ئەوەی فورسەتی بەم توانا سەرکوتکارییەی لایەنە ئیسلامیەکان لە دژی هونەری یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی بە خشیوە، کۆنەپەرستی دەسەڵاتداران و ئاوێزانبوونی ئەم دوو لایەنەیە یە لەتەواوی جومگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و دامەزراوەکاندا.
بەناوی ڕێزگرتن لە ئاداب و پێرۆزییەکانی سەرۆک و پەیامبەر، ئاڵا و سەروەرییەکان. ئیسلامیەکان و ناسیۆنالیستە خێڵەکیە- بنەماڵەییەکان و بەجۆرێک پێکەوە پێچراون، “سەوابتی ئاینی”، “سمبولەکانی کوردایەتی”، ماکی شوناسێکی فەرهەنگی پەیداکردووە. ئەم فەرهەنگە خۆی بەرهەمهاتووی واقعێکە پڕ لە چەوسانەوەی کۆمەڵایەتی لە هەژاری و بێکاری و بێمافی و دەردی قوڵتر بێ ئاسۆیی.
بە گشتی هونەری نواندنەکان، لە شانۆ و سینەما و پەیکەرتاشی و سەما، لە کوردستانی عێراقدا قەتیسی پەروەدە و پرۆگرام و مەنهەجێکی نائینسانی و بێ فەنتازیا و وزەی ڕزگارین، ئەگەر هەر دەستپێشکەری و پێشکەوتنێک لەلایەن خودی گروپ و کەسایەتیە هونەرییەکانەوە خوڵقا بێت، لەلایەن ئیسلامیەکانەوە هەوڵی پاکتاوکردنی فیزیکی و فکری و کۆمەڵایەتی و کلتووری دراون.
لە نێو ئەو هونەرانەدا، ڕەنگە سەما کاریگەرترین زمانی جەستە بێت کە روح ، هەست و خەونەکانی تیا بەرجەستە بکاتەوە. سەما ڕاستەوخۆترین نێوەند بۆ دەربڕینی ئازادی و ئاشنابوون بەخۆت و پەیوەند گرتن بە کۆمەڵەوە بێت. زمانی ترس و شەرم و گوناه و دەستەپاچەیی و پاڕانەوە و خۆبەکەمزانین و خۆشاردنەوە کەشف دەکات و هەندێک جار بۆ ئەم نەخۆشیانەش وەک شێوازێکی چارەسەریش بەکار دێت و ورەی بەرەنگاری و خۆنواندن و باوەڕبەخۆبوون و کامڵی و توانایی و یەکسانی بە ئینسانەکان دەبەخشێت.
زۆر بەبایەخە سەرنجی ئەو لایەنەش بدەین، ئیسلامیەکان (بە گشتی کۆنەپەرێزەکان)، ئەو دژایەتیە سەرسەختەیان لەگەڵ سەما، دیوە تاریک و ئاپارتایدییەکەیان لەدژی ژنان پیادە دەکەن. جەستەی ژن، نابێت ئەو پانتاییە ئازاد و دانپێنانە کۆمەڵایەتی و شوناسە ئینسانییەی هەبێت. هەر نابێت ژنان بێنە دەرەوە لەماڵەوە، کە هاتن دەبێت لە پیاوان جیا بن. داپۆشراو و بێدەنگ و شەرمن و لە پشت پیاوانەوە بن. ئە گەر کوڕێک سەما بکات و پانتۆمیم بکات، ڕەنگە مێش میوانیان نەبێت، بەڵام کە دێتە سەر ژنان و کاریۆگرافی و سەما، ئیدی ئیسلامیە کان بە لەناوچوون و کۆتایهاتنی فەلسەفیەی بوونی خۆیانی دەزانن و ڕۆڵی “پۆلیسی ئیمانداری” دەزانن.
لە بەرزترین ئاستی مەکتەب سیاسی و ئەمیر و سەرۆکی تازەدا و دەزگای ڕاگەیاندنی گەورەدا، سوکایەتی و ئیهانە بە هونەر و بە کەسایەتی هونەرمەندان دەکرێت، ئەمانە وەک فەتوای شاردراوە و کۆدی توندوتیژی بڵاودەکرێنەوە. یەکێتی و پارتی و گۆڕان بەهرەبەرداری لەو مەترسیانە دەکەن و بۆ مەرامی سیاسی و تاکتیکی و … بەکاریدەهێنن. وەک ئەوەی ئەمان لە ئیسلامیەکان باشترن و لەو هێرشانە دەتانپارێزین. بەڵام لە بنەڕە تدا نابێت ئەم ئازادی و ممارسەی ئازادییە بەهیچ جۆرێک بکرێتە ئامرازی سیاسی و پروپاگەندە و بەکارهێنانی دوو دەمە. خەڵک و هونەرمەدانی ئازادیخواز ناچنە نێو ئەو فێل و تەڵەکەبازییەوە. نابێت هیچ کەس و لە هیچ هەلومەرجێکدا ئەو ئازادییە پایماڵ و زەوت بکات. بزوتنەوەیەکی جڤاتی پێویستە بە شێوازی جۆراوجۆر ئیسلامیەکان تەریکبکاتەوە و لە بەرامبەر ئەو فەرهەنگ و شوناسە دواکەوتوانەی دەسەڵات و حزبە پێکهێنەرەکانی بوەستێتەوە.
ئیسلامیەکان دەتوانن ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی گەندەڵ و میلیشیایی بن کە خۆیان کۆڵەکەیەکی بن باڵی بوون و هەمیشە دەستلەملانی یان کردوون، لیستی هاوبەش و حکومەتی خۆجێییەکان و پەرلەمان بوون، ئەم حزب و ئەو حزبیان کردووە و لەدزی و تاڵانیەکانیدا هەوڵیانداوە زۆرترین بەشیان بەر بکەوێت، بەڵام ناتوانن ئۆپۆزسیۆنی ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان بن. ئەمە تەنها لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، تەنها بەقازانجی دەسەڵات دەشکێتەوە و ڕیسوایی بۆیان دەمینێتەوە.
دەست لە ژیان و کەرامەتی خەڵک هەڵگرن. دەست لە هێڕش بۆ سەر ئازادی داهێنان و سەما و هونەر هەڵگرن.
کۆتایی نیسانی ٢٠٢١
——.
*- ئێوارەی ٢٣/٢٤ی ئەپریلی ٢٠٢١، لە شاری سلێمانی / شەقامی سالم لەو شوێنەی کە بە (سەهۆڵەکە) ناسراوە بەبۆنەی ڕۆژی سەماوە دوو هونەرمەند پارچە سەمایەکیان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، ئیدی ئەم چالاکییە هونەرییە بوو بەڕوداوێکی گرنگی سیاسی-کلتوری.
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
