پەنابەران و کۆچکردوان، شانۆی سیاسەت بۆ ململانێی چینایەتی، مەرگ تێنەپەڕی بەلایاندا، کێ بەرسیاری خنکانیانە؟

دوای نیوە شەو، کاتژمێر دوو و چل و سێ (٠٢:٤٣) دەقیقەی شەوی (١٤)ی ئەم مانگە (حوزەیرانی ٢٠٢٣)، لە هێلی (٣٦)ی باکور، (٢١)ی ڕۆژهەڵاتی گۆی زەوی، کەشتیەکی ڕاوە ماسی، بە (٧٥٠)  سەرنشینی لاو و مناڵ و ژن، لە کەنارەکانی لیبیاوە بە ئامانجی گەیشتن بە ئیتالیا، لە سنورە ئاوییەکانی یۆنان، لە قوڵترین خاڵی دەریایی کە (٥٠٠٠) مەترە لە دەریای سپی ناوەڕاست، ژێر ئاوکەوت. (١٠٤)یان بە زیندوویی، (٧٨) تەرمیان  توانرا دەربهێرێت و زیاترلە (٥٠٠) کەس،  بۆ هەتا هەتایە گۆڕەکانیان لە نێو ئاودا مەلە دەکات. یەکێک لە گەورەترین کارەساتی مێژوویی دەریای ناوەڕاست.

ڕزگاربووەکان دەگێڕنەوە، پەنابەران لە هاوڵاتیانی (سوری)ی و (ئەفگانستان)ی و (پاکستان)ی و (فەلەستین)ی پێکهاتبوون. چ وێنەیەک لەمە کاریگەرتر هۆکارەکانی کۆچ نیشاندەداتەوە. جەنگ و شەڕ و نائارامی و هەژاری و دیکتاتۆری. لانی کەم (١٥٠)یان سوری بوون. (٣٥٠) یان پاکستانی بوون، بەپێی وتەی وەزیری نێوخۆی پاکستان، کە (٢٨٠) خێزانیش پەیوەندیان پیوە گرتوون (تا ئێستا ٨٢ تەرم و١٢ یان بەزیندویی) ناسێنراونەتەوە. پاکستان لە لێواری داڕمان و ئیفلاسی ئابوری دەوڵەتدایە، چاوی لە دەستی فەند (Fund)ی یارمەتیدەرانی دراوی نێونەتەوەییە، کە چەند ملیاردێک قەرزی بداتێ، هەڵائاوسان (%٣٨)، بێکاری چەند ملیۆنی، دیکتاتۆری و ئیسلامی سیاسی ژیانیان لە کۆمەڵگا هەراسان کردووە. سوری و ئەفگانستانی و فەلەستینی، درامایەکی بێکۆتایی!

هەڵبژاردنی یەکێک لە درێژترین ڕێگای مەترسیداری ئاوی لە لایەن پەنابەرانەوە، ئاکامی سیاسەتێکی تا ڕادەی تاوانکارانەیە، کە دەوڵەتی یۆنان لە پێشوازی پەنابەراندا گرتویەتەبەر، کە ئەویش دەستنانە بەڕوویاندا و پاڵپێوەنانیانە بۆ دواوە، سیاسەتی پوش باک (push back). ڕێکخراوەی (ئەلارام فۆن. Alarm phone) و چەندین دەزگای میدیایی وەک [بی بی سی (BBC) و نیو یۆرک تایمز (New York Times) و ئەرتە (arte)] دۆکیمونتی گەڕانەوەی بەزۆری پەنابەران لە سنورە ئاوییەکانی یۆناندا بەردەستە و تەنانەت لە ژنان و مناڵان دەستپارێزی نەکراون.

لەم کارەساتەشدا، دەریاوانە ئێشکگرەکانی یۆنان، گومانی گەورەیان لەسەرە (چ بە ئەنقەست و چ بە پشتگوێخستن) تاوانباربن. (ئەلەرم فۆن) کە (یەکەی فریاگوزاری پەنابەران)ە، ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە و تایبەتە بە فریاگواریی دەستوبردە دەیارییەکان، ئەم ڕێکخراوە دوانیوەڕۆی سێشەم، ڕۆژی (١٣)ی مانگی حوزەیران بە ئیمەیل؛ هەریەک لە سەنتەری ئێشکگری دەریاوانی یۆنان، و ڕێکخراوەی فرۆنتیکس (Frontex)، و کۆمسیاری باڵای کاروباری پەنابەران (UNHCR)ی ئاگادارکردونەتەوە، لە بوونی کەشتیـیەکی پڕ لە ژن و مناڵ و دۆخی زۆر سەختی پەنابەران لە نێو کەشتیەکەدا. ڕێکخراوی فرۆنتیکسیش بە شوێن ئەوەدا کە شوێنەکەی دیاریکردووە، یەکسەرە هێزی پاسەوانی دەریایی یۆنانی ئاگادارکردوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئێشکگرە دەریاوانیەکانی یۆنان، کۆپتەرێکیان سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەم ناردووە بۆ ئەوەی بە هەمان خێرایی و ئاراستەی کەشتیەکە بڕوات، (کۆپتەرەکە وێنەی کەشتییەکە و کۆچبەرەکانشی گرتووە، کە دیارە چەند بەسەریەکدا کەوتون و دەست بۆ بەهاناوە چوون ڕادەوەشێنن). ڕاپۆڕتەکە نوسیویەتی پاش ئەوە هێزەکانیان لێیان نزیکدەبێتەوە و بەمەبەستی یارمەتی دانیان، بەڵام ئەوان یارمەتیدانیان ڕەدکردۆتەوە و داویان کردووە ڕێگایان بدەن بەرەو ئیتالیا بچن، وە تەنها خواردنیان پێگەیاندون.

هەرچی ڕێکخراوەکان و ئەو کەسانەی کە ڕزگاریان بووە گومانی جددی دروستدەکەن لەسەر ئەم ڕاپۆرتە. ئەو کەشتیـیە (١١) کاژێر بەبێ کاپتن بووە و جوڵانێکی زۆری نەبووە، سەرنشینەکانی پەیوەندییان بە (ئەلارم فۆنەوە) گرتووە و داوای هاوکارییان کردووە و وتویانە بەرگەی شەوێکی تر ناگرین. بە لێدوانی ڕزگاربووەکان کە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە، ئەو دەمەی دەریاوانە ئێشکگرەکان بەگوریس ئەو کەشتییەیان ڕاکێشروە یان پاڵیانناوە بەئاراستەی ئیتالیا زۆر پەلەیان کردووە، ئەمەش بۆتە هۆکاری نوقمبوونی خێرای کەشتیەکەیان، وە تەنها کاتێک بەلەمەکە بەخێرایی نوقم بووە ئەوان بەهانایانەوە چوون، کە ئیدی زۆر درەنگبووە.

ئەوان (٤) ڕۆژ بووە لە ڕێگابوون، شەکەت و ماندوو بون و خواردن و خواردنەوەی پێویستیان پێ نەبووە. بە گوێرەی یاساکانی تایبەت بەو حاڵەتانەش، ئەوان هەرتەماشایان کردون و هیچ چالاکیـیەکی فریاکەوتن و ڕزگارکردنیان ئەنجامنەداوە، لە کاتێکدا ئەوە پێویستە لەسەر دەریاوانە ئیشکگرەکانی یۆنان، کە بەهانایانەوە بچن و ئەرکیان بووە یارمەتیـیان بدەن ئەگەر خۆشیان ڕازی نەبن، وە ئەمە خۆی کردەوەی دژە ئینسانی حکومەتی یۆنان دەسەلمێنێت کە پەنابەران مەرگ هەڵدەبژێرن نەک یۆنان. بۆ لێکۆڵێنەوە لە چۆنیەتی نوقبوون (١٨٠) ڕێکخراوەی پەنابەری و ئینسانی داوایان کردووە کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی وورد لەسەر تەواوی پرۆسەکە بکرێ تا ڕاستیـیەکان بخاتەڕوو.

یەکێتی ئەوروپا، سیاسەتی هاوبەشی پەنابەری توندوتیژتر دەکەنەوە

مشتومڕێکی زۆر لە ساڵی (٢٠٠٩)ەوە لەنێو دەوڵەتانی ئەوروپادا هەیە، لە بارەی ڕوبەڕووبونەوەی هاوبەش بۆ کێشەی پەنابەران. سنورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و دابەشکردنی یەکسانی پەنابەران بەپێی سەرژمێری دانشتوان و بەشداری کردن لە پلانەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ کێشەی پەنابەران.

ڕۆژی (٩/٦-٢٠٢٣) لە کۆبونەوەی زۆربەی وەزیرانی نێوخۆی دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش کە هەندێک لایەن بەمێژووییان ناو برد. گرنگترین خاڵ دروستکردنی کەمپی مانەوەی پەنابەرانە لەدەرەوەی سنورەکانی یەکێتی ئەوروپا. ئەم کەمپانە (١٢٠) تا (٣٠٠) هەزار کەس تیا گلبدرێنەوە، ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەری دەکەن لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا وەڵامبدرێنەوە و لە حاڵەتی نەبوونی شانسی وەرگرتن، لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دیپۆرت بکرێنەوە بۆ وڵاتی سێیەمی ئارام، یان بۆ وڵاتی خۆی، دابەشکردن و هاوپشتی نێوخۆیی دەوڵەتە ئەوروپاییەکان، ئەگەر هەر دەوڵەتێک ڕازی نەبێت پەنابەران وەربگرێت، پێویستە (٢٨) هەزار یۆرۆ لەبەرامبەر هەر کەسێکدا بداتە سندوقی ئەوروپا بۆ کێشەی پەنابەران. دانوسان و گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتانی هاوسنوری ئەوروپا و سەرچاوەی لێوەهاتنی پەنابەران. لەم نێوەدا (جۆرج میلۆنی)ی سەرۆک وەزیزانی ئیتالیا و (ئورسولا دی فۆن) سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا و (مارک رووتە) سەرۆکی هۆڵەند سەردانی هەریەک لە لیبیا و تونسیان کرد.

سەرۆکی تونس (قەیس سەعد) لە مانگی دووەوە، کەمپینێکی دژی پەنابەران بەتایبەت پەنابەرانی ئەفەریکی دەستپێکردووە. (دواتر ئەم هێرشانە تەشەنەی سەند بۆ جەزائیر پەڕینەوە) کەمپینێکی میدیایی گەورەیان بەڕێخست، گوایە شوناسی دیموگرافی ئیسلامی و عەرەبی تونس لە ژێر هەڕەشەدایە. پەنابەران چ ئەوانەی بە یاسایی لەوێ بوون و ڕووخسەتی کاریان هەبوو، چ ئەوانەی کە دەیانوست وەک ڕاگوزەر و ترانزێت بە تونسدا تێپەڕن بەدەست بەتاڵی لەبەردەم هەڕەشەدا ڕاگیران.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت بەرەی مافە کۆمەڵایەتی و حقوقیـیەکان زۆربە توندی بەرامبەر دەوڵەتی تونس ڕاوەستانەوە و کەمپینێکی جیهانیان بەرپاکرد بۆ پشتیوانی کۆچکردوانی ئەفەریکایی. بەهەمان جۆر لە جەزائیریش لە ڕۆژی  جیهانی ژناندا کەمپینی هاوبەشی ڕێکخراوەکان لەژێر ناوی (ڕاسیزم بیروڕای ئازاد نیـیە، ڕاسیزم تاوانە)، بەرامبەر سیاسەتی نائینسانی بەزۆر دیپۆرتکردنەوە و ئەشکەنجە و زیندانی پەنابەرانی ئەفریکایی و نەفرەتی نێو سوشیال میدیای تونس و جەزائیر بەڕێوە برا، [کە ئێمەش لە ڕۆژنامەی (ڕەوت) و (ڕێکخراوی بەدیل)، هەر ئەو کاتە هاوپشتیمان بۆ کەمپینەکە ڕاگەیاند].

پێدەچێت هەمان سیناریۆی (مێرکل-ئەردۆگان) دوبارە ببێتەوە، ئەمجارەیان (میلۆنی-سەعد) بۆ پێشگرتن بە هاتنی پەنابەران. هەر چەند (سەعد) وتی من ئامادە نیم ببمە پۆلیسی پارێزگاری سنوری ئەوروپا، بەڵام لە ئێستاوە وادەی نزیکەی یەک ملیار یۆرۆیان پێداوە وەک یارمەتی؛ بەگشتی بۆ پرۆژەی جۆراوجۆر [نزیکەی (١٠٠) ملیۆن یۆرۆ بۆ ڕێگری لە هاتنی پەنابەران)، وە لە لای سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کە بڕیارە ملیارێک و (٧٠٠) ملیۆن یۆرۆ وەک قەرز بدەنە تونس، (میلۆنی)ش بەڵینی سوککردنی مەرجەکانی بە (سەعد) داوە].

پەنابەران و کۆچکردوان  توندترین مەیدانی خەباتی چینایەتی

جیهانی بوونی سەرمایەداری و مۆنۆپۆلی کۆمپانیاکان و ئازادی بە گەڕخستنیان لە کەرتە هەمەجۆرەکانی وەبەرهێناندا، کەڵەکەکردنی سەرمایە لە بانکە جیهانیەکانی ئەوروپا و ئەمەریکادا، شەڕ و نائارامی و بێهیوایی لە زۆرێک لە ناوچەکان ملیۆنان کەسیان ناچار بە هەڵاتن و کۆچ کردووە لە هەر چوارگۆشەی زەوی. لەهەر کوێرە دێێەکی ئەم دونیایە ئەم کێشمەکێشە شانۆی پێداهەڵچوونی سیاسییانەی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان و حزب و دەوڵەت و ڕێکخراوەکانیانە.

دەیان ڕێکخراوەی ئەوروپایی بۆ بەرگری لە پەنابەران و کۆچکردوان لە لایەن مارکسیستەکان و ئانارشیستەکان و یەکێتی و نەقابە کرێکارییەکان و هەڵسوڕاوە دژە ڕاسیستیـیەکان و ڕێکخراوەی پارێزەرانەوە لەبەرامبەر سیاسەتی دەوڵەتانی ئەوروپا و دیپۆرت و چەوسانەوەیان پێکهێنراون و بەهەمان جۆر لە ئاستی وڵات و هەرێم و شاری هەر وڵاتێکیشدا.

(ئەنتی ڕاسیست نیتۆرک)، (نۆ بۆردەر، نۆ نەیشن)، (ئەلەرم فۆن)، (پزیشکانی بێسنوور)،  (سێ وچ)، دەیان ڕێکخراوەی تریش. کاتێ دەوڵەتانی ئەوروپا سنورەکانیان قایمتر دەکەن، ئەم ڕێکخراوانە بۆ هەڵوەشانەوە یان کەمکردنەوەی کاریگەرییان خەبات دەکەن. هەزاران کەسیان لە مەرگی حەتمی ڕزگار کردووە. لە بەرامبەر ناچارکردنی پەنابەران بە هەڵبژاردنی ڕێگای پڕ مەترسی، ئەم ڕێکخراوانە ڕاستەوخۆ خۆیان کەرەستە پێویستیـیەکانی ڕزگارکردنی پەنابەرانیان پەیداکرد و بەسنوورە ئاوییەکانی یۆنان، ئیتالیا، لیبیا، بڵاوبونەوە، یەکەی فریا گوزارییان پێکهێنا. لەبەرامبەریاندا پەرلەمانی ئیتالیا، دادگاکانی، حزبە ڕاستڕەوەکان، دەوڵەتەکەی (جۆرج میلۆنی) مەرسومێکی لەدژی ئەم ڕێکخراوانە دەرکرد، کە تا (٥٠) هەزار یۆرۆ غەرامەیان دەکات، دەستبەسەر کەشتیەکانی بەفریاکەوتنیاندا دەگرێت، زیندانییان دەکات، لە یۆنانیش زۆر مەترسیدارترە، ئەو کەس و ڕێکخراوانەی کە یارمەتی پانەران دەدەن لە دورگەکاندا حسابی قاچاخچیان لەگەڵ دەکرێت.

لەهەر هەنگاوێکدا کە دەوڵەتانی بۆرژوازی هەڵیدەهێنـنەوە بۆ تەنگەبەرکردن و سەندنەوەی مافەکان لە پەنابەران و کۆچکردوان، بەرەی لایەنگری پەنابەرانیش ئامادەی ڕووبەڕوو بونەوەن. لەسویسرا بۆ نمونە ڕێکخراوی تایبەتی سیاسی هەیە کە کار لەسەر دۆسیەی پەنابەران دەکات و چاودێری وردی سیاسەتی دەوڵەت دەکات و خەبات بۆ فراوانکردنەوەی یاساکان و ڕێکخراوەکانی پەنابەران دەکات (سولیداریتی سەن فرۆنتی، یەکەی چاودێری مافەکانی پەنابەران،..)، دەیان بنکەی پارێزەرانی خۆبەخش (مەحامی خۆڕایی) هەیە کە یارمەتی پەنابەران دەدەن بۆ ڕێنوێنی یاسایی و زانیاری پێویست لەبارەی یاساکانی پەنابەری (ئەسیل لیکس، ڕێختس بیراتونگ شتیلە، فرا پلاتس ئەکسیۆن،…)، دەیان تۆڕی هەڵسوڕاوان بۆ پشتیوانی پەنابەرانی نێو کەمپەکان و کەمپە فریاگوزارییەکان لە خودی پەنابەران و ئەکتیفستەکان پێکهاتوون، (مگراسیۆن سۆلیداریتی، وێڵکەم ئەسیل، ئەسیل سۆلیدارتی..). چەندین ڕێکخراو بۆ ئەو کێشانەی پەیوەست بە مۆڵەتی مانەوە (ئیقامە) بوون و بەهەر هۆیەکەوە لێیانسەندراوەتەوە (وەک جیابونەوەکانی نێوخێزان)، وە بۆ بێناسنامەکان، (یەکەی چاودێری بێناسنامەکان)، ئەمە جگە لە هەبوونی بنکەیەکی بەهێزی دژە ڕاسیستی لە هەموو کانتۆنێک.

مانگانە خۆپیشاندانی جەماوەری گەورە بۆ مافەکانی پەنابەران، مانگرتنی گشتی بۆ حەقدەست، دەیان کۆڕ و سمینار و ڕۆژنامە بۆ بەرگری لە یەکسانی ژنان، بەڕێوە دەچێت، میکانیزمەکانی بەرگری لە ماف و شکۆ و لە ئازادییەکان و باشترکردنی ژیان، مافە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، دەستەکەوتەکانی لەسەر شانی ئەم خەباتە بەردەوامەی کرێکاران و ئازادیخوازان ڕاوەستاوە.

کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٣

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بەتوندی سەرکۆنەی توندوتیژی و کوشتنی هاوڵاتیـیان دەکەین لە لایەن کۆماندۆ و چەکدارانی حزبەکانی دەسەڵاتەوە

کۆمیتەی سلێمانی / ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق ماوەیەکە لە سلێمانی و چەند شار و ...

بەتوندی ئیدانەی تیرۆری ڕۆژنامەنوسان دەکەین لە هەرێمی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە

کۆمیتەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق درۆنێکی تورکیا، جومعە (٢٣-٨-٢٠٢٤) ئۆتۆمبیلێکی کردۆتە ئامانج، لە ...

به توندی سەرکۆنەی داخستنی بارەگای حزبەکان و دەستبەسەراگرتنی دارایـیەکانیان دەکەین

ڕۆژی (١-٨-٢٠٢٤)، کۆمسیۆنی دادوەری هەڵبژاردنەکان لە (ئەنجومەنی باڵای دادوەری) عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵێک حزبی دەرکرد، ...

خانەنشینان بەشێکی گرنگی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی بوون لە ساڵانی ڕابردوودا و لە پێشەوەی خۆپێشاندانەکان بوون

چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز: (ماموستا أحمد عەلی سادق هەورامی) ئەندامی دەستەی باڵای (یەکێتی خانەنشینانی کوردستان). ڕەوت: ...

بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە، گورانیـیە بەردەوام تەواونەکراوەکەی لاوانی کوردستان. چ سیاسەتێکی نا ئینسانی بە نوقمبونی دان؟

جەمال کۆشش شەڕ، هەژاری و سەرکوت، لەهەر نیشتمانێک پەیدا بوون، لەوێ خەڵک هەڵدێت و ئاوارە ...