستی توندڕەون و بەو جۆرەش دوژمنی چینایەتین.

بەم شێوەیە ئازادی ڕادەربڕین وەک ڕوکەشێک بۆ ڕێگەدان بە هێرش بۆ سەر پرۆلیتاریایەکی نەژادی.

بۆچی ئەمە وا؟

دەوڵەت لە راستیدا قازانج لە دابەشکاریی ئایینی چینی پرۆلیتاریا دەکات، سوود لەو ڕاستییە وەردەگرێت کە بەشێک لە پرۆلیتاریا موسڵمانە (یان بەو شێوەیە لەلایەن پڕو پاگەندەی زاڵەوە دیاری کراوە) و بەشێکیشی ئیسلامۆفۆبیکە- (ترسان لە ئیسلام).

ئەگەر بێینە سەر “بەرگری لە موسڵمانان” ئەمە نابێت وەک بەرگری لەدینداری لێک بدرێتەوە. لە بارودۆخی چینایەتی تایبەتی فەرەنسا بەشێک لە پرۆلیتاریا لە ئەصلی کۆچبەر و موسڵمانە. ئەم دابەشکاریە لە نێوان چین و ڕەگەز وەیا پراکتیزەی ئایینیدا بە تایبەتی لە مەترۆپۆلییە گەورەکاندا زەق کراوتەوە، بە تایبەتی لە نێو بەشەکانی پرۆلیتاریا لە کەرتی خزمەتگوزاریدا کە مووچەکەیان کەمترینە لە وڵاتدا (کاشێرەکان، پاسەوانانی ئاسایش، کرێکارانی پاککردنەوە، کارمەندانی لۆجستیک …) و لە کەرتی بینا و کارە گشتییەکاندا (یەکێک لەو سێکتەرانەی زۆرترین بەر مەترسی ڕووداوەکانی سەر کار کەوتووە، نوێنەرایەتی ١٩٪ ی هەموو ڕووداوە کوشندەکان دەکات). بە لەبەرچاوگرتنی ئەم لینکە لە نێوان چینی پرۆلیتاریا و ئیسلامدا، دەوڵەت لە پشت ڕەوانبێژی دژە دینی و پرۆ عەلمانییەوە خۆی حەشارداوە بۆ دژایەتی کردن، مۆرلێدانی ئەم پۆلەی دانیشتوان. زۆرینەی سەلەفیەکان زیاتر لەڕیزی سەلەفییەتی “بێدەنگ”ن نەک “جیهادیی” (تەکفیریزم).

پرسیار: لە عێراقدا ڕژێمی گەندەڵی تائیفی- بۆرژوازی سیاسی دەسەڵاتدار لە ساڵی  ٢٠٠٣وە تا ئێستا بە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ نوقمی قەیرانێکی قوڵ بوو. ئەم هێزە کۆنەپەرستانە بۆ ماوەی ١٧ ساڵ نەدەژیان ئەگەر و روژاندنی هەستی ئاینی و مەزهەبی بە سیستماتیک نەبوایە. ئەو بابەتە کۆمەڵایەتیە ئەخلاقیانەی کە لە ئیسلامدا ڕەت دەکرێتەوە وەک مەی خواردنەوە یان لە حاڵەتی ژناندا نەپۆشینی حیجاب یان تەنانەت بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکاندا لە پاڵ پیاواندا وەک پاساوێک بۆ هەراسانکردنی چالاکوانان بەکار دەهێنرا. لە بەرامبەردا، خۆپیشاندەران دروشمی ئیدانەی دابەشکارییە تائیفیەکانیان هەڵدەکرد،  بینیمان یەکێک لە دروشمە هەرە بەهێزەکانیان بریتی بوو لە: “بەناوی ئایینەوە دزەکان تاڵانیان کردین”. ئایا دەتوانین بڵێین دەوڵەتی سەرمایەداری فەرەنساش بە هەمان شێوە سود وەردەگرێت لەم دابەشبونە دینیانەی کۆمەڵگە و بەردەوام بونیان لە نێو جەماوەری خەڵکدا؟

وەڵام: وا دیارە ئیسلام ئاینی زاڵە لە عێراقدا و زۆر جارلەوانەیە ڕووبەڕووی دژایەتی ببنەوە بەرامبەر بە دیاردە دینیەکان و بێ گومان لە نێوان مەیلی جیاوازی ناو ئیسلامدا. دیارە ئەم پەیوەندیە لەگەڵ ئیسلام هاوشێوەی ئەو پەیوەندیەیە کە لە فەرەنسا هەیە لە نێوان کاسۆلیک و ئەتایستەکاندا. کەواتە وادیارە بەڕاستی دابەشبوونێکی ئایینی بەو جۆرە نییە کە بناسرێتەوە.

دەبێت ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە ئەم دابەشکردنە ئاینییە بەهێزەی پرۆلیتاریا تایبەت نییە بە فەڕەنسا، ئەمە لە وڵاتانی ئەوروپا چاودێری دەکرێت کە بە ڕێژەیەکی بەرز پشت بە کاری پەنابەران دەبەسیتێت. لە لایەکەی دیکەش بەکارهێنانی گوتاری دژە موسڵمان لە لایەن حکوومەتەوە تایبەتە بە دەوڵەتەکانی وەک هەنگاریا، پۆڵەندا، کۆماری چیک، سلۆڤاکیا، ئیتالیا و فەرەنسا.

لە کاتی کوشتنی ساموێل پاتیەوە، حکومەت دەرفەتی ڕەخساند بۆ ئەوەی کە هێرشێکی نوێ دەست پێ بکات: لە دژی هەموو بزووتنەوە دژە نەژادپەرستەکان. ئەم هێرشە لە ڕاستیدا بەدوای پڕۆژە یاسای “دژی جیاخوازی”دا کەوت، کە وا دەکات جبەخانەی یاسادانان بۆ لێدان لە گروپ و کۆمەڵە دژە ڕەگەزپەرستەکان دابنرێ. حکومەت، بە بەکارهێنانی زاراوەیەکی باوی وەک “ئیسلامۆگۆچییەت” کە ئەوپەڕی ڕاستە، چەپی دژە ڕەگەزپەرست تاوانبار دەکات بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دژە سپی. ئەم هێرشە خۆی نەک هەر پرۆسەی یەکگرتنی پرۆلیتاریا قورس دەکات، بەڵکو وەستانەوەش بە ڕوی شێوازەکانی زاڵبوونی کە تووشی دەبێت.

بەم شێوەیە خەبات دژی ئیسلامیزم دەگۆڕدرێتەوە بۆ خەباتێک لە دژی بزووتنەوە دژە ڕەگەزپەرست و چەپەکان بە بەکارهێنانی جبەخانەی یاسادانانی دژە تێرۆرستی.

گوتاری دژە موسوڵمانی دەوڵەت کە شان بە شانی گوتارە ئەمنییەکەیەتی، تەنها سیاسەتن کە کۆنترۆڵی بودجەیی تێدا نییە، کە دەوڵەت بەرەنگاری خاوەن کارەکان ناکاتەوە و لەبەرئەوە هیچ (یان زۆر کەم)ی تێ نەچووە. گۆڕینی ئەم کێشانە بۆ بەرنامەیەکی سیاسی وا دەکات کە هەموو بەرنامەیەکی ئابووری بنکەدار بێ بایەخ و بێ نرخ بکرێت، لەوانە بوژاندنەوەی هەندێک خزمەتگوزاری گشتی (وەک نەخۆشخانەکان) لەلایەن بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی (لەوانە هێلەگە زەردەکان) و بە نیشتیمانیکردنی کۆمپانیاکان و هتد و بەهەمان شێوە خۆلادانە لەو بەرنامە سیاسیانەی.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئیسلامیزمێکی ڕادیکاڵ کە لەناو چینە جەماوەریەکاندا بەربڵاوە، بەبۆچوونی ئێمە، کێشەدار دەمێنێتەوە بەوەی کە دیاردەیەکی ناکۆکە لەگەڵ پرۆسەی یەکگرتنی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریادا کە ئێمە کاری بۆ دەکەین.

پرسیار: زۆرجار ئاین وەک بەرگێک بۆ ئایدۆلۆژیای سیاسی ڕاستی توندڕەو وەک ئیسلامی سیاسی بەکاردێت چۆن دەتوانرێت هاوسەنگیەک بدرێت لە نێوان بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین و لەهەمان کاتدا ڕێز لە مەسەلەی زۆر هەستیاری سۆزی دینی کەسانی بڕواداری ناڕادیکاڵ بگیرێت، کە زۆرینەیان ئیدانەی دڕندەیی ئەو توندڕەوە دینیانە دەکەن و دژیانن؟

وەڵام: ڕاستە چەندین خەڵکی ڕادیکاڵی فەرەنسی لە بەرەی ئیسلامییەکاندا شەڕیان کردووە، بۆیە ئەمە دیاردەیەکی زەق ترە لە فەڕەنسا. ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا، دابینکەری سەرەکی خۆکوژەکان بوون ئێمە پێمان وایە ئەمە بەهۆی بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوەوە، کە لە ئەنجامی قەیرانی ئابووریەوە بووە هۆی هەژارکردنی بەشە زۆرەکانی دانیشتوان. ئەم دۆخەی ئەوروپا بێ پەیوەندی نیە بەتێکشکانی بزووتنەوەی کرێکاریەوە لە ئەوروپا. ئەم دیاردە سەرەتاییەی جیهادیش دەکرێت بە گوتارە نەتەوەییەکە لێکبدرێتەوە وهەروەها بەو سیاسەتە دەرەکیەی کە حکومەت پەیڕەوی دەکات. بێگومان فەڕەنسا بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورە نێودەوڵەتیەکاندا دەکات. بەهۆی ڕابردووی کۆلۆنیالیزمی سیاسەتە ئیمپریالیستیەکانی کە لە سەدەکانی ١٨ و ١٩ دا پەیڕەو دەکرا، لە هەموو جیهاندا، دژە کۆلۆنیالیزمێک و دژە فەڕەنسی بەهێز هەیە، بەتایبەتی لە کۆڵۆنیە پێشووەکانی ئەم وڵاتەدا.

هەروەها دەوڵەتی فەرەنسا لە پەیوەندی نزیکدایە لەگەڵ ڕژێمە ئیسلامیە ڕادیکاڵە وەهابیەکاندا بۆیە دووڕووە لە پەیوەند بەو گوتارە دژە ئیسلامیانەی لە سەرئاستی نەتەوەییدا بەڵام بۆ پاراستنی فەرەنسا لە گەمەی ململانێی نێوان گەلاندا هاوکۆکە.

بۆیە ئێمە هەندێک بزووتنەوەی ئایدیۆلۆژیی بۆرژوا نەتەوەییەکانی موسڵمان دەبینین کە بە هەڵمەتی دژە کاریکاتێر و بایکۆتی فەرەنسا (وەک لە پاکستان) دەناسرێتەوە. ئەمە جێی سەرنج و تێبینیە چونکە چەندین هەڵمەتی تری ئیسلامۆفۆبیک ئەنجام دەدەرێت بەبێ هیچ سەرنج ڕاکێشانێکی ڕای گشتی.

لە کۆتاییدا، دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکەین کە سەرکەوتنی وەهابییەت لە پارە و سامانەوە دێت کە لەبەردەستیاندایە. لەم چوارچێوەیەدا کێشەداردەبێت کە لێیبگەڕێیت ببوژێتەوە بەڵام مانەوەیشی لەناو تێکۆشانێکی ئایدیۆلۆژیدا شتێکی وەهمیە. دواجار، هەروەها بزووتنەوەیەکی پان ئیسلامی و کۆنەپەرست هەیە کە لە ململانێی نێوان ئیمپریالیستەکاندا تێوەگلاوە کە دەبێت لە دژی خەبات بکەین.

دوا وتەیەکتان چیە وەک دەرەنجامێک؟

تاڕادەیەک، دەبێت چاودێری گەڕانەوەی ئەو پرسە ئاینییە بکەین، کە بۆ ئێمە هەموو ئەو میکانیزمە مێژوویی وکۆمەڵایەتی و دەروونییەکانن کە کۆسپن لە بەردەم یەکگرتنی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا. ئەم گەڕانەوەیە دەکرێت بە نەبوونی ڕوانگەیەکی ئایندە لێک بدرێتەوە، کە لەلایەن سەرمایەدارییەکەوە دروست بووە، کە بونیادە کۆمەڵایەتییەکان لەناودەبات، کە دەبێتە هۆی دروست کردنی “پێویستیەکی کۆمەڵگا” کە بە دین دابین دەکرێت، لەلایەن سەرمایەدارییەک کە ژینگە وێران دەکات، کە وا دەکات مەحاڵ بێت بۆ داهاتو بڕوانێت، کەشێکی سامناک کە پێویستیی بە قەناعەتێکی میتافیزیکی دروست دەکات، بە بارودۆخێکی مێژوویی کە  هەر ئاڵتەرناتیڤێک بۆ کاپیتالیزم تیایدا لە دوای کەوتنی سۆڤیەتەوە، مەحاڵە.

وەهمی مایەپووچی ئەزموونی کۆمۆنیستی، هەوێنی حەماسەتی ئایینیە، کە تاکە پەناگەی شیاوە بە پێی ئەم مێژووناسییە. نەبوونی ئەلتەرناتیڤ لەم فریودانە بە مێژوویدایە. بۆیە ئەرکی ئێمەیە کە بەردەوام بیری هەموو لایەک بهێنینەوە کە بۆچی یەکێتی سۆڤیەت سۆسیالیزم نەبوو، بۆچی نە بەها و نە بازاڕی لە ناو نەبرد، بە سادەیی هەنگاوێک بو بڕدانەوەی نوێگەری (modernisation). با بیرمان بێت کاتێک یەکێتی سۆڤیەت ڕووخا، جەماوەریش گەڕایەوە بۆ کەنیسە. سۆسیالیزمی ڕاستەقینە دیاردەی ئایینی تیایدا کەم دەبێتەوە.

وەک مارکس دەڵێت بیروباوەڕی ئاینی لە لایەک دەربڕینی بەدبەختی ڕاستەقینەیە و لەلایەکی تریشەوە ناڕەزایەتیە دژی بەدبەختی ڕاستەقینە. “بۆ ئەوەی ئایین وەک بەختەوەرییەکی وەهمی خەڵک نەمێنێت، داوای بەختەوەریی ڕاستەقینەیان بکەن. داواکاری دەستبەردان لە وەهم سەبارەت بە دۆخی ئێستا، داواکاری دەستبەردانە لە دۆخێک کە خۆی پێویستی بە وەهم هەیە”.

*****************************************************

*(ڕێکخراوی یەکیەتی لە پێناو کۆمۆنیزم (UPC) ڕیکخراوێکی چالاکی شۆڕشگێری کۆمۆنیستیە لە فەڕەنسا لە ساڵی (٢٠٠٧) دروست بوە کە هاوخەباتی و هاوفکریەکی پتەوی لەگەڵ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراقدا هەیە.

هاوڕێیانی ئەم ڕێکخراوە چەندین وتار و دۆکومەنتی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق)یان تەرجومە کردوە بۆ فەڕەنسی و گەیاندویانە بە کۆڕ و کۆمەڵەکانیان و لە میدیاکانیانەوە بڵاویان کردۆتەوە.

لە مانگی ئایاری (٢٠٢٠) دا، ئەم ڕێخکراوە (UPC) و (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراق) بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد سەبارەت بە پەتای کۆرۆنای جیهانی و بۆچونی هاوڕای هەردو ڕێکخراو و ڕەخنەیان لە سیستەمی کاپیتالئیزمی نیۆلیبرالیزمی سەردەم و ڕۆڵی لەم پەتایەدا و ناکامیەکانی لە بەرەنگاربونەوەیدا. ئەم بەیاننامەیە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و فەڕەنسی بڵاوبۆتەوە.

دێسەمبەری ٢٠٢٠

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

ژنکوژی وخۆکوشتن و توندوتیژی – تا کەی!

شیرین عەبدوڵا ماوەیەکە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاکانەوە هەواڵی زیاد بونی ڕێژەی دیاردەی ژن ...

شەش ساڵ حوکمی زیندانی و دادگای پیاچونەوەی هەرێم

نەواد بابان ئە‌گە‌ر دادگا سەربەخۆ بوایە و یاسای مەدەنی سە‌روە‌ر بوایە‌ ‌لە‌م ھە‌رێمە‌‌دا،  ئێستا دە‌بوایە‌ ...

سەما، گڕی ئازادی دەربڕین و نواندنی موسیقایی جەستەیە

 ئەوەی فورسەتی  بەم توانا سەرکوتکارییەی لایەنە ئیسلامیەکان لە دژی هونەری یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی بە خشیوە، ...

لە یادی (کۆمۆنەی پاریس)دا

موئەیەد ئەحمەد ئەمڕۆ (١٨-٣-٢٠٢١)، سەد وپەنجا ساڵ بەسەر بەرپاکردنی کۆمۆنەی پاریسدا تێئەپەرێ. پێشوازی فراوان و ...

شەنگال لەناو بەرداشی کێشمەکێشێکی جیۆ-سیاسیدا

چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ساڵح ڕەوت: هاوڕێ عەبدوڵا سالح سوپاس کە بۆ ڕۆژنامەی ڕەوت کاتت گونجاند تا ...

%d مدونون معجبون بهذه: