شیرین عبدالله
یەک ساڵ تێپەڕی بەسەر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩. ئاکامە تەندروستیەکانی کۆڤید لە کورت و درێژ خایەندا شوێنی ئەم باسە نیە، لێرەدا دەمەوێت بچمە سەر ئاکامە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی کە بەپێی ئامارە جیهانیەکان پێدەچێت چەندین دەیە بخایەنێت و لەوانەیە بۆ هەندیک وڵات هەتاهەتایی بێت.
ڤایرۆسی نایەکسانی:
هەندێک نازناوی “ڤایرۆسی نایەکسانی”یان لێناوە، لەکاتێکدا کۆڤید -١٩ جیاوازی نازانانێت لەنێوان توشبواندا، بەڵام لە ئەساسدا بوە هۆی پەردە ڕاماڵین لەسەر قێزەوەن ترین دەردەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری سەردەم کە نایەکسانیە، کە ئەم سیستەمە لەسەری ڕاوەستاوە.
لەڕاستیدا هەر کۆڤید نیە کە ئەم نایەکسانیەی سەلماندوە، لەمێژوی پاندەمیکدا، تاعونە ڕەشی سەدەی ١٤ بوە هۆی مردنی ١/٣ ی دانیشتوانی سەر زەوی، کە زۆربەی ئەمانە هەژار ترین کەسەکانی کۆمەڵ بون. حەوت سەدە دواتر، هێشتا هاوکێشەکان نەگۆڕاون!.
لەم ساڵەی ڕابوردودا وە لە سایەی کۆڤید-١٩ دا لە سەرتاسەری جیهاندا چەندین جار ئەوە سەلمێنرا کە کوشەندەیی کۆڤید لەو کۆمەڵانەدا زۆر زیاترە کە ڕێژەی بەرزی هەژاری و نەخۆشی و چڕی شوێنی کار و ژیان و نەبونی خزمەت گوزاری تەندروستی گشتی و بێ کاری یان کاری ناجێگیری تیایە. و بەوپێەیەی ڕێژەی ئەو نەخۆشیانە (وەک شەکرە، نەخۆشی دڵ و دەمارەکان، سیەکان، قەڵەوی..) شان بەشانی هەژاری زیاد دەکات، توش بونی ئەم کەسانەش بە کۆڤید-١٩ ولەدەست دانی کار و دەرامەتی خێزانەکانیان زیاد دەکات، و بەم جۆرە دەبنە قوربانییانی ڕیزی پێشەوەی نەخۆشیەکە لە کۆمەڵگەدا..
یەکێک لەو نمونانە، وڵاتی پۆلیڤیا (یەکێک لە وڵاتە هەرە هەژارەکانی ئەمریکای جنوبی)، بە پێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە گۆڤاری (لانسێت)ی بریتانی لە ٢٥.١.٢٠٢١ دا هاتوە، ڕێژەی مردن لەناوچە هەژارەکاندا لە تەمموزی٢٠٢٠ حەوت قات زیاتر بوبە بەراورد لەگەڵ هەمان کاتی ٢٠١٩(پێش کۆڤید)، لەکاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە ناوچە دەوڵەمەندەکاندا تەنها دوو قات بو.
[https://www.thelancet.com/journals/langlo/article/PIIS2214-109X(21)00001-2/fulltext]
٧٠٪ کرێکارانی بۆلیڤیا کاری ناجێگیر و بێ کۆنتراکتیان هەیە و بەبێ هیچ جۆرە بیمەیەکی کۆمەڵایەتی، ئەمە خۆی هۆکارێکە ناهێڵێت بەر تەشەنەی ڤایرۆسە بگیرێت چونکە ئەم کرێکارانە ناچارن سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان بکەن بە قوربانی قوتی ڕۆژانەیەن. لەکاتێکدا دەوڵەت کرێکارانی هاتو چۆ و کشتوکاڵی و بازاڕەکانی بە “کرێکاری پێویست” ناساندوە، و ئەم جۆرە کارانە زیاترین مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەیان تیادایە، و دوڵەت بەکارهێنانی دەمامک و دەست کێش و.. ی فەرز کردوە بە سەریاندا، بەڵام ئەم کرێکارە کەم دەرامەتانە دەبێت ئەم ئامرازانە و هەروەها تاقیکردنەوەکانیشیان لەگیرفانی خۆیان بکڕن.
لە هەندێک وڵات وەک بریتانیا و ئەمریکا، سەرەڕای هەبونی یارمەتی دەوڵەت بۆ توشبوانی کۆڤید و ئەو کەسانەی بە هۆی کۆرۆناوە بێ کار بون، ئەم یارمەتیانە ڕێژەیەکی زۆری هاوڵاتیان کە پێویستیان پێیە دەستیان پیا ڕاناگات لەبەر نەشارەزایی دیجیتاڵی وسیستەمی فۆرم پڕکردنەوەی یەکجار ئاڵۆز و بیرۆکراتی وە یان نەبونی ئینتەرنێت وکۆمپیوتەر.
ڕێژەی هەژاری:
بەپیی ئامارەکانی سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی لە ٢٠١٩ دا زیاد لە ٦٢١ ملیۆن کەس (٨.٠٪) لە خوار هێڵی هەژاریدا دەژیان (ستانداردی ١.٩$ داهاتی رۆژانە بەکارهاتوە بۆ پێناسەی هێڵی هەژاری!).
ئەم ژمارەیە لە ٢٠٢٠دا گەیشتە ٧٦٦ ملیۆن (٩.٩٪) لەکاتێکدا پێشبینی دەکرا ١٢٠ ملیۆن زیاد بکات. (واتە ١٤٤ملیۆن زیادی کرد). بانکی نێودەوڵەتی پێی وایە لە ٢٠٢١دا زیاد لە ١٥٠ملیۆن کەسی تریش دێتە ئەم ڕیزەوە.
لە عیراق: لەهەڵسەنگاندنێکی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بە پشتیوانی یونیسیف و بانکی جیهانی و دەسپێشخەری گەشەی مرۆیی ئۆکسفۆرد لە ناوەڕاستی ٢٠٢٠ دا، منداڵان زۆربەری هەرەزۆری ئەو ٤.٥ ملیۆنە (١١.٧٪) پێک دەهێنن کە لەبەر مەترسی هەژاری و نەداریدان بە بۆنەی کۆرۆناوە. ڕێژەی هەژاری لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٢٠٪ بو، زیادی کردوە بۆ ٣١.٧٪ کە یەکسانە بە ١١.٤ ملیۆن لە ٢٠٢٠ دا وزۆربەی هەرەزۆری ئەمانە منداڵ و گەنجە.
لە عیراقدا هیچ جۆرە یارمەتیەکی دەوڵەت نیە بۆ توشبوانی کۆرۆنا و خانەوادەکانیان و شوێنی کارەکانیان.
نایەکسانی لە بوژانەوەی ئابوری ووڵات:
بێ گومان کۆڤید کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان داناوە بەڵام بۆ وڵاتە پێشکەوتوەکان وەک شۆکێکی کاتیە. وڵاتانی وەک بریتانیا و ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی زیانێکی یەکجار زۆری بەشەریان لێکەوتوە لەم پاندەمیکەدا، توانای دابین کردنی چەندین ملیۆن ژەم ڤاکسینیان هەیە بۆ هاوڵاتیانی خۆیان (کە ئەمە بۆتە مایەی ڕەخنەی توند لە جیهاندا و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ناوی ناوە ناسیۆنالیزمی ڤاکسین) وبەم جۆرە لەوانەیە بتوانن تا ڕادەیەک ئابوری وڵاتەکە ببوژێنەوە. هەندێک وڵات وەک کەنەدا ئەمەندە ڤاکسینی کڕیوە کە ٥ قاتی ژمارەی دانیشتوانە.
لە لایەکی کەوە نادیارە کەی وڵاتێکی وەک زیمبابوی ،مکسیک، پاکستان…دەستی بە ڤاکسین ڕادەگات. تەنانەت هۆمی خاراس شارەزا لە ئابوری جیهانی و گەشەسەندن لە پەیمانگای بروکینگس لەلێکۆڵینەوەیەکیدا مەترسی بەردەوامی زیادبونی ڕێژەی هەژاری دەخاتە ڕو، پێشبینی دەکرێت ئەم ئاکامە ئابوری و کۆمەڵایەتیانە درێژ خایەن بن وتەنانەت هەتاکو ٢٠٣٠ و دواتریش.
ئەم مەترسیە بۆ وڵاتە هەژارەکان یەکجار زیاترە کە زۆربەیان لەوانەیە تاکو ٢٠٢٢ ش دەستیان بە ڤاکسین ڕا نەگات ئەمەش بەمانای نەخۆشیەکە بەردەوام دەبێت لە کوشتن و هەژار کردنی زیاتر لەناویاندا. سەرەڕای ئەمە زۆربەی ئەم وڵاتانە دەرگیری چەندین گرفتی وەک شەڕ وبرسیەتی وکێشمەکێش وگەندەڵی ونەبونی خزمەت گوزاریە سەرەکیەکانن.. هتد.
ئاکامە کۆمەڵایەتیەکان:
لە چەند مانگی ڕابوردودا تیشک خراوەتە سەر ئاکامەکانی ئەم پەتایە وەک ڕێژەی بێ کاری ونەخوێندەواری، توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان و منداڵان، نزم بونەوەی ئاستی کرێ..هتد بە بۆنەی داخستنی سنورەکان و قوتابخانەکان و شوێنی کار وپابەند بون بە ڕینماییەکانی خۆپاراستنەوە. لەهەندێک وڵات دەبینرێت ئاستی کرێ بەرز بۆتەوە بەڵام ئەمە بە هۆی تیاچونی کارە کرێ نزمەکانەوەیە بە پلەی سەرەکی.
بەڵام زۆر ئاکامی تر هەیە کەمتر دیارە وەک واز هینان لە خوێندن، کەوتنە ژێر باری قەرز، بێخانەولانەیی، بەد خۆراکی و زیاد بونی ئەگەری توشبون بە نەخۆشی…
بە پیی ئامارە جیهانیەکان یەک ملیار منداڵ لە قوتبخانە دەوام ناکات. زۆربەی هەرە زۆری ئەمانە بەتایبەتی لە ولاتە هەژارەکاندا، دەستیان بە هێڵی ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر ناگات و ناتوانن لە دوورەوە بخوێنن و بارودؤخی ماڵەکانیان گونجاو نیە بۆ خوێندن و فێر بون ولەخانەوادەی ناجێگیر وبێئاسودەدا دەژین. کچان بە ڕێژەیەکی زیاتر واز لە خوێندن دەهێنن و بەم پێیە زیاتر زەرەرمەندن.
جگە لە دەست دانی هەلی کار و کەم بونەوەی دەرامەت، خانەوادەکان دوچاری گرانی و قەرز بون بەتایبەتی ئەوانەی کە منداڵیان هەیە. بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی ریزۆلیۆشن فاوندەیشن کە کۆنگرەی نەقابەکانی بریتانیا (تی یو سی) بڵاوی کردۆتەوە، ئەو فامیلیانەی کە پێش پاندەمیکەکە کەمترین ئاستی دەرامەتیان هەبوە، دو قات مەسرەفیان زیادی کردوە. نەک هەر خواردن وکاڵاکانی تر گران تر بوە، وبەبۆنەی لەماڵەوە مانەوەیان مەسرەفی سوتەمەنی وکارەباو ئاو هتد.. زیادی کردوە و جگە لە تێچوی خوێندنی منداڵەکانیان لە ماڵەوە.
ژمارەیەکی زۆر ئەوانەی کاریان لەدەست داوە توانای دانی کرێ خانویان نیە و بەم جۆرە بێ خانەولانە بون. ڕێکخراوی شێلتەری بریتانی دەڵێت لە ٣ مانگی یەکەمی دوای سەرهەڵدانی پاندەمیکەکە ژمارەی چاوەڕوانکردوانی نیشتەجێبون ٦٠٠٠ زیادی کرد.
لەزۆر جێ باسی زیاد بونی توندوتیژی بەرامبەر ژنان وکچان و کوشتنیان کراوە وەک ئاکامێکی ڕاستەوخۆی ڕێنماییەکانی خۆپاراستن ولەماڵەوە مانەوەی ژنان وکچان لەگەڵ بکوژانیاندا ودەست رانەگەیشتنیان بە خزمەت گوزاری فریاکەوتن ویارمەتی دان.
بێگومان کۆڤید-١٩ و ئاکامەکانی بۆ چەندین ساڵی تر باس دەکرێت وهێشتا بەتەواوی هەمویمان نەزانیوە. ڤاکسینەکان و چارەسەرەکانی کۆڤید چالەنجی تازە لەگەڵ خۆیان دەهێنن هەروەک سەرەتاکانی لە ئێستادا دەردەکەوێت بە ناسیۆنالیزمی ڤاکسین و بیرتەسکی وڵاتە گەورەکان ودەست گرتنیان بەسەر ڤاکسینەکاندا لەسەر حسابی هەژارانی دنیا. هەر لەئێستادا سەرهەڵدانی نەوەی نوێی ئەم ڤایرۆسە پرسیاری تازەی هێناوەتە ئاراوە وەبێگومان لە هەمو قۆناغ وهەڵچون و داچونیکی پاندەمیکەکەدا نایەکسانیەکان زەقتر دەبنەوە. ئەگەری پاندەمیکی تروکارەساتی سروشتی تر لەداهاتودا هیچ بە دور نازانرێت. نایەکسانی و هەژاری بنەمای سەرەکی کۆمەڵگای سەرمایەداریە و ئەم سیستەمە خۆی دروستکەری نایەکسانیە.
لەوانەیە هەرگیز سەرچاوەی سەرەکی کۆڤیدمان بۆ نەدۆزرێتەوە و یان نەتوانین بەر بە پاندەمیکی داهاتو بگرین، بەلام گەورەترین چالەنج لەبەردەم کۆمەڵگای بەشەری ئەمڕۆدا کارکردنە بۆ نەهێشتنی ئەو هەژاری ونایەکسانیەی کە بوە هۆی گیان لەدەست دانی بەشی زۆری زیاد لە ٢.٣ ملیۆن هاومرۆڤمان وداسەپانی نەهامەتی وبێئاسودەیی بەسەر چەند ملیاری تردا.
٧-٢-٢٠٢١
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
