جەنگی ئەسڵی لە کوردستاندا، جەنگی نێوان ناسیونالیزم و سۆشیالیزمە

ڕۆژ نیـیە چەند بەش و توێژێکی کۆمەڵایەتی، لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی عێڕاق، ناڕەزایەتی دەرنەبڕن بە خۆپێشاندان و مانگرتن و هاتنەسەر شەقام. ئەمە جگە لە نەفرەت و بێزاری لە ڕادەبەدەری جەماوەرێکی پیشخواردووی ژێر فشاری حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی حزبە فەرمانڕەواکانی.

ڕزگاربوون لە سایەی شومی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا، نەک هەر ئارەزوویەکی جەماوەرە، بەڵکو بۆتە خواستێکی واقعیـیان و لەوەش واوەتر چەندین جار بۆی هاتوونەتە مەیدان، بە شەپۆلی بەرفراوانی خۆپێشاندانی سەراسەریەوە.

ئەگەر ساڵانێک لێرەو پێش خەڵکانێک خۆشباوەڕیـیەک و چاوەڕوانییەکیان هەبوایە لە بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێم، ئەوا ئەمڕۆ بەچاوی خۆیان دەبینن دوای سێ ساڵ لە کابینەی نۆهەمی ئێستا (کە بەخۆی دەڵێت کابینەی چاکسازی)، بارودۆخ و گوزەرانی خەڵکی هەرێمەکە و خزمەتگوزاریەکانیان بەرەو خراپتر و خراپتر دەچێت.

نەک هەر ئەوەش بەڵکو هەتا خۆشباوەڕی بە پلەیەکی زۆریش لەسەر بەرنامەی چاکسازی ئۆپۆزیسیۆنیش ڕەویوەتەوە، چونکە بە عەمەلی خۆیان ئەزمونیان کرد و بینیـیان کە چۆن بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی (گۆڕان) و حزبە ئیسلامیـیەکان بەدوای هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٤)دا و هەوڵدانیان لە ڕێگەی پەرلەمان و بەشداریان لە (حکومەتی بنکەفراوان)ی (٢١٠٤)دا بۆ هێنانەدی چاکسازی، بە بنبەستی واقعی گەیشت و بوون بە بەشێک لەو سیستمە گەندەڵە.

(گۆڕان) بە یەکجاری ڕیسوا بوو، کە ڕەنگدانەوەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە (ئۆکتۆبەری ٢٠٢١)دا دەرکەوت و تاقە کورسیـیەکیشی بەدەست نەهێنا. هەرچی حزبە ئیسلامیـیەکانن گەرچی بە ڕەخنەی نیوەناچڵی نیولیبرالانە خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆن نیشاندەدەن، بەڵام لە ڕوانگەی جەماوەری زەحمەتکێشەوە تازە ئەزموونکراون.

جێگەوڕێگەی ئیسلامی سیاسی

ئیسلامی سیاسی بەرەیەکی کۆنەپەرستی ڕێکخراوی سیاسیە لە کوردستانی عێڕاقدا، بەربەستی بەردەم پێشکەوتووخوازیە لە کۆمەڵگەدا، ئەویش لە هاوپەیمانەتیاندا لەگەڵ ڕەوتی کۆمەڵایەتی سیاسی ناسیونالیزم بە هەردوو باڵی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنیەوە. حزب و ڕێکخراوە ئیسلامیـیەکان لە پەراوێزی کۆنەپەرستیـیەت و ئیستیبدادی ناسیونالیزمی کورددا درێژە بەژیانی خۆیان دەدەن و تەواوکەرینی، ئەوەی کە ناسیونالیزم ڕاستەوخۆ بۆی نالوێت دایسەپێنێت بەسەر کۆمەڵگەدا، بوار دەڕەخسێنێت تا لە ڕێگەی ئیسلامی سیاسیـیەوە داسەپێت.

بەدرێژایی دوو دەیەی ڕابردوو ئیسلامی سیاسی لە زوربەی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی (حکومەتی هەرێم)دا تەواوکەری ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار و جارجارەش لەگەڵ حزبە قەومیـیە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا تەواوکەری ئۆپۆزیسیۆنی قەومی نیولیبرالی بووە.

ئیسلامی سیاسی گەرچی هێزێکی واقعی ڕێکخراوی کۆنەپەرست و مەترسیدارە، بەڵام دوورە لەوەی بورژوازی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان نەک هەر ئەو چانسەی پێبدا ببێتە ڕەوتێکی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوا، بەڵکو هەتا ئەو چانسەشی پێنادات ببێتە ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی و پلە یەک، وەک لە شەپۆلی ڕاپەڕینەکانی دەیەی ڕابردوودا دەبینرا لە چەند وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقادا، هەربۆیە ئۆپۆزیسیۆن بوونی ئیسلامی سیاسی لە کوردستانی عێڕاقدا هەمیشە پاشکۆ و تەواکەری ئۆپۆزیسیۆنی ناسیونالیزمی کورد بووە.

ئەوەی کە لە ئێستادا ئیسلامی سیاسی توانای کێشکردنی گەنجان و لاوانی هەیە بۆ کونجی مزگەوتەکان، وە توانی سازدانی نمایشی باڵاپۆشی و لچک دابەشکردنی هەیە بەسەر کچاندا، هۆکارەکەی بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە فکری و سیاسییە ڕەشبینییەی کە لەم ساڵانەی دواییادا هاتۆتەئاراوە، ئەویش دوای ئەوەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران و کارمەندانی کەرتە جۆراوجۆرەکانی وەک پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و ژینگەپارێزی و  لاوانی کچ و کوڕی بێکار و ئامادە بۆ کارکردن دوای تەواوکردنی خوێندگاکان، لە شکڵی مانگرتن و خۆپێشاندانە پیشەییەکانیاندا نەیتوانی فشارێکی کاریگەر بخەنەسەر حکومەت و دەسەڵاتی هەرێمەکە و ناچاریان بکات بە وەڵامدانەوەی خواستەکانیان، بۆیە ئەو ناڕەزایەتییانە لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە بەرەو هەڵکشان چوون، جەماوەر هاتنەمەیدان بە شەپۆلی خۆپێشاندانی گەورە و سەراسەری شۆڕشگێڕانەوە کە هەڵپێچانی دەسەڵاتی هەرێمەکەی کردبووە ئامانج، بەڵام دەسەڵات شەڵاڵی خوێنی کردن جگە لە گرتنی هەڵسوڕاوان و ڕاوەدوونانیان.

بەم پێیە ئاشکرابوو کە جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز بەم هاوسەنگی هێزەی ئێستاوە دەرەقەتی ئەم دەسەڵاتە نایەت،  ئەمەش شەپۆلێک لە کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵی بەدوای خۆیدا هێنا ڕووەو دەرەوەی وڵات و ئەو کەشوهەوا فکری و سیاسییە ڕەشبینیەیەشی هێنایەئاراوە کە ڕەوتە ئیسلامییەکان بتوانن گەنجان و لاوانی کوڕ و کچ کێشی کونجی مزگەوتەکان بکەن و شانۆسازی بۆ باڵاپۆشی و لچک کردنەسەری کچان ئەنجام بدەن.

هەربۆیە هەوڵدان بۆ هەڵساندنەوە و وەڕێخستنی بزوتنەوەی جەماوەری زەحمەتکێش و ڕێکخراوکردن و ڕابەرایەتی کردنیان بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی شۆڕشگێرانەی ئینتەرناسیونالیستییەوە کە پاشەکشە بە باڵادەستی فکری و سیاسی ناسیونالیزمی کورد و حکومەت و دەسەڵاتەکەی بکات لەم هەرێمەدا، بەهێزترین گورزێک دەبێت کە دەسرەوێندرێتە ئیسلامی سیاسی. ئەم لێکدانەوەیە بە کەمگرتنی بایەخ و گرینگی خەباتی فکری و ڕۆشنگەری سێکیولارەکانی کوردستان نییە، بەڵکو خستنەناو چوارچێوەی واقعی خۆیەتی ئەگەر بڕیار بێت سێکیولاریزم لەم سەردەمەی ئەمڕۆدا ڕۆڵێک ببینێت لە بەرژەوەندی جەماوەری ئازادیخواز و کرێکاران و زەحمەتکێشان.

ئاگاهی سیاسی جەماوەر

بەدوای بنبەستی ئۆپۆزیسیۆنی سێ کوچکە و کۆکتێلی (قەومی، نیولیبرالی، ئیسلامی) لە بزوتنەوەی (١٧ شوباتی ٢٠١١)وە تا (٢٠١٨)، لەم ساڵەدا (نەوەی نوێ) بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشیاییە لە ئۆپۆزیسیۆنبوون دەستبەکاربوو. بەرنامە ئابووری و سیاسیەکەی دەشێ لەڕووی شکڵی و چەندایەتییەوە جیاوازییەکی هەبێت، بەڵام لەڕووی چۆنایەتی و ناوەڕۆکەوە هەمان بەرنامەی ئۆپۆزیسیۆنی نیولیبراڵی پێشووە، و بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی شکستخواردووی پێش خۆی پەلە ناکات لە دەستێکەڵاوکردن لەگەڵ حزبەکانی دەسەڵات و بەجۆرێک ڕواڵەتێکی “ڕادیکاڵ” بەرامبەر حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە خۆی نیشان دەدات.

ناسیونالیستە نیولیبرالەکانی کوردستان بەگشتی و (نەوەی نوێ) بەتایبەتی هاونەزەرن لەگەڵ حزبەکانی دەسەڵاتدا کە پەرلەمان دامەزراوەیەکە “نوێنەرایەتی” خەڵکی کوردستان دەکات! وە شوێنێکە کە خەڵکی دەتوانن بە دەنگەکانیان بارودۆخی ناهەموار و تڕاژیدیای ژیانیان بگۆڕن!!!، بەڵام ئەزموونی عەمەلی خول لەدوای خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێچەوانەی ئەو پرێنسیپە لیبڕاڵیـیە نیشاندەدات لای جەماوەر.

جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز لە هەرێمی کوردستاندا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتە سیاسيـیەی کە ئەم حکومەتە و دەسەڵاتی حزبە فەرمانڕەواکانی نە خۆیان ئەو چاکسازیـیەیان پێدەکرێ کە بانگەشەی بۆ دەکەن، وە نە بەرنامەی چاکسازی ئۆپۆزیسیۆنیش لەڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە دەتوانێت چاکسازی بهێنێتەدی. هەر بۆیە جەوهەر و ناوەڕۆکی سەراپای ئەم ڕژێمە سیاسیـیە لە کوردستانی عێڕاقدا بە حکومەت و پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆنە ناسیونال – نیولیبرال و ئیسلامییەکەیەوە ڕەتکراوەیە لە لایەن جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخوازەوە.

ئەم ئاگاهیـیە سیاسیـیە بەر لەوەی ئاکامی ڕۆشنگەری و پڕوپاگەندەیەکی شۆڕشگێڕانەی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی بێت، ئاکامی ئەزمونێکی مێژوویی، سیاسی و عەمەلی ڕۆژانەی خودی ئەو جەماوەرەیە لەگەڵ دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی قەومی و ئیسلامی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

خاڵی لاوازی ئاگاهی سیاسی جەماوەر

ئەم ئاگاهیـیە سیاسیـیەی جەماوەر لەسەرێکەوە خاڵێکی بەهێزە چونکە پشتبەستووە بە ئەزموونی عەمەلی خۆی، بەڵام لە سەرێکی ترەوە خاڵێکی لاوازە، چونکە ئاکامی جێخستنی ئاسۆ و ئەجیندایەکی سیاسی و چینایەتی تر نیـیە، ئاکامی باڵادەستی سۆشیالیزم نیـیە کە گوزارش بکات لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و توێژ و بەشە کۆمەڵایەتیـیە پەراوێزخراو و ستەملێکراوەکانی کۆمەڵگە، لە پێناو ئایندەیەکی تەواو جیاواز، نەک ئایندەیەک بە ئاڵوگۆڕێکی شکڵی و سیاسی نیوەناچڵ.

ئەمڕۆ ئەو دەستەوستانیە (پاسیفیستیە) سیاسیـیەی کە بە ڕوخساری جەماوەری زەحمەتکێش و بەشمەینەتەوە دیارە، نەک هەر ئاکامی سەرکوتگەری دەسەڵاتی هەرێمەکە و بێ ئومێدیـیە لە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامی، بەڵکو ئاکامێکی بەرجەستە نەبوونەوەی ئاسۆی سۆشیالیستی و بەدیلەکەشیەتی لە بەرامبەر سەراپای ئەم سیستم و ڕژێمەدا لە هەرێمەکە.

کێشەی ئەسڵی ڕیسواکاری دەسەڵات نیـیە

لەمڕۆدا حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات زۆر لەوە زیاتر بێ ئابڕوون لای جەماوەری زەحمەتکێش و لەسەر ئاستی بیروڕای گشتی کۆمەڵگە کە بانگەشە بکرێت بۆ ڕیسواکردنیان. کێشەی ئەسڵی لە ئێستادا لە ڕیسواکاری حکومەت و چەند حزبێکی فەرمانڕەوا واوەترە و بەدیاریکراوی دەربارەی ئەوەیە کە ئەم بارودۆخە تڕاژیدیا ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیـیەی کە لە ئارادایە بەرهەمی چیـیە؟؛ گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی کۆمەڵگە و هەڵتۆقینی ملیۆنلێر و ملیاردێرەکان، بێکاری و برسیەتی جەماوەر و نەبوونی خزمەتگوزاری و دواکەوتنی موچەکانیان، سەرکوتی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی، ڕەشەکوژی و بێحورمەتی بەژنان، بێ ئایندەیی گەنجان و کۆچ و ڕەویان بەرەو هەندەران …، یەکلانەبوونەوەی کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم، … گشت ئەمانە بەرهەمی چین؟ چۆنیەتی وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە کێشە ئەسڵیـیەکەیە.

ئایە، وەک قەومیـیە نیولیبرالەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەمە بەرهەمی “عەقلی شاخ” و عەشایەر و بنەماڵەیە؟ بەرهەمی لێنەهاتوویی و نەشارەزایی و بێ ئەزموونی کۆمەڵێک بەرپرسی حکومی و حزبی زاڵە بەسەر دەسەڵاتدا لە هەرێمەکە؟ بەرهەمی دزی و تاڵانی بەرپرسانی حزبی و حکومیـیە؟ بەرهەمی دەستێوەردانی حزبەکانە لە کاروباری حکومەت؟ یان، وەک ناسیونالیستە “چەپ”ەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، وێڕای ئەمانە بەرهەمی “کوردفرۆشی” و “خۆفرۆشی” حزبەکانی دەسەڵاتە بە دەوڵەتانی “دژ بە کورد”ی دراوسێ و ئیمپریالیزمەوە؟ یان، وەک ئیسلامی سیاسی بانگەشەی بۆ دەکات، ئەمە بەرهەمی عەلمانیـیەت و دورکەوتنەوەیە لە بەها ئایینیەکانی ئیسلام؟ یان بەپێچەوانەی ئەم ڕەخنە “ئەخلاقی”یانەی بورژوا ئۆپۆزیسیۆنی نیولیبراڵی ناسیونالیست و ئیسلامی، وەک چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستان لێکدانەوەی بۆ دەکات: ئەمە بەرهەمی فەرمانڕەوایەتییەکی چینایەتی و ئەجیندایەکی سیاسی و ئابووری نیولیبرالیزمی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدارە؟ کە هاوبەرژەوەند و هاوئاهەنگی ئابووری و سیاسیـشە لەگەڵ دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و دامەزراوە ئیمپریالیستیە جیهانیـیەکانی وەک “بانکی نێودەوڵەتی” و “سندوقی دراوی نێودەوڵەتی”؟

دیارە بەپێی هەر یەکێک لەو بانگەشە و لێکدانەوانە؛

  1. نەک هەر بەدیلی سیاسی و ئابووری و چینایەتی جیاواز بۆ دوای ئەم ڕژێمەی ئێستا و حکومەتی هەرێم و حزبەکانی فەرمانڕەوای دەخرێتەڕوو،
  2. بەڵکو ڕێگەی جیاوازیش دەخرێتەڕوو بۆ ڕزگاربوون لەم بارودۆخە تڕاژیدیایەی ئێستا.

ناسیونالیزم، ڕاست و چەپ و نیولیبڕاڵی یەک خانەوادەیە

لەسەرەوە باسمان لەوە کرد کە جەماوەر بە ئەزموونێکی مێژوویی خۆی ئاگاهیـیەکی سیاسی بەدەستهێناوە کە چاکسازی حکومەت و حزبەکانی فەرمانڕەوا یانی خراپتربوونی بارودۆخی ژیان، وە پەرلەمانی کوردستانیش دامەزراوەیەک نیـیە بتوانێت چاکسازی  لە ڕێگەیەوە بێتەدی و بارودۆخی ژیانیان باش بێت. جا ئەمڕۆ بۆ ئاڕاستەکردنی ئەم ئاگاهیـیە سیاسیـیە، ڕەوتە سیاسیـیەکانی ناسیونالیزمی نیولیبرالی ئۆپۆزیسیۆن و ناسیونالیزمی چەپ و ئیسلامی سیاسی لە لایەک و ڕەوتی چەپ و کۆمۆنیست لە کوردستاندا لە لایەکی ترەوە لە کێشمەکێشێکی نەپساوەدان بۆ؛

  1. باڵادەستکردنی ئاسۆکانیان و
  2. ساغکردنەوەی بەدیل (ئاڵتەرناتیڤ)ەکانیان و
  3. گرتنەبەری ڕێگەی ڕزگاربوونێک کە دەیخەڕوو بۆ جەماوەری ستەمدیدە و بێبەشی کوردستان.

لە سەرەتای ئەم وتارەدا ئاماژەمان بەوەداوە کە ئیسلامی سیاسی وەک ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی سیاسی، نەک هەر ئەو چانسەی نیـیە ببێتە جێگە متمانەی بورژوازی کورد و بیکاتە نوێنەری سیاسی خۆی و ڕازی بێت بە دەسەڵاتدارەتی ئیسلامی سیاسی بەسەر کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانی عێڕاقەوە، بەڵکو ئەو چانسەشی نیـیە کە ببێتە ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی و مەیداندار لە بەرامبەر ناسیونالیزمی دەسەڵاتداردا.

لە ئێستا کێشمەکێش لەسەر دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لەناو خانەوادەی بورژوازیدا، لە نێوان ناسیونالیزمی ڕاستڕەوی کۆنەپەرستی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنی ناسیونالیزمی نیولیبڕاڵ و ناسیونالیزمی “چەپ”دایە. بە مانایەک ئەوە ڕەوتی ناسیونالیزمی کوردە مەیداندار و باڵادەستە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، هەم دەسەڵاتدارە و هەم مەیدانی ئۆپۆزیسیۆنیشی بەدەستە و بەدیلی جۆراوجۆری نیولیبڕاڵی و “چەپ”یانەشی هەیە بۆ جێگرتنەوەی دەسەڵاتی ئێستا و ئیسلامی سیاسیش دەتوانێت تەواوکەر و پاشکۆی بێت.

ڕۆشتنی دەسەڵاتی هەردوو حزبی فەرمانڕەوای ئێستای هەرێمەکە (پارتی) و (یەکێتی)، وەک گریمانەیەک و جێگرتنەوەی چ لە لایەن حزبی (نەوەی نوێ) جا بە تەنها بێت یا بە هاوکاری حزبەکانی ئیسلامی سیاسی، وەیا جێگرتنەوەی دەسەڵاتی (پارتی) و (یەکێتی) لە لایەن ڕێکخراوگەلێکی ناسیونالیستی “چەپ” و نزیک لە (پەکەکە) و سەربە ڕێبازی فکری ئۆجەلانی، چ بەتەنها و چ بە هاوکاری و هاوبەشی ناسیونال نیولیبڕاڵەکانی کوردستان وەیا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حزبەکانی ئیسلامی سیاسیدا، بەو مانایە کە دەسەڵات هەر لە دەست ڕەوتی ناسیونالیزمی کورددایە لە کوردستانی عێڕاقدا و لە نێوان باڵ و بەشە جیاجیاکانی ڕاست و چەپ و نیولیبڕاڵیدا دەستاودەستی پێکراوە.

شایەنی باسە ناسیونالیزمی “چەپ”ی پەکەکەیی و ڕێکخراوەکانی دەستەخوشکی لە کوردستانی عێڕاقدا، ستڕاتیژی سیاسیان لەسەر ئەوە دانەمەزراندوە کە ڕاشکاوانە و بە عەلەنی هەڵسن بە هەڵخراندنی ڕاستەوخۆی جەماوەر دژی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی هەردوو حزبی فەرمانڕەوا، وەک بۆ نمونە ناسیونالیزمی نیولیبرالی ئۆپۆزیسیۆن (نەوەی نوێ) پێی هەڵدەستێت، بەڵکو ستڕاتیژەکەیان لە ئێستادا سازانە لەگەڵ بەشێک لە دەسەڵات (یەکێتی) و (گۆڕان) و خۆ لادانە لە جەنگی (پارتی) کە هاوئاهەنگە لەگەڵ ئەجیندای سەربازی و سیخوڕی (ئیستیخباراتی) دەوڵەتی تورکیا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەر شوێنێکی کوردستاندا بۆشایی سیاسی و سەربازی بێتەئاراوە هێزەکانی (پەکەکە) دەتوانن پڕی بکەنەوە وەک لە (شەنگال) بینیمان.

خاڵی بەهێزی ناسیونالیزمی “چەپ”ی پەکەکەیی و ڕێکخراوەکانی دەستەخوشکی نەک هەر لەوەدایە کە هێزێکی ڕێکخراوی چەکداری تۆکمە و بە ئەزموونی هەیە و لەڕێگەی تیۆریەکانی ئۆجەلانەوە ڕۆشنبیرانی ناسیونالیست کێش دەکات بۆ خۆی، بەڵکو لەوەدایە کە ئاگاهی زاڵی چینی سەردەست و بورژوازیانە بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا ئاگاهییەکی ناسیونالیستییە، کە سەنەد و پشتیوانەیەکی بەهێزی هەموو ڕەوت و حزبێکی ناسیونالیستە لەوانەش حزب و ڕێکخراوگەلێکی سەربە ڕەوتی پەکەکەیی.

ئەمە وێڕای ئەوەی ئەم ڕەوتە ڕایەڵەی پەیوەندی ئاشکرا و نهێنیشی لەگەڵ وڵاتانی ئیمپریالیستی وەک ئەمریکا هەیە، تواناشی هەیە نەک هەر لەگەڵ ناسیونالیزمی ئۆپۆزیسیۆنی نیولیبراڵ و ئیسلامی سیاسیدا بسازێت، بەڵکو لەگەڵ بەشێک لە دەسەڵاتیش، بگرە لەگەڵ خودی هەر ئەم دەسەڵاتەی (پارتی) و (یەکێتی) و هەر ئەم حکومەتی هەرێمەش لەسەر فەرمانڕەوایەتی لە کوردستانی عێڕاقدا بسازێت، لە حاڵەتێکدا کە قەیرانی دەسەڵات و بۆشایی سیاسی و حکومەتی بێتە ئاراوە و (پارتی) و (یەکێتی) نەتوانن بەتەنهایی دەسەڵات بەڕێوەبەرن، جا لەو حاڵەتەدا (پەکەکە) و ڕێکخراوگەلێکی لەو چەشنە  لە حکومەتێکی هاوپەیمانی (ئیئتلافی)دا لەگەڵ “ئامۆزا و پورزاکانی تری خانەوادە”کەی خۆیاندا، هاوبەشی دەسەڵات دەبن.

سەربەخۆیی لە ناسیونالیزم و خزانەناو داوێنیەوە جارێکی تر

چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستانی عێڕاق لە کۆتایی هەفتاکانی سەدەی بیستەوە و لە پڕۆسەیەکی خۆجیاکردنەوەدا لە هەشتاکانی ئەو سەدەیەدا، بەگشتی خۆی لە ناسیونالیزمی کورد جیاکردۆتەوە (ئەوەی کە ناسیونالیزم بە شاراوەیی لە ڕیزەکانیدا درێژەی بەژیانی خۆیداوە لەم سەربەخۆییە کەم ناکاتەوە). چەپ وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سەبەخۆ و وەک ڕەوتێکی فکری سیاسی کۆمۆنیستی و ئینتەرناسیونالی دژ بە ناسیونالیزم لە هەڵومەرجی دوای ڕاپەڕینی (١٩٩١)دا خۆی لەسەر ئاستی کۆمەڵگە خستەڕوو، وە شوێن پەنجەی بەمێژووی ئەو کاتەی کوردستانەوە دیارە، لەو نێوەدا دەستە و کۆڕوکۆمەڵ و ڕێکخراوەی جوراوجۆر بە تایبەتیش ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست) ڕۆڵێکی بەرجەستەیان هەبووە چ لە مێژووی ئەو کاتەدا، وە چ لە پڕۆسەی سەربەخۆیی و جیاکردنەوەی کۆمۆنیزم لە ناسیونالیزم.

ئێستا دوای ئەزموونێکی دوو سێ دەیەی ئەم دواییەی بزوتنەوەی چەپ و پاشەکشە و چوونەدواوە و پەرتەوازەیی ڕیزەکانی، هاوڕای هاتنە پێشەوەی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزگرتنی ناسیونالیزمی کورد لەو ناوچەیەدا، ناسیونالیزمی شاراوەی ناو ڕیزەکانی چەپ هەلی بۆ ڕەخساوە کە ڕاشکاوانەتر لە جاران گوزارش لە خۆی بکات بەتایبەت پێشتر و لە ساڵانی ڕابردوودا لە پڕۆسەیەکدا بەشێک لەم چەپە هەڵوەریونەتە ناو ڕیزەکانی ناسیونالیزمی کوردەوە و لە ئێستاشدا ئەو پڕۆسەیە بەردەوامە و بەشێکی تر کێش دەبێت بۆ داوێنی ئەو ناسیونالیزمەیە بە یەکجاری. ئەمەش هەر تایبەتمەندی چەپی کوردستانی عێڕاق نیـیە، بەڵکو لە کوردستانی ئێرانیشدا، لە جیابوونەوە یەک لە دوای یەکەکانی ناو ڕیزەکانی ڕێکخراوی (کۆمەڵە)دا بەلای ڕاست و ناسیونالیزمی کورددا دەبینرێت، کە دوایینیان سەرەتای ئەمساڵ (٢٠٢٢) بوو.

هاوسۆزی (سەمپاتی) بۆ فکری ئۆجەلانی و مەیل و گرایشی پەیوەست بوون بە ستڕاتیژ و ئەجیندای سیاسی و ئابووری ئەم ڕەوتە لە ناسیونالیزمی کورد، لەناو ڕیزەکانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاقدا گوزارشە لەو ڕاستییەی سەرەوە.

کێشە لەوەدا نییە کە ئەمە مافێکی دیموکراتی ئەوانەیە کە دەیانەوێت ئەم پەیوەستبوونە لەم ڕێگەیەوە ئەنجام بدەن، کێشەکە لەوەدایە کە لەم ڕێگەیەوە فشار دەخرێتە سەر بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی تا ببێتەوە بەشێک لە جوڵانەوەی ناسیونالیزم لە کوردستاندا.

پاراستنی سەربەخۆیی ڕیزەکانی چەپ و کۆمۆنیزمێکی ئینتەرناسیوناڵ لە کوردستانی عێڕاق و لەبەرامبەر ناسیونالیزمی کورددا، بەشێکە لە خەباتی  چینایەتی و پاراستنی سەربەخۆیی بزوتنەوەی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە بزوتنەوەی ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی، هەر بۆیە خەباتی فکری و سیاسی بۆ پاراستنی سەربەخۆیی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستان لە ناسیونالیزمی کورد بایەخدارە.

جەنگی ئەسڵی لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا، جەنگی نێوان ناسیونالیزم و کۆمۆنیزم

ئەگەر نیو سەعات دانیشین بەدیار بەرنامەی هەواڵی یەکێک لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆنەوە، یا چاوێکی سەرپێی بخشێنین بەو هەموو هەواڵانەی کە باس لە کێشمەکێشی نێوان حزبە قەومییەکانی کوردستان دەکەن، کە جارجار نزیکیش دەبێتەوە لەوەی دەست بۆ چەک بەرن، چ لە نێوان ئەوانەی کە لە دەسەڵاتدان؛ ململانێی (پارتی) و (یەکێتی) لەگەڵ یەکتری و (گۆڕان) لەگەڵ هەردووکیان و لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنیشدا (نەوەی نوێ) بەرامبەر هەرسێکیان، ئەمە وێڕای کێشمەکێشی حزبە ئیسلامییەکان و کێشەی گشت ناسیونالیزمی کورد و حکومەتی هەرێم لەگەڵ ناسیونالیزمی عەرەب و حکومەتی ناوەند و دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە بەغدا، شتێکی زۆر سەیروسەمەرە دێتە پێش چاو باس لەوە بکرێت کە کێشمەکێشی ئەسڵی کۆمەڵگەی کوردستان لە نێوان کۆمۆنیزم و ناسیونالیزمدایە بە هەموو حزب و ڕەوتە جۆراوجۆرەکانیەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە چەپ و کۆمۆنیزم لە هیچ جۆرە هێزێک بەهرەمەند نییە و لە هیچ هاوکێشەیەکی سیاسیدا نە ئامادەیە و نە ناویشی لە ئارادایە.

ئەمە واقعیەتی جیهانی سەرمایەدارییە لە هەموو وڵاتاندا کە کێشمەکێشی نێوان ڕەوت و باڵە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی لەسەر دەسەڵات و بردنە پێشەوەی ئەجیندای سیاسی و ئابوورییان تەواوی کۆمەڵگە بەخۆیانەوە مەشغوڵ دەکەن، وەک لەمڕۆی عێڕاقدا دەیبینین، نەک هەر ئەوەش لە زۆر وڵاتاندا جەهەنەمێکیان خوڵقاندوە بە جەنگی ناوخۆ وەک لە سوریا و یەمەن دەیبینین. وە لەسەر ئاستی جیهانیشدا کێشمەکێشی نێوان وڵاتانی بورژوازی و بلۆکە ئابووری سیاسییەکان و جەنگی نێوانیان تڕاژیدیا لەسەر ئاستی جیهان بۆ مرۆڤایەتی دێنێتە ئاراوە هەر وەک لە جەنگی ئێستا لە ئۆکرانیادا دەبیندرێت.

ئەگەر لە ڕوانگەی ژونالیستی بورژوازییەوە سەیری دنیای سیاسەت بکەین، ئەوەی پێشاندەدرێت بۆ نمونە لە عێڕاقدا کێشمەکێشی ڕەوتە قەومی و مەزهەبی و تائیفیەکان و بەپشتیانەوە کێشمەکێشی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و وڵاتانی ئیمپیریالیستییە لە گۆڕەپانی عێڕاقدا، لەم ڕوانگە ژورنالیستییەوە خەباتی کرێکار و زەحمەتکێش دەرناخرێت دژی سەراپای ئەم ڕژێمە گەندەڵە قەومی و ئیسلامییە، ئەمە لە کاتێکیشدایە کە ڕاپەڕینی (ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)ی کرێکاران و زەحمەتکێشان تەواوی هاوکێشە سیاسیەکانی ئەم ڕەوتە قەومی و ئیسلامییە تائیفییانە و ستڕاتیژی دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی لە عێڕاقدا لەبەریەک ترازاندووە و ئەم کێشمەکێشەی ئێستایان ئاکامی ئەو گورزەیە کە بەر پەیکەرەی دەسەڵاتی بورژوازی کەوتووە لە عێڕاقدا.

لە کوردستانیشدا ئەوەی لە سەرەوە دەبینرێت ئەو کێشمەکێشەی نێوان حزب و ڕەوتە ڕاست و “چەپ” و نیولیبڕاڵەکانی بورژوا ناسیونالیست و ئیسلامییەکانە لە لایەک و کێشمەکێشی تەواوی بەرەی ناسیونالیزمی کورد و حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتداریەتی لەگەڵ ناسیونالیزمی عەرەب و حکومەتی ناوەندی و دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە بەغدا، بەڵام لە دەرونی کۆمەڵگەدا جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش هەر ڕۆژە لە ناڕەزایەتی و مانگرتندایە و هەر ماوەناماوەیەکیش دەستیداوەتە خۆپێشاندان، نەک هەر خۆپێشاندانی توێژ و بەشە جیاجیاکان، بەڵکو شەپۆلی سەراسەری خۆپێشاندانیش دژ بەدەسەڵات.

ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە پڕۆسەیەکدا لەژێر باری حزبە بورژوا ئۆپۆزیسیۆنەکانی ناسیونالیزم و ئیسلامی سیاسیدا هاتۆتە دەرەوە و ڕاستەخۆ ڕووبەڕووی دەسەڵات وەستاوەتەوە بە تایبەت لە شەپۆلی خۆپێشاندانەکەی ئۆکتۆبەری (٢٠١٥) بەدواوە، وە لەگەڵ هەموو هەوڵ و کۆششێکی (نەوەی نوێ)دا لە سێ چوار ساڵی ڕابردوودا، بەڵام نەیتوانیوە باڵادەستی بەسەر بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریدا بکات و بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و لە چوارچێوەی ئەجیندای سیاسی خۆیدا لە قاڵبی بدات.

لە ئێستادا بزوتنەوەی ناڕەزایەتی لە قۆناغێکی ناسک و هەستیاردایە بەوەی کە بە  ئەزموونێکی عەمەلی، خۆی لەژێر باری حزبە ناسیونالیست و ئیسلامییەکان هێناوەتەدەرەوە، بەڵام هێشتا ئاسۆیەکی سۆشیالیستی و ئەجیندایەکی سیاسی حزبێکی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵ، ڕێکخەر و ڕابەری نییە کە بەرژەوەندیە درێژ ماوە و کۆتاییەکانی نوێنەرایەتی بکات، وە بەو ئاسۆ و ئەجیندا ستڕاتیژییە درێژ ماوەییەوە ڕابەر و ڕێکخەری ناڕەزایەتی و خەباتی ڕۆژانەیان بێت بۆ دەستکەوت و داسەپاندنی بەسەر حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدا.

ئەو کێشمەکێشە فکری و سیاسییەی کە ئەمڕۆ لە ئارادایە بۆ سەربەخۆیی چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستان لە ناسیونالیزمی “چەپ” و دەرخستنی ناوەڕۆکی چینایەتی و ئەجیندای سیاسییەکەی، بەشێکە لە ڕێکخراوکردن و شکڵپێدانی کۆمۆنیزمێکی ڕادیکاڵ کە بتوانێت بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی و ئینتەرناسیونالیستییەوە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری بگرێتەخۆی و لە خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا ئامادەیەیی هەبێت تا بتوانێت کرێکاران  وەک چینێک لە پێناو خۆیاندا دژی چینی بورژوازی و دەسەڵاتی حکومەت و دەوڵەتە لۆکاڵییەکەی ڕێکخراو و ڕابەرابەتی بکات لە هەرێمەکەدا، وە خەباتیان گرێبداتەوە بە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەراسەری عێڕاقەوە.

بەم شێوەیە لە کۆمەڵگەی چینایەتی کوردستاندا خەباتی چینایەتی نێوان پڕۆلیتاریای کوردستان و بورژوازیـیەکەی لە سەرخانی سیاسی کۆمەڵگەدا خۆی لە کێشمەکێشی فکری و سیاسی نێوان دوو ڕەوتی کۆمەڵایەتی – سیاسی ناسیونالیزم و سۆشیالیزمدا دەبینێتەوە. ئیسلامی سیاسی وەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە بەشێک و تەواوکەری کۆنەپەرستیەتی ناسیونالیزمە لە کوردستاندا. بە دڵنیاییەوە جەنگیش لە نێوان سۆشیالیزم و ئیسلامی سیاسیدا لە ئارادایە، بەڵام جەنگی یەکلاکەرەوەی کۆمۆنیزم لە کۆمەڵگەی کوردستاندا جەنگە دژی ناسیونالیزم، جەنگ لە دژی ئیسلامی سیاسی تەواکەری ئەو جەنگەیە.

حوزەیرانی ٢٠٢٢

تێبینی: ئەم وتارە لەسەر ڕۆشنایی باسێک ئامادەکراوە کە نوسەر پێشکەشی کردوە لە ئێوارە کۆڕێکدا لە (٢١-٥-٢٠٢٢) لە (دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان) لە شاری سلێمانی.

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی و بەرنامەی کابینەکەی، خزمەتە بە چەسپاندنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و بەردەوامیدانە بەو دۆخە سیاسییەی کە هەیە

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق دوای زیاتر لە شەش مانگ لە کۆتاییهاتنی گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەکانی ...

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ڕاپۆرتێک لەسەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن، ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦

بۆ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی (یەنار محەمەد) ژنە کۆمۆنیست و ڕابەری بزووتنەوەی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦