نەوزاد بابان
(لە درێژە و بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستاندا، مامۆستایانی ناڕازی ڕوویان کردە بەغدا بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتییەکانیان بە ئازادیخوازان، بە کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، و هەروەها گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتییان بە دەسەڵاتدارانی ناوەند تا موچە و بژێووی ئەوان نەکەنە سوتەمەنی کێشەکانی ناوەند و هەرێم، من ڕۆژێک بەر لە گەیشتنی مامۆستایانی ناڕازی بە بەغدا ئەم پەیامەم بە ڤیدیۆ کلیپێک لە (ساحەی تەحریر)ی بەغداوە بڵاوکردەوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە).
ئێرە ساحەی تەحریر، واتا مەیدانی ئازادیـیە لە بەغدا، بڕیارە سبەینێ کە یەک شەممەی ٢٦ ی مانگی یانزەی ٢٠٢٣ یە، نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی، هی زوربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان، ناڕەزایەتییەکانیان بێنن بۆ ئێرە دژی پێنەدانی موچە و برسی کردن و وەڵام نەدانەوەیان لە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.
دیارە هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی وەرزی خوێندنی ئەمساڵەوە مامۆستایان و وانەبێژان هۆشداریان دا بە حکومەتی هەرێم کە ناچنە هۆڵەکانی خوێندن ئەگەر خواست و مافەکانیان دابین نەکرێت، وە تا ئێستا کە زیاتر لە دوو مانگ تێپەڕیوە بەسەر وەرزی خوێندندا و بایکۆتی مامۆستایان بەردەوامە.
هەر لە سەرەتاشەوە خوێندکاران و دایک و باوکی خوێندکاران پشتیوانی خۆیان دەربڕی بۆ ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەی مامۆستایان و پشتیوانی کردن لە خواست و مافە ڕەواکانیان، گەرچی بەهۆی ئەم بایکۆتەشەوە پڕۆسەی خوێندن و ساڵی خوێندنی ئەمساڵ کێشەی تێدەکەوێت بەڵام حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران بەرپرسن لە پەک کەوتن و ئیفلیج بوونی سیستمی خوێندن و زەرەر و زیانێک کە بەر خوێندکاران دەکەوێت.
دیارە کە حکومەت و دەسەڵاتدارانی ناوەندیش لە بەغدا وەک حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم گەندەڵ و سەرکوتگەرن بەرامبەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و مامۆستایان و موچەخۆران، بۆیە هەر جۆرە چاوەڕوانییەک لە حکومەتی ناوەندی بەغدا، خۆشباوەڕییە و لە جێی خۆیدا نییە.
ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەی مامۆستایان بە سەربەخۆ بوون و بە ڕێکخراوبوون و بە هاوپشتی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق و ڕاکێشانی پشتیوانی و هاوسۆزی ئەوان بۆ خۆی دەتوانێت لەسەر خواستەکانی خۆی سور بێت و هەنگاو بنێت بۆ بەدەستهێنانیان نەک بە پاڕانەوە و داواکردن لە حکومەتی ناوەندی و دەسەڵاتی ناوەند کە هەر لەم ساحەی تەحریرە چوار ساڵ لێرەوە پێش لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا گەنجان و لاوانی کچ و کوڕ ڕاپەڕینیان بەدژی دەستپێکرد و هەر لێرە خەیمە و چادریان هەڵدا بوو، بیرمە کە هەر لێرەش ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکان بەشداری ئەم ڕاپەڕینەیان کرد لەوانە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و منیش وەک هەڵسوڕاوێکی جەماوەری و کرێکاری کوردستان بۆ دەربڕینی پشتیوانی و هاوپشتی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان هەر ئەو کاتە سەردانی ئێرەم کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ ئەم ڕاپەڕینە بووم.
ئێستاش بڕیارە کە سبەی هەر لێرە لەم مەیدانەی ساحەی تەحریر نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی کوردستان ناڕەزایەتییەکانیان لێرە دەربڕن بەڕووی بێ مووچەیی و داسەپاندنی هەژاری و یاریکردن بە قووت و مەعیشەتیان لە لایەن هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداوە، کە لە کێشەکانی نێوان خۆیاندا مووچە و مەعیشەتی خەڵکی کوردستانیان کردووە بە بارمتەی سیاسەتەکانیان.
خۆشبەختانە من هەر وەک چۆن بۆ پشتیوانی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ هاتم بۆ بەغدا، ئێستاش لەگەڵ ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەی مامۆستایاندام و لێرەوە دەنگی ناڕەزایەتییەکان دەگەێنین بە هاوپیشە و هاوچینەکانمان هەم لە ناوەڕاست و خواروی عێڕاق و هەم لە جیهان، وە لە هەوڵیشدا دەبین کە هاوپشتی و هاوسۆزی خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازانی ناوەڕاست و خواری عێڕاق و هەروەها ڕێکخراوە شۆڕشگێڕ و چەپ و کۆمۆنیستەکانیش کێش بکەین بۆ ئەم ناڕەزایەتیانە تا بتوانن لەم ڕێگەیەوە ڕێگە بگرن لەوەی موچە و مەعیشەتیان بکرێتە قوربانی کێشمەکێشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند و هەروەها ڕێگەبگرن لەوەی کە حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان سوئی ئیستیفادە و بەهرەبەرداری بکەن لەم ناڕەزایەتییانە بۆ مەرامی سیاسی و هەڵبژاردنی پارێزگان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کوردستان.
ڕێگەی سەرکەوتن یەکەم سوربوون و بەردەوام بوونە لەسەر ناڕەزایەتییەکان، و دووەم کێشکردنی هاوپشتی و هاوخەباتی هاوپیشە و هاوچینەکانمانە لە سەراسەری عێڕاق بۆ ئەم ناڕەزایەتییانە و وەدەرنانی هەرجۆرە خۆشباوەڕییەکە بە هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا.
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
