بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی چینی کرێکار لە کوردستانی عێڕاق (ئاوردانەوەیەک لە مێژوی سێ دەیەی پێشوو لەڕووی کرداری و ڕێگریەکانی بەردەم بەرەوپێشچوونی)

دڵشاد  محمد عارف

یەکەم: بزووتنەوەی شورایی وەک سەرەتا

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی چینی کرێکار بدەینەوە لە سێ دەیەی پێشویدا لە کوردستانی عێڕاق، دەبێت لەڕاستای هاتنەمەیدانی شوراکان و لەبەرچاوگرتنی بزووتنەوەی شورایی وەک پێشەنگ خوێندنەوە بۆ بزووتنەوەی چینی کرێکار بکەین.

دوابەدوای ئەو دۆخەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێڕاقدا، لەگەڵ کۆتایی جەنگی سارددا هاتەپێش و لە کوردستان توانرا دەسەڵاتی ڕژێمی پێشوو (بەعس) پاشەکشەی پێ بکرێت، کۆمۆنیست و چەپەکان یەکەم هەنگاوێکیان هەڵێنایەوە، کە دەتوانم بڵێم بەکۆی کەمووکوڕیەکانییەوە؛ لەڕووی پراکتیک و ئاسۆی سیاسییەوە، بوو بە مێژوویەک لە خەباتی کۆمۆنیستەکان کە دەتوانرێت ئەزمونی لێوەرگرین، ئیدی چ لە هەڵە و چ لە هەنگاوە ئاسودارەکەی.

شوراکان لە سەرەتادا ببوونە جێگەی کۆبونەوەی بەشی هەرە زۆری لاوان و ئامادەی هەموو ئەرک و پێ سپاردنێک بوون کە پێیان بسپێردرێت. لیژنەی تەندروستی، کۆکردنەوەی کۆمەک، یارمەتیدانی سەربازە ئاوارەکان، بەشێک بوون لە کارەکانیان لەگەڵ پێکهێنانی هێزی چەکداری، بەڵام ئێمە هەڵسوڕاوانی ئەو بزووتنەوەیە نەمانتوانی دامەزراوەی دەسەڵاتدارەتی جەماوەری زەحمەتکێش و بنەماکانی بەڕێوبردنی کۆمەڵگە بخەینەگەڕ، هەروەها جگە لە چەند شوێنێکی وەک (کارگەی جگەرە) و (گەرەکی خەبات) لە سلێمانی هیچ بنەمایەکی شورایی وەک هەڵبژاردنی نوێنەری شوراکانمان جێبەجێ نەکردبوو، واتە لەسەروو خەڵکەوە پێکهاتبوون، دەکرا لیژنە کاتیەکانی شورای گەرەک و شوێنی کار بهاتینایەتە پێش شوراکان.

ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە هێزە چەکدارەکانی حیزبە ناسیونالیستەکان هاتبوونە نێو شارەکان و زۆر بە ئاسانی خۆیان ڕێکخست و کاری خۆیان ئەنجام دەدا لەدژایەتی کردنی شوراکان و تەنگپێهەڵچنینیان، وە بەگیانی نەتەوەیی و بانگی ئازادکردنی کەرکوک و …هتد، کاریگەریان لەسەر ئەو کەسانە دانا کە لە دەوری شوراکان کۆببونەوە.

بەم پێیە شوراکان کەوتنە هەڵەی گەورە و پێدانی هەل بە حیزبە ناسیونالیستەکان کە بتوانن بنکۆڵی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیـیە بکەن و هێز لە خۆبگرن. شوراکان بەشێوازێک بەرەو لاوازبوون بچن لە گەرمەی خۆسازدانەوەی بۆرژوازی بۆ لێدانی گورز لەم بزووتنەوەیە کە دەکرا کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت.

دووەم: بەڕێوەبردن یا بەرزکردنەوەی دروشمەکان

لەژێر کاریگەری مەیلە جیاوازەکان و هێنانەکایەی ململانێ سیاسیـیەکان، پاشەکشە لە زۆر شوێن جگە لە مانەوەی بنکەکان بووە بەشی شوراکان. ئەگەر بمانەوێت وردتر بڕوانینە شوراکان بۆ بەو دۆخە گەیشت؟ ئەوا مەسەلەکە تێنەگیشتن بوو لە شورا، چونکە شورا یەکەی بەڕێوەبردنە، بەڵام لە شوراکاندا دەستکرا بە بەرزکردنەوەی دروشم (شیعارات) و خواستەکان. کاتێک خۆت لە هەوڵدابیت ئۆڕگانی دەسەڵاتدارەتی دابمەزرێنیت بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، نازانم ئەم دروشمانە بەڕوی کێدا وە بۆچی؟ ئیدی (بەرەی کوردستانی) حیزبە ناسیونالیستەکان کەوتنە خۆیان و یەکەم بانگەوازی ژەهراوی لە لایەن تاڵەبانیەوە بەڕووی شورکان و ئەوکاتی کۆمۆنیزمی کرێکاری بەرێخرا، ئیدی بەهەر شکڵێک و ئامانجێک بووبێت دەستی بۆ برد.

سێهەم: کۆمیتە شۆڕشگێڕەکان و وەدەرنانی بەعس

شوراکان لەو ماوەیەدا کە لە ئارادا بوون، چەندە هەڵە و ناڕۆشنییان هەبووبێت لە کارکردنیاندا، هەمووان پشکدارن تێیدا، ئەمەش قوناغی یەکەمی خەباتی کۆمۆنیستەکان بوو. دواتر پاش شکستی خرۆشانی جەماوەری و گەڕانەوەی ڕژێمی بەعس و دانوسان و ڕێکەوتنی حیزبە ناسیونالیستە چەکدارەکان لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا، جارێکی تر کۆمۆنیستەکان دەستیان دایە دروستکردنی (کۆمیتە شۆڕشگێرەکان) و دژ بە (بەعس) کەوتنە کارکردن. ئەم مێژووەی کۆمۆنیستەکان ناتوانرێت لە لاپەڕەکانی مێژووی بزوتنەوەی کرێکاری و خەباتی پرۆلیتاری بێ بەها بکرێت کە وەدەرنانی ڕژێمی بەعس لەم ناوچەیەدا لەژێر کاریگەری کۆمیتە شۆرشگێڕەکاندا بوو.

چوارەم: یەکێتی بێکاران

پاش کۆمیتە شۆرشگێڕەکان ماتە وزەیەک لە هەناوی چینی کرێکاردا خۆی دەرخست لە ناوەڕاستی ساڵی (١٩٩٢)دا کە دەکرێت لە ئایندەا سود لەو ئەزمونە وەرگرین لە کارکردنماندا کە چۆن هەنگاوبنێین.

سەرەتا کۆمەڵێک چالاکوانی کۆمۆنیست بۆ خۆڕێکخستنەوە و هەوڵدان بۆ بەگەرخستنەوەی کارکردی شورایی قسەوباسێکی جددییان کرد لەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و میکانزمێک بۆ کۆکردنەوەی بێکاران لەنێو ڕێکخراوێکی  کرێکاریدا، وە هەر لەو کۆبونەوەیەدا بڕیاردرا لەسەر ناوی ڕێکخراوەکە و بەیاننامەی ڕاگەیاندنی دەرکرا بەناوی (دەستەی کاتی شورای کرێکارانی بێکار)، بەڵام پاش کۆبونەوە لەگەڵ دەستەی دامەزرێنەری (یەکێتی بێکاران) لە هەولێر، وە بۆ کارکردن بەشێوەی سەرتاسەری (دەستەی کاتی شورای کرێکارانی بێکار) هەڵوەشایەوە و بانگەوازی کۆبونەوەی گشتی بۆ بێکاران کرا، کە دەکرێت بە یەکەم هەنگاوی شورا لەقەڵەم بدرێت، چونکە بەو سونەتە دەستی بەکارکردن کرد و نوێنەرەکان بەدەنگدانی ئاشکرا هەڵبژێردران، لە هەمانکاتدا کاتی کۆبونەوەی گشتی ئایندە دیاریکرا و بوو بە مێتودی کارکردنی ڕ‌ێکخراوی (یەکێتی بێکاران لە کوردستان).

جگە لە (یەکێتی بێکاران) چەندین ڕێکخراوی کرێکاری تر هاتنەپێش لە کارگە ئەهلیەکان، و ئیرادەیەکیش لە کارگەکانی کەرتی گشتیدا هەبوو، بەتایبەت لە کارگەی پۆشاک (ئەلبیسە)ی سلێمانی و چیمەنتۆ بۆ بەگەڕخستنی شورای ئەو کارگانە. کارگەیشته هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی ئەو ڕێکخراوە کرێکاریانە و پێکهێنانی فدراسیونێکی سەراسەری ڕێکخراوە کرێکاریەکان لە کوردستان.

پێنجەم: ئاستەنگ و ڕێگرییەکان

با لێرەدا هەڵوێستەیەک بکەین و بزانین ئیدی چی دەگوزەرێت؟ ئەم ڕێکخراوانە دەکەونە کوێی هاوکێشە و ململانێی چینایەتی؟ چ شتێک کارێگەری نەرێنی لەسەر کاری ئەم ڕێکخراوانە دادەنێت؟

(یەکێتی بێکاران لە کوردستان) لەڕووی ئەندامگیری هەموو کەسێکی ئامادە بەکار کە کاری نەبێت بەبێ جیاوازی مافی ئەندام بونی هەبوو، وە مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتنی هەبوو کە لە ڕێکخراوەکانی تریش هەمان شێواز بوو، کاتێکیش باسی فدراسیون هاتەپێش وەک پێداویستیەکی سەرەکی بۆ کۆکردنەوەی چینی کارگەر و ڕێکخستنی لە ڕێکخڕاوێکی سەرتاسەریدا و بەرگرتن لە جیاکردنەوەی ڕشتەیی بەئامانج گیرا، ئەمانە ڕوویەکی گەشی ئەم بزوتنەوەیەن، بەڵام بەمە کۆتایی نایەت دەبێت ئاستەنگ و ڕێگریەکانیش ببینین کە ئەویش ڕەنگدانەوە و بەرجەستەکردنەوەی جیاوازی و ناکۆکی فکری و سیاسی گروپ و ڕێکخڕاوەکان بوو لەنێو (یەکێتی بێکاران) و ڕێکخراوە کرێکاریەکاندا، بەتایبەت ململانێی نێوان دوو باڵی جیاوازی ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کە هەر یەکەیان سەربە خەتێکی جیاوازی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران بوون، ڕوونتر بڵێم باڵی (کۆمۆنیزمی کارگەری) و باڵی (کۆمەڵە)ی سەربە (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران).

ڕاستە چەند کۆمۆنیستێکی جیاواز لەمانەش بونیان هەبوو، بەڵام ئەم دوو باڵە خاوەن هەژموون بوون لەنێو ئەم ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەریانەدا بەتایبەتی لەنێو (یەکێتی بێکاران)، کە ئەم ڕێکخراوە ئاڕاستەی کارکردنی لەسەر بیمەی بێکاری بوو، یان باشتربڵێم کاری لەسەر ڕێکخراوکردن و سازدانی پڕولیتاریا دەکرد، هەتا بتوانیت سەربەخۆ خۆی بپارێزێت لەبەرامبەر بێکاری و هەژاری و کارێکدا کە بۆرژوازی هۆکار و کارکردی بێت.

کێشمەکێشەکانی ئەم دوو ڕەوتە فکریە جیاوازە بەشێوازێکی نادروست کاریگەری دانا لەسەر ڕێکخراوە کرێکاریەکان، بەتایبەت سێ ڕێکخراوی سیاسی کۆمۆنیزمی کارگەری ئەو کاتە (بەر لە دروستبوونی حزب) جگە لەوەی ململانێیان لەگەڵ ڕەوت و کەسانی دەرەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری دەکرد، لەنێو خوشیان کەوتبوونە ململانێ و شەڕە فکریەکانی خۆیان لەنێو ڕێکخراوە کرێکاریەکاندا دەکرد، ئەمەش کاریگەریەکی خراپی لەسەر ئەم ڕێکخراوە کرێکاریانە دانا. چەمکی سکتارست، پوپولیست، ئینتهازی، … کاڵای ئامادەکراو بوون باڵای یەکترییان پێ دەپۆشی، دواتر لەڕێگەی (مەنسوری حیکمەت)ەوە ئەم کاڵای بەقەد باڵایە نەما و هەموویان لە ناو حزبێکدا (کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق) کۆبوونەوە و ئیتر ململانێکان بۆیان ساناتر بوو.

دەمەوێت لێرەدا هەڵوێستەیەک بکەم و بگەڕێمە بۆ خۆسازدانی (یەکێتی بێکاران) پاش بڕیاردانی لە کۆبونەوەی نوێنەرایەتی بێکاران بۆ خستنەگەری خۆپیشاندان بۆ دەستگەیشتنی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگە و لەشکری گەورەی بێکاران بە سەرەتایی ترین مافی ئینسان کە خۆی لە کار و ناندا دەبینێتەوە.

دواجار بەکۆی دەنگی نوینەرانی (یەکێتی بێکاران)، (لیژنەی باڵا)کەی ڕاسپێردرا بەدەرکردنی بەیاننامەیەک کە بانگەوازی بێکاران و تەواوی کۆمەڵگە بکات بۆ سازدانی خۆپیشاندان دژ بە دەسەڵات لە پێناو نان و کاردا.

دواتر دێمەوەسەر باسی خۆپیشاندانەکە با لێرەدا بگەڕێینەوەسەر ئەوەی ئەم ڕێکخراوانە لە کوێی هاوکێشەی ململانێ چینایەتیەکاندا بوون؟ وە چ شتێک کاریگەری نەرێنی لەسەر کاری ئەم ڕێکخراوانە دادەنێت؟

ئەگەر بەواقعی قسە لەسەر ئەم بابەتەبکەین دەبێت زیاتر قورساییەکە لەسەر (یەکێتی بێکاران) ببینین، وە فۆکسی ڕێکخراوە سیاسییەکان بەگشتی لەسەر ئەم ڕێکخراوە بوو، کە توانیبوی لەڕووی  ئەندامگیریەکەیەوە زۆرترین خەڵکی بێکار لەخۆ بگرێت و بتوانێت چەندهەنگاوێک بەرەوپێش بچێت لە پەیوەست بەڕیفۆرم وەک بەشێک لە خەباتی چینایەتی بەو ئومێدەشەوە کە بێکاران لە هەردوو ڕەگەز لەسەر ئەم ڕێکخراوە هەیان بوو کە زۆرینەیان وەک نوسێنگەی کار سەیریان دەکرد و دەیانویست لێرەوە کارێک بەدەستبێنن، وە هەندێکیشیان  زۆر لە ئێمە بەئیرادە تر و باوەردار تر بوون بەکاری ڕێکخراوەیی، وە کۆبونەوەی دەستەیی لەگەڵ ئەم بەشە دەکرا لە هەردوو ڕەگەز، وەک دەستفرۆشان، بێ خانە و لانەکانی ناو گەڕەکی (حامی)یە، ژنانی گەڕەکە هەژارنشینەکان، وە بەدەستهێنانی هاوپشتی لە ڕێکخراوە کرێکاریە جیهانییەکان، بەئەنجام گەیاندنی مەراسیمە کرێکارییەکان، کە دەکرێت وەک بەشێک لە خەباتی چینایەتی سەیربکرێت.

لەگەڵ کۆی ئەمانەی باسمان کرد یەکێتی بێکاران لەژێر کاریگەری و هەژمونی ڕێکخراوە سیاسییەکان بەئاڕاستەیەک برا لەدوای شکستێک کەتوشی هات لەژێر ئەوهەژمونەدا کە نەیانهێشت بەو خۆپیشاندانە هەڵسێت کە بڕیاری لێدرابوو ئەمەش ڕێک پێشێلکردنی پڕەنسیبی شورای بوو، دواتر ئەم ڕێکخراوە بەرەو ترازان و لێکجیابونەوە و پوکانەوە چوو.

-*-*-*

بەشی دوەمی بابەتەکە دەگەرێمەوە بۆ ناوەراستی (٢٠٠٦) بەدواوە کە چەند هەڵسوڕاوێک کۆبوینەوە و بڕیاری کارکردنماندا لەسەر نەبونی ئاو و کارەبا وەک سەرەتاییترین مافی ئینسان کە دەبێت دەستی پێڕابگات، لەو کاتەدا دڵشاد، نەوزاد بابان، زمناکۆ عزیز،  نەبەز کریم زەراعی، دەستپێکی ئەم کارەمان لە ئەستۆگرت، وە توانیمان چەندین کەس لە یەکەم کۆبونەوەدا لەخۆبگرین و ئامادەسازی بکەین بۆ گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەرفراوان، ئەوە بوو ئەنجامماندا و دەسەڵاتمان خستەژێر فشار و نوێنەری پارێزگا و فەرمانگەی ئاو و کارەبا ناچار بوون بێن بۆ بینینی ناڕەزایەتییەکە و بیستنی خواستەکانمان. ئێمەش نوێنەری هەڵبژێرداراو بۆ ئەو کارەمان هەڵبژارد بەدەنگدانی ئاشکراو چەندین کەس بوونە هاوبەشمان، وە بەداخەوە مەیلێکی سیاسی ڕونتر بڵێم (حزبی کک) کاری لەسەر ئەوە دەکرد کە چون بەئاڕاستەیەک کۆنتروڵی ئەو دۆخە بکات. دواتر ئەم کارەش نیمچە شکستی هێنا و پاشان چەندین کەس گیران لەوانە علی مولود و نەزاد بابان و پوڵای زیندانی و دواتریش سەلام مارف و کاژاو گیران ئەمەش دەرەنجامی نادروستی کارکرد بۆ ئیحتوای کارێکی دەستەجەمعی.

لە دوا هەنگاودا خۆپیشاندانەکانی چەندساڵی پێشوو واتە (٢٠١٤) و ساڵەکانی دواتر کە بەرفراوانترین خەڵک بەشداری تێدا دەکرد وەک ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرن، بەگشتی ئێمەی کۆمۆنیستەکان پاشکۆ و لەدوای شەپۆلەکەوە بووین، ئەمەش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە ئەویش نەبونی هاوکردەیی لە یەکێتی کاردابوو هەرچەندە بەناو دەستەی نارەزایەتیەکان لەئارادابوو کە پێکهاتبوو لە هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست، بەڵام (حککک) و (حشکع) دەیانویست بە ئەجندای خۆیان کاربکەن و ئەم دەستەیە وابەستەی ئەوانبێت.

دواتر لە (٢٠١٩)وە چەندین جارهەوڵ دراوە هەتا ئایاری (٢٠٢٢) کە بتوانریت ئەم یەکێتیـیە لە مەیدانی خەباتدا بەئەنجام بگەیەنرێت، بەڵام مەیلی ناسیۆنالستی و سکتاریزم که دەیویست ئەم کردارە بەمێتودی سیاسی خۆیان بڕواتەپێش ئەم یەکێتی کارە بەئەنجام نەگەیشت کە دواجار سەنگەر و بەرەیەکیان لە ئێمە گرت کە ڕاستەوڕاست جیاکردنەوەی سەنگەر و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانە.

١٧-٧-٢٠٢٢

تێبینی: ئەم وتارە لەسەر بنەمای باسێک داڕێژراوە کە لە پلینۆمی بەرفراوانی (ڕێکخراوی  بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) پێشکەشم کردووە لە بەغدا لە (٢٧-٥-٢٠٢٢) کە وەک میوان بەشداری ئەو پلینۆمە بووم.

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ڕاپۆرتێک لەسەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن، ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦

بۆ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی (یەنار محەمەد) ژنە کۆمۆنیست و ڕابەری بزووتنەوەی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦

   

بە توندی سەرکۆنەی تاوانی وەرنەگرتن و پێشکەش نەکردنی فریاگوزاری بۆ غەزال مەولان، دەکەین

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق بەپێی ڕاگەێندراوێکی (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)، دوانیوەڕۆی سێ ...