ساڵانە هەزاران ژن ناچار دەبن بڕیاری زۆر قورس سەبارەت بە دووگیانبوونیان بدەن، و ڕەنگە قورسترینیان پەنابردن بێت بۆ لەباربردن، واتە کۆتاییهێنانی بە ئەنقەستی دووگیانیی نەخوازراو. لەباربردن یەکێکە لەو دیاردانەی کە دژایەتی پەیوەندیـیە کۆمەڵایەتیـیە ئیستغلالکارە باوەکان لەگەڵ بوونی مرۆڤدا ئاشکرا دەکات، جۆرێکە لە توندوتیژی کۆمەڵایەتی لە دژی ژنان و لە دژی کۆرپەلەی لەدایک نەبوو، و گوزارشە لە لوتکەی نائومێدی مرۆڤ بەرامبەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتووری دەورووبەری، کە هەڵبژاردنی بەدیلەکەی پێ قەبووڵ ناکرێت.
هۆکاری زۆر و ئاڵۆز هەیە بۆ لەباربردنی منداڵ، لەوانە ئابووری یان کۆمەڵایەتی وەک هەژاری، بێبەشی، کاتی نەگونجاو، لەدەستدانی هەلی کار و خوێندن، ناکۆکی لەگەڵ ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی تر، نەبوونی پشتیوانی هاوسەر یان خێزان، یان تەمەنی کچەکە، جگە لە دووگیانی نەخوازراو کە لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی و لەباربردنی منداڵ بەهۆی ڕەگەزی مێینەی کۆرپەلە، هتد.. زۆرجار زیاتر لە هۆکارێک هەیە، بەڵام ئامانجە سەرەکییەکە لێی؛ تێپەڕاندنی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی توندە کە لە ئەنجامی سنوورە کۆمەڵایەتی و کولتووری یان یاساییەکانەوە دروست دەبێت دژی ژنان، کە ئەوان هیچ کۆنترۆڵێکیان بە سەریدا نیـیە، تەنها ئەوە نەبێت کە جەستە و کۆرپەکەی خۆیان بخەنە ژێر ئەم دڕندەییەوە. ئەگەر ئەو کارە نەکات، ژنەکە دەبێت بەرگەی دەرئەنجامەکانی بگرێت، کە زۆرجار ترسناکن و هەندێکجاریش کارەساتبارن. زۆربەی ئەو منداڵانەی لە خانەی چاودێری دادەنرێن، کوڕ و کچی ئەو دایکانەن کە نەیانتوانیوە یان نەیانویستووە کۆرپەڵەکەیان لەبار ببەن، بەڵام وەک “هەتیو” تۆمار دەکرێن بۆ بەرگرتن بە چەواشەکاری و کاردانەوەی کۆمەڵایەتی بەدژیان.
ڕۆڵی زانیستی و پزیشکی مۆدێرن
لە سەردەمەکانی ڕابردوودا، پێش دۆزینەوەی شێوازی نەشتەرگەری مۆدێرن و دەرمانی ئازارشکێن و بێهۆشکەر (تخدیر) و دژە هەوکردن، لەباربردنی منداڵ بە شێوەیەکی سەرەتایی و باو لەسەر دەستی ژنانێکی “چارەسەرکاران” ئەنجام دەدرا کە ڕاهێنانیان بە ژنانی تر دەکرد، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان گیانیان لەدەست ئەدا، وە یان تووشی پەشۆکاوی تەندروستیی دەبوون بەم هۆیەوە.
پەرەسەندنی زانست و تەکنەلۆجیا و هێنانەکایەی شێوازە چارەسەرییە مۆدێرنەکان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان، ڕێگەی بۆ باشترکردنی تەندروستیـی زاوزێی ژنان کردەوە، لەوانە کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی نائاسایی و سەختی دووگیانی و منداڵبوون “Dystocia”، لەگەڵ کەمکردنەوەی لەباربردن و ڕێژەی مردن و نەخۆشی دایکان. وە پەیدابوونی جۆرەکانی ڕێگرتن بە دووگیانی (منع الحمل) هیوای بە ملیۆنەها ژن لە سەراسەری جیهان بەخشی کە بتوانن خۆیان لە دووگیانی نەخوازراو و کێشەکانی بپارێزن. لەباربردنی منداڵ، بە بەکارهێنانی ڕێگەی سەلامەت و زانستی، بە یەکێک لە دەستبەکاربوونە پزیشکیـیە سەرکەوتووەکان دادەنرێت بۆ ڕێگرتن بە مردنی دایکان و کەمکردنەوەی کاریگەری حاڵەتەکانی نائاسایی و سەختی دووگیانی و منداڵبوون لەسەر دایکان، بەڵام سەرەڕای کاریگەریی بەرزی هەموو ئەم شێوازانەی چارەسەری و خۆپاراستن، دەبینین ملیۆنەها ژن لە سەراسەری جیهاندا ناتوانن سوود لەم دەستکەوتە گەورانەی مرۆڤایەتی وەربگرن، بە هۆی سەختی بەدەستهێنانیان و بەردەست نەبوونیان، یان بوونی سنوورداری یاسایی یان کۆمەڵایەتی لەسەریان.
ڕێکخراوی (پزیشکانی بێ سنوور) کە ڕێکخراوێکی مرۆیی پزیشکی سەربەخۆیە، ئاماژە بەوە دەکات، لە کاتێکدا جیهان، لە چوار- لەسەر- پێنجی هۆکارە سەرەکییەکانی مردنی دایکاندا، پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، (کە بریتین لە خوێنبەربوونی توند، هەوکردنی توند، بەرزی پەستانی خوێن و حاڵەتەکانی نائاسایی و سەختی منداڵبوون)، بەڵام لەباربردنی منداڵ بە شێوەی نا سەلامەت، گەرچی هۆکارێکە کە دەتوانرێت بە تەواوی ڕێگری لێبکرێت، تا ڕادەیەکی زۆر لەبیرکراو ماوەتەوە. بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە هەر دوانزە حاڵەتی مردنی دایکان هێشتا لە سەراسەری جیهاندا، حاڵەتێکیان مردنی دایکە بەهۆی لەباربردنی ناسەلامەتەوە. لە ساڵی (١٩٩٠) ەوە تا ئێستا، تەنها پێشکەوتنێکی کەم لەبواری کەمکردنەوەی زیانەکانی لەباربردنی ناسەلامەتدا بەدیهاتووە، بە بەراورد بە کەمبوونەوەی هۆکارە ڕاستەوخۆکانی تری مردنی دایکان.
بڕیارێکی ژیان یان مردن بۆ ژنان
کاتێک ژن ڕووبەڕووی بڕیارێکی گەورەی وەک لەباربردنی منداڵ دەبێتەوە، زۆرجار لە بارودۆخی نهێنیدا بەو ئەزموونەدا تێدەپەڕێت بە مەبەستی پاراستنی (یان لە ترسی) هەست و کاردانەوەی کۆمەڵگا، و لە گۆشەگیرییەکی تەواودایە بەبێ پشتیوانی کۆمەڵایەتی، بە تێکەڵەیەک لە هەستەکانی ترس و دڵەڕاوکێ و تاوانباری و پەشیمانیدا تێدەپەڕێت.
لەباربردن هۆکارێکی سەرەکی مردن و ئاڵۆزییە تەندروستییەکانە بۆ ژنان لە تەمەنی منداڵبووندا. چەند هۆکارێک ڕۆڵیان هەیە لە سەلامەتی یان نا سەلامەتی لەباربردن، لەوانە یاساییبوون یان سنووردارکردن، مەرجە ئیدارییەکان (وەک پێداگریکردن لەسەر ئەوەی لانیکەم دوو پزیشک ئیمزای بکەن، یان مۆڵەت نەدان بە مامان یان پەرستاری شارەزا بۆ ئەنجامدانی)، بەردەستبوون یان نەبوونی پزیشکی ڕاهێنراو و کلینیکەکان و دابینکردنی دراو بۆیان، و کولتوری کۆمەڵگا و تێڕوانین بۆ پرسەکە.
ژنان، لەبەر بێ ئاگاییان لە مەترسییەکانی نیـیە کە پەنا دەبەن بۆ لەباربردنی ناسەلامەت، وە یان وەک هەڵبژاردنێکی هەڕەمەکی و سادە ئەمە هەڵبژێرن، بەڵکو ئەوان ناچارن جەستەی خۆیان بخەنە بەر ئەم توندوتیژییەوە، بەهۆی دوژمنایەتی کۆمەڵگا و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییە پیاوسالارییە باوەکانەکەوە، کە ڕێگە بەوان نادات بڕیارەکانی ژیانی خۆیان بدەن، و کە بەڵام ڕێگە دەدات و بە ڕەوای دەبینێت مافەکانی ژنان دەربارەی جەستەی خۆیان و چارەنووسیان پێشێل بکات و تەنانەت بەرپرسیارێتی لە ژیانی مرۆڤێکی دیکە بە هەچ هۆکارێک بێت ژنەکە نەتوانێت هەڵیبگرێت.
کەم وڵات هەیە کە لەباربردنی منداڵ بە شێوەیەکی زانستی و سەلامەت لەسەر ئاستێکی بەرفراوان بەردەست بێت. بارودۆخەکە لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆرێک لە وڵاتانی دیکە بەلای قەدەغەکردن و نایاسایی بووندایە بە پلەی جۆراوجۆر، یان بە سنووردارکردنی زۆر کە سەرچاوە و پاڵنەرەکانی نەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتی و کولتوورە پیاوسالاری و دژە ژنەکانە، نەک لە ڕوانگەی ماف و هەڵبژاردنەکانی ژن وەک مرۆڤ و بوونێکی سەربەخۆ.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی مەزەندە دەکات کە ساڵانە (٢٥) ملیۆن لەباربردنی نا سەلامەت ئەنجام دەدرێت، واتە نزیکەی (%٤٥)ی هەموو لەباربردنەکان، کە لەمانە لە سەدا نەوەدوحەوت (٩٧٪) یان لە وڵاتانی لە گەشەدابوودا ئەنجام دەدرێت.
بەڵام تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە لە یاساکانیاندا ڕێگە بە لەباربردنی منداڵ دەدەن، بە مەرج و کۆنترۆڵەوە ئەو کارە دەکەن و ژنانیش ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە کە ڕێگرییان لێدەکات لە بەدەستهێنانی چاودێری سەلامەت و لە کاتی خۆیدا و لە ڕووی جوگرافییەوە بەردەست بێت، بە تێچووی گونجاو و لە هەلومەرجێکی بێ جیاکاریدا بەرامبەریان، بۆیە ژنان پەنا دەبەن بۆ شێوەی نا سەلامەت بۆ لەباربردن.
بەربەستەکانی کۆمپانیا سەرمایەدارییەکان
ئاشکرایە کە چاودێری تەندروستی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان، ئەمڕۆ لە دەستی کۆمپانیا و قەوارە زەبەلاحەکان و کۆمپانیاکانی بۆرسە و ئەوانی تردایە کە بانگەشەی ئامانجەکانی وەک دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەتواناکردن و یەکسانی دەکەن، لە هەمان کاتدا چاوەڕوانی قازانجی گەورەش دەکەن! تەندروستی ژنان سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە بۆ ئەو کۆمپانیایانە، لێرەشدا ماهییەتی ڕاستەقینەی ئەم کۆمپانیایانە دەردەکەوێت کە جگە لە قازانج هیچی تر نییە. ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای دیلۆیت، کە گەورەترین کۆمپانیای خزمەتگوزاری پیشەییە لە جیهاندا، لە مانگی ئازاری (٢٠٢٣) بە ناونیشانی “داهاتووی تەندروستی مێینەیە: کاریگەری ژنان + تەندروستی لەسەر کۆمەڵگاکەمان” باس لەوە دەکات کە “ژن بەهێزترین هێزی بەکاربەرن لە ئەمریکا…”. و کە “ژن (%٨٠)ی خەرجییەکان بۆ چاودێری تەندروستی خێزان لە ئەمریکا پێکدەهێنن”.
بەڵام ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی ئەم کۆمپانیایانە بانگەشەیەکی درۆن و ناکۆکن لەگەڵ پاڵنەرە سەرەکییەکانیان کە تەنها قازانج و ڕازیکردنی وەبەرهێنەرەکانیانە. بەم هۆیەوە تێچووی چارەسەرکردن ڕێگرێکی سەرەکییە لە بەردەم بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ ملیۆنەها ژن.
یاسا
تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم قەدەغەکردنی یاسایی لەباربردنی منداڵ نەبوو. لە ساڵی (١٨٠٣) بەریتانیا بۆ یەکەمجار یاسای بە تاوانکردنی لەباربردنی منداڵی دەرکرد و ئەم یاسایانە تا کۆتایی سەدە توندتر بوون. پاشان ئەمریکا بەدوایدا هات، و بەو پێیە ویلایەتەکان یەک لە دوای یەک دەستیان کرد بە تاوانبارکردنی لەباربردن و تا ساڵی (١٨٨٠) زۆربەی لەباربردنەکان لە ئەمریکا نایاسایی بوون، جگە لەوانەی کە پێویست بوون بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ژنەکە. فێمینیستەکان مشتومڕی ئەوە دەکەن کە هۆکارەکانی دەرکردنی ئەم یاسایانە بۆ “پاراستنی ژنان” نەبووە وەک بانگەشەی بۆ دەکرا، بەڵکو بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی نەریتی ژن لە منداڵبووندا، و بەشێک بووە لە کاردانەوەی دژی بزووتنەوەکانی مافی دەنگدان (سفرج) و دایکایەتی خۆبەخشانە و مافەکانی دیکەی ژنان کە ئەوکاتە لە گەشە کردندا بوون. جگە لەوەش ئەوان پێیان وایە ئەمە ڕێگایەک بوو بۆ پزیشکان (کە پیاو بوون) بۆ دەستداگرتنیان بەسەر پیشەکەدا، چونکە کاری مامانەکانیان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر پیشەکەیان و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان دەزانی.
بەتاوان کردنی لەباربردن لە ئەمریکا تا ساڵی (١٩٧٣) بەردەوام بوو، کاتێک دادگای باڵای ئەمریکا یاسایەکی دامەزراند کە داوا لە دەوڵەت دەکات مافی ژنی دووگیان بپارێزێت بۆ هەڵبژاردنی لەباربردنی منداڵ بەبێ سنوورداریی حکومەت، لە کێشەی بەناوبانگی (ڕۆ دژی وەید). بەڵام مافی لەباربردنی منداڵ وەک زۆرێک لە مافە گشتیەکانی تری مرۆڤ هەمیشە بەرەوڕووی پێشێلکاری دەبێت و یاسایی بوونی و بەردەستبوونی کۆمەڵایەتی لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی ئەو هێزانەدایە کە مافە سەرەتاییەکانی ژنان پێشێلدەکەن. ئەمەش ڕێک ئەوەبوو کە یەک ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، کە لە ڕۆژی (٢٤)ی حوزەیرانی (٢٠٢٢)دا مافی زاوزێی ژنان لە ئەمریکا تووشی شکست بوو، کاتێک دادگای باڵای ئەمریکا یاسای (ڕۆ و وورید) ی هەڵوەشانەوە، پەنجا ساڵ پاش دەرکردنی ئەم یاسایە.
بەڵام بەتاوان کردنی لەباربردن ڕێگری لە پراکتیزەکردنی ناکات و نەیتوانیوە و ناتوانێت پێویست بوونیشی نەهێڵێت. بەتاوان کردنی لەباربردن تەنها دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی نایەکسانی، و ژنان بەتایبەتی ژنانی توێژە هەژار و پەراوێزخراوەکان گەورەترین قوربانی دەبن، و ڕێگە خۆش دەبێت بۆ تۆڕەکانی ئیستغلالکردن و بازرگانیکردن بە تەندروستی ژنانەوە بۆ پەرەسەندن بە چاوچنۆکییان. لەوانەیە ژنانی دەوڵەمەند پزیشکی خاوەن لێهاتوویی پێویست بدۆزنەوە، یان خۆیان بگەیەننە ئەو شوێنانەی کە لەباربردنی منداڵیان تێدایە بە شێوەیەکی سەلامەت، بەڵام زۆرینەی ژنانی تر پەنا بۆ ڕێگەی مەترسیدار دەبەن کە ڕەنگە کوشندە بێت بۆیان، وەک بەکارهێنانی شیشی چنین و یان عەلاگەی جل هەڵواسین بۆ ناو زێ و منداڵدان، شۆردن بە گیراوەی مەترسیدار، یان خواردنی دەرمان و ماددە کیمیاییە بەهێزەکان. لە جیهاندا، عەلاگەی جل هەڵواسین بووەتە هێمای نائومێدی ملیۆنان ژن کە ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسییەوە بۆ کۆتاییهێنان بە دووگیانی. ئەوەی مەترسییەکانی ئەم جۆرە لەباربردنانە زیاد دەکات، سەختی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکییە لە حاڵەتی دروستبوونی ئاڵۆزییەکان، چونکە ئەم نەشتەرگەریانە لە کەشێکی نهێنیدا ئەنجام دەدرێن.
لەئەنجامدا
پێویستە هەموو دووگیانییەک خواستراو و پێشوازی لێکراوبێت، وە بە خواست و ئیرادەی سەربەخۆ و هۆشیاری ژنەکە ڕووبدات و لەژێر سایەی سیستمێکی کۆمەڵایەتیدا کە ڕێز لە بڕیار و هەڵبژاردنەکانی ژنان بگرێت، لەوانەش هەڵبژاردنی منداڵبوون یان نەبوونی منداڵ، کاتی دووگیانی و منداڵبوونیان، و ئازادی هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیان. سیستەمێک کە پاڵپشتی ژن بێت و پشتیوانی لێ بکات، ئەگەر ژنەکە لە ڕووی ئابووری یان کۆمەڵایەتییەوە نەتوانێت بەرپرسیارەتی منداڵێکی نەخوازراو وەربگرێت، سیستمەکە بتوانێت گەرەنتی سەلامەتی تازە لەدایکبووەکەی بکات و ڕێزی کۆمەڵایەتی بگرێت و هەموو زانیاری و ئاسانکاریەکی ماددی و مەعنەوی بۆ ژنەکە خۆی و بۆ منداڵەکەی دابین بکات. پشتگوێخستنی (٢٥) ملیۆن لەباربردنی ناسەلامەت هەنگاوێک نییە بۆ سەر ڕێگای ڕاست.
بەو پێیەی کە هیچ ڕێگەیەکی ڕێگریکردن لە دووگیانی (منع الحمل) نییە کە لە (%١٠٠) کاریگەر بێت، وە باشترین ڕێگاکانی بەکارهێنراو لە ئێستادا (%٩٩) کاریگەری تۆمار دەکەن لە حاڵەتی بەکارهێنانی ئایدیاڵدا، واتە لە باشترین حاڵەتدا، ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ڕێژەی ١٪ شکست دەهێنن و کار ناکەن، بۆیە ناتوانین بڵێین دووگیانی نەخوازراو بە تەواوی دەتوانرێت نەهێڵرێت. جگە لەوەش پێشێلکردنی مافی هەڵبژاردنی ژنان کە لە هەموو وڵات و کۆمەڵگا و ئایینەکاندا باوە، دەبێتە هۆی بەردەوامی دروستبوونی دووگیانی نەخوازراو. بۆیە پێویستیی لەباربردنی منداڵ بەردەوام دەبێت، و دەبێت هەوڵ بۆ دابینکردنی هەموو ئامرازەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی، دەستنیشانکردنی پێشوەختەی دووگیانی، لەباربردنی سەلامەت، و چاودێری منداڵبوون بدەین. ئەمە جگە لە سیستەمی زانیاری گشتی لەسەر تەندروستی زاوزێیی و سێکسی و مافەکانی ژن وەک مرۆڤ، و لابردنی سنوورە بیرۆکراتیەکان لەناو سیستەمی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی بێبەرامبەر بۆ هەر ژنێک یان کچێک کە پێویستی پێیەتی بە فراوانترین قەبارە و بەبێ سنووردارکردن.
٢٤-٦-٢٠٢٣