جەمال کۆشش
یەک: وەک لە میدیاکانەوە، لە ووتەکانی شێخ نەهرۆ و لە زاری ئەمەل جەلال – دامەزراوی لیستی یەکێتی- “سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتی گەشتوگوزار” لەسەردانی بۆ لای شێخ نەهرۆ ڕاگەیەنرا کە بەنیازن پرۆژەی دروستکردنی مەرجەعیەتی تەریقەتی قادری لە ئاستی جیهانیدا بە پێدانی دەیان دۆنم زەوی لەسەر ڕێگای بەختیاری لەسلێمانی لە چوارچێوەی گەشەپێدانی پرۆژەی گەشتیاریدا جێبەجێ بکەن.
دوو: دوای ئاگاداربونەوەی ڕای گشتی لە پلانەکە، ئازادیخوازان بە تایبەت ژنان، بە شێوازی کاریگەر، هۆشداریان بە ئاکامە زیانبارەکانی بە دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز دا و کەمپینیان بۆ پوچەڵکردنەوەی بەڕێخست. ئاماژەکان بۆ پەشیمان بونەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە دەکەن، چونکە شێخ نەهرۆ هەڕەشەی “شۆڕش بەسەر گەندەڵکاران” دەکات لە ئەگەری تاسەر نەبردنی بەڵێنەکانیاندا. (سایتی ئاوێنە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١).
سێ: لە داتای پلانی دە ساڵەی پرۆژەکانی داهاتووی وەزارەتی گەشتی حکومەتی هەرێمدا بە هیچ جۆرێک ناوی ئەم پرۆژە جیهانییە نەهاتووە. ئەگەر لە روانگەی سەرمایەگوزاری ڕووتەوەش لێێبڕوانین، بەتەواوی پێچەوانەی قازانجی وەبەرهێنانە لەکەرتی گەشتیاری دا. گەشتیاری دینی زەمەنی بەسەر چووە. دێوانەیی و سۆفیەت و تەرککردنی دونیا لە فەرهەنگی تەریقەتدا پلەی باڵای هەیە، چێژ لە زەبونی دەبەن و دڵسۆزترینی ناویان، لانەوازترینیانە، ئەم نەریتە ستایلی ژیانی ئەم تەریقەتەیە. سلێمانی شایانی ئەم گورزە کوشندەیە نیە. گەشتیاری دونیای نوێ، بۆ پشوو، بۆ ڕابواردنی کاتێکی خۆش، بۆ ئاهەنگ و سەیران و گەشت و گەڕان لەگەڵ هاوسەر و بەخشینی کات بە مناڵ و خزم وهاوڕێیەتیە، مۆدێرن و خەڵکانی کراوەن و ژینگە و ئاژەڵدۆستن. کردنی سلێمانی بە موگناتیسی کێشکردنی گەشتیاری ئەوروپایی و جیهانی لەبارەی هەموو هەڵکەوتەکانیەوە، گونجاوە و شیاوە وە زۆرێک لە لێکۆڵێنەوە گەشتیارییەکان ئەمە دەسەلمێنن” پێشخستنی سیستەمی بانکی و تەکنەلۆژیایی دجیتالی و ڕیکلامی چڕ بۆ دیمەنە دڵڕفێن و خەڵکە ژیاندۆستەکەی..”. ناوبانگی کلتوری شاری سلیمانی و شۆرەتی لە ناوچەکەدا پرشنگدارە.
چوار: مێژوی خێزانی شێخ نەهرۆ، تاوانکارییان بەرامبەر بە کەسوکاری ئەنفال ئەنجامداوە، دەستیان تێکەڵاوی دەیان خوێرێژ و دەزگای سیخوڕی کردووە. هێنانەوەی ئەم خێزانە بۆ نێو سیاسەت و بزنسی سەرمایەی دەسەڵات و گەشتیاری کارەسات دەخولقێنێ. باشترین خزمەت داخستنی ئەم دۆسیەیە.
پێنج: خەلكی کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی، لە ڕەدکردنەوەی هەڵبژاردنی سلێمانی بە مەرجەعیەتی جیهانی تەریقەتی قادری پێداگری بکەن. مۆرکردنی نێوچەوانی شار بەم لەکەیە، دواتربە هیچ هەڵناکەنرێت. دابەشکردن و خەڵاتکردنی دۆنمە زەوییەکانی دەروازەی پێشوازی شار بە شێخ نەهرۆ، لێسەندنەوەی شوناسی ڕۆشنبیرییە. هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی ناتوانێت ئەم تەخشان وپەخشانە بە موڵکی گشتییەوە بکات. پاراستنی ڕوحی شارستانیەت وڕوخساری دروەشاوە وڕازاوەی شار، مافی خەڵک و ئەرکی کۆمەڵگایە.
کۆتایی یانوەری ٢٠٢١
( ئەم کورتەیە هەلێنجراوی وتارێکمە کە پێشتر لە چەند سایتێک، سایتی ئەمرۆ، دەنگەکان، ڕێگای کوردستان، هاوپشتی، بەدیلی کۆمۆنستی بڵاوکرایەوە).
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
