دۆخی ژنان لە عێڕاق و ستڕاتیژەکانی بەرەوپێشبردنی خەباتی فێمێنیستی

یەنار موحەمەد، سەرۆکی (ڕێکخراوی ئازادی ژن لە عێراق)

ئەم باسە لە کۆبوونەوەی بەرفراوانی کۆمیتە ناوەندیی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) پێشکەش کراوە کە لە ڕۆژەکانی (٢٥-٢٧ی ئایاری ٢٠٢٢) بەستراوە.

ژنان و کچانی گەنج ئەمڕۆ لە جیهانێکی تەواو جیاوازدا دەژین لەچاو دوو سێ دەیە لەمەوبەر. ئێستا دەستیان دەگاتە ناوەندەکانی سۆشیال میدیای تەواوی جیهان و دەتوانن سۆشیال میدیای هەموو جیهان بە شێوەیەکی پێشکەوتوو بەکار بهێنن. سۆشیال میدیا لە ئێستا کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر گەنجان هەیە. لە کاتی گەڕانەکەیدا لەگەڵ ئــەو بۆشاییە چینایەتیـیە سەرسەختەدا بەریەک دەکەوێت کە تێـیدا خۆی لە خوارەوە دەبینێت، جا ئەم بەریەککەوتـنە لە ناو شەقام بێت یان لە شوێنی کار یان لە خوێندن. لە هەمان کاتدا هەست بە فشاری نیرسالاریی ناو خێزانێکی نەریتی و ناو کۆمەڵگەیەکی لۆکاڵیی داخراودا دەکات. ژنە گەنجەکە یان کچەکە ئامێرێکی بە دەستەوەیە کە هەموو گۆشە دوورەکانی جیهانێکی بۆی وێنا دەکات کە پڕیەتی لە سەروەتی سەرمایەداری بە هەموو توانایـیەکانیەوە، ئەمە وای لێدەکات کە خۆی وەک بەشێک لە جیهانێکی گەورەتر ببینێت کە پڕیەتی لە دەرفەت بۆ وەدەستهێنانی زانست و سامان و داهێنان و خۆشگوزەرانی. لێرەوە خەونەکانی بۆ وەدەستهێنانی هەموو ئەوانە بەبێ هیچ ڕێگرێکی کۆمەڵایەتی دەستپێدەکەن ڕێک وەک ئەو ژنانەی کە لە فیلم و زنجیرە و چیرۆکە کۆمەڵایەتیەکانی دنیای مەجازییدا بە شێوەیەکی جوان و مۆدێرن دەردەکەوون، ئەمانە وایلێدەکەن بیر بکاتەوە کە ڕەنگە ئەمیش توانای دەستڕاگەیشتنی بە هەموو ئەوانە هەبێت و لە هیچ شتێکی کەم نەبێت.

ئەو وێنانەی ناو دنیای مەجازی کە دەگەنە ژنانی گەنج تەنها قەتیس نابنەوە بە سینەمای هۆلیوود کە ڕەنگدانەوەی کولتووری کۆلۆنیالیزمی پیاوە سپی پێستە ئەوروپیەکە بوو بەرامبەر گەلانی جیهان، بەڵکو وێنە مەجازیـیەکان لە ئێسـتادا لە زۆر سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە دەگەن و خاڵی هاوبەشیان تەرکیزکردنە سەر گەیاندنی وێنەکانی ئەندامانی چینی سەرمایەداریی زاڵ و دەوڵەمەندن کە وا پیشان دەدرێن خاوەنی هەموو نازو نیعمەتێکن و تەنها کەمبوودیـیەکەیان لە ژیان هەبێت، ئەوا “هەندیـک سۆزە” و هیچی تر.

ئەو ژنە گەنجە لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە سەیری وێنە و چیرۆکی ژیانی کۆمەڵگایەک دەکات کە تێیدا ژنان بە جلوبەرگی گرانبەهاوە دەدرەوشێنەوە و ئەمیش وەک بـینەرێک لە خەویشدا ناتوانێت وەدەستیان بهێنێت. لەناو ماڵێکی لۆکسدا دەژیــن کە ئەم تەنانەت ناتوانێت خەو بە سەردانیکردنیشیەوە ببینێت. چیرۆکە سۆزدارەییەکانی خانمە ئەکتەرەکان کاتێک بەراوردی دەکات بە ژیانی خۆی تێگەیشـتنێکی قورسی لا دروسـت دەکات، کۆمەڵگەکەی ئەم سـۆزداریی لێناوێت بەڵکو تەنها جەستەی ئەوی دەوێت. سەرەڕای هەستی ئەم کچە بە بێ توانایی خۆی لە بەرامبەر ئەو بۆشاییە چینایەتییە ڕوونەی نێوان واقیعی خۆی و واقیعی سەرمایەداریی شاشەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستدەگرێت بە خەوی ئەو واقیعەی کە نە دەتوانێت بەدەستی بهێـنێت و نە دەشتوانێت تێـیدا بژی.

چۆن ئاییندارێک دەستدەگرێت بە خەونی چوونە بەهەشت، بەهەمان شێوەش کچە گەنجەکە دەست دەگرێت بەو خەونە گریمانەیەی پەنجەرەکەی دەستی بەرەو دنیای دەرەوە. ئەو ناتوانێت ئامێری خەونەکانی، واتە مۆبایلەکە بەجێبهێڵێت، چونکە گەڕانەوە بۆ جیهانی ڕاستەقینە، شۆکێکە و دەیباتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ئەم ژنێکی کرێکارە و دەبێت زۆربەی مانگانەکەی بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانی و خێزانەکەی خەرج بکات کە ڕەنگە بەزەحمەت بەشی ژەمە خۆراکێکی باشیان بکات، یاخود ڕەنگە ئەو ژنە گەنجە بێکار بێت، هەروەک زۆربەی دەرچووانی زانکۆکانی عێراق، کاری ناوماڵی بێ مووچە دەکات، سەر بە خێزانێکە کە ئیمتیازاتی کۆمەڵایەتی لێ وەردەگرێت و دەیداتە نێرەکان. یان لەوانەیە ئەم ژنە گەنجە بێ بەش بووبێت لە خوێندن، چونکە سەر بە خێزانێکی کارگەرە و نەیانتوانیووە خوێندن بۆ هەموو منداڵەکانیان دابین بکەن، تەنها کوڕەکان لێی بەهرەدار بوون و کچەکانیان لەبەر سەختی بارودۆخی ژیـان داوە بەو کەسەی کە یەکەم جار لە دەرگای داوون!

لە واقیعی چەوساندنەوەی چینایەتی و نێـرسالاریـیدا، کچەکە خۆی دەبینێتەوە کە ناتوانێت ئەو خوێندنە بەدەست بهێنێت کە دەیەوێت، ئەو کارەی کە خەونی پێوە دەبینێت، تەنانەت بە دەگمەن ئەو هاوسەرگیریـیەی وەدەست دەکەوێت کە دڵی پێوەیەتی و ئارەزووی دەکات، چونکە ئەم ئیمتیازاتە کۆمەڵایەتییانە زیاتر تایبەتن بە پیاوان. کاتێکیش هاوسەرگیری دەکات، دوای چەند ماوەیەک لێـی دەشێوێت، چونکە هاوسەرەکەی بەپێی کەلتوری ئیسلامی وا ڕاهێنراوە کە ژنێکی تری بەسەردا بهێـنێت و ئەمیش بکات بە بەرپرس و پەروەردەکەری منداڵەکانی، ئەرکی پیاویش سەپاندنی باڵادەستی پیاوسالارانەیە بەسەری ئەم و کچەکانیدا چونکە ئەمان موڵکایەتی تایبەتن بە خۆی. نۆرمی ژیان بۆ پیاو لە عێراقدا وا چەسپاوە جا پیاوەکە بۆرژواز بێت یان کرێکار کە زیاتر لە ژنێکی هەبێت، ئەمەش ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو بنەماڵەی یەکەم و بنەماڵەی دووەمدا دەگوڕێت بۆ شەڕێکی کۆمەڵایەتی بەردەوام کە گوزارشت لە پچڕان و خراپتربوونی دۆخی کۆمەڵایەتی و موعاناتی ژنان و منداڵان لەناو ئەم سیستەمە لە ئیمتیازاتی پیاوسالاری دەکات کە لەلایەن دامەزراوە ئایینی ئیسلامی و خێڵەکیەکەوە پێشکەش بە پیاوان دەکرێت.

کاتێک بەشێک لە کۆمەڵگا بەم ئیمتیازاتە نێرسالارییانەوە گەندەڵ دەکرێت و دەیەوێت سەرکووت و وازهێنان و بێبەشکردن بسەپێنێت بەسەر بەشی دووەمی مێینە و منداڵەکانیاندا، ئەوا بەشی دووەم بێدەنگ نابێت؛ لە هەر شوێنێک ستەم هەبێت، بەرەنگاریی هەیە، ئەمەش دەبیتەهۆی توندوتیژی زارەکی، مەعنەوی و جەستەیی، ئاسەواری ئەمەش بەزۆری لە ژن و منداڵەکان دەدات. ڕۆژ نیـیە ئێمە لە شاشەی تەلەفزیۆنەکان یان لە سۆشیال میدیاوە ڕووخساری سووتاو یان تێکچووی ژنێک نەبینین کە یەکێک هەوڵی کوشتنی یان ئازاردانی داوە.

لە ناو کۆمەڵگەی سەرمایەداریی عێراقدا بە مارکە ئیسلامی و عەشایرییەکەیەوە، تووندوتیژیی و ڕقبوونەوە لە جەستەی ژن ئاستێکی بەرزی بە خۆیەوە بینیووە کە لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی ئێستای عێڕاقدا کەم وێنەیە. بێڕێزییەک کە ئەم دەسەڵاتە نێرسالارانەیە بە جەستە و چارەنووسی ژنان و منداڵانەوە دەیکات، سەرچاوەی بەهێزی زیادبوونی ئەو توندوتیژییەیە لە نێوان نیوەی کۆمەڵگا و نیوەکەی تریدا. ئەمە نەک توانای ژیان لە چینی کرێکار دەسەنێتەوە بەڵکو هەمیشە لە نا ئارامیدا دەیهێڵیتەوە و سەری ناپەرژێتە سەر پرسە چارەنووسساز و ناسنامە چینایەتییەکەی و خەباتی یەکگرتووانەشی شلوێ دەکات.

شەڕێکی سـیاسی و کۆمەڵایەتی دژی جەستەی ژنان

فەرهەنگی دەسەڵاتداران بە تایبەتی لەم بیست سالەی ڕابوردوودا کە لە نێوان حیزبە ئیسلامیەکان و ڕەوتی ناسیۆنالیستی خێڵەکیدا دەجووڵێت سەرچاوەی کۆنترۆڵ و سەرکوتی نیوەی کۆمەڵگەیە کە ژنانن پێکدەهێنێت.

بەڵگەنەویستە کاتێک گروپە ئیسلامییە توندڕەو و چەکدارەکان کۆنترۆڵی کۆمەڵگە دەکەن، ئەوا شەڕی خۆیان لە کۆمەڵگادا لە دوو ئاستدا ڕادەگەیەنن: ئاستی یەکەمیان سیاسییە و بە دژی نەیارە سیاسییەکانی تریان “نەک تەنها کۆمۆنیستەکان” لە گروپە ئیسلامییەکانی تر کە لە ڕکابەرکێـیەکی بەردەوامدان بۆ دەستبەسەراگرتن بەسەر سامان و تواناکانی کۆمەڵگەدا، ئەوا ئاستی دووەمی شەڕ بریتییە لە کۆنترۆڵ کردنی ژیانی ڕۆژانە و ئاسایی جەماوەر لە سەر جادە و هەوڵدانە بۆ دوورخستنەوە و وونکردنی ژنان لە فەزای گشتیدا. ئەمانە دوو سیمای جیانەکراوەی بزووتنەوە ئیسلامییە تووندڕەوەکان پێکدەهێنن. ژنان لەژێر سایەی ئەمانەدا دەبێت لە ماڵەکاندا بشاردرێنەوە وهەمیشە لەژێر هەڕەشە و تووندوتیژی جەستەیی و دەروونیدا بهێڵرێنەوە و لە فەزای گشتیدا وون بکرێن. ئەگەر شانسیان هەبێت و بێنەدەرەوە ئەوە دەبێت هەموو ڕوخساری ژنانەی خۆی بە قوماشی ئەستوور و ڕەش بپێچێتەوە. دەسەڵاتدارانی ئیسلامی ئێستا نەک تەنها بەم تووندووتیژییەی ئێستایان بە دژی ژنان ڕازی نین بەڵکو دەیانخەنە ژێر تۆقینێکی فەرهەنگیشەوە بەوەی کە پێیان دەڵێن: ژنان بۆیان هەیە سێ جار بچنە دەرەوە: یەکەم بۆ هاوسەرگیری و دووەم بۆ زیارەتی حەج و سێهەم بۆ ناوقەبر! مەبەست لەم هەموو هەوڵانە تیرۆرکردنی ژنان و سەپاندنی زیندانی هەتاهەتاییە بەسەریاندا، بە شێوەیەکیش ئەم فەرهەنگە کار دەکات کە ئەوە هەڵبژاردەی خۆیانە و فەرز نەکراوە بەسەریاندا.

پاش ئەوەی حیجاب ئەو زانستە ئیسلامییە بوو کە سنووری حوکمڕانی ڕەوتە ئیسلامییەکانی دەکێشا، ئێستا پۆشاک و جل و بەرگی ئیسلامی “میلیتانتی” بووەتە بناغە، لێرەوە گروپە ئیسلامیەکان لە کێبکێ بەردەوامدان لەسەر ئەوەی کامیان جل و بەرگی زیاتر دەکەنە بەری ژنان و زیاتر دەیانشارنەوە، ئەمەش شەڕیکی سـیاسی ڕاگەیاندراوە بە دژی جەستەی ژن و دەرکەوتنی کۆمەڵایەتییان.

دۆسیەی بەرزکردنەوەی دروشمی “حجابی ئیسلامی فەڕزە بەسەر ژناندا” لەو شارانەی کە مێژووییەکی ئایینی و عەشیرەتیان هەیە ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە. تەنانەت هەندێک جاریش قسە لەوە دەکرێت کە ڕێگە بگرن لەو ژنانەی کە بە جلوبەرگی مۆدێرن و بە سیمایەکی سروشتییەوە دێنەدەرەوە بۆ چونە ناو هەندێ شارەوە! ئەم سەرکوت و ڕقلێبوونەوەیە و ونکردنەی ژنان لە مێژووی عێراقدا بێ وێنەیە. لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە نزیکەی چارەکێک لە ژنانی ئەم شارە ئاینیانە دەکەونە ناو خانەی “ژنی بەجێهێڵراو”ەوە چونکە هاوسەرەکانیان بەجێان هێشتوون و ڕۆشتوون، ژنی دووەم و سێیەمیان هێناوە. ئەمە دۆخی ژنانە لەژێر دەسەڵاتێکی سەرمایەداری کە پارێزەرەکەی حوکمێکی ئیسلامییە، لێرە کاتێ ژن کاڵایەکی خوازراو و گەنجە لووش دەدرێت، کاتێکیش کاڵایەکی تازەتر دێتە سەر ڕێگە لەگەڵ منداڵەکانیدا فڕێ دەدرێنە ناو چارەنووسێکی نادیارەوە.

لەم وڵاتەدا هەر ئەوەندە مێینە بیت ئەوە لە تەمەنێکی بچووکەوە بە جووڵە و ڕۆیشتن و دانیشتن و هەڵبژاردنی وشە و شــێوەی نیگاکانەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە نازانێت چۆنچۆنی “شەرەف”ی پیاوانە و خێڵ بپارێزێت! چونکە جەستەی ئەو کە توانای بەرهەمهێنانی جۆری مرۆڤی هەیە وەک شتێک، ئامرازێک، یان کاڵایەک سەیر دەکرێت و دەکەوێتە ناو زۆنی خاوەندارێتی تایبەتیی خێزانەکەوە کە لە ڕێگەیەوە ئەم پرۆسەی بەرهەمهێنانە کۆنترۆڵ دەکات، وەک ئامرازێک بۆ زاوزێ، یان وەک شتێک کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت لە ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتیدا بە شێوەیەک کە خێزانەکە ڕازی بکات.

لەم پرۆسەیەدا ژنان زۆر ئاسان و بەبێ هەڵبژرادەی خۆیان ڕادەستی مێردێک دەکرێت کە لە لایەن نێرەکانی خێزانەکەی خۆیەوە هەڵدەبژێردرێت و هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات، یان باشتر بڵێین وەک خزمەتکاری ناوماڵ و بەخێوکەری منداڵەکانی چاوی لێدەکات. ڵێرەوە ژن و منداڵەکان جارێکی تر دەبنەوە بە موڵکێکی تایبەت و بۆ پیاوەکەش سەرچاوەی هێز و کۆنترۆڵی ئەو لەناو سیستەمی کۆمەڵایەتی باودا. مارکس لە کتێبی ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیدا ژن بە پرۆلیتاریا دەچوێنێت و مێردەکەشی بە بۆرژوازی. مارکس وەک نموونەی یەکەمی کۆنترۆڵی سەرمایەدار بەسەر کرێکاردا باسی دەکات. هۆکارە ماددی و مێژووییەکانی دیکەی ئەم زاڵبوونەش، کە لە ئەنجامی میراتێکی پیاوسالاری مێژووییەوە هاتۆتە ئاراوە، بریتیـیە لە کۆنترۆڵی نێرەکان بەسەر نەوە یەک لەدوای یەکەکانیان، خاوەندارێتیان بۆ ژن و منداڵ و هێشتنەوە و باڵادەستی پیاوانەی خۆیان.

بەڵگە نەویستە کە دەبێت ژن هەوڵێکی زۆر بدات و هیلاک بێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لێی ڕازی بێت. ئەوە هەر تانها فشاری کۆمەڵگەی نێرسالاریی نییە بەڵکو زۆرجار فشارەکان لەو ژنانەوە دێن کە نزیکی خۆیین و بارهاتوون بە تۆقینی نێرسالاریی و هێشتنەوەی باڵادەستی نێر لە کۆمەڵگەدا یانی بە زمانێکی باو ترسی گەورەیان ئەوەیە “شەرەف”ی عەشیرەتێک لە دەست بدەن کە لە لاشەی ئەماندا جێکراوەتەوە و عەشیرەت “خاوەنەکەیەتی”! بە پێچەوانەی ئەمانەوە نێرەکان هان دەدرێن بۆ چێژوەرگرتن لە هەر شتێک کە حەز دەکەن، بێگوومان عەشیرەت شانازیان پێوە دەکات و ئەو ئیمتیازاتەیان پێدەبەخـرێت کە بۆ مێـینەکان خەوە!. ئەمەش دەبێتە هۆی بێبەشکردن لە زۆربەی مافە کۆمەڵایەتییەکان لە مێینەکان و سەپاندنی کۆیلایەتی بەسەریاندا لەناو ئەو خێزانانەی کە پیاوان حوکمڕانی دەکەن. بەرهەمی ئەمەش بێبەشکردنی منداڵانی کچ و نەوجەوانانی مێن لە قسەکردن، لە خۆنواندن و جووڵە و سەیرکردن بە شێوەیەکی خۆبەخۆ و بێ زیان.

ژن خۆی تەنها وەک جەستەیەک و چارەنووسێک کە کەسانی تر خاوەندارێتی و بڕیاردەریەتی سەیری خۆی دەکات. سەبارەت بە بیرکردنەوە یان دەربڕینی هەستەکانی، پلاندانان بۆ داهاتووی، چێژوەرگرتن لە هونەر، ئەدەب، بیرکردنەوە یان خۆشگوزەرانی، بۆ هەموو ئەم شتانە بڕیارەکە لە دەرەوەی ئەوەوە دێن. واتە هیچ توانا و مافی چارەنووسێکی لەسەر ژیانی خۆی نییە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دۆخێکی کۆیلایەتی و وابەستەیـیە بە کەسانی دیکەیە و لەم فەزایەدا ناتوانێت بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵ دەوروبەری بە شێوەیەکی سروشتی ژیان بکات، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دۆخێکی جیابوونەوە لە خۆی یان ئەوەی مارکس پێی دەڵێت دۆخی نامۆبوون.

نامۆبوونی ژن لە دەوروبەری خۆی، وەک چەمکێکی مارکسیستی!

مارکس نامۆبوون بە شێوەیەک لە شێواندنی مرۆڤایەتی مرۆڤ لە کۆمەڵگەی پیشەسازی چینایەتیدا پێناسە دەکات کە مرۆڤ لە خۆی و دەوروبەری و کەسە نزیکەکانی جیا دەبێتەوە، چونکە ناتوانیت کۆنتڕۆڵی بارودۆخە ماددییەکانی دەوروبەری بکات. مارکس هەروەها  “نامۆبوون لە خود” بە دەرئەنجامی ئەوە دەبینێت کە مرۆڤ بەشێکی میکانیکییە لە چینیێکی کۆمەڵایەتی و لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەژی کە ستەمکاری بەسەریدا دەسەپێنرێت و جەوهەری ئینسانی خۆی لێ وون دەبێت. نامۆبوون جەوهەری پێکهاتەی کۆمەڵایەتی سەرمایەداری پێکدەهنێت. مارکس نامۆبوونی کرێکار له‌ به‌رهه‌می کاره‌که‌ی ڕوون ده‌کاته‌وه‌ و دەیسەلمینێت کە ئەوە چینی بۆرژوازیـیە کاری کرێکارەکە دەبات و دەیکاتە کاڵایه‌ک و لە بازاڕی کاردا ئاڵوگۆڕی پێدەکات. کار دەبێتە چالاکییه‌کی بێمانا و هیچ ڕەزامەندییەک بۆ کرێکارەکە بەجێناهێڵێت، بەڵکو دۆخێک لە بێدەسەڵاتی و گۆشەگیری و ناڕازیبوون دروست دەکات. بەشێک لە توێژەرانی قوتابخانە دەروونناسییەکان باسیان لەوە کردووە کە نامۆبوون دەبێتە هۆی دۆخێکی لە بێ هێزی و بێدەسەڵاتی و بێمانابوون و دابڕان و نامۆبوون لەخۆ؛ وە هەموو ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی ڕەتکردنەوەی ئەو واقیعەی کە دەوری تاکەکەسی داوە.

مارکسیسـتە فێمینیستەکان لەسەر هەمان بناغەی تێزی نامۆبوونی کرێکار، کاتێک نامۆبوون وەک ئاکتێک بۆ لە مرۆڤخستنی  کرێکار پاڵدەنێت بۆ شۆڕش بە دژی تەواوی پێکهاتەی سـیـستەمی سەرمایەداریدا؛ دێن و لە وەسفکردنی نامۆبوونی ژنێکی کارگەر یان بێکاردا کۆمەڵێک فاکتەری دیکە بۆ نامۆیی زیاد دەکەن وەک: ستەمکاریی کولتوورێکی نێرسالاریی کە مێینە بە کەم دەزانێت، سەرکوتکردنی سێکسی، دیتنی ژن وەک کاڵایەکی سێکسی و هیچی تر و بێبەشکردنی ژنان لە ماف و پێداویستییە جەستەیی و سۆزدارییەکانی. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ کاتێک ژن به‌ شێوه‌یه‌کی قێزه‌ون و ڕووکه‌ش و میکانیکی و له‌سه‌ر بنه‌مای شێوه‌ و قه‌باره‌ و جووڵه‌ی به‌شه‌کانی جه‌سته‌ی هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت، ئەوا له ‌ناو سیسته‌مێکی سه‌رمایه‌داریدا کە وەک کاڵایەکی باش یان نەشیاو بۆ چێژوەرگرتن یان زاوزێ سەیری دەکرێت، نامۆبوونه‌کەی دەکاتە دوو بەرامبەر. تێکەڵبوونی هەموو ئەم هۆکارانە ژن لە کارلێکی داهێنەرانە لەگەڵ دەوروبەر جیا دەکاتەوە و هەڵوێستێک دروست دەکات لە نێوان خۆی وەک مرۆڤێک کە پێویستی بە چێژوەرگرتن هەیە لە تەواوی پەیوەندییە مرۆییەکانی و جیهانی دەرەوەیدا، ئەمەش دۆخێکی دووجار نامۆبوون دروست دەکات و ژن پاڵ پێوە دەنێت بۆ ڕاپەڕین لە دژی هەموو بەهاکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەری.

نامۆبوونی ژن لە کۆمەڵگە و لە خۆی، بەهۆی تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگەی سەرمایەداری بۆی کە لەسەر بنەمای بوونی جەستە دامەزراوە و ئامرازێکە تەنیا بۆ چێژ و زاوزێ و درێژەدان بە ڕەگەزی بنەماڵە وهیچی تر. مافی مامەڵە بە جەستە و چارەنووسی ژن لە دەستی کەسانی دیکەدایە وەک ئەوەی کاڵایەک بێت یان شتێکی دابڕاو بێت لە بیر و هەست و ئارەزوو و توانای بڕیاردان لەسەر ئەوەی ژیانی بەو ئاراستەیەدا ببات نەک بە ئاراستەیەکی تردا ببرێت. هەموو ئەمانە بەو هۆیەوەیە کە سیستەمێکی سەرمایەداری بەبەرگێکی ئیسلامی و خێڵەکیـیەوە حوکمڕانی دەکات. ژن لە تێڕوانینی ئەمانەدا مۆڵکایەتیـیەکی تایبەتە و باشترە منداڵی نێری ببێـت تا بەرهەم و بەهاکانی سیستەمی کۆیلایەتی سەرمایەداریی بەرهەم بهێنێتەوە.

له‌ کاتێکدا که‌ ژنی کارگەر یان بێکار، هه‌موو کاره‌کانی ماڵه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌کانی لە ئەستۆ دەگرێت، یاساکان دێن و منداڵەکانی لێ دەسێنن و دەیدەنە پیاوەکەی “ئەگەر پیاوەکەی بیەوێت”! ئەم زوڵمە کۆمەڵایەتی و یاسییانە دەبنە هۆی دروسـتکردنی حاڵەتێکی نامۆیی و بێبەشکردنی ژن لە مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆی، نەتوانین لە دەستڕاگەیشتن بە منداڵەکانی، یان نەتوانین لە بڕیاردان لەسەر منداڵنەبوون یان لەباربردنی منداڵ و مەحاڵبوونی بەدیهێنانی خەونەکانی لە فێربوون، لە کارکردن، یان کارلێککردن لەگەڵ دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەکەیدا، باسی وازهێنانی لە هەموو ئەو خەونانە ناکەم کە پێشتر لە ژیانی جیهانی مەجازی ئینتەرنێتدا خەوی پێوەدەبینی و هیچیان نەهاتــنە دی.

ژن ناتوانێت ڕەزامەندی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری ئیسلامی بەدەست بهێنێت تەنانەت پاش جێبەجێ کردنی هەموو ئەو مەرجانەی کە بەسەریدا سەپێنراوە وەکو قوربانیدان لە پێناو ئەوانی تردا، خزمەتکردنی ناوماڵ و پەروەردەکردنی منداڵ کە کارێکی بێ مووچەیە و ملکەچبوون بە دەسەڵات و ئیمتیازاتی پیاو کە بەسەریدا سەپێنراوە. ڕەنگە توندترین حاڵەتەکانی فشار لەسەر مێینە ئەو کاتانە بێت کە جەستەی دووگیان دەبێت، یان ناچاری لەباربردن بکرێت، وەک ئەوەی کۆیلەیەک بێت و جەستەیەکی هەڵگرتبێت کە خۆی خاوەنی نەبـێت. نامۆبوونێکی تووندی ئاوا دەبێتە هۆی ڕەتکردنەوەی تەواوی دۆخی  ستەم و کۆیلایەتی زۆرجاریش دەبێتە هۆی خۆکوشتن.

لە هەر حاڵەتێکدا، نامۆبوون لە ژینگەی دەوروبەری دەبێـتە هۆی ڕەتکردنەوەی ئەو ژینگەیە و لە گەڵیشیدا ڕەتکردنەوەی تەواوی بەها و نەریتەکان و ئەو ڕۆڵانەی کە ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییانە سەپاندوویانە بەسەر ژناندا. ڕەتکردنەوەی ژینگەی کۆمەڵایەتی هەندێ جار دەبێـتە یاخیبوونێکی تەواو و دوورکەوتنەوە لە ژینگەی زوڵم و زەلیلی، بەبێ ئەوەی بەدیلێکی ڕوون بۆ ژیانی هەبێت.

هەلومەرجی یاخیبوونی بەکۆمەڵی ژنان و خوڵقاندنی هۆشیاری فێمینیستی لەسەر زەمینەیەکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕانە!

وەک چالاکوانانی فێمینیست و وەک بەشێک لە چاودێریکردنمان بۆ دۆخی ژنانی گەنج، تێبینی زیادبوونی حاڵەتەکانی هەڵاتن لە توندوتیژی خێزانیمان کرد بە ژمارەیەک کە زیاتر لە پرۆسەی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ دەچوو بە دژی سەرکوتکردنی پێکهاتە خێڵەکییەکان کە ئیمتیازاتی پیاوانەیان ئازاد کردبوو لە دژی کچان و ژنان. ئەم دیاردەیە لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕیندا “ڕاپەڕینی تشرینی ٢٠١٩” کە گەورەترین تەحەدای دەسەڵاتی باڵای بۆرژوازی بوو لە عێراقدا زۆر زیادی کرد. “ڕاپەڕیـنی تشرین” دەرگای کردەوە بۆ ژنانی گەنج کە مەرجی ستەم و توندوتیژی لەناو خێزانەکانیاندا قبوڵ نەکەن، ژمارەیەکی زۆریان هەڵاتن و زۆرێکیان گەیشتنە چادرەکانی گۆڕەپانی تەحریر. وەک چۆن ئێمە لە دەرئەنجامەکانی پرسی نامۆبووندا بینیمان، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ئاوارەبوونە بەکۆمەڵەی ژنــــان، بێباکیــان بوو بەرامبەر بەو ئەنجامە کارەساتبارانەی کە لەوانەیە لە کاتی هەڵاتنیـاندا توشیان ببێت، چونکە ڕەتکردنەوەی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی دەوروبەریان بەلاوە گرنگترە تا هەڵاتن بۆ شوێنێکی نادیار کە ڕەنگە تێیدا ببنە قوربانی بازرگانیکردن پێیانەوە یان ئیستغلالکردنی سێکسی. ئەم یاخیبوونە فێمینیستییە تاکە کەسییە دەتوانرێت بەراورد بکرێت بەو شتەی کە لینین سەبارەت بە هۆشیاریی یاخیبوونی تاکی خۆبەخۆی کرێکار و بەرەنگاربوونەوەی ئەو بەرامبەر بەو خاوەنکارە بۆرژوازەکەی ڕوونی کردەوە. ئەوەی کە لینین سەبارەت بە هۆشیاریی کرێکاران بە پێویستیی ڕێکخستنی خەباتی بەکۆمەڵی کرێکاران بە ئاراستەیەکی سۆسیالیستیدا پێشنیاری دەکرد. لینین لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە دەکرد کە پێویستە ئەم ڕێکخراوانە بەرنامەکانی چاکسازی تێپەڕێنن بە مەبەستی گەیشتن بە شیکارییەکی ماتریالیستی، دیالێکتیکی، مێژوویی وەک بناغەیەکی فیکری کە پەیامی ئەم چینە مێژووییە بەیان بکات بۆ بەرپاکردنی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەی سۆسیالیستی لە کۆمەڵگەدا.

کۆمەڵگا بە هەلومەرجێکی ناجێگیری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێت، کە کرێکاران و ژنان دەخاتە بەردەم چەوسانەوەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی، کەلێنە چینایەتییەکان لە نێوان چینی دەسەڵاتدار لە عێراق و چینی کرێکاردا بە رادەیەکی ئێجگار گەورە زیادی کردووە کە لەمەوبەر پێشبینی نەدەکرا یان چاوەڕوان نەدەکرا. بەپێی توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی بانکی نێودەوڵەتی (%٤٠)ی دانیشتووانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژارییدا ژیان دەکەن. ڕەنگە ئەو توندوتیژییە توندەی کە ژنان لە ژێر کاریگەری میلیتاریزمی ئیسلامیدا لەناو کۆمەڵگادا بەدەستیەوە دەناڵێنن، گرنگترین هۆکار بێت بۆ گرنگی دروسـت کردنی ڕێکخراوی کۆمۆنیستی و فێمینیستی شۆڕشگێڕانە و گۆڕینی ناڕەزایەتییە فێمینیستەکان لە یاخیبوونی خۆبەخۆی تاکی ژنەوە بۆ ناو ڕێکخراوێکی فێمینیستی سۆسیالیستی کە پشت بە شیکردنەوەی دیالێکتیکی و مێژوویی دەبەستێت و لەسەر بناغەی مارکسـیزم بنیات نراوە بە دژی چینی دەسەڵاتداری سەرمایەداری و سیستەمی نێرسالاری کە پشت بە دامەزراوەی ئایینی و خێڵەکیـیەکان دەبەستێت و نیوەی کۆمەڵگا دەچەوسێنێتەوە پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وردکردن و چەوسانەوەی نیوەکەی تر.

ڕەنگە گرنگترین قۆناغ لە بنیاتنانی ئەم ڕێکخراوەیە و گۆڕینی بۆ هێزێکی کاریگەری هێرشبەر، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری چینایەتی مارکسیستی و فێمینیستی بێت لە نێو ژنانێکدا کە پێشتر زوڵم و ستەمیان ڕەتکردبووەوە بە شێوەیەکی عەفەوی لە دژی شۆڕشیان کردبوو. ئەم ژنانە بەم کارەیان واتە بە ملنەدان بە دەسەڵاتی نێرسالاریی لە ڕاستیدا نیوەی ڕێگەکەیان بڕیبوو.

قۆناغی کۆتایی لە کاری شۆڕشگێڕی فێمینیستدا، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریـیەکی فێمینیستانەیە بۆ یەکسانی ژنان و مافی بڕیاردانی سەربەخۆیان لەناو رێکخراوێکی مارکسیستیدا کە هەوڵی لە ناوبردنی موڵکایەتی تایــبەتی و سیستەمی سەرمایەداری دەدات.

هەرچەندە مارکس کەمتر سەرقاڵی شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ستەمکاریەکانی سەر ژنان بووە، بەڵام بنەماکانی شیکردنەوەی چەسانەوە و ستەمکاری و شۆڕش کردنی بە ڕوونی باسکردووە. مارکس ڕوونی کردۆتەوە کە چۆن سەرمایەداری چینی کرێکاری وەک ئامرازێکی کەڵەکەی سەرمایەی خۆی تەماشا دەکات. هەروەها لە مانیفێستی کۆمۆنیستیشدا باس لە پێویستی بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان لە چوارچێوەی ژینگەی کۆمەڵایەتی و خێزانیدا کراوە. توێژینەوەکانی ئەنگڵز لەسەر بنەچەی خێزان و موڵکایەتی تایبەت و دەوڵەت تیۆرییەکی باشن بۆ شیکردنەوەی دامەزراوەی “تاکهاوسەری”  کە لەسەر بنەمای موڵکایەتی تایــبەت و پەیوەندییەکانی نایەکسانی لە نیوان ژن و پیاودا دروستبووە.

بزووتنەوەی فێمینیستی لە سەرەتای خۆیدا لەناو چەپدا سەری هەڵدا، بەڵام لق و پۆپێـکی زۆری لێ بوونەوە بەڵام هێشتا بەشێکیان نزیکایەتی خۆیان بە چەپەوە هێشتۆتەوە بە تایبەتی بزووتنەوە مارکســیستە فیمینیستەکان کە ئێمە وەک ڕێکخراوی ئازادی ژنان خۆمـــان بە بەشــێکی ئەو بزووتنەوەیە دەزانین.

ستراتیژییەکانی خەباتی فێمینیستی لە بەرامبەر هێرشی سەرمایەداری- ئیسلامی و خێڵەکیدا!

ئامانجی خەباتی ڕزگاریخوازی فێمینیستی، کۆتایی هێنانە بە نێرسالاری و سیستەمی سەرمایەداری کە دابەشکاری ئیتنیکی و مەزهەبی بەسەر عێراقدا سەپاندووە، بەبێ پشتگوێخستنی هەموو ئەو کەس و گروپانەی کە پەراوێزخراون، وەک بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرسـتی دژی ڕەشپێستەکان و ئەو گروپانەی کە لەمێژە ستەمیان لێ دەچێت وەک ئێزیدییەکان. بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە، پێویستە:

یەکەم: دەستنیشانکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ژنان بەدەستیەوە دەناڵێنن و سەیرکردنی بەدواداچوون و چارەسەرکردنیان جا بە شۆڕش بێت یان چاکسازی.

دووەم: ئەو ئامانجە کۆتاییانەی کە ئێمە بە شوێنیەوەین، وەک ئازادی و یەکسانی، هەروەها ئامانجە کاتییەکانمان وەک نەهێشتنی سەرمایەداری و نێرسالاری و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی ئەو دامەزراوە کۆمەڵایەتیانەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن، وەک دامەزراوە ئیسلامییەکان و دامەزراوە و پەیوەندییەکانی خێڵ، کە چەندین هەنگاو لە ئامانجە کۆتاییەکانمان نزیکمان دەخاتەوە.

سێیەم: ئامرازەکانی ڕێکخستن و ئەنجامدانی چالاکیەکان بۆ بەهێزکردنی ژنان و پڕچەککردنیان بە هۆشیارییەکی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕانە دژی سەرمایەداری و نێرسالاری و ڕەگەزپەرستی.

دیدگاکانمان ڕۆشنتر دەبێتەوە کاتێک دێن و دەست دەخەینە سەر ئەو ئاستەنگانەی کە ئێستا ژنان لە عێراقدا بەدەستیەوە دەناڵێنن، ئەویش زاڵبوونی ئایدیۆلۆژیای ئایینی ئیسلامییە بەسەر کۆمەڵگادا و دەستپێکردنی شەڕی کۆمەڵایەتیی خۆیەتی لە دژی ژنان ئەویش بە پشتبەستن بە دامەزراوەیەکی خێڵەکییانە کە ڕێز لە “گەورەیی پیاوانە”ی خێڵ بە گەورە و منداڵ و نەوەکانیانەوە دەگرێت. لەگەڵ هەژموونی ئەمانەدا، ژنان دەبنە تەنیا بابەتێکی چێژ و زاوزێ و خزمەتکردن و خەریک بوون بەو ڕێوڕەسمە (سرووتە) ئایینیانەی کە کۆت و پەندی دەکاتە پێ. پایەیەکی تری سیستمی سەرمایەداری و نێرسالاری بریتییە لەو کۆمەڵە یاسایانەی کە کۆیلایەتی ژن بۆ پیاوان مسۆگەر دەکات و وەک موڵکێکی تایبەت بۆ خۆی و منداڵەکانی جێگیری دەکات. حیزبە دەسەڵاتدارە ئیسلامیەکان هەرکات دەرفەتیان بۆ ڕەخسابێت، هەوڵ دەدەن پیچەکانی سەر ژنان توندتر بکەنەوە، هەر بۆیە ڕێکخراوی فێمینیستی مارکسی هەوڵ دەدات ئەوهۆشیارییە بچەسپێنێت کە ڕزگاری ژنان بە مانەوە و باڵادەستی دامەزراوە ئایینی و خێڵەکان بەدی نایەت.

سەبارەت بە پلاندانان بۆ ئامانجە کۆتاییەکانمان، مەبەست لێی ئەوە نییە کە ژنان دەبێـت چاوەڕوانی سەرکەوتنی ڕەوتی سیاسی کۆمۆنیستی بکەن بۆ ئەوەی دوای چەند قۆناغێک ئازادی بە “ببەخشێت”، بەڵکو خەباتی ژنان بۆ ئازادی و یەکسانی بەشێکە لەو خەباتە سیاسییە بۆ بەدیهێنانی ئازادی تەواوەتی هەر ئێستا. لەم خەباتەدا ژنان داوا لە هاوپەیمانەکانیان دەکەن شەڕی بەرەنگاربوونەوەی نەریت و دامەزراوە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان و ئەو ڕاستییە لە بیر نەکەن کە شەڕی چینایەتی و جێندەریی شان بە شانی یەکتر دەڕۆن. ئازادی و یەکسانی دەبێ لە ئەمڕۆوە دەست پێبکات، لەناو ئەو ڕێکخراو و بازنە هاوپەیمانانەی کە بە هۆشیارییەکی کۆمۆنیستی یەکسانیخواز و فێمینیستی پڕچەکن.

ئامرازەکانی ڕێکخستن بابەتێکە پشـت دەبەستێت بەو دۆخە کۆمەڵایەتییە کە بزووتنەوەکەمانی تێدا هەڵدەسوڕێت، هەژموونمان، تواناییمان بۆ قەناعەت پێکردنی بزووتنەوەکە بۆ وازهێنان و دەستبەرداربوونی بیروباوەڕەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و لەوێوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دروست بکات. یه‌کێکی تر له‌ ئامرازه‌کانی ڕێکخستن بۆ بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستی مارکسیستیمان ئەو هه‌ڵمه‌تانەیە کە پێیهەڵدەستین بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانەی چەوساندنەوەی ژنانی تێدایە، په‌یوه‌ندیکردنە به‌ بزووتنه‌وه‌ فێمینیستییە ڕزگاریخوازییەکانی جیهان و هەوڵدانە بۆ هوشیار کردنەوەی کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر پێویستیی پابه‌ندبوون و داکۆکیکردن له‌ مافی ژیانی ژنان. ڕێکخراوی فێمینیستی مارکسیستی جێگه‌ و سه‌لامه‌تی خۆی له‌ناو بزوتنه‌وه‌یه‌کی فێمینیستی کۆمۆنیستیدا ده‌دۆزێته‌وه‌ که‌ گوێ له‌ داخوازییه‌کانی ژنان ده‌گرێت و دیدگایان به‌رامبه‌ر خه‌بات بۆ ڕزگارییان په‌ره‌ پێ ده‌دات.

٢٤ـ٥ـ٢٠٢٢

تێبینی: ئەم بابەتە عومەر خەتات لە عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی.

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ڕاپۆرتێک لەسەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن، ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦

بۆ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی (یەنار محەمەد) ژنە کۆمۆنیست و ڕابەری بزووتنەوەی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦

   

بە توندی سەرکۆنەی تاوانی وەرنەگرتن و پێشکەش نەکردنی فریاگوزاری بۆ غەزال مەولان، دەکەین

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق بەپێی ڕاگەێندراوێکی (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)، دوانیوەڕۆی سێ ...