فوئادی مەجید میسری چاوپێکەوتن

ڕەوت: ئیسلامى سیاسی، سەردەمى خەلافەت بە مێژووى زێڕین ناو دەباو کۆمەڵگاى ئێستا بە جاهیل پێناسە دەکا و خۆى وەک ئەلتەرناتیڤى نەمر و سەروو مێژوو دەناسێنێ … چۆنە کۆمەڵگاى سەرمایەدارى هاوچەرخ جێگاى ئەمجۆرە حوکمڕانییەى بەکارهێناوە؟ حکومەتى تیۆکراتى ئیسلامى و سەرمایەدارى چ پەیوەندى و هاوبەندییەکیان پێکەوە هەیە؟

فوئاد م. میسری: من لەو گۆشە نیگایەوە ئەڕوانمە ئایین (هەر ئایینێک) کە: شێوەیەکە لە شێوەکانى هوشیارى کۆمەڵایەتى. بەم مانایە، ئایین ئەبێ مەوداى مێژوویى و کۆمەڵایەتى هەبێ. لە زەمان و زەمینێکدا سەریهەڵداوە و خەڵکێک پێوەى پابەندبوون و پاشان وردە وردە بنجى داکوتاوە. ئاینى ئیسلامیش وەک ئایینەکانى تر لەم یاسایە بەدەر نییە.

ئەو کاتەى ئاینى ئیسلام سەریهەڵدا نزیکەى شەش سەدە بەسەر ئاینى مەسیحیدا تێپەڕیبوو. تەنانەت خەڵکى نیمچە دورگەى عەرەبستانیش کەم تا زۆر پێى ئاشنابوون. بە دەلیلى ئەوەى بیروڕاى ئاینى نزیک لە تێزەکانى مەسیحییەت قسە و باسیان لە بارەوە ئەکرا و چەندین کەسایەتى ڕۆشنبیر و دەستڕۆیشتووى ناو کۆمەڵگاى عەرەبستان لەناو ئۆرگانیکدا کۆبووبوونەوە و بە ئاشکرا بیرى بتپەرستییان ڕەتدەکردەوە و قسەیان لە خودایەکى تاک و تەنها ئەکرد. بیروڕاى ئەم تاقمە خەڵکە بە ئاشکرا شوێن دەستى ئاینى مەسیحییان پێوە دیار بوو.

هەر کەس بەوردى مێژووى بەر لە ئیسلامى نیمچە دورگەى عەرەبستانى بخوێنێتەوە تێدەگا (ئەحناف)ەکان چ ڕۆڵێکیان لە بڵاوکردنەوەى بیرى یەکتاپەرستیدا هەبووە. بەرهەمە شیعرییەکانى شاعیرێکى دەرکەوتووى وەک (ئومەییەى کوڕى ئەبى سەڵت) کە یەکێکە لە (ئەحناف)ەکان، بەڵگەیەکى حاشاهەڵنەگرى ئەم حەقیقەتە مێژووییەن. بیروڕاى ئاینى کەسێکى وەک (وەرەقە کوڕى نەوفل) و (بوحەیرا)ى ڕاهیب و تێزە ئایینیەکانى (جەبرى نەێارا) کە هەموویان سەر بە (ئەحناف) بوون، سەرەتاى هاتنەکایەى تێزێکى نوێى ئایینیبوون لە هەناوى کۆمەڵگاى نیمچە دورگەى عەرەبستاندا. هاوکات هەلومەرجى ئابورى و گەشەسەندنى بازرگانى و کاریگەرى شارستانیەتى بیزەنتە لە ڕێگاى (شام)ەوە کە ئەو کات پەیامبەرى ئیسلام بۆخۆى یەکێک بوو لە بازرگانەکانى (مەککە) و بەردەوام بەرێگەى (شام)ەوە بووە، ئەمانە چەند فاکتەرێک بوون ڕۆڵى گرنگیان لە فۆڕمەڵەکردنى تێزەکانى ئاینى نوێدا بینى.

مەبەستم لەم کورتە پێشەکییە ئەوەیە بڵێم: هیچ ئایینێک لە دەرەوەى مێژوو نەهاتووە و مادام دیاردەیەکى مێژووکردە، کەواتە جۆرێکە لە هۆشیارى کۆمەڵایەتى سەردەمى خۆى. بۆیە ئەبێ لە چوارچێوەى زەمان و زەمینى خۆیدا دابنرێ و وەک هەر دیاردەیەکى ترى کۆمەڵایەتى مامەڵەى لەگەڵدا بکرێ.

مەسەلەى ئەوەى کە ئیسلامى سیاسى، سەردەمى خەلافەت بەسەردەمى زێڕین ناو دەبا شتێکى نوێ نییە! هەموو مێژوونووسانى ئیسلام هەمان ڕایان هەیە. تەنانەت دامەزراوەى (فیقهى)ش بانگەشەى لەمجۆرەى زۆرە و ئەو مێژووە بە دەستکەوتى ئاینى دەزانێ و دەیکاتە منەت بەسەر مرۆڤایەتییەوە، وەک ئەوەى ئاینى نوێ گەلانى دونیاى لە خێر و خۆشیدا خەنى کردبێ. با کەمێکى تر بە مێژوودا بچینەوە.

ئەو کاتەى (موعاویەى کوڕى ئەبو سوفیان) کرا بە والى شام و حوکمڕانى ئەکرد و دوایى کردییە سەنتەرى دەوڵەتى خەلافەت، زۆر دەمێک بوو شام لە سایەى دەوڵەتى بیزەنتەدا گەشەکردنێکى بەرچاوى بە خۆیەوە دیبوو. بوو بووە سەنتەرێکى گەورەى بازرگانى و تەنانەت کە دامودەزگاى دەوڵەتى ئومەوى ڕێکدەخرا، عەرەبەکان بێجگە لە ئامرازەکانى دەسەڵاتى بێزەنتە، هیچ شتێکیان پێ نەبوو. بەسەرێکى تریش شارستانیەتى (فینیقى) دەمێک بو کاریگەى خۆى لەسەر (شام) و ناوچەکە جێهێشتبوو.

مێژوونووسى هەرە دیارى عەرەب و ئیسلام (تەبەرى) ئەیگێڕێتەوە کە لەشکرى ئیسلام بە مەبەستى داگیرکردنى باشوورى عیراق و ئێران لە نیمچە دورگەى عەرەبستانەوە بەرێکەوتن و گەیشتنە ئەو جێیەى ئیستا پێى ئەوترێ، (بەسرە) یەک کەسى ناو ئەو لەشکرە نە بەرگ و پۆشاکیان پێوە بووە و نە پێڵاویان لە پێدا بووە. قەدەغەش بووە تێکەڵ بە ئاوەدانى ببن، نەبادا بکەونە ژێر کاریگەرى خەڵکى شارنشینەوە. مەعلوومیشە ئەو لەشکرە لە داگیرکردنى (مەدائن)دا و لە پێناو غەنیمەت و دەستکەوتى جەنگدا چۆن چۆنى مامەڵەیان لەگەڵ دانیشتوان و کلتور و شارستانیەتى ئەو کاتى دەوڵەتى ساسانیدا کردووە. هەر لەسەرەتاوە کەڵکیان لە شێوە ڕێکخستنى سوپاو دام و دەزگاى ئیدارى ئێرانییەکان وەرگرت و پەیڕەویان کرد. مەبەستم لەم ڕوونکردنەوە مێژووییە ئەوەیە بڵێم: ئەو کاتەى عەرەب بە مەبەستى داگیرکردنى وڵاتان لە نیمچە دورگەى عەرەبستان چووە دەرەوە، بێجگە لە ئاینى ئیسلام هیچ شتێکیان بە دیارى بۆ گەلانى ناوچە نەبردووە. بەپێچەوانەوە بە کەڵک وەرگرتن لە کلتور و شارستانیەتى بێزەنتە و ئێرانى، توانییان بەردى بناغە بۆ دەوڵەتى ئیسلام دابنێن. ئەوانەیش کە لە قۆناغێکى ترى دەوڵەتى خەلافەتدا، ڕێبەرایەتى بزووتنەوەیەکى ڕۆشنبیرى مەزنیان کرد، بەدانسقە عەرەبیان تێدا بووە. هەموو ئەوانەى لە بوارە زانستییەکاندا ڕۆڵى گرنگیان هەبووە و بەکردەوە بەشدارییان لە پێشخستنى کلتور و شارستانیەتێکدا کردووە کە بە شارستانیەتى عەرەبى-ئیسلامى ناسراوە، بە ڕەگەز ئێرانى و غەیرى عەرەب بوون. پرۆسەى جیهاد، وەک تێزێکى ئاینى، شەرعییەتیدا بە داگیرکردنى وڵاتان و بە کۆیلەکردنى گەلان. ئەم تێزە کە ئەچێتە خانەى یەکێک لە پێنج ئەرکە ئایینیەکەى ئیسلام، دەرفەتێکى باشى بۆ دەسەڵاتدارانى عەرەب ڕەخساند، ڕۆژ لە دواى ڕۆژ قەڵەمڕەوى دەسەڵاتیان فراوانتر بکەن. کەڵک لە کلتور و شارستانیەتى گەلانى غەیرى عەرەب وەربگرن. عەرەب ئەو کاتە بە بیرى فەلسەفى ئاشنابوو کە لە ڕێگاى وەرگێڕانەوە بەتێزە فەلسەفییەکانى گریک و هیندوسى ئاشنا بوون.

نکوڵى لەوە ناکرێ کە دەوڵەتى خەلافەت لە دواى نزیکەى دوو سەدە، بووە ئەو دەوڵەتەى هەموو شەرایتەکانى دەوڵەتێکى ئیمپراتۆرى تێدا بەرجەستە بوو. بەڵام هەر ئەم دەوڵەتەیش بە لافاوى خوێن و لەسەر ئێسک و پروسکى هەزاران و بگرە ملیۆنان خەڵکى سەر بەنەتەوەى گەورە و بچووک چووە ناو نەخشەیەکەوە، مێژووى عەرەب و ئیسلام بەسەدەى زێڕینى دادەنێ.

ڕەنگە هەبێ بپرسێ: ئەوە چ هێز و قودرەتێک بوو، ئەو توانایەى بە چەند تیرە و هۆزێکى عەرەبى بیابانشین بەخشى، ببنە خاوەن دەوڵەت و شارستانیەت لە مێژوودا..؟!

ڕاستییەکەى ئەو شارستانییەتە دەستکردى تایبەت بە عەرەب نییە و هەموو ئەو گەل و نەتەوانەى بە زەبرى هێز کەوتنە ناو قەڵەمڕەوى ئیسلامەوە، پشکى هەرە گەورەیان لە بنیاتنانیدا هەبووە و هەر ئەوانیش خاوەنى ڕاستەقینەین.

ئێستا دەبێ وەڵامى پرسیارە جەوهەرییەکە بدەینەوە. ئەوانەى بە شانازییەوە لە دەوڵەتى خەلافەت ئەدوێن، مەبەستیانە مێژووى ئایینەکە و دەرکەوتەکانى بخەنە فەزایەکى میتافیزکییەوە و فاکتەرە حەقیقییەکانى پەرەدەپۆش بکەن.

دیارە لە دیدى ئاینى ئیسلامەوە، فاکتەرى ئەم سەرکەوتنانە، دەگەڕێتەوە بۆ پیرۆزیى و ڕەوایەتى خودى ئایینەکە و گوایە خودا بە ئیرادەى خۆى هێز و تواناى بە جەنگاوەرانى موسوڵمان بەخشى و سەرکەوتنى یەک لە دواى یەکى بۆ دەستبەرکردن!! ئیسلامگەراکان و هەموو ئەوانەى کە بەو جۆرە لە مێژوو ئەکۆڵنەوە، بیانەوێ و نەیانەوێ مێژووى ئیسلام ئەخەنە ناو چوارچێوەیەکى میتۆلۆجییەوە و ڕواڵەتێکى ئەفسانەیى پێ ئەبەخشن. هەرچى حەقیقەتە مێژووییەکەیە بە جۆرێکى ترە.

ئەو کاتەى لەشەکرى عەرەب بەرەو باشوورى عیراق و دەوڵەتى ساسانى هێرشى هێنا، ئیمپراتۆریەتى ساسانى لە دواین قۆناغەکانى تەمەنیدا بوو. بەرادەیەک بێ توانا و لەرزۆک بوو بوو، تواناى بەرگریکردنێکى ئەو تۆى نەبوو پارێزگارى لە دەسەڵاتەکەى بکا. ئەمە فاکتەرە بابەتییەکەى شکستى دەوڵەتى ساسانى و یەکێک لە هۆکارەکانى سەرکەوتنى لەشکرەکەى ئیسلام بوو. هەرچى فاکتەرە زاتییەکەیە کە هێز و وزەى بەداگیرکەران ئەبەخشى، شەرعییەتدان بوو بە دووشت.

یەکەم: عەدالەتى هێرش و پەلامار لە ژێر دروشمى (جیهاد) و بانگەوازى بڵاوکردنەوەى ئاینى نوێ.

دووەم: هاندەرى ماددى، واتە دەستکەوتى شەڕ و تاڵان و بەکۆیلەکردنى مرۆڤ. ئەم نەریتە کە ئیسلام حەڵاڵى کرد، بەشێکى گرنگە لە ترادیسیۆنى عەرەبى بیابانشین و تەواو لەگەڵ هەست و نەستى تاکى عەرەبى ئەو سەردەمە گونجاو بووە. هەرچى ئاینى ئیسلامە، ئەم نەریتەى لە چوارچێوەى ترادیسیۆنى میللى هێنایە دەرەوە و شەرعیەتى خودایى پێدا. پێش ئیسلام کە تیرە و هۆزە عەرەبەکان لەناو خۆیاندا بەشەڕ ئەهاتن، لایەنى سەرکەوتوو غەنیمەتى دنیایى پێ دەبڕا. بەڵام ئاینى ئیسلام جگە لەوەى شەرعییەتى پێدا بە ئایەتى قورئان بەڵێنیشىدا بە موسوڵمانان ئەوەى لە دونیا لێى بێبەش بون لە قیامەت بەسەدان قات پاداشتى دەدرێتەوە!

بۆچى ئیسلامى سیاسى کۆمەڵگاکانى ئەم سەردەمە بە جاهیل پێناسە ئەکا و وەک ئەلتەرناتیڤى نەمر و سەرومێژوو خۆى ئەناسێنى.؟!

لەفەرهەنگى عەرەبدا وشەى (جەهل) بۆ مرۆڤى نەزانە. لە فەرهەنگى ئیسلامدا بەو کەسانە دەوترا کە ئاینى تازەیان قەبووڵ نەبوو یان لێى بێئاگابوون. پاشان بە باڵاى قۆناغێکى مێژوویشیان بڕى، کەسەردەمى پێش ئاینى ئیسلامە و مێژووى کۆمەڵایەتى بەر لە ئیسلامیان ناونا، سەردەمى جاهیلى..

لە دیدى ئیسلامى سیاسیدا، تەنها ئەو کۆمەڵگایە موسوڵمانە کە تێیدا تەواوى یاسا ئایینیەکانى ئیسلام لەسەر ئاستى کۆمەڵ و تاک پەیڕەو بکرێ. یانى بە کۆمەڵگایەک ئەوترێ موسوڵمان، کە سیستمى حوکمڕانى ورود و درشتى یاسا و رێسا دینییەکان لە دیدى ئایینەوە سەرچاوە بگرن. هەر کۆمەڵگایەک بەدەقى پیرۆز کارى نەکرد، کۆمەڵگایەکى جاهیلە و تەکفیر ئەکرێ. ئەم چەمکە یەکەمین جار (ئەبولئەعلا ئەلمەودوودى) لە هیندستان و پاشان لە کۆتایى پەنجاکانى سەدەى رابردوودا (سەید قوتب) پیادەیانکرد و بووە بەرنامەى فیکریى هەموو حزبە ئیسلامگەراکان. ناوەرۆکى ئەم چەمکە ئەوە دەگەیەنێ کە لە حاڵى حازردا هیچ سیستمێکى ئیسلامى لەسەر تاسەرى دونیادا لە گۆڕێ نییە و ئەوەى هەیە هەر بە ناو ئیسلامین و کۆمەڵگاکانیان لە قۆناغى (جاهلى)دا ئەژین!! بۆیە پرۆسەى جیهاد لە ئێستادا ئەبێتە ئەرکى لەپێشینەى موسوڵمانى ڕاستەقینە تا کۆمەڵگا بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانى.

مەسەلەى ئەوەیش کە حکومەتى تیۆکراتى ئیسلامى و سەرمایەدارى چ پەیوەندى و هاوبەندییەکیان پێکەوە هەیە، مەسەلەیەکە ئەبآ لە روانگەى بەرژەوەندییەوە هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێ.

بەر لە هەر شتێک ئەبێ حەقیقەتێک لە بەرچاو بگرین کە ئاینى ئیسلام دژ بە سیستمى سەرمایەدارى نییە و بەدەقى قورئان پشتیگرى لە خاوەندارێتى تایبەت دەکا. ئەوەى کە لە دنیاى ئەمڕۆدا ئەگوزەرێ دژایەتى نێوان دوو سیستمى ئابورى جیاواز نییە. بە نموونە: ناکۆکى نێوان جمهورى ئیسلامى ئێران و سەرمایەى جیهانى، ناکۆکى نێوان دوو سیستمە هەردوولا لە هەڵپەى پاراستن و جێبەجێکردنى ستراتیژى خۆیاندان. جمهورى ئیسلامى ئێران لە یەکەم ڕۆژى دامەزراندییەوە، دروشمى ناردنە دەرەوەى شۆڕشى ئیسلامى بەرزکردۆتەوە و بەرژەوەندى لە فراوانکردنى قەڵەمڕەوى ئابوورى و سیاسیدایە لە ناوچەیەکدا سەد (١٠٠) ساڵە سەرمایەى جیهانى لە بارى ئابورى و سیاسییەوە کۆنترۆڵیکردووە. ئەوەى لەم رۆژگارەدا دەگوزەرێ ململانێى نێوان هێزێکى تازەپێگەیشتووى خاوەن سامانى نەوت و کەرەسەى خاو، لە ڕووى جوگرافیشەوە، جگە لە فراوانییەکەى خاوەن مەوقیعێکى ستراتیژییە. بۆیە دەبێتە جەمسەرێکى ناکۆک لەبەرامبەر سەرمایەى جیهانیدا.

سەرمایەى جیهانگیر، ناکۆکى لەگەڵ ئێراندا لەسەر فۆڕمى تیۆکراتى نییە. ئەوانە بۆخۆیان لە دواى هەرەسهێنانى دەوڵەتى عوسمانییەوە، پشتگیرییان لە دامەزراندنى دەوڵەتى تیوکراتى و تەنانەت حزب و ڕێکخراوى ئاینى دەکرد. بۆچى چونکە ئایدیۆلۆژیاى ئاینى فاکتەرێکى بەهێزە بۆ چەواشەکردنى حەقیقەتەکان و خەفەکردنى بزووتنەوەى شۆڕشگێڕانە.

سیستمى حوکمڕانى لە ئێراندا، سیستمێکى سەرمایەدارییە بە هەموو مانایەک، ڕواڵەتە ئایینییەکەى، پەیڕەوکردنى یاسا و رێساى ئاینى ئەو چەکەیە سیاسەتە ئابورییەکانى خۆى پێ ئەپارێزى. تۆ بڕوانە، سیستمێکى حوکمڕانى وەک عەرەبستانى سعودى کە هاوشێوەى ئێران تیوکراتییە، چۆن ئەبێتە پشت و پەناو هاوپەیمانى هەمیشەیى سەرمایەدارانى جیهان و ئەوانیش لە بەرامبەردا بەچ شێوەیەک پشتیوانى لێدەکەن.

 ڕەوت: لە کتێبى بیرى ئوسووڵیدا، کاتێک دێیتە سەر سەلەفییەتى سەدەى بیستەم و جەماعەتى ئیخوان موسلیمین و بڵاوبوونەوەى بە جیهانى عەرەب و ئیسلامدا دەڵێى: ئەمە نیشانەى شکستى ناسیۆنالیزمى عەرەب بوو، ئایا ئیسلام بۆ خۆى بەشێک نییە لە پانعەرەبیزم؟

 فوئاد م. میسری: من کە ئەو تێزەم پیادەکردووە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم: ناسیۆنالیزمى عەرەبى کە ئایدیۆلۆژیاى چینى بۆرژواى عەرەبە، نەیتوانى قۆناغى ڕزگارى نیشتمانى بەشێوە سوننەتییەکەى بە ئەنجام بگەیەنێ. دواى هەرەسهێنانى دەوڵەتى خەلافەت و شکستى پانئیسلامیزمى عوسمانى، کۆلۆنیالکردنى میراتەکەى لەلایەن ڕۆژئاواى سەرمایەدارییەوە، لەمپەرێک بوو لەبەردەم گەشەکردنى چینى بۆرژواى عەرەبدا. لە سایەى دەسەڵاتى کۆڵۆنیالیزمیدا، چینى بۆرژوا کۆمپرادۆر برەوى سەندو دەوڵەتى عەرەبى تازە دامەزرا و لە فۆڕمى نیمچە دەرەبەگ و نیمچە کۆڵۆنیدا دەرکەوت. ئەم چینە -بۆرژوا کۆمپرادۆر- کە بەرژەوەندى لەگەڵ دەسەڵاتى کۆڵۆنیالیدا یەکیدەگرتەوە، بووە جێگرەوەى چینى بۆرژوا کە دەبوو هاوشێوەى ڕۆژئاوا، شۆڕشى بۆرژوازى بەرپا بکا و ئەرکى پرۆسەى ڕزگارى نیشتمانى لە ئەستۆ بگرێ. دەوڵەتە کۆڵۆنیالیستەکانیش لەبەرژەوەندییان نەبوو لایەنە پۆزەتیڤەکانى تەجرەبەکەى ئەوروپا بگوێزنەوە بۆ وڵاتانى کۆڵۆنیاڵکراو. هاوکات بوونە هاوپەیمانى کۆنەپەرستترین و دواکەوتووترین هێزى کۆمەڵایەتى کە لەسەر زەمینەى واقیع بەرگرییان لە دواکەوتووترین شێوەى دەسەڵات و بەهاى کۆمەڵایەتى ئەکرد. من لە دوو توێى ئەو کتێبەدا هەوڵمداوە قسە لەبارەى هەوڵەکانى دەوڵەتێکى وەک بەریتانیا بکەم کە چۆن کارى لەسەر ژیاندنەوەى ئایدیۆلۆژیاى ئاینى کردووە. بەریتانیا لە ڕیزى پێشەوەى ئەو دەوڵەتانە بوو، لە دواى هەرەسهێنانى دەوڵەتى خەلافەت، هەوڵى ئەدا پادشاى میسر بکاتە خەلیفەى موسوڵمانان، کە ئەو هەوڵانە شکستیانخوارد، هەرچى پێى کرا، پشتگیریى ماددى و مەعنەوى لە دامەزراندنى ڕێکخراوى ئیخوان موسلیمین کرد. من کە باس لە شکستى ناسیۆنالیزمى عەرەب ئەکەم، مەبەستم لە شکستى گوتارى نەتەوەیى حزبى بەعس و ناسرییە، کە دواى نزیکەى پەنجا ساڵ حوکمڕانى بە شکست کۆتاییان هات. گوتارى ئیخوان لە ڕۆژى دروستبوونییەوە گوتارى پانئیسلامیزمە بەڵام لە جەوهەردا ئاو بە ئاشتى ناسیۆنال شۆڤێنیستى عەرەبدا ئەکاو لە خزمەتیدایە.

ڕەوت: بە بەردەوامى ئیسلامى سیاسى لە دژى سۆشیالیستەکان و کۆمۆنیستەکان، شۆڕشى کرێکاران و ئازادیخوازان و نووسەران و ڕۆشنبیرانى سیکۆلار جیهادیان ڕاگەیاندووە. وەک بەڕێزیشت ئاماژەتداوە بە هەڵوێستى جەمالەدینى ئەفغانى بەرامبەر بە شۆڕشى کۆمۆنە و کۆمۆنارەکانى پاریس. یان وازهێنانى ئیخوان لە دژایەتیکردنى پادشاى میسر تاوەکو پادشا دەستى ئاوەڵاتر بێ بۆ سەرکوتى بزووتنەوەى چەپ؟ لە کوردستانیش ئەم ئینتیهازیەتە لە حزبە ئیسلامیەکاندا دەبینین. لایەنگری بۆ سعودییە و ئەردۆگان. بەرە لەگەڵ پارتى دیموکرات و گۆڕان .. بەشداریى لە حکومەتی هەرێم و دزینى قووتى خەڵک… چۆنە ئیسلامى سیاسى چۆتە خزمەت ئەم دەسەڵاتە بۆرژوا ناسیۆنالیستییە و بوونەتە بەشێک لە ڕاگرتنى پایەکانى چەوسانەوەى خەڵکى کوردستان؟!

فوئاد م. میسری: ئەڵبەتە ستڕاتیژى ئیسلامى سیاسى بێجگە لەوەرگرتنى دەسەڵاتى سیاسى شتێکى تر نییە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە هەموو ڕێگایەک دەگرێتەبەر. بۆیە ئەتوانین ڕاشکاوانە بڵێین کە هیچ هێزێکى سیاسى ئەوەندەى حزبە ئیسلامگەراکان پەیڕەوى پراگماتیزم ناکەن. دیارە بۆ هێزى ئیسلامى ئەمە نە شتێکى نوێیە و نەپێچەوانەى بنەماکانى خودى ئایینەکەیە. بە پێچەوانەوە مێژووى ئیسلام چ لەبارى تیۆرى و چ لەبارى پراکتیەکەوە، زەخیرەیەکى زۆرى بەجێهێشتووە و بووەتە سەرمایەیەکى فیکریی بۆ هێزە ئیسلامییەکان. بە نموونە: پرۆسەى تەقییە (التقیە) کە شیعە پەیڕەوى دەکا، میکانیزمێکە بۆ شاردنەوەى حەقیقەتى هەڵوێست لە پێناو گەیشتن بە ئامانجدا. ڕاستە سوننە بە ڕواڵەت دژ بە تەقییەیە، بەڵام ئەمیش بە جۆرێکى تر لە ناوەڕۆکى تەقییە پەیڕەو ئەکا بێئەوەى ناوى تەقییەى لێبنێ. (شافعى) کە یەکێکە لە دیارترین ڕێبەرەکانى سوننە، باوەڕى وایە کە مرۆڤى موسوڵمان بۆى هەیە لەگەڵ دوژمن و نەیارى خۆى درۆ بکا. واتە حەقیقەتى لـێ بشارێتەوە. ئینیتهازییەتى حزبى ئیسلامى هەڵوێستێکى دژ بە بنەما فیکرییەکانى خودى ئایینە کە نییە! مادام ئامانج وەرگرتنى دەسەڵاتە و دەسەڵاتیش پارێزگارى لە بەها ئایینیەکان ئەکا کەواتە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هەموو ڕێگایەک ڕەوایە.

حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو، دەوڵەتى عەرەبستانى سعودى بەکردەوە لە دژى (عەبدولناسر) بووە پشت و پەناى ئیخوان و ژیاندییەوە. سەرکردەکانى لە خۆگرت. ملیارەها دۆلارى لە پێناو ژیاندنەوەى ئیسلام و سەرخستنى گوتارەکەى ئیخواندا خەرج کرد و کەوتە دروستکردنى مزگەوت و ناردنە دەرەوەى بانگبێژى ئیسلامى لەناو وڵاتانى ڕۆژئاوا. ڕێکخراوى دەوڵەتانى موسوڵمانى دامەزراند. لە ناوەڕاستى حەفتاکاندا هانى (ئەنوەر سادات)ى سەرۆکى میسرى دا کە لە سەرکردە و کادیرەکانى ئیخوان خۆش ببێ کە پێشتر لەمیسر هەڵهاتبوون بگەڕێنەوە بۆ میسر. دواى گەڕانەوەیان سەرەتا بوونە پشت و پەناى (السادات). کاتێکیش کە (ئەلسادات) لەگەڵ (ئیسرائیل) پەیمانى ئاشتى (کامپ دیڤید)ى مۆرکرد، باڵێک کە لە ئیخوان جیابووبووەوە، تیرۆریان کرد. هەر سعودیە بوو (عەبدوڵڵا عەزام)ى ڕەوانەى (ئەفغانستان) کرد تا هێزى چەکدار دابمەزرێنێ و شەڕى (شورەوى) و حکومەتەکەى (نەجیب الله) بکا. بەڵام ئەوە ساڵانێکە هێزە ئیسلامگەرلاکان دژایەتى (عەرەبستانى سعودیە) دەکەن، بۆ؟ سعودیەیش بە توندى دژایەتییان دەکا بۆ؟ خۆ سعودییە لە سیستمێکى تیۆکراتییەوە نەگۆڕاوە بۆ سیکۆلار. هەمان ئەو سیستەمەیە کە هەموو شەرایتەکانى دەوڵەتێکى تیۆکراتى تێدا جێگیرە. ئەى حیکمەت لەوە چییە ئیخوان دژ بە سعودییە و سعودییە ئیخوان بە دوژمنى خۆى ناوزەد دەکا؟!

ئەسڵى مەسەلەکە ئەوەیە کە ئیخوان لە هەڵپەى وەرگرتنى دەسەڵاتدایە و کۆتایى حەفتاکان ئیخوانەکانى سعودیە دەیانویست ببنە بەشێک لە سیستمى سیاسى وڵات و بنەماڵەى ئال سعود قایل نەبوون، کەس بەشدارى دەسەڵاتیان بکا. من بۆیە کەمێک بەدرێژى قسە لەسەر بەشێکى مێژوویى ئیخوان ئەکەم و وەک نموونەى بەرجەستە ئەیخەمەڕوو، چونکە ئیخوان دایکى شەرعیی هەموو باڵە ئیسلامگەراکانە و هەموویان لە ڕەحمى ئەو هاتوونە دەرێ. چۆن ئەبێ حزبى ئیسلامگەرا دژ بە خەڵکى کۆمۆنیست و سۆسیالیست و سیکۆلاریست و نووسەران و ڕۆشنبیران نەبێ؟! ئەو دژایەتییە بەشێکى هەرە گرنگى ئەرکى حزبى ئیسلامییە و بۆخۆى لەو پێناوەدا دامەزراوە!!

ئیخوان لە سەردەمێکدا دروستبووە کە تازە شۆڕشى ئۆکتۆبەر بەرپا بووبوو. بیرو باوەڕى سۆشیالیزم لە دونیادا دەنگى دابووەوە. کۆنفرانسى گەلانى ڕۆژهەڵات لە باکۆ بەسترابوو، نوێنەرانى گەلانى ژێر دەستە بەکردەوە تێیدا بەشداربوون.

لەو هەلومەرجە مێژووییەدا، دامەزراندن و پشتگیرکردنى ڕێکخراوى مەزهەبى بەشێک بوو لە ستراتیژى کۆڵۆنیالیزمى جیهانى. هەموو ئەو کار و چالاکییانەى ڕێکخراوێکى وەک ئیخوان دواى دامەزراندنى، لە بنەڕەتدا بۆ چەواشەکردنى ڕاى گشتى و سڕکردنى هۆشیاریی خەڵک و فریودانى جەماوەر بوو. کاتێکیش هەستیکرد هێز و تواناى بایى ئەوەندە هەیە، چووە سەر ڕاستە رێگاکەى خۆى کە پیادەکردنى تیرۆرى بیر و جەستەیە. چلەکانى سەدەى ڕابردوو ئەوەى ئیخوان لە ڕێگاى (ڕێکخستنى تایبەت -النڤام الخاێ)ەوە بەخەڵکى میسرى کرد، نموونەیەک بوو لە کار و کردەوەکانى (گستابۆ)ى ئەڵمانى کە بوو بووە قیبلەگاى (حەسەن ئەلبەنا)ى ڕێبەر و دامەزرێنەرى ئیخوان.

تیرۆر و غافڵکوژى بەشێکە لە میتۆدى ئاینى ئیسلام و بەشێوەیەکى سروشتى دەچێتە ناو بەرنامەى هەر حزبێکى ئیسلامییەوە و بەپێى کات و شوێن پیادە ئەکرێن. مێژووى هیچ حزب و ڕێکخستنێکى ئیسلامى لەم حەقیقەتە بەدەر نییە بەوانەى کوردستانیشەوە و نمونەیش زۆرن لێرەدا جێگایان نابێتەوە.

پەیوەندى حزبە ئیسلامگەرایش بەم یان بەو دەوڵەتەوە، بێ بنەما نییە. وەک لە جێگایەکى تردا ئاماژەم پێدا میتۆدى ئیسلامى کار لەسەر پانئیسلامیزم ئەکا. بۆ حزبى ئیسلامى گرنگ نییە شوناسى نەتەوەیى ئەم یان ئەو دەوڵەت چییە. گرنگ ئەوەیە هەمووان لە پێناو یەک ستراتیژدەکا کار ئەکەن، ئەویش دامەزراندنەوەى دەوڵەتى خەلافەت و گەڕانەوەى کۆمەڵگا بۆ سەرەتاکانى ئیسلام.

بەشداریکردنى هێزە ئیسلامگەراکانى کوردستانیش لە پارلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستاندا هەر لە پراگماتییەتى سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێ وەک ئەوەى لەسەرەوە باسمکرد. بەشداریکردن لە حکومەتى هەرێم و هەڵبژاردنى پارلەمانیدا، هەڵوێستێکى دیماگۆکى چەواشاکەرە و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ میتۆدى ئاینى نایەتەوە بگرە دژیەتى.

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

کۆمۆنیزم دەبێ ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی و پڕۆلیتاری بە عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگە

نادر عەبدولحەمید هەرێم لە پڕۆسەیەکی مێژوویی جیهانیدا لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە (١٩٩١) کۆمەڵگەی کوردستان ...

ووتەی سیروان سەعید لە بزووتنەوەی گۆڕان، لە مەراسمی ڕێز لێنان له هاورێ یەنار محمد، لەندەن ٢٩.٣.٢٠٢٦

شۆڕشی یەنار محەمەد بۆ ڕزگاریی ژن و بونیادنانی جیهانێکی بێ چەوسانەوە، هەردەم بەردەوامە!

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق سەبارەت بە ژیان و خەباتی ڕابەری کۆمۆنیست یەنار محەمەد ...

شۆڕشی یەنار محەمەد بەردەوامە!

مەراسیمی ڕێزلێنان لەگەڵمان بن لە مەراسیمی بەرزڕاگرتنی یادی هاوڕێی ئازیزمان یەنار محەمەد، ئایکۆنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ...

وتەیەک لەسەر گـڵکۆی هاوڕێی ئازیزمان یەنار محەمەد

ئێمە، ئەمڕۆ لێرە بەدڵێکی پڕ پڕ لە خەم و ئازارەوە کۆبووینەتەوە، بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ناشتنی ...