لە یادی هاوڕێیانی گیانبەختکردو لە پێناو ئازادی و سۆشیالیزمدا نەجاتی موهەندیس (١٩٥٦ – ١٩٨٧)

(هەموو ژیانی تەرخانکردبوو بۆ کاری کۆمۆنیستی و ڕێکخراوکردنی کۆمۆنیزم، هەر لەو ڕێگەیە و لەو پێناوەشدا گیانی سپارد)

هاوڕێ (نەجات محەممەد دەروێش) ناسراو بە (نەجاتی موهەندیس) لە دایکبووی ساڵی (١٩٥٦)ە و لە خانەوادەیەکی کرێکار و زەحمەتکێشی سلێمانی چاوی بەدنیا هەڵێناوە. باوکی کرێکاری شارەوانی بوو.

هاوڕێ (نەجات) وێڕای خوێندن و هاتووچۆی قوتابخانە، هەر لە مێرمنداڵی و لاویەتییەوە، بەهۆی دەستکورتی خانەوادە کرێکاریەکەیەوە، کەوتۆتەبەر کارکردن. هەر وەک هاوڕێی مناڵی و لاویەتی ئەو (تەهای حەمە ڕەش) کە پێکەوە کرێکاریان کردوە، دەڵێت: هەتا لە ڕۆژەکانی تاقی کردنەوەی بەکەلۆری پۆلی شەشی دواناوەندیشدا هەر کرێکاری کردوە و جلەکانی پەڵەی گەچ و ڕەنگی سپی پێوەبوو بەهۆی کارکردنیەوە. ئەمە جگە لەوەی کە بۆ هاوکاری و یارمەتیدان ڕوحێکی زۆر بەرزی هەبووە و کاتێک هەستی بکردایە هاوڕێیەکی کرێکار لەگەڵیا هیلاک و شەکەتە لەسەر کارەکەی، یارمەتی ئەویشی دەدا سەرباری ئەنجامدانی کارەکەی خۆشی.

ساڵی (١٩٧٨) کۆلێژی ئەندازیاری، ڕشتەی شارستانی (هەندەسەی مەدەنی) لە زانکۆی سلێمانی تەواو دەکات، پاشان هەر لە زانکۆی سلێمانی وەک فەرمانبەر دادەمەزرێت لە (بەشی بیناسازی – دائیرەی مەبانی).

هەر زوو لە کۆتایی هەفتاکانی سەدەی بیست و سەرەتای هەشتاکاندا تێکەڵ بەکاری سیاسی شۆڕشگێڕانە و ناسیاوی لەگەڵ ئەڵقە و کۆڕ و کۆمەڵە مارکسیەکانی ئەو کاتەی کوردستان دەبێت و خۆی لە ڕێکخراوی “کارگەران”دا دەبینێتەوە، کە کورتکراوەی ناوی ڕێکخراوی (یەکیەتی تێکۆشانی کارگەران) بوو.

هاوینی (١٩٨١) بەر لە گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی بۆ هەولێر([i])، بەپێی پلانێکی “کارگەران” و تیمێکی ئامادەکراو، لەنێویاندا هاوڕێ (نەجات) و هاوڕێ (نوری کەریم) کە هەم پێکەوە کارمەند بوون لە زانکۆی سلێمانی و هەم پێکەوە کاری سیاسی و ڕێکخراوەییان کردوە لەناو “کارگەران”دا، سەرکەوتووانە هەڵدەستن بە فڕاندنی دوو ئامێری چاپەمەنی کە یەکێکیان (تایپ ڕایتەر) و ئەوی تریشیان (ڕۆنیۆ)ێک بوو، بۆ کاری چاپ و بڵاوکراوەکانی ئەو ڕێکخراوە.

هاوینی ساڵی (١٩٨٢) دایکی هاوڕێیەکی دەستگیردەکرێت بەهۆی ئەوەوە کە نامەی کوڕەکەی لە پێشمەرگایەتیەوە بۆ هاتووە. لەو نامەیەدا بۆ هەواڵپرسی ناوی هاوڕێ (نەجات)یش هاتووە، بۆیە هێزە ئەمنیەکان بە سەرپەرشتی (مولازم موحسین) کە دڕندەی ئەو کاتەی شاری سلێمانی بوو، شەو دەدەن بەسەر ماڵیاندا بۆ دەستگیرکردنی و خۆشبەختانە هاوڕێ (نەجات) لە ماڵ نابێت و لەو کاتەوە دەبێتە کەسێکی داواکاراو و ڕاوەدوونراو بۆ گرتن لە لایەن دامودەزگای ئەمنی ڕژێمی بەعسەوە.

بەم حاڵەشەوە هاوڕێ ( نەجات) لە خۆپێشاندانەکانی سلێمانی ساڵانی (١٩٨٢) و (١٩٨٤) و هەروەها چالاکی وەک بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و نوسراوەکانی ئەو ڕێکخراوەدا، هەڵسوڕاوێکی ماندوو نەناس بوو. کەسێکی زۆر بزێو، زۆر ڕوح سوک و چستوچالاک بوو، وەک هەلوک([ii]) هەڵدەسوڕا، بەتایبەتیش کە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی زۆر بەربڵاوی هەبوو، وە کەسێکی قسە خۆش و دەم بە پێکەنین بوو دنیای زۆر بە سادەیی گرتبوو، ئەمەش کۆمەگی پێدەکرد لە چالاکیە بەربڵاوەکانیدا.

هەروەها لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستیشدا (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) و (یەکیەتی نیشتمانی کوردستان) هەر کەسێکی مارکسی و هەر ڕێکخراوێکی چەپ و کۆمۆنسیت کە “کوردستانی” و ناسیونالیستانە بیری نەکردایەتەوە و سەر بەوان نەبوایە و باسی لە یەکیەتی چینی کرێکاری عێڕاق بکردایە، دەکەوتنە دژایەتی و تەنگپێهەڵچنین و سەرکوتکردن، هاوڕێ (نەجات)یش یەکێک لەو کەسانە بوو کە جێگەی دژایەتی و تەنگپێهەڵچنینی ئەوان بوو، بەتایبەت لە سەردانەکانیدا بۆلای هاوڕێیانی لەو گوند و دێهاتانەی کە لە ژێر دەستی سوپا و ڕژێمی بەعسدا نەبوون، وە پێشمەرگەی تێدا بوو.

هاوڕێ (نەجات) لە ساڵی (١٩٨٤)دا بەرپرسی کۆمیتەی هەولێری ڕێکخراوی “کارگەران” بوو، وە سەردان و هاتوچۆی هەمان ماڵی کردوە کە تایبەت بووە بە کاری ڕێکخراوەیی “کارگەران” لە هەولێر کە هاوڕێیانی کۆمۆنیست و ئەندامی “کارگەران” (تۆفیق نیعمە مەهدی – خەڵکی بەغدا گەڕەکی زەعفەرانیە) ناسراو بە هاوڕێ جەلال و (حەسەن مامە موراد – خەڵکی خانەقین) ناسراو بە هاوڕێ ئەڵوەند، لەو ماڵەدا نیشتەجێکرابوون و هەر لەو ماڵەشدا لە کۆتایی تەمووزی (١٩٨٤)دا دەستگیردەکرێن و دواتر زۆر بەداخەوە لە سێدارە دەدرێن. گیانیان لە پێناو ئازادی و سۆشیالیزمدا بەخت کرد.

ماوەیەکی کەم پێش ئەو گرتنەی هاوڕێیانی هەولێر، ناکوکیە فکری و سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی ناو ڕابەرایەتی “کارگەران” تەقیبوونەوە، وە بە شکڵگیری (ڕەوتی کۆمۆنیست) لە پڕۆسەیەکدا لە دەرونی “کارگەران”دا، ئەو ڕێکخراوە بەبنبەست دەگا و هەڵدەوەشێتەوە. دواتر بەشێک لە هاوڕێیان و خەتە ڕێکخراوەییەکانیان لە کۆڕ و کۆمەڵی سیاسیدا درێژەیان بە کاری سیاسی خۆیاندا، و لە سەرەتای ساڵی (١٩٨٦)دا ڕێکخراوی “بڵێسە”یان پێکهێنا، کە هاوڕێ (نەجات) یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی.

هاوڕێ (نەجات) لەو ڕۆژگارە سەختەدا کە ڕژێمی بەعس دەستی نەدەپاراست لە گرتن و کوشتنی سەربازی ڕاکردوو لە بەرەکانی شەڕ و هەر کەسێکی نەیاری بەعس و ڕژێمەکەی، هەروەها بەدوای ڕایەڵەی ڕێکخراوە سیاسیە نهێنیەکاندا دەگەڕا بۆ گرتن و ئەشکەنجەدانی ئەندامانیان و لەسێدارەدانی چالاکوانانیان، لە وەها بارودۆخێکدا هاوڕێ (نەجات) کە فەرمانی گرتنی هەبووە لە کار و چالاکی نەدەکەوت و هەتا زۆر بەخەم هاوڕێیەکانیەوە بوو، بیری لە مردن نەدەکردوە بۆ هاوکاری و کۆمەگی هاوڕێکانی.

لە ساڵانی (١٩٨٥) تا (١٩٨٧) لە سلێمانی باری نائاسایی ناوشار (کە بە مەنعە تەجەول ناسراوە) ڕادەگەێنرا، کە کەس بۆی نەبوو بێتەدەرەوە، تا دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی بەعس هەڵسن بە پشکنینی ماڵان بۆ گرتنی سەربازانی ڕاکردوو لە بەرەکانی جەنگی ئێران-عێڕاق و دەستگیرکردنی کەسانی سیاسی دژ بە ڕژێم. لە یەکێک لەو ڕۆژانەی مەنعە تەجەولدا بەرەبەیانیەکی زوو خۆی دەگەێنێتە ماڵی هاوڕێ (نوری کەریم) کە هاوخەباتی بووە و چەند نوسراوە و نامێلکە لە ماڵیاندا بووە، تا خۆی بیاندۆزێتەوە و بیانباتە دەرەوە، چونکە هاوڕێکەی لەوێ نەبووە، بەم شێوەیە ڕیسکی بە ژیانی خۆی کردبوو لەپێناو پاراستنی ماڵی هاوڕێکەیدا.

هێشتا دوو مانگ تێنەپەڕیبوو بەسەر هاوسەرگیریەکەی و چونە ماڵی تازەیدا، کە لە (٢٨-٤-١٩٨٧)دا، لە گەراجی سلێمانیەوە، بە سەیارەی نەفەرات لە گەشتێکدا بەرەو هەولێر، لە خاڵی پشکنینی (بانی مقان)ی نزیک کەرکوک، لە پشکنینێکی هێزەکانی سوپای عێراق و دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی (ئەمن) و (ئیستیخبارات)ی ڕژێم (ی بەعس)دا، هاوڕێ (نەجات) بە کۆمەڵێک نوسراوە و بەیاننامەی گروپی (بڵێسە)وە دەستگیر دەکرێت.

کاتێک سەیارەکە لە خاڵی پشکنین ڕادەوەستێ، هاوڕێ نەجات ئەگەری ئەوە دادەنێت بەم هەموو نوسراوە ترسناک و یاساغانەوە کە پێیەتی، لەوانەیە پێی بزانرێت و دەستگیر بکرێت، بۆیە خێرا ژمارە تەلەفۆنی ماڵی باوکی ئەدات بە گەشتیارێکی تری ناو سەیارەکە و داوای لێدەکات کە ئەگەر ئەو دەستگیرکرا ماڵی باوکی ئاگادار بکاتەوە. شەو ماڵی باوکی هەواڵەکەیان پێدەگات.

کاتێکیش دەگیرێت لە خاڵی پشکنینەکە هەوڵی ڕاکردن دەدات، ئەویش بە مەبەستی ئەوەی کە تەقەی لێبکەن و بیکوژن تا هیچ سەرەداوێک لە ڕێگەی ئەوەوە دەست (ئەمن) نەکەوێت و ڕێکخراوەکەی و هاوڕێکانی بێوەی بن. ئەمەش پلانێک و نەخشەیەک بووە پێشوەخت هەیبووە و لەگەڵ هاوڕێکانیدا باسی لێوەکردوە کە ئەو کەسێکی داواکراوە لە دەزگای ئەمن و گرتنی ئەو یانی لەسێدارەدانی جا باشتروایە کارێکی وا بکات دەستبەجێ بکوژرێت نەک بخرێتە ژێر ئەشکەنجە و دواتریش لە سێدارە بدرێ.

بەهەرحاڵ کاتێک ڕادەکات تەقەی لێدەکرێ و بە برینداری دەستگیردەکرێتەوە و دەبرێ بەرەو (دائیرەی ئەمنی کەرکوک) بۆ لێپرسینەوە. سەرەنجام لە ئەمنی کەرکوک دوای چەند ڕۆژێکی کەم گیان لەدەست دەدات، نەک هەر لەبەرئەوەی جەستەی پر برین بووە، بەڵکو ئەشکەنجەیەکی دڕندانەش دەکرێ چونکە زانیاری ناخاتە بەردەست و نهێنیەکانی کاری سیاسی خۆی نادرکێنێت. گۆڕی هاوڕێ (نەجات) وەک دواتر زانراوە لە (گۆڕستانی شێخ محیەدین) لە کەرکوک بە خاک سپێردراوە.

هاوڕێ (نەجات) هەرگیز سڵی نەدەکردەوە لە مردن، ئەو کەسێکی جەربەزە، ئازا و چاونەترس بوو. ڕەمزی لە خۆبردوویی و خۆنەویستی (نکرانی زات) بوو. کەسێک بوو بەڕاستی دڵپاک و دڵسۆزی کاری کۆمۆنیستی بوو، هەرچی ئیمکانات و پارە و پولی پەیدا بکردایە، بۆ هاوڕێکانی و بۆ ڕێکخراوە و کاری سیاسی خەرجی دەکرد. هەموو ژیانی خۆی تەرخانکردبوو بۆ کاری کۆمۆنیستی و ڕێکخراوکردنی کۆمۆنیزم، وە هەر لەو ڕێگەیە و لەو پێناوەشدا گیانی سپارد.

(نەجات) خاوەنی خەونی گەورە بوو بۆ ئازادی و کۆمۆنیزم، گەرچی ئەو ڕۆیشت و جێیهێشتین، بەڵام خەونە گەورەکانی و ڕوحی خەباتکارانە و لەخۆبوردوویی بۆ بەجێهێشتووین.

یادت بەخێر هاوڕێ، دڵنیابە ڕێگەی خەباتی کۆمۆنیستانەت بەردەوامە.

ڕۆژنامەی (ڕەوت)

٣٠-٤-٢٠٢١

[i] – زانکۆی سلێمانی لە هاوینی ١٩٨١دا گوازرایەوە بۆ هەولێر و ناوەکەی گۆڕدارا بۆ زانکۆی سەڵاحەدین، و یەکەم ساڵی خوێندن تیایدا (١٩٨١-١٩٨٢) بوو.

[ii] – هەلوک: دەزگای شیکردنەوەی خوری مەڕە و زۆر بەخێرایی هەڵدەسوڕێت.

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بەبۆنەی یەکی ئایارەوە ڕێکخراوبوون ئامڕازی یەکلاکەرەوەی خەباتی چینی کرێکارە

دوای چەند ڕۆژێکی تر پێشوازی دەکەین لە یەکی ئایار، ڕۆژی ھاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکار. چینێک ...

سەرکوت و هێرش بەدژی هاوڕەگەزخوازان سەرکۆنە دەکەین

کەمپینێکی دواکەوتوانە و کۆنەپەرستانە لەلایەن بەرەی کۆنەپارێزی کۆمەڵگا و بەبەشداری ڕەوتە ئیسلامیەکان و حزبە ناسیونالیستە ...

بەبۆنەی کۆچی دوایی كرێکاری خەباتکار و سوشیالیست شێخ قادر

زۆر بەداخ و پەژارەوەین کرێکاری خەباتکار و سۆشیالیستی ناسراوی شاری سلێمانی بەڕیز، عبدالقادرعبدالڵە مارف، ناسراو ...

ڕاگەیاندن: سەبارەت بە خۆپێشاندانەکەی الشامیە

ڕۆژی یەکشەممە، (٢١-٣-٢٠٢١)، خۆپیشاندانێکی جەماوەری فراوان لە قەزای الشامیە هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی قەزای عەفەک و ...

کۆتاییهێنان بە ڕژێمی بۆرژوا ئیسلامی و قەومی لە عێڕاق، هەنگاوێکی بنەڕەتیە ڕووەو ڕزگاری ژنان

لە کاتێکا لەمساڵدا پێشوازی لە ھەشتی مارس، ڕۆژی جیھانی خەباتی ژنان دەکەین، کە زیاتر لە ...

%d مدونون معجبون بهذه: