ڕەوت: لەمانگی دوانزەی ساڵی پار (٢٠٢٠) هەوڵێک هاتەئاراوە بۆ لێک نزیکبوونەوەی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و حزب و ڕێکخراوەکانی سەر بە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی مەبەستی کاری هاوبەش و هاوئاهەنگی کار و جۆرێک لە یەکیەتی نێوان هەڵسوڕاوان و ڕێکخراوەکانی ئەو بزوتنەوەیە، دەمانەوێت بۆ خوێنەرانمان ڕوونبکەیتەوە ئەم هەوڵە چۆن دەستی پێکرد و بە چ پڕۆسەیەکدا تێپەڕی و ئێستا ئاکامەکەی بەکوێ گەیشتووە؟
نەوزاد بابان: هەموو جارێک کە ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، بێکاران و بێبەشانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق سەردەکێشێت بۆ تەقینەوە بەڕووی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی حزبە میلیشیا فەرمانڕەواکانی هەرێمەکە و خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن، هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیستیش دەکەونە خۆیان لەو ئاوهەوایە شۆڕشگێڕانەیەدا بۆ ڕۆڵبینین و بەرجەستەکردنەوەی کاریگەری هەرچی زیاتری چەپ و سۆشیالیزم لەناو ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیانەدا و باسی هاوکاری، هاوئاهەنگی و یەکیەتی چەپ و کۆمۆنیستەکان دێتەئاراوە، نمونە نزیکەکانی ئەمەش بەدوای شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی مانگی دوانزەی ساڵی (٢٠١٧)دا دەستپێشکەریەک هاتەئاراوە لەسەرەتای ساڵی (٢٠١٨)دا، هەروەها لە تەموزی ساڵی پاریش (٢٠٢٠)دا، دەستپێشکەریەک هاتەئاراوە بەدوای شەپۆلی خۆپێشاندانەکانی مانگی شەشی ئەو ساڵە، ئەم هەوڵەی ئێستاش کە لە ناوەڕاستی مانگی دوانزەی (٢٠٢٠)دا هاتۆتەئاراوە، ڕاستەوخۆ بەدوای ئەو شەپۆلە لە خۆپێشاندانەکانی کوردستان کە لە (٢-١٢-٢٠٢٠) لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد و دە ڕۆژێکی خایەند و زیاتر لە پانزە شار و شارۆچکەی گرتەوە.
ئەوەبوو چەند کۆبونەوەیەک ئەنجامدرا لە ناوەڕاستی مانگی دوانزەی (٢٠٢٠) بەدواوە کە تا سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵیش (٢٠٢١) هەر بەردەوام بوو، بە بەشداری هەژدەکەس لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و کەسانی چەپ و ئازادیخواز و سۆشیالیست و کۆمۆنیست کە زوربەمان سەر بە ڕێکخراو و حزب و ئەڵقەی فکری و سیاسین بەڵام ئەوەش بڵێم کە هەر کەس وەک خۆی نەک نوێنەری هیچ حزب و لایەن و ڕێکخراوێک بەشدار بوو. لەناو گفتوگۆکاندا دوو بۆچونی جیاواز خرانەڕوو کە لەو پێشنیارانەی بەنوسراو خرابوونە بەردەست بەرجەستە ببونەوە.
- بۆچونێک پلاتفۆڕم خستنە بەردەست بوو بۆ گردببنەوە بۆ کارێکی هاوبەشی سیاسی لە سەراسەری کۆمەڵگەدا بۆ چۆنیەتی ڕوخاندنی ئەم دەسەڵاتە و جێگرتنەوەی بە دەسەڵاتێکی تر، بە مانایەک خستنەڕووی بەرنامەیەکی سیاسی بۆ سەراسەری هەرێمی کوردستان؛ بۆ کۆمەڵگە و ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە، بۆ ئایندەی دوای دەسەڵاتی ئێستا و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تر … و هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست و ڕێکخراوە و حزبەکان پێوەی پەیوەست بن، بەمانایەک بەرەیەکی سیاسی چەپ پێکبهێنن کە بەرنامەیەکی بەرفراوانی هەبێت وەک بەرنامەی حزبێک لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، نەک بەو مانایە کە پڕبێت لە وردەکاری بەڵکو بەو مانایە کە دوو خاڵی ئەسڵی پلاتفۆڕمەکە خاڵی بەرنامەیی و ستڕاتیژی سیاسین ئەویش چۆنیەتی ڕوخاندنی ئەم دەسەڵاتە و جێگرتنەوەی بە دەسەڵاتێکی تر، کە دیارە مەبەست لێی دەسەڵاتدارەتی شۆراییە.
- بۆچونەکەی تریان خستنە بەردەستی بەیاننامەیەکی سیاسی بوو بۆ پێکهێنانی کۆمیتەیەک یا ناوەندێک (یا هەرناوێکی تر کە زوربە لەسەری ساغ بێتەوە) بۆ ڕێنمایی و هیدایەتی ناڕەزایەتیەکان و خۆپێشاندان و مانگرتن و ڕاپەڕین. ئەم کۆمیتەیە هی شاری سلێمانی بێت و داوا بکرێت لە شارەکانی تریش کە کۆمیتەی لەو چەشنە لە هەڵسوڕاوان دروست بێت و پەیوەندی بگرن بەیەکەوە و کۆمیتەیەکی باڵا یا ناوەندێکی سەراسەری کوردستان دروست بێت لە نوێنەرانی ئەو کۆمیتانە. ئێمە لەو کۆمیتە یا ناوەندانەدا کۆدەبینەوە بۆ هاوئاهەنگکردن و کارێکی هاوبەشی مەیدانی لەناو بزوتنەوەیەکی موشەخخەس و واقعی ناڕەزایەتیدا کە هەر ئێستا لەئارادایە، تا خواستەکان بەرجەستە بکەینەوە، دروشمەکان فۆڕمۆڵە بکەینەوە، هەڵسوڕاوان لە هەموو شارەکاندا لەو کۆمیتە و ئەنجومەنانەدا ڕێکخراو بکەین تا لەڕێگەیانەوە خەڵک بهێنینەوە مەیدان دوای ئەوەی کە دەسەڵات سەرکوتی ئەو شەپۆلە لە ناڕازەیەتی و خۆپێشاندانەکانی کردوە، نەک دەستپێکی کارمان ڕاگەیاندنی پلاتفۆڕمێکی بەرنامەیی سیاسی بێت بۆ هاوئاهەنگی و کاری سیاسی لەسەر ئاستی کۆمەڵگە. من خۆم لایەنگری ئەم روانگەیە بووم.
دیارە لەهەر کۆبونەوەیەکدا دەق و فۆڕمی پێشنیارکراوەکان هەمواردەکرانەوە و لە شکڵ و شێوازی نوێ و لە ژێر ناوی نوێدا دەخرانەڕوو بەڵام ناوەڕۆکی ئەسڵیان هەر ئەو دوو ڕوانگە یا دوو بۆچوونە جیاوازەی بەرجەستە دەکردەوە.
بەردەوامی و درێژەی کۆبونەوەکان بەو ناکۆکیەوە لە نێوان ئەو دوو ڕوانگەدا بۆ کاری هاوبەش و هاوئاهەنگی بووە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە هەڵسوڕاوان بکشێنەوە لەو پڕۆژەیە و دوای ئەوەش کە نەتوانرا ڕوانگەیەکی هاوبەش لەو دوو ڕوانگە جیاوازە بێتەئاراوە، ئیتر ئەم هەوڵوتەقەلایە بە عەمەلی ڕووەو وەستان و داخراوی چوو.
ڕەوت: باشە بۆ ناکرێ یا خراپی چیە کە زوربەی هەڵسوڕاوان و حزب و ڕێکخراوەکانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق لەسەر پلاتفۆڕمێکی سیاسی کۆببنەوە بۆ کارێکی هاوبەشی سەراسەری لەسەر ئاستی کۆمەڵگە بۆ چۆنیەتی ڕوخاندنی ئەم دەسەڵاتە و دامەزراندنی دەسەڵاتدارەتیەکی شۆرایی؟
نەوزاد بابان: نەک ئەمە هەر هیچ خراپیەکی تێدا نیە، بەڵکو هەر هەڵسوڕاوێکی چەپ و لایەنێکی سۆشیالیست و کۆمۆنیست دەبێ لە هەوڵدابێت تا زووربەی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کۆببێتەوە لەسەر بەرنامەیەکی سیاسی و وەک بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی یەکگرتووی بەهێز لەسەرئاستی کۆمەڵگە دەرکەوێت، نەک هەر لەبەرامبەر دەسەڵاتدا بەڵکو لەبەرامبەر ئۆپۆزیسیۆنی لیبراڵ قەومی و ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە ڕیفۆڕمخوازەکانیشدا. مەسەلە چۆنیەتی گەیشتنە بەم حاڵەتە خوازراوە؟ ئایە ئەمە بە پلاتفۆڕمێکی لەو چەشنە دێتەدی کە لەو کۆبونەوانەدا پێشنیار دەکران؟ ئەگەر ئەمە شتێکی عەمەلی بوایە خۆ لەناو ئەو کۆبونەوانەدا چەندین هەڵسوڕاو و بەپشتی ئەوانیشەوە چەندین حزب و ڕێکخراو کۆک بوون لەسەر پلاتفۆڕمێکی سەراسەری، ئەوان دەیانتوانی بەبێ بەشداری من و ئەوانەی کە ئەو ڕوانگەیەیان قبوڵ نەبوو، پلاتفۆڕمەکەیان بۆ کۆمەڵگە ڕابگەێنن.
من بەچاوێکی ڕێز و بەنرخەوە دەڕوانم بۆ هەوڵ و کۆششی دڵسۆزان و خەمخۆرانێکی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کە دەیانەوێت هاوئاهەنگی و یەکیەتیەک بهێننەدی یان بەرەیەک بهێننەدی، بەڵام لەبەرئەوەی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە چل (٤٠) ساڵی ڕابردوودا جۆرەها خەت و ختوتی فکری و ستڕاتیژی سیاسی و سوننەتی کارکردنی جیاوازی هێناوەتەئاراوە، (کە ئێرە شوێنی باسکردنیان نیە) ئەمە لەلایەک وە لە لایەکی تریشەوە جۆرەها لێکترازان و جیابوونەوەی ڕێکخراوەیی تێکەوتووە و سکتاریزم و بێ متمانەیی لە ئارادایە، بۆیە ناتوانرێت بە پلاتفۆڕم و نیەتی باش یەکیەتی ناو ئەو بزوتنەوەیە بەدەست بێت یان بەرەیەکی لێ پێکبهێنرێت، بەڵکو ئەمە لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە پێویستی بە پڕۆسەیەک هەیە؛ یەکەم لە خەباتێکی فکری سیاسی کە مارکسیستەکان لەسەر خەتێکی فکری سیاسی و بەرنامەیی، لەسەر ستڕاتیژێکی یەکگرتوو وە یەک سوننەتی کاری کۆمۆنیستی کۆبکاتەوە، دووەم هەروەها پێویستی بە پڕۆسەیەک لە خەباتی مەیدانی و عەمەلی هەیە پێکەوە لە ناو کۆمیتە و ئەنجومەنەکاندا بۆ متمانە کردن و لێک تێگەیشتن و کارکردن بەیەکەوە دژ بەدەسەڵاتی بورژوازی و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان.
من نامەوێ مەسەلەکە وا لێکبدرێتەوە کە ڕوانگەیەک ڕوخانی دەسەڵات و دامەزراندنی دەسەڵاتدارەتیەکی شۆرایی دەخاتەڕوو، وە ڕوانگەیەکیش کار لەسەر خواستەکان دەکات و بەدوای ڕیفۆڕمەوەیە بیسەپێنێت بەسەر دەسەڵاتدا. مەسەلەکە ئەو ڕێگە و شێوازەیە کە چۆنچۆنی بزوتنەوەی سۆشیالیستی کرێکار و زەحمەتکێش وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی بەهێز لە کۆمەڵگەدا سەروسامانی پێدەدرێت، کە ئەمە ئەو هێزە واقعیەیە دەتوانێت هەم ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لە مەیدانەکەدا لاکەوتە بکات و هەم لە پەرەسەندنی خۆشیدا ئەم دەسەڵاتە هەڵپێچێت و دەسەڵاتدارەتی شۆرایی خۆی داسەپێنێت بەسەر کۆمەڵگەدا. بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی هەرێمەکە کە لە ئێستادا هەم دابڕاوە لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و هەم وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا جۆرەها خەت و ختوتی فکری و بەرنامەیی جیاواز، ستڕاتیژ و سوننەتی کاری جیاوازی تێدایە، کە هەندێکیان تەواو دژ بەیەکن، چۆنچۆنی دەتوانرێت بە پلاتفۆڕمێکی هاوبەشەوە بێتەمەیدان و خەریکی سەروساماندانی بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی بەهێز بێت لە ناو کۆمەڵگەدا؟. کۆکردنەوەی ئەو هەموو جیاوازیانە لە دووتوێی پلاتفۆڕمێکدا کە بەواقعی بەرنامەیەکی گشتیە بۆ ڕوخانی سیستمێکی سیاسی حوکم و دامەزراندنی سیتمێکی تر، کارێکی هەروا ئاسان نیە، چونکە ئەمە وەکو ئەوە وایە لەسەر بەرنامەی حزبێکی سیاسی بۆ کۆمەڵگە ساغ بیتەوە. ھەر لایەن و گروپ و حزب و رێکخراوێک ئەجندا و بیرکردنەوەی سیاسی تایبەتی خۆی ھەیە وە لە چەند ساڵی ڕابرودودا ئەم جۆرە ھەوڵ و سینارویانە دوبارە بونەتەوە وەکو کارێکی ڕۆشنبیرانە لەسەرەوە هەوڵیانداوە کە پلاتفۆڕمێکی هاوبەش بخەنە دەستوری کاریانەوە بەبێ ئەوەی کە شۆڕبنەوە بۆ نێو کۆمەڵگا، بۆیە ھەمیشە ئەو جۆرە کار و ھەوڵانە نەزۆک دەرچون.
ڕێگەی عەمەلی واقعی دەستبەکار بوونە لەسەر شتی مادی و مەلموس و واقعی وەک خواستەکانی جەماوەر و ناڕەزایەتیەکان (مانگرتن و خۆپێشاندان) واتا مەسەلە موشەخخەسەکانی خەباتی چینایەتی و کاری هاوبەش لەسەر شتی موشەخخەسی وەک: دژی ترۆری سیاسی، ڕەشەکوژی ژنان، ….، هەروەها بۆنە جیهانیەکانی وەک هەشتی مارس و یەکی ئایار. بۆنە ناوخۆییەکانی وەک یادی ئەنفال، یادی شۆراکانی ١٩٩١، ١٧ی شوباتی ٢٠١١ و یادی هاوڕێیانی گیانبەختکردوی ڕێگای سۆشیالزم و ترۆری دەستی ئەحزابی قەومی و ئیسلامی وەک هاوڕێیان (نەزیر. شاپور.قابیل. پێنج هاوڕێکەی ساڵی ٢٠٠٠) کە یەکیەتی بە بەشداری و بەرپرسیاریەتی نەوشیرەوان مستەفا ترۆریان کردن …هتد. دەکرێ لەسەر هەموو ئەم مەسەلە موشەخخەسانە پلاتفۆڕمیشمان هەبێت بۆ کاری هاوبەش.
ئەگەر ئێمە بتوانین لەم مەیدانانەدا بە عەمەلی و لەتەنیشت یەکتریەوە شانبەشانی یەکتری کاری هاوبەش بکەین دڵنیام کە لێک تێگەیشتن و متمانەش دروست دەبێت بۆ کاری سەراسەری گەورە تر، بەڵام وەک دەڵێن بەردی زل نیشانەی هەڵنەگرتنیەتی، ئەوا لەم مەسەلەیەشدا دەستپێکردن یەکسەر بە پلاتفۆڕمی ڕوخانی دەسەڵات و چۆنیەتی جێگرتنەوەی بە دەسەڵاتێکی تر ئەوەندە ئاسان نیە لەسەری کۆببینەوە، چونکە جیاوازیەکانی ناو بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی زۆر لەوە قوڵترە کە بە پلاتفۆڕم پڕبکرێتەوە.
ئەگەر ئێمە لەو ئاستانەدا هاوکاری و کاری هاوبەش بکەین کە مەسەلە موشەخخەسەکانی خەباتی چینایەتیە بەمەستی: (١) ڕۆشنکردنەوەی خواستەکان، (٢) کۆمەگی کردن بە ڕێکخراوبوون، (٣) فۆڕمۆڵەکردنی دروشم (شیعارات)ەکان، (٤) هێنانەدی پەیوەندی لە نێوان شارەکان و بەشە جیاجیاکان تا بزوتنەوەیەکی سەراسەری یەکگرتوو بێتەدی، (٥) لەهەوڵی بەهێزکردنی ڕۆڵی هەڵسوڕاوانی چەپ و ڕادیکاڵدا بین لەناو ئەو بزوتنەوانەدا، (٦) بەگشتیش هەوڵ بدەین بۆ ڕادایکاڵکردنەوەی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیانە و ئاسۆدارکردنیان بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی. ئەمە ڕێگە واقعیەکەیە بۆ یەکگرتووکردنی هێزی چەپ و کۆمۆنیست لە ناو بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەم دیدە و گەنجان و لاوانی خێروخۆشی نەدیوو لە ژیان و بێکار. دیارە کە ئەم کارە لە پڕۆسەیەک لە دەخالەتێکی عەمەلی ڕۆژانە و کاری پڕ حەوسەڵە و متمانەکردن بە یەکتری دەچێتەپێشەوە و لە ئایندەدا بەرهەمی خۆی دەبێت.
ئەمە ئەو ڕێگەیە کە ڕێکخراوە و حزبەکانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی هەمیشە دەتوانن کاری ئەسڵی و پایەیی خۆیان بە بەرنامە و ستڕاتیژ و پلاتفۆڕمی تایبەت بەخۆیان ئەنجام بدەن و لەسەر مەسائیلی موشەخخەسی سیاسی و عەمەلی لەمەیداندا کاری هاوبەش بکەن پێکەوە لە ناو کۆمیتە و ناوەندەکاندا، ئەمە ئەو پڕۆسەیەشە کە متمانە بەیەکتری دەکەین و لێک حاڵی دەبین و کاری وەحدەت و پلاتفۆڕم ئاسان دەکات لە ئایندەدا.
سەرەتای شوباتی ٢٠٢١
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
