تایبەتمەندییەکانی میدیای کۆمۆنیستی و ئاستەنگییەکانی بەردەمی

ئەحمەد مەرزوق: میدیای کۆمۆنیستی کاردەکات بۆ قوڵکردنەوەی ئەو جەمسەرگیریـیە چینایەتیـیەی کە لەناو کۆمەڵگەدا هاتۆتەئاراوە، هەوڵدەدات ڕیزی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لاوان و گشت ئازادیخوازان لە سەرنگەرێکدا جیابکاتەوە، دوور لە سەنگەری دەسەڵاتدارانی بورژوازی.

چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی (ڕەوت) لەگەڵ هاوڕێ (ئەحمەد مەرزوق) لە لیژنەی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی

ڕەوت: سوپاس هاوڕێ (ئەحمەد مەرزوق) بۆ ئامادەییتان بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، با لەو پرسیارەوە دەستپێبکەین کە بەڕای ئێوە تایبەتمەندییەکانی میدیای کۆمۆنیستی چین و لە کوێدان؟

ئەحمەد مەرزوق: سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە تا دەربارەی میدیای کۆمۆنیستی بەگشتی و میدیای (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) بە دیاریکراوی بدوێم.

گرینگترین پایەکانی میدیای کۆمۆنیستی بریتییە لە پەیوەستەگییەکەی بە خەباتی جەماوەری ناڕازی و ڕەنگدانەوەی ئەو خەباتە لەخۆیدا، ئەویش لە ڕێگەی نزیکبوونیەوە لە ڕابەرانی چینی کرێکار و هەڵسوڕاوانی سەندیکایی و نوێنەرانی کرێکاران و ئەوانەی کە گوزارش لە ئومێد و ئاواتەکانیان و باشترکردنی واقعی ژیانیان دەکەن، ئەویش لە ڕێگەی چاوپێکەوتن و خستنەڕووی مەسەلە و بابەتەکانیان لە میدیا جۆراوجۆرەکاندا، لەگەڵ ڕەنگدانەوەی چالاکی و بیرڕاکانیان لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و بەستەرە میدیاییەکاندا.

ئەمە و تایبەتمەندییەکی تری ئەم میدیا کۆمۆنیستییە، هەوڵدانییەتی بۆ بڵاوکردنەوەی فکر و هوشیاری سیاسی و تیۆری کۆمۆنیستی لەنێو بەرفراوانترین ئەو توێژە کۆمەڵایەتییانەدا کە بەرژەوەندییان هەیە لە ڕزگاربوون لەم ڕژێمە بورژوا سەرمایەدارییەی کە حزبە ئیسلامی و قەومی و هاوشێوەکانیان نوێنەرایەتی دەکەن لە عێڕاقدا. میدیای کۆمۆنیستی ئامڕازێکی کاریگەرە ئەگەر بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی گوزارش لە فکر و ڕێباز و سیاسەتی کۆمۆنیستی بکات.

هەروەها یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی میدیای کۆمۆنیستی تیشک خستنەسەر ناکۆکییەکانی ئەو ڕژێمە و ڕیسواکردنی تەواوی ئاکار و کردارەکانیەتی لەبەردەم جەماوەری چەوساوە و بێبەشدا، ئەمەش ئەو ڕەخنەیە نییە کە میدیای بورژوازی دەیخاتەڕوو، بەڵکو ڕەخنەیەکە کە دەرخەری میکانیزمەکانی چەوساندنە و تاڵانیکردنە کە ڕژێمێک پێی هەڵدەستێت و لەگەڵیشیا خستنەڕووی بەدیلێکی کۆمۆنیستییە لەبەرامبەریدا کە ئەمە خۆی دژبەرێکی سیاسی چینایەتییە بۆی.

وێڕای ئەوانە، میدیای کۆمۆنیستی کاردەکات بۆ قوڵکردنەوەی ئەو جەمسەرگیریـیە چینایەتیـیەی کە لەناو کۆمەڵگەدا هاتۆتەئاراوە، هەوڵدەدات ڕیزی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لاوان و گشت ئازادیخوازان لە سەرنگەرێکدا جیابکاتەوە، دوور لە سەنگەری دەسەڵاتدارانی بورژوازی.

هەربۆیە میدیا یەکێکە لە گرینگترین ئەو چەکانەی خەباتی کۆمۆنیستی و وەستانەوە بەڕووی میدیای بورژوازی کە ساڵانە ملیارەهای بۆ خەرج دەکرێت.

بە دڵنیاییەوە میدیای کۆمۆنیستی ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی جددییە، کە لەسەرووی هەموویانەوە خۆگونجاندن و هاوڕابوونی ئەو پێشکەوتنانەیە کە هاتوونەتەدی لەسەر ئاستی تەکنیکی و هونەری و بەکارهێنای ئەم پێشکەوتنانەیە بۆ گەیشتن بە فراوانترین توێژە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمە و یەکێکی تر لە ئاستەنگییەکان توانای ئەم میدیا کۆمۆنیستییەیە بۆ ڕووبەڕوونەوەی ئەم قەبارە زەبەلاحە لە زانیاری درۆینە و شێوێنەر کە میدیای بورژوازی برەوی پێدەدات، کە هەمیشە کاردەکات بۆ هەڵخەڵەتاندنی جەماوەر و هەوڵدەدات ئەو خەباتە چینایەتییەی کە لە کۆمەڵگەدا هاتۆتەئاراوە لە ڕێڕەوی خۆی لایبدات و بیشێوێنێ و ناوەڕۆکی ململانێیە چینایەتییەکە بگۆڕێت بە کێشمەکێشی ئایدیۆلۆجی ئاینیی و تائیفەگەری و نەتەوەیی، هەروەک میدیاکانی عێڕاق لە داگیرکردنەکەی ئەمریکاوە تا ئەمڕۆ پێی هەڵدەستن.

ڕەوت: لە ساڵی (٢٠٢٣)دا، گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەدی دەکرێت، لە ڕاگەیانی (رێکخراوی بەدیل)دا، بەتایبەت لە کەناڵی یوتیوبی (الغد الإشتراكي)دا، ئەم گۆڕانکاری و پێشکەوتنە چۆن لێکدەدەنەوە؟

ئەحمەد مەرزوق: لێژنەی ڕاگەیاندنی (ڕێکخراوی بەدیل) لەو کاتەوە کە دامەزراوە هەوڵی داوە بۆ پەرەپێدانی کاری ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هەموو ئەو سەکۆیانەی میدیا و ئەو تەکنۆلۆژیایانەی کە بەردەستن لە پێناو گەیاندنی پەیامی خۆی بە فراوانترین توێژ و بەشە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگە.

وێڕای دوو ڕۆژنامەی (الغد الإشتراكي) بە عەرەبی و (ڕەوت) بە کوردی، بە کردەوەش کەناڵی تی ڤی یوتیوبی (الغد الإشتراكي – سبەی سۆشیالیستی) کرایەوە، کە سێ بەرنامەی لە خۆ گرتووە کە ئەوانیش (حوار الغد – گفتوگۆی سبەی) کە هاوڕێی شاعیر (عەباس فازڵ) ئامادە و پێشکەشی دەکات، بەرنامەی (بەرسڤ) بە زمانی کوردی کە هاوڕێ (نزار عەقراوی) ئامادە و پێشکەشی دەکات، لەگەڵ بەرنامەیەکی تازە کە باس لە مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی دەکات لە عێڕاق و لە لایەن هاوڕێ (ڕەشید ئیسماعیل)ەوە ئامادە و پێشکەش دەکرێت. ئەمە جگە لەوەی کە ئەم کەناڵە هەڵدەستێت بە بڵاوکردنەوەی دەنگوباسی چالاکی و کار و هەڵسوڕانەکانی ڕێکخراومان لە سەراسەری عێڕاق و کوردستاندا.

ئەو پێشکەوتنانەش کە هاتوونەتەدی لەم لایەنەدا، پەیوەندی بە هۆشیاری میدیاکارانەوە هەیە دەربارەی گرنگی بەکارهێنان و ئاشنابوون لەگەڵ پەرەسەندنی ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن و تەکنەلۆژیای مۆدێرن و قەبارەی کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە.

ئەو بابەتانەی کە لەم کەناڵەدا بەرهەم دەهێنرێن تەنها لە یوتیوبدا دانانرێن، بەڵکو لەگەڵ بابەتەکانی ڕۆژنامەکاندا لە ماڵپەڕی ڕێکخراو و لاپەڕەکانی فەیسبووکی ڕێکخراویشدا بڵاودەکرێنەوە.

لەگەڵ هەموو ئەم کارانەشدا کە ئەنجامدراون بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە گەیشتووینەتە شوێنی مەبەست و خوازراو لە بەهرەمەندی لە تەکنەلۆژیای سەردەم و سەکۆکانی، بەڵکو پێوستمان بە پەرەپێدانی زیاتر و بڵاوکردنەوە و بەکارهێنانی باشترین تەکنیک هەیە لە بوارەکانی پێشکەشکردن و وێنەگرتن و دەرهێنان و بڵاوکردنەوە.

ڕەوت: کۆسپ و ڕێگریـیەکان  لە بواری ڕاگەیاندندا، کامانەن کە دێنە بەردەم؟

ئەحمەد مەرزوق: کاری ڕاگەیاندن ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، ئەوەی پەیوەستە بە میدیایی دەنگ و ڕەنگەوە؛ گرینگترین بەربەستەکان بریتین لە ئامادەکردنی کادری پیشەیی کە توانای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمی هەبێت و شارەزا بێت لە بوارەکانی وێنەگرتن و مۆنتاژ و دەرهێنان و بڵاوکردنەوەی پیشەییانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. هەروەها دەستڕاگەیشتن بە ڕابەرانی ناڕەزایەتییەکان و چالاکوانانی کرێکاری و هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە کارێکی هەروا ئاسان نییە و زەحمەتێکی زۆری دەوێت.

سەبارەت بە میدیای نوسراو و خوێندراوەوە دوو ڕۆژنامەمان هەن، کە (الغد الإشتراكي) و (ڕەوت)ن، ئەو کۆسپانەی کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە؛ چاپکردن و گەیاندنی ژمارەی پێویستە لە هەردوو ڕۆژنامەکە و دابەشکردنیانە لە ناوەندە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا.

دوو بڵاوکراوەشمان هەیە، (نساء الإنتفاضة – ژنانی ڕاپەڕیوو) و (صوت الإنتفاضة – دەنگی ڕاپەڕین)، کە ئەمەی دووەمیان لە ئێستادا وەستاوە، ئەم دوو بڵاوکراوەیەش هەر لە کاتی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)ەوە بە بەردەوامی دەرچوون. جا هەموو ئەم سەکۆیانەی میدیا پێویستیان بە کەسانی هەڵسوڕاو هەیە کە کات و توانای خۆیان تەرخان بکەن بۆ ئەوەی کارەکانی پەیوەست بە هەر ڕۆژنامە وەیا بڵاوکراوەیەک ئەنجام بدرێت.

ڕەوت: چ هیوایەک هەیە بۆ پەرەسەندنی میدیای کۆمۆنیستی لە ڕوانگەی لۆجستی و جۆرایەتییەوە؟

ئەحمەد مەرزوق: پێشکەوتنی میدیای کۆمۆنیستی بەندە بە زۆر شتەوە، یەکەمیان بە باوەڕی ئەوانەوە کە لەم بوارەدا کار دەکەن، تا چەند ئەو بایەخ و گرینگییە دەرک دەکەن کە میدیای دەنگ و ڕەنگ و نوسراو وە میدیای هاوچەرخ هەیەتی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت نوێنەرایەتی دەکەن.

هەروەها ئەوە هۆشیاری کۆمۆنیستیـیە لای میدیاکاران، کە ناوەڕۆکی سیاسیی بەرهەمی میدیایی دیاری دەکات، ئەمەش بە ئەندازەیەکی بەرچاو لە میدیای (ڕێکخراوی بەدیل)دا ئامادەیە.

ئەگەر بمانەوێت ئەم بوارە لە کار و خەباتی کۆمۆنیستی واتا بواری میدیا پەرەپێبدەین و بەکۆمەڵایەتی بکەینەوە و وای لێ بکەین کە کاریگەری دابنێت، ئەوا پێویستمان بە ئامڕاز و کەرەستەی زۆرتر و ئەو کادرە پیشەییانە هەیە کە هاوشانی پەرەسەندنە خێراکانی میدیا لەسەر ئاستی جیهان، ئەوانیش خۆیان ئەپدەیت دەکەنەوە.

ئەمە و هەروەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمیشدا ئاماژەم پێداوە، پەرەسەندن و پێشکەوتنی میدیا، بەپلەی یەکەم، پشت دەبەستێت بە دەستڕاگەیشتنی بە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران و بێکاران و ژنان و ئازادیخوازان.

لە کۆتاییشدا سوپاسی خۆم دووبارە دەکەمەوە بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و باس کردن لەسەر بابەتێکی جددی کە ئەویش میدیای کۆمۆنیستییە.

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

تاوانەکانی حکومەتی  ئەردۆگان بۆ سەر کوردستانی سوریا، ڕیسوایە و دەبێ کۆتایی پێ بێت

لە (٥)ی ئۆکتۆبەری (٢٠٢٣) بەدواوە ڕژێمی بۆرژوا ناسیونال ئیسلامی و عەسکەرتاری تورکیا بە چەکی قورس ...

کۆمۆنیستەکان لەسەر ڕووداوەکانی غەزەو کێشەی فەلەستین دەڵێن چی؟

گفت‌وگۆی کەناڵی هیوا لەگەڵ موئەیەد ئەحمەد، کۆمۆنیستەکان لەسەر ڕووداوەکانی غەزەو کێشەی فەلەستین دەڵێن چی؟  

دەربارەی ڕووداوە خوێناویـیەکانی کەرتی غەززە و دەورووبەری

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق چەکدارانی سەربە (بزووتنەوەی بەرەنگاری ئیسلامی - حەماس) بەرەبەیانی ڕۆژی ...

چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٢٩) لە (گۆڕەپانی تەحریر)ی بەغدا بەرز ڕاگیرا

یەک شەممەی (١-١٠-٢٠٢٣) سەدان خۆپێشاندەر، لە (گۆڕەپانی تەحریر)، بەشداریان کرد لە یادکردنەوەی چوارەمین ساڵی (ڕاپەڕینی ...

هاوپشتیمان بۆ هونەرمەندانی شانۆیی  عومەر عەبدوالا و شکۆ عومەر ڕادەگەیەنین  دوێنی هیزەکانی پۆلیسی ئیدارەی گشتیی ...

%d مدونون معجبون بهذه: