ڕەوتی مارکسیست و هێڵی فکری- سیاسی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)

لە پەسندکراوەکانی پلینۆمی سێهەم:

بنەماکان

  • سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لەڕووی مێژووییەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی ڕەخنەی کرێکاران لە سەرمایەداری و سیستەمی كاری بەکرێ؛ کۆمۆنیزم بزووتنەوە و ڕەخنە و ناڕەزایی کرێکارانە لە دژی سیستەمی سەرمایەداری و ڕەخنەی کرێکارانە لەم سیستەمە وەک پێکهاتەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سوپەرستڕەکچەری سیاسی و فکری و یاسایی، واتە ڕەخنەیە لەم سیستەمە کە لەسەر بنەمای بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بەکۆیلەکردنی کرێکار و جیاکردنەوەی کاری کارێکار لە کرێکار خۆی و نامۆکردنی کرێکاران لە چالاکیی مرۆڤییانە و بەرهەمی کاری خۆیان، کە لەسەر بنەمای بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دژبەری (نقيض) کار و کرێکار دامەزراوە کە ئەویش سەرمایە و سەرمایەدارنن.
  • ئایدیا و تیۆری ماتریالیزمی دیالکتیکی مێژوویی مارکس و ئەنگڵس، و تیۆری ئابووری شۆڕشگێڕانەی مارکس و ڕەخنەی پرۆلیتاریای ئەو لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری و تیۆری سیاسی سۆسیالیستی خەباتی چینایەتی، سەرجەمیان ڕێباز و تیۆری شۆڕشگێڕانەی مارکس و ئەنگڵس پێکدەهێنن، بۆ ڕزگاری چینی کرێکار و دروستکردنی جیهانێکی تر؛ جیهانێک بێ چین و کۆیلایەتی کاری بە کرێ و دەوڵەت، کە تێیدا ڕزگاری تاک مەرجی ڕزگاری کۆمەڵگایە، و ڕزگاری کۆمەڵگاش مەرجی ڕزگاری تاکە.
  • مارکس و ئەنگڵس لە مانیفێستی کۆمۆنیستیدا بە وردی ئەو شتەیان دیاری کردووە کە کۆمۆنیستەکانی پێ لە باقی حیزبە کانی کرێکاران جیا دەکاتەوە، کە تا ئێستاش بنەمای پێناسەکردنی ئێمەیە وەک کۆمۆنیست، ئەویش ئەوەیە کە کۆمۆنیستەکان ئینتەرناسیونالیست و سۆشیالیستن؛ هەمیشە بەرگری لە بەرژەوەندییە گشتییە ئینتەرناسیۆنالیستییەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و دوا ئامانجە سۆسیالیستییەکانی دەکەن.
  • مانیفێستی کۆمۆنیست کە لە ساڵی (١٨٤٨) دەرچووە، تا ئێستاش بناغەکانی بەرنامەی کۆمۆنیزم پێکدەهێنێت لە سەردەمی ئێمەدا، هەروەها یەکەم ئینتەرناسیۆناڵیش کە لە ساڵی (١٨٦٤) دامەزرا، گوتاری بەرنامەیی لە کارنامەی خۆیدا پێناسە کرد؛ بە شیوەیەک کە جەختی لەوە کردەوە کە ڕزگاری چینی کرێکار کاری خودی چینی کرێکارە. (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لە بەیاننامەی دامەزرێنەری خۆیدا ئەم بناغانەی پەیڕەوکردووە و لە خەباتی سیاسی و فیکریدا پراکتیکیان دەکات.
  • جەختکردنەوە لەسەر تیۆری خەباتی چینایەتی و تیۆری شۆڕشگێڕانەی مارکس، لەو پاڵنەرە ئایدیۆلۆژییانەوە سەرچاوە ناگرێت کە دابڕاون لە ژیانی ماددی، بەڵکو ئەم جەختکردنەوەیە لەو ڕووەوەیە کە ئەمە تیۆرییەکە چینی کرێکار و بێبەش و ستەملێکراوان پیویستیانە بۆ خەباتی ڕزگاریخوازانەیان لە کۆت و بەندەکانی سیستەمی سەرمایەداری و کارەساتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ناو ئەم سیستەمە. ئەم جەختکردنەوەیە خۆی لە ژیانی ڕۆژانەمان و خەباتە شۆڕشگێڕییەکانماندا گرنگییەکی تایبەتی و مانایەکی پراکتیکی هەیە.
  • ڕەوتی مارکسیستی پەیوەستە بە خەباتی چینی کرێکارەوە، واتە ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی کە بەهۆی پێگەی لە سەرمایەداریدا بەتەنیا ئەو دەتوانێت سەرکردایەتی خەباتی سۆسیالیستی بکات بۆ ڕووخاندنی سەرمایە و سیستەمی سەرمایەداری و جێگیرکردنی سۆشیالیزم لە شوێنیدا. هەر لەم پێگەیەوەیە کە دەتوانێت سەرکردایەتی خەباتی جەماوەری زەحمەتکێشان و بێبەشکراون و ستەملێکراون بکات بۆ ڕزگاربوون لە نەهامەتیەکانی سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرمایەداری و زوڵمی سیاسی و کۆتوبەندی خوڕافاتی ئایدیۆلۆژی و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی و هەڵاواردن و نادادپەروەرییەکانی تر کە سروشتی ئەم سیستەمە چینایەتییەن. ئەو تاکە چینە کە تەنیا بە ڕزگارکردنی کۆمەڵگا بە گشتی لە سیستمی چینایەتی سەرمایەداری دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات. کۆمۆنیزم بزووتنەوەی هوشیاری ئەم چینە  پێشەنگەیە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئەرکە مێژووییە و ڕزگاریخوازانەیە.
  • سەرقاڵبوون بە خەباتی داخوازی ڕۆژانەی کرێکاران و کارکردن بۆ یەکڕیزی خەباتی کرێکاران لەم بوارەدا، مەرجێکی پێویستە بۆ وەڵامدانەوەی دینامیزم و پێداویستیەکانی ژیانی کرێکاران و باشترکردنی بارودۆخی گوزەران و هەلومەرجی کاری چینی کرێکار، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای سه‌رقاڵبوون به‌ خه‌باتی ئابوری ڕۆژانه‌وه‌، ڕابەران و چالاكەوانانی هوشیاری كرێكاران له‌ هه‌مان كاتدا سه‌رقاڵی خه‌باتی چینایه‌تی سیاسی و فکرین.
  • سەربەخۆیی کرێکاران وەک چینێک لەبەرامبەر چینی بۆرژوازیدا بە سەربەخۆیی سیاسییان بەدەست دێت. لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا هاتووە کە “هەموو خەباتێکی چینایەتی خەباتێکی سیاسیە”، بۆیە گرنگی سیاسەتی کۆمۆنیستی لەناو بزووتنەوەی کرێکاریدا دیارە، هەروەها ئەنگڵس جەخت لەسەر بوونی سێ لایەنی خەباتی چینایەتی کرێکاران دەکات، ئەوانیش خەباتی ئابووری و خەباتی سیاسی و خەباتی تیۆرین، لەگەڵ زەروورەتی یەکخستنەوەیان لە یەک خەباتی چینایەتی کرێکاریدا.
  • لێكۆڵینەوە و زانینی قووڵ دەربارەی پێكهاتەی چینی كرێكاری هاوچەرخ و فرەچەشنی تۆێژەکانی لە دونیای ئەمڕۆدا، بە عێراقیشەوە، وە تێگەیشتن لە شێوازی دابەشبوونی ئەم چینە بەسەر بوارە جیاجیاكانی ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كارگێڕی (ئیداری) و خزمەتگوزاریدا، و پاشان بەراوردکردنی لەگەڵ پێکهاتەی چینی کرێکار و شێوازی کارکردنی لە وڵاتان و سەردەمەکانی دیکەدا، گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ کۆمۆنیستەکان و مارکسیستەکان. ئەوان بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستی و چەلێنجەکانی بەردەم خەباتی بەردەوامی کرێکاران و چارەسەرکردنی گێرمەوکێشەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بەرزکردنەوەی توانای کرێکاران لەو سێ بوارەی خەباتدا کە پێشتر باسمان کرد، پێویستیان بەم لێکۆڵینەوە و بەراوردە هەیە.

ئەمە پێچەوانەی ئەوەیە کە ڕۆشنبیران و ئەکادیمییەکانی بۆرژوازی دەیانەوێت بەم جۆرە لێکۆڵینەوە و قووڵبوونەوەیە پێیبگەن؛ لەبنەڕەتدا ئەوان دەیانەوێت ڕۆڵی مێژوویی ئەم چینە لە دروستکردنی گۆڕانی شۆڕشگێڕانە کەم بکەنەوە، و لە پلەی یەکەمدا نکۆڵی لە بوونی بکەن. بە کورتی، ڕۆشنبیری بۆرژوازی لە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی چینی کرێکاری هاوچەرخدا ئینکاری بوونی ئەم چینە یان بەکەم گرتنی ڕۆڵەکەی هەڵدەهێنجێنێ، لە کاتێکدا ئامانج و ئەرکی ڕەوتی مارکسیستی وەڵامدانەوەیەتی بە پێداویستییەکانی بەرەپێشچوونی خەباتی بەردەوامی کرێکاران لە کەرت و بوارە جیاجیاکاندا دژی نەهامەتییەکانی سیستەمی سەرمایەداری. ئەمە جگە لەوەی کە سەرمایەداران لێکۆڵینەوەیان لە دۆخی چینی کرێکار و دیاردەکانی خەباتی یەکگرتووی ئەو چینە بۆ ئیفلیجکردنی وزەی شۆڕشگێڕانەیەتی و درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی سەرمایەیە بەسەریدا.

ئێمە ئێستا لە سەردەمێکدا دەژین کە جەختکردنەوە لەسەر مارکسیزم و مانیفێستی کۆمۆنیست و تیۆری شۆڕشگێڕانەی مارکسیستی بۆتە یەکێک لە نیشانە سەرەکییەکانی جیاکەرەوە لە ڕیزێکی دوورودرێژ لەو کەسانەی کە بە شێوەی زارەکی خۆیان بە مارکسیست و کۆمۆنیست لەقەڵەم ئەدەن، بەڵام بەکردەوە بەسەد سەرەداو بەستراوەنەتەوە بە ئاسۆی فیکری و سیاسی بۆرژوازییەوە. (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لە ڕێبازی خۆی و سەرجەم خەباتیدا ئەم جیاکاری و تایبەتمەندییە چۆنایەتییە بەرجەستە دەکاتەوە.

کورتەیەک لە مێژووی ڕەوتی مارکسیستی

  • بە دوای دەرکردنی (مانیفێستی کۆمۆنیست) و بڵاوبوونەوەی مارکسیزم لەناو بزووتنەوەی کرێکاریدا، لە (١٧٤) ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، ڕەوت و خەتی فکری و سیاسی زۆر و هەمەجۆر لە ژێر ناوی مارکسیزمدا سەریان هەڵداوە، هەندێکیان بە ئاشکرا خیانەتیان لە مارکسیزم کردوە، هەندێکی تریشیان بە ڕووکەش ناوەکەیان پاراستوە، بەڵام ئاسۆی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆرژوازییان، لە شێوە و ڕەنگی جۆراوجۆردا، جێبەجێکردوە. ڕەوتی مارکسیستی، دوای ئەوەی بوو بە ڕەوتی سەرەکی کۆمۆنیستی لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی جیهانیدا، ڕیزەکانی خۆی لە ئینتەرناسیۆنالی دووەمدا ڕێکخست تا ساڵی (١٩١٤)، بەڵام ئەوە گۆڕانی بەسەردا هات؛ دوای ئەوەی پارتە سۆشیال دیموکراتەکان کە پەیڕەوییان لە مارکسیزم ئەکرد، هەڵوێستی دوژمنکارانەیان گرتەبەر لەبەرامبەر چینی کرێکار و سۆشیالیزمدا لە جەنگی جیهانی یەکەم، کە بووە هۆی مایەپوچبوونی ئینتەرناسیۆنالیزمی دووەم.
  • ئینتەرناسێۆنالی سێهەم بەدوای سەرکەوتنی ڕێبازی (هێڵی) مارکسیی شۆڕشگێڕانە لە بزووتنەوەی کرێکاری جیهانی و گرتنەبەری هەڵوێستێكی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕانە بەرامبەر بە جەنگی جیهانی یەکەم دامەزرا، کە جەختی لەسەر گۆڕینی جەنگی ئیمپریالیستانەی جیهانی کردبووەوە بۆ شەڕێکی ناوخۆیی شۆڕشگێڕانە کە لە ڕێگەیەوە چینی کرێکار لەهەر وڵاتێکدا نوکی ڕمی خەباتی خۆی ئاراستەی بۆرژوازی دەسەڵاتداری وڵاتەکەی خۆی بکات. توخمەکانی قەیرانی شۆڕشگێڕانەی سۆشیالیستی لە ئەوروپادا بە بەردەوامی گەشەیان دەکرد، و خەتی (هێڵی) مارکسی سەرکردایەتی ڕاپەڕینی جەماوەری پرۆلیتاریای کرد لە ڕووسیا بۆ شۆڕشێکی سەرکەوتوو، شۆڕشی ئۆکتۆبەری (١٩١٧) و هەروەها چەندین ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی سۆسیالیستی گەورەش لە ئەوروپا بەرپاکران. ئەوانەی بەرگرییان لە تیۆری شۆڕشگێڕانەی مارکس دەکرد، بریتی بوون لە سۆسیالیستە ئینتەرناسیونالیستە شۆڕشگێڕەکان لەوانە ڕابەرانی ناوداری وەک لینین، ترۆتسکی، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و کارل لیکنێخت.
  • سەرهەڵدانی هێزی دژەشۆڕش کە ستالینیزم بەرجەستەی کردبووەوە وکەوتبوە سەرکوتکردنی هەموو شتێکی شۆڕشگێڕ و سۆشیالیستی ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، و پاکتاوکردنی (تەسفیەکردنی) مارکسیستە شۆڕشگێڕەکانی ناو حزبی بەلشەفی لە ڕووسیا و لە ئینتەرناسیۆنالی سێیەم، دوای کپبوونەوەی هەڵچوونی شۆڕشگێڕانەی سۆشیالیستی چینی کرێکار لە ئەوروپا، و بێتوانایی ئەم چینە و حزبە کۆمۆنیستیەکەی لە دامەزراندنی سۆشیالیزم لە ڕووسیادا، بوونە هۆی ئەوەی ستالینیزم ببیتە “کۆمۆنیزم”ی فەرمی لە ژێر بانەری “مارکسیزم-لینینزم”دا.. هەموو ئەمانە لە بەرژەوەندی ستالینیزمی ڕوو لە هەڵکشان تەواو بوو، کە نوێنەرایەتی ڕەوتی ناسیۆنالیستی ڕووسی دەکرد، وە بەدوای گۆڕینی (یەکێتی سۆڤیەت)ەوە بوو بۆ وڵاتێکی پیشەسازی کە کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا بکات، لەسەر حیسابی خنکاندنی بزووتنەوەی سۆشیالیستی پرۆلیتاریای جیهانی.
  • کپبوونەوەی شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئەوروپا و ئەوەی بە دوایدا هات لە سەرهەڵدانی فاشیزم لە ئەڵمانیا و ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپا، و هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دووەم و ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە دژی دەیان ملیۆن کەس ئەنجامدران، کە وێرانکەری سەپاند بەسەر مرۆڤایەتیدا و گورزی گەورەی لە بزووتنەوەی سۆشیالیستیدا، بەم شێوەیە هەلومەرجی گونجاوی بۆ ستالینیزم ڕەخساند بۆ ئەوەی گورزی وێرانکەر لە مارکسیزمی شۆڕشگێڕ و خەباتی چینی کرێکاری جیهانی بدات؛ ئەوەش لە ڕێگەی ژێردەستەکردنی بزووتنەوەی سۆشیالیستی و مارکسیستی شۆڕشگێڕ لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی بۆرژوا ناسیۆنالیستی ڕووسی و بیرۆکراسیەکەی و سەرمایەداری دەوڵەتی ڕووسیا و ڕژێمی سیاسی سەرکوتکەری ستالینیستی، بە بیانووی بەرگریکردن لە وڵاتی سۆشیالیستی و “مارکسیزم-لینینیزم”.

هەر لەو کاتەدا کە پاکتاوکردنی نەیارانی ستالین و ڕژێمە سەرکوتگەرەکەی ئەو بەردەوام بوو، بە تایبەت لە بەرامبەر هەر سەرهەڵدانێکی ڕەوتی مارکسیستی و ئۆپۆزسیۆنی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕانە دژی ستالینیزم، لەوانەش خەتی (هێڵی) ترۆتسکی و هێزەکانی تری ئۆپۆزیسیۆنی چەپ لە ڕووسیا و ڕەوتی مارکسیستی لە زۆر شوێنی جیهان، خەباتی چینی کرێکاری جیهانی نەوەستاوە و ڕەوتی شۆڕشگێڕانەی مارکسی لە زۆر شوێنی جیهان دەستی کردووە بە بەرگریکردن لە مارکسیزم و بزووتنەوەی سۆسیالیستی، گەرچی لە فۆرمێکی پەرش و بڵاو و لاوازدا، هەر بەوپێیەش خەتە (هێڵە) جۆراوجۆرەکانی چەپ دەرکەوتن.

  • له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ بۆرژوازییه‌ ناسیۆنالیسته‌كان كه‌ به‌ دوای سه‌ربه‌خۆیی “نه‌ته‌وه‌یی”ەوە بوون له‌ كۆلۆنیالیزم و پاشان سه‌ركه‌وتنی چین له‌ شه‌ڕیدا دژی ژاپۆن و دامه‌زراندنی “كۆماری گه‌لی چین”، و سه‌رهه‌ڵدانی ماوییزم وه‌ك خەتێکی (هێڵێکی) جیهانی و جێنشینی “مارکسیزم-لینینیزم” دوای پەرەسەندنی کێشمەکێشی چین دژی ڕژێمی (سۆڤیەت)، لێرەوە ڕەوتی مارکسی ڕووبەڕووی سەختییەکی گەورە دەبێتەوە و بەدەست شێواندنێکی زۆر ئالۆزکاوەوە دەناڵێنێت، بەڵام ژیانی خۆی بە جیا لە خەتی (سۆڤیەت) و  لە خەتی (چین) درێژە پێ دەدات.
  • لەو ماوەیەدا گەلێک ڕەوتی چەپی نەریتی لە دەوری یەکێک لەم دوو خەتە (هێڵە)ی، (سۆڤیەت) یان (چین)ی سەرهەڵدەدەن، وە زۆرێک بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی دژە ئیمپریالیستی بەناوی مارکسیزمەوە کارەکانیان دریژە پیدەدەن، هەروەها بزووتنەوەکانی خەباتی چەکداری و گیڤاری بڵاودەبنەوە. لە ئەوروپاش مارکسیزمی ڕۆژئاوایی کە دژ بە هەر دوو هێڵی جیهانی (چین)ی و (ڕووسی)یە سەرهەڵئەدات و تیۆری تایبەت بەخۆی دادەڕێژێت بەناوی مارکسیزمەوە، کە بەپێی ئاسۆی سۆشیال-لیبرالی وڵاتانی ڕۆژئاوا فۆرمڵەکراوە. سەرەڕای ئەوانە، لەگەڵ پاشەکشەی شۆڕشی سۆشیالیستی لە ڕووسیا و ئەوروپا، لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، زۆرێک لە ڕەوتی فیکری فەلسەفی بە شێوەیەکی ناڕۆشن دەستیان کرد بە ڕەخنەگرتن یان دەستکاریکردنی مارکسیزم و خستنەڕووی ڕێبازی هەمەچەشنە، بەجۆرێک کە لە مارکسیزم و تیۆری شۆڕشگێڕانەی مارکس کەم بکاتەوە.
  • لەگەڵ ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕەوتگەلێکی بەرفراوان کە بەناوی مارکسیزم و کۆمۆنیزمەوە قسەیان دەکرد، بە خێراییەکی بێوێنەوە دەستبەرداری هەموو ئەو شتانە بوون کە پەیوەندن بە مارکسیزم و کۆمۆنیزمەوە، ئەمە لەکاتێکدا بوو کە بۆرژوازی نێودەوڵەتی گەورەترین هێرشیکردە سەر کۆمۆنیزم و هیوا و ئاواتە پێشکەوتنخواز و ڕزگاریخوازەکانی مرۆڤایەتی بەناوی هێرش بۆ سەر خەتی (هێڵی) ڕژێمی سۆڤیەت.
  • تەپوتۆزی زریانی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت زۆری نەخایاند و دوای ماوەیەک نیشتەوە، وە لە دوای ساڵی (٢٠٠٨) و سەرهەڵدانی قەیرانی سەرمایەداری جیهانییەوە، هاوتەریب لەگەڵ هەڵکشانی ڕوو لەسەری بزووتنەوەی کرێکاری و خەباتی کرێکاران لە سەراسەری جیهاندا، جارێکی دیکە جیهان شاهیدی سەرهەڵدانەوەی مارکسیزمە لەژێر باری ئەو هەموو شێواندنە گەورەیەدا.
  • ئەمڕۆ دوای زیاتر لە چوار دەیە لە چەسپاندنی هەرچی زیاتری سەرمایەداریی نیولیبراڵ لە سەرتاسەری جیهان و توندوتیژتربوونی ناکۆکییە دەروونییەکانی، بزووتنەوەی سۆشیالیستی و کرێکاری جارێکی دیکە بە هێز و تواناوە دەستی کردەوە بە هەڵکشان و ڕووبەڕووبوونەوەی بۆرژوازی جیهانی، مرۆڤایەتیش لە وەرچەرخانێکی مێژوویی جیهانیدایە. هەروەها ئەشبینین ڕەوت و هێڵی مارکسی جارێکی دیکە خۆی دەسەلمینێت کە بزووتنەوەیەکی گەورەی زیندوە لەدڵی ڕووداوە مێژووییە هاوچەرخەکان و لەم ساتەوەختە لە مێژووی جیهانیدا.

هێڵی فکری سیاسی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)

  • قسەکردن لەسەر ڕەوت و هێڵێکی مارکسیستی، وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و ڕێکخراوەیی و ڕۆشنبیری، قسەکردنە لەسەر دیاردەیەکی زیندوو کە مێژوویەکی هەیە؛ ڕابردو و ئێستا و ئایندە، و باسکردنی دیاردەیەکە لە جوڵەدا، سەربەخۆ لە هێز و قەبارەی خۆی، بەردەوام لە پێشکەوتن و گەشەکردن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی خۆیدایە. کەواتە قسەکردن لەسەر ڕەوتی مارکسی ناتوانێت پێناسەیەک بێت یان وەسفێک بێت بۆ پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی ئیستاتیک و کۆمەڵێک خەباتکارانی  کۆمۆنیست کە لەناو دیوارەکانیدا کاردەکەن دوور لە کۆمەڵگا و ئەو ململانێ چینایەتیەی کە تێیدا ڕوودەدات.
  • ئەم دیاردە کۆنکرێتە لەعێراقدا شتێکی تایبەت نەبووە تەنها بەم وڵاتەوە؛ چونکە ڕەوتی مارکسیستی، سەرەڕای ئەو فۆرمە جۆراوجۆرانەی کە لە ماوەی مێژووی خۆیدا و لەوڵاتە جیاوازەکاندا گرتوویەتییەبەر، بەشێکی دینامیزمی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکری کۆمەڵگا هاوچەرخەکانی پێکهێناوە، و لە هەموو وڵاتاندا بە پلەی جیاواز لە هێز و توانا بوونی هەبووە. هەر بەوپێیەش، ئەم نەریت و ترادسیۆنە سیاسی و فیکرییە لەنێو ئەم کۆمەڵگایانەدا مێژوویەکی هەیە و بەشێکە لە خەباتی چینایەتی کرێکاران و ئۆرگانیکانە بەپرۆسەی گەشەسەندنی جیهانیی ئەم خەباتەوە گرێدراوە. مێژووی ڕەوتی مارکسیستی لە عێراق دابڕاو نەبووە لە مێژووی جیهانیی خۆی، و هەر لەسەرەتاوە هەڵگری تایبەتمەندییە ئینتەرناسیۆنالیستیەکانی ئەم بزووتنەوە و ڕەوتە بووە، هەروەها تایبەتمەندییە جیهانییەکانی ئەو پەرەسەندنانەی لەگەڵ خۆدا هەڵگرتووە کە لە ڕێڕەوی پێشکەوتنیدا هاتوونەتە ئاراوە، ئەمەش بۆ (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) هەروەک بۆ هەموو مارکسیستە شۆڕشگێڕەکانیش دروستە.
  • بەهەمان شێوە، (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)ش ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی خۆی هەیە. بۆیە قسەکردن لەسەری لە ئیستادا جیاناکرێتەوە لە ڕابردووەکەی و لەوەی کە لە داهاتووشدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. هەروەها مێژووی ئەم خەتە و ئەم جۆرە لە ڕەخنەی مارکسی شۆڕشگێڕانە جیاناکرێتەوە لە دینامیزمی ژیانی سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتی لە عێراق لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانیدا، بە تایبەت لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، کە شێوەیەکی دیاریکراوی ڕەخنەی ڕۆشنبیرانی گەنج دەستی پێکرد، و لەسەر شانۆی ژیانی سیاسی و ڕۆشنبیری دەرکەوت، کە مارکسیزمی وەک ئامرازێک بەکارهێنا بۆ ڕەخنەگرتن لە باڵی چەپی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی عەرەبی و کوردی، و باڵی چەپی نیشتیمانپەروەری “الوطني”، کە لەسەر مارکسیزم و کۆمۆنیزم حساب دەکرا لەم کۆمەڵگایەدا، و سازشکاریش بوو لەگەڵ بەعسییە فاشیستەکاندا.

ئەم ڕەوتە مارکسیستییە گەشەیەکی چۆنایەتی بەخۆیەوە دی لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩،  و گەشەی ڕەخنەی مارکسیستی، کە بە “مارکسیزمی شۆڕشگێڕ” ناسراوە، لەناو ئەم شۆڕشەدا، و هەروەها بەرەوپێشچوونە چۆنایەتیەکانی دواتری ئەم ڕەخنە مارکسییە. مێژووی خەباتی هەریەکێک لە ئێمە هەرچییەک بێت، ئەمڕۆ لە دەوری هێڵ و مەیلێکی کۆمۆنیستی مارکسیستدا یەکگرتووین، بەڵام تا چەند نوێنەرایەتی ئەم ڕەوت و هێڵە دەکەین؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ له‌وەدا نییە که‌ ئێمه‌ له‌باره‌ی خۆمانەوە چی ده‌ڵێین، به‌ڵکو له‌و‌ سیاسه‌ته‌ سۆشیالیستیانە و ئەو پراکتیکه‌ سیاسی و ڕێکخراوه‌یی و هزرییا‌نەدایە کە ئەیگرینەبەر و پیادەی ئەکەین له‌ په‌یوه‌ند بە خه‌باتی چینایه‌تی کرێکاری و سیاسی و هزری که‌ ڕووده‌دات لە کۆمەڵگادا.

  • خەتی مارکسیستی و ڕەوتی کۆمۆنیستی ئەمڕۆ، بێگومان پیویستە هێڵێ جیاکەرەوەی خۆی بکێشێ لەنیوان خۆی و هەموو ئەو ڕەوتانە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بانگەشەی مارکسیزم دەکەن، بەڵام لە پراکتیکدا ڕیفۆرمخوازی سۆسیال-دیموکراتن یان ستالینیستن، و لەسەر مۆدێلی سۆشیالیزمی سەرمایەداری دەوڵەتی (یەکێتی سۆڤیەت)ی پێشوون. هەروەها خەتی (هێڵی) مارکسیستی هیچ پەیوەندییەکی بە چەپی ناسیۆنالیستی ڕادیکاڵەوە نییە کە بڕوای بە ماویزم هەیە، هەروەک چۆن هیچ پەیوەندییەکیشی نییە بە ڕەوتی “مارکسیستی” جیهانسێهەمی ناسیۆنالیستە ڕادیکاڵ و دژە ئیمپریالیستکانەوە، کە دژایەتی ئیمپریالیزم دەکەن، بەڵام دژی سەرمایەداری نین. هەروەها ئەم خەتە مارکسیستە هیچ پەیوەندێکی نە بەو جۆرە “مارکسیانە”وە هەیە کە داوای هاوپەیمانی ئەکەن لەگەڵ بورژوازی نیشتیمانیدا، وە نە هیچ پەیوەندییەکیشی هەیە بە ڕەوتگەلێک و هێلێکی فیکری و سیاسی کە سەر بە ناڕەزایەتی ڕۆشنبیران و خوێندکارانی ڕادیکاڵی نا کرێکارین. سەرەڕای ئەوانە، ڕەوتی مارکسیستی شتێک کۆی ناکاتەوە لەگەڵ چەپی ڕادیکاڵی پەراۆیزخراو و دابڕاو لە چینی کرێکار و خەباتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژانەی، و هیچ هاوبەشییەکیشی نییە، بە هێڵی چەکداری “گەریلا”ی گیڤاریستەکان و هاوچشنەکانی.
  • مارکسیزم و ئایدیاکانی مارکس ئەمڕۆ بە هێز و تواناوە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی فیکری کۆمەڵگاکان و ململانێی چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکانیان لەسەر ئاستی جیهان و ئێمەش بەشێکین لە گەشەکردنی ئەم ڕەوتە و پۆلیکین لە پۆلە هاوچەرخەکانی.
  • بۆرژوازی پەنا بۆ شەڕ و فاشیەت دەبات بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو بارودۆخە قەیراناویانەی كە سەرمایەداری ڕووبەڕووی بۆتەوە، بەڵام چینی كرێكار پێویستی بە یەکخستنی ڕیزی خەباتیەتی و پیویستی بە تیۆری شۆڕشگێڕانەی خۆی و چەكی فكری ماركسیستی هەیە بۆ ئەوەی خەباتی چینایەتی خۆی بەرەو ڕزگاری ببات. ئەم سەرهەڵدانە نوێیەی مارکسیزم بەشێکە لە دینامیزمی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکان و لە ناخی قەیرانی ئێستای سەرمایەداریدا ڕوودەدات. ئێمە لە عێراقدا بە وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەدا تێدەپەڕین، و دابڕاو نین لەو گۆڕانکاریانەی کە لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا ڕوودەدەن.
  • مارکسیزم و خەتی مارکستیستی لە عێڕاق، لە بنەڕەتدا دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەری کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەگەر بتوانێت سیاسەت و بەرنامەی خەبات و ستڕاتیژی سۆشیالیستی بگرێتەبەر بەرامبەر ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و وەرچەرخانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکرییە گەورانەی کە وڵاتەکە پیا تێپەڕدەبێت، وە ئەگەر بتوانێت وەڵامی گرێوگۆڵەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و خەباتی چینایەتی ئێستا بداتەوە.
  • هه‌موو ئه‌مانه‌ مانای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌كارهێنانی زیندووی تیۆری شۆڕشگێڕانه‌ی ماركس، پێویستیی خه‌باتی ڕزگاریخوازانەی چینی كرێكار و بەهه‌ژارکراوان و سته‌ملێكراوانە، كه‌ بۆرژوازی هه‌میشه‌ ویستوویه‌تی له‌ ده‌ستیان دەربهێنێ. ئێمەی کۆمۆنیست و مارکسیستی شۆڕشگێڕ لە عێراقدا بە قۆناغێکی وەرچەرخانی سیاسی و قەیرانێکی قووڵی کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕین، بۆیە ئێمە ئەو پەڕی پێویستیمان بە زیندووکردنەوەی مارکسیزم هەیە ئەگەر بمانەوێت بە ئاستێکی باڵاوە بچین بەرەوپێشی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی کە لە بەردەماندایە. سۆشیالیزم و مەیلی مارکسیستی شتێکی نامۆ نین بۆ کۆمەڵگاکان، بەڵکو بەرهەمی تایبەتی ژیانی ماددی ئەم کۆمەڵگایانەن.

ڕەوتی مارکسیستی، چەلێنجەکان و ئەرکەکانی لە عێڕاقدا

  • بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە عێراق پێویستی بە رزگاربوونە لە هەموو چەمکە بۆرژوازی و وردە بۆرژوازیەکان و بەرزکردنەوەی خۆی بۆ بزووتنەوەیەکی هاوچەرخی پرۆلیتاریای پڕچەک بە خەت و میتۆدی مارکسیستی کە بەدیلێکی سۆسیالیستی گرتبێتەبەر بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی خەباتی چینی کرێکار.
  • تیۆری قۆناغەکان بۆ گەیشتن بە دامەزراندنی دەوڵەتی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ و گەیشتن بە سۆشیالیزم، هەر پاساو دان نیە بە پێدانی دەسەڵات بە بۆرژوازی، بەڵکو لە ڕاستیدا تەواوکەری و بەشداریکردنە لە دامەزراندن و سەقامگیری سیستەمی سیاسی بۆرژوازی. ئەم تیۆرە لە ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی عێراقدا بۆ دەیان ساڵە بە ناوی کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی کرێکارییەوە ڕەواجی پێدەدرێ و ئێستاش بەردەوامە. ئەم تیۆر و سیاسەتە، لە دوا شیکردنەوەدا، ملکەچپێکردنی پرۆلیتاریایە بۆ بەرژەوەندیی ستراتیژی و سیاسی و بەرنامەیی بۆرژوازی، چەکداماڵینی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەکارهێنانیانە وەک سووتەمەنی بۆ سیاسەت و کردارە سیاسییەکانی بۆرژوازی.
  • ئەوانە لە گرنگترین ئەو پرسە سیاسییانە بوون و ئێستاش هەن، كە ڕێگرن لە بەردەم بزووتنەوەی كۆمۆنیستی لە عێراقدا، کە پاساو دەهێننەوە بۆ ملکەچی پرۆلیتاریا بۆ ئاسۆ و بەدیلی سیاسی بۆرژوازی، و دوورخستنەوەی لە بەرژەوەندییە ڕاستەقینەكانی خۆی. لە ئاکامدا ڕێگری دەکەن لە کریستاڵبوونی سەربەخۆیی سیاسی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەناو جەرگەی گۆڕانکاری و وەرچەرخانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا، و لە هەوڵی ملکەچپێکردنیاندان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی چینەکانی دیکە بە ناوی مارکسیزمەوە.
  • بوژانەوەی کۆمۆنیزم و وەڵامی پرسە هاوچەرخەکانی خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا لە عێراقدا، پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم شێواندنانە و ڕزگاربوونە لە ئەزموونەکانی بۆرژوازی نەتەوەیی و پیشەسازگەرا، کە بەناوی کۆمۆنیزمەوە کاریان کردووە.
  • لە ڕاستیدا، سەرمایەداری دەوڵەتی لە وڵاتانی بەناو سۆشیالیزم، لەسەر وێرانەکانی شۆڕشی پرۆلیتاریا و شکستی یەکەمین هەوڵەکانی بنیاتنانی سۆشیالیزمی ئینتەرناسیۆنال هاتەئاراوە، لانیکەم لە کیشوەری ئەوروپا لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە.
  • بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕەوتی مارکسیستی لە عێراقدا، گورزێکی گەورەی بەرکەوتووە لە ڕێگەی ستراتیژ و سیاسەت و بەرنامە و پراکتیکەکانی (حزبی شیوعی عێراقی) و هەموو ڕەوتەکانی تر کە مارکسیزم و خەباتی سۆسیالیستی چینی کرێکاریان شێواندوە، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو سیاسەت و ئاڕاستە و تیۆرییانە، یەکێکە لە پرسە گرنگەکان بۆ ڕەوتی مارکسیستی ئەمڕۆ.
  • یەکێکی تر لەو چەلێنجانەی بەردەم ڕەوتی مارکسی، ڕووبەڕووبوونەوەی فیکری بۆرژوازی و ئاسۆی بۆرژوا ناسیۆنالیستی و ئیسلامی و تائیفییە وەک ئەو بەدیلانەی بۆرژوازی کە بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕاشکاوانە دژ بە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشانە.
  • ڕەواجدان بە ڕادیکالیزمەی جەماوەر و خەڵک بەگشتی، وە بەکارهێنانی بۆ وەستانەوە بەڕووی ڕەوتی مارکسیستی و ڕێکخراوی کۆمۆنیستی، و سوڕانەوە لە دەوری هێنانەدی گۆڕانکاری تەنیا لەڕێگەی ڕێکخراوە جەماوەرییە گشتیەکانەوە بەبێ بەهێزکردنی کۆمۆنیزم و حزبییەتی کۆمۆنیستی و مارکسیستی لە وڵاتدا، لە ئاکامدا بەشداری دەکات لە هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی و خزمەت بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی پرۆلیتاریا ناکات.
  • ڕزگاربوون لە ئایدیا و تیۆرییە پۆپۆلیستیەکان و هەروەها ڕادیکالیزمەی سیاسیی دابڕاو لە خەباتی چینایەتی کرێکاران، هەروەها ڕزگاربوون لە ڕستە و دەستەواژەی شۆڕشگێڕانەی بێپەیوەند بە ژیان و خەباتی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە.
  • پتەوکردنی په‌یوه‌ندیی كۆمۆنیزم بە خه‌باتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و گه‌نجان و په‌ره‌پێدانی دیالێكتیكیانەی په‌یوه‌ندی نێوان خه‌باتیان، مه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ هه‌ر هه‌نگاوێكی جددی بۆ په‌ره‌پێدانی خه‌باتی سۆسیالیستی له‌ عێراقدا.
  • گرنگی نەدان بە تیۆری و بەرزنەکردنەوەی هۆشیاری مارکسی شۆڕشگێڕانە و بنیاتنەنانی ڕیزێکی فراوان لە ڕابەران و چالاکەوانان لە هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو و پڕچەک نەبوون بە مارکسیزم، یەکێکە لە گرینگترین خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە عێراقدا.
  • بەکارهێنانی میتۆدی مارکسیستی لە بەرامبەر ڕووداو و وەرچەرخانە سیاسییە شۆڕشگێڕەکان، هەروەها ڕەخنەگرتن لەو دوودڵییەی، کە ڕەنگە لەم وەرچەرخانانەدا توشی هەندێک ببیت، لەوانەی بە ناوی مارکسیزم و کۆمۆنیزمەوە ئەدۆێن و بەخشکەیی دەکشێن بەلای فریوکاری و تەڵەکەبازی بۆرژوازییدا.
  • بنیاتنانی ڕێکخراوێکی سیاسی کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نەرم و خاراو بێت و ڕەگ و ڕیشەی لەناو ڕیزەکانی جەماوەر داکوتابێت، بەڵام لە هەمانکاتدا ڕێکوپێک و بە دیسپلین بێت و هەڵسێت بە ئەنجامدانی ڕۆڵی خۆی بە باشترین شێوە، وە لە ڕیزەکانیدا نەک تەنیا کرێکار و سەندیکاکانی گرتبێتەخۆی، بەڵکو گەنجانی پرۆلیتاریا و ژنانی کرێکاریش بگرێتەخۆی، و لە خەباتی سۆسیالیستی خۆیدا پەیگیرانە بەرەو پێشەوە بڕوات، ئا ئەمە وەڵامی بارودۆخی سیاسی ئێستایە و وەڵامی دەستەبەرکردنی سەرکردایەتییەکی سیاسی و ڕێکخراوەیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەشە لە عێراقدا.

خەتی فکری و سیاسی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) وەک خەتێکی مارکسیستی، لە خەباتی خۆیدا بەدوای بەرجەستەکردنەوەی هەموو ئەو ئاراستە و سیاسەت و پڕاتیکانەوەیە و تێدەکۆشێت بۆ ئەنجامدانیان.

ئەم باسە لە ٢٥ی ئایاری (٢٠٢٢)دا، لەلایەن هاوڕێ (موئەیەد ئەحمەد)ەوە پێشکەش کراوە لە سێهەمین کۆبوونەوەی فراوانی کۆمیتەی ناوەندی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)، و پاش تاوتۆیکردنی لە کۆبونەوەکەدا، لەلایەن پلینۆمی سێهەمەوە پەسەند کراوە.

٢٥-٢٧ی ئایاری ٢٠٢٢

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ڕاپۆرتێک لەسەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن، ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦

بۆ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی (یەنار محەمەد) ژنە کۆمۆنیست و ڕابەری بزووتنەوەی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦

   

بە توندی سەرکۆنەی تاوانی وەرنەگرتن و پێشکەش نەکردنی فریاگوزاری بۆ غەزال مەولان، دەکەین

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق بەپێی ڕاگەێندراوێکی (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)، دوانیوەڕۆی سێ ...