ئابووری جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٣ و دواتر..

مـــــایکل ڕۆبەرتس*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عومەر خەتـــــات

ئایا دۆخی ئابووری جیهان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ چۆن دەبینرێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسـیارە دەبێت ئەوە لە بیر نەکەین کە “جیهـان” لە کەرتی جۆراوجۆر پێکهاتووە و دۆخی ئابووریـیە گەورەکان لەوانی دیکە باشـتر نیـیە.

یەکەم، با سەیرێکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەین: ئەمریکا بە گەورەترین، لە ڕووی (بەرهەمی نیشتمانی) و گرنگترین، لە بواری (تەکنەلۆجیا و دارایی) ئابوریـیەوە لە قەڵەم دەدرێت. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ دا، ئابووریناسانی باو لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی سەرمایەداری پێشکەوتوو دەکرێت بە ئاسانی داخزێنە نێو دۆخی بێ برەوی ئابوورییەوە، بێکاری بچێـتەسەر و تێکڕای داهاتی ڕاستەقینە بێـتەخوارەوە، بێگوومان لەگەڵ دەسـتپێکردنی گێژەڵووکەی هەڵاوسان لە ساڵی ٢٠٢١ و بەردەوام بوونی لە هەڵلووشـینی کرێی کرێکاراندا.

ئەمەهەر ئەوە بوو کە من لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ لە وێبلاگەکەی خۆمدا باسم کرد: “بێ برەوی نزیکماوە بە ئەندازەیەکی گەورە چاوەڕوانکراو نەبوو. بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی پێشبینیکەرانی ئابووری باو، ڕەنگە ئەوە مانای ئەوە بێت کە ئەوە ڕوونادات. بەڵام پێدەچێت ئەمجارەیان کۆدەنگـیـیەکەیان ڕاست بێت. بەدڵنیاییەوە هەندێک پێشبینیکەری ئەمریکی هەن بەردەوامن لە بانگەشەی ئەوەی کە ئابووری ئەمریکا لەگەڵ بازاڕێکی بەهێزی کار و نزمی ئاسـتی هەڵاوسان و دۆلارێکی بەهێزدا، دەتوانێت خۆی لە بێ برەوی ئابووری بپارێزێت”.

زۆرباشە، وا دەرکەوت کە پێشبـیـنـیەکانیان ڕاست دەرچوو، ئابووری ئەمریکاش هێشتا پێی نەناوەتە ناو “بێ برەوی تەکنیکی” (بێ برەوی تەکنیکی یانی کاتێک کە بەرهەمی نیشتمانی ئابووری وڵاتێک بۆ دوو چارەکی یەک لە دوای یەک دادەبەزێت). ئێســـتا کۆدەنگەکان بەرەو گەشبینی گەڕاوەتەوە: لە ساڵی ٢٠٢٣دا بێ برەوی ڕوونـادات و لە ساڵی ٢٠٢٤دا شتەکان بەرەو باشتر دەڕۆن.

ڕوانگەی زۆر گەشبینانەی گۆڵدمان ساکس، پێشەنگترین بانکی وەبەرهێنــان و ستراتیژیستێکی سەرەکی سەرمایەی ئەمریکا لەبەرچاو بگرن. ڕاپۆرتی ئابووریناسەکانیان دەڵێت: “گەشەی ئابووری جیهانی تەنانەت گەشبینترین چاوەڕوانیـیەکانی ئێمەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا تێـپەڕاندووە. گەشەی کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆیی بەرەو ئەوە دەڕوات کە ئەو پێشبینیانەی ساڵێک لەمەوبەر ڕێکەوتبووین لەسەری تێـپەڕێنێت” و “هێشتا تەنها مەترسییەکی کەمی بێ برەوی دەبینین”. ئەم بانکە پێـیوایە کە بەرهەمی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێژەی ٢.٧% و لە ساڵی داهاتوودا ٢.٤% گەشە دەکات لەگەڵ هێشتنەوەی ڕێژەی بێکاری لە ئاستێکی نزم و دابەزینی خێرای هەڵاوسان. بەم شێوەیە سیاسەتی بانکی فیدراڵی ئەمریکا بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سـوود، بووە هۆی کەمکردنەوەی هەڵاوسان بەبێ ئەوەی بەرهەمهێنان و دامەزراندن کەم بکاتەوە- لانیکەم لە ئەمریکادا.

ئەمە بە دەرئەنجامێکی “یەکسان” دادەنرێت: تێـیدا ئابووری ئەوەندە “گەرم” نابێـت بۆ ئەو ئاســتەی هەڵاوسان تێـیدا بە بەرزی بمێنێتەوە و ئەوەندەش “سارد” نابـێت کە بەرهەمهێنان کەم بکات و بێکاری بەرزبێـتەوە. ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا و ئێستاش کابوسی جەنگی ئیسرائیل و غەززە ڕوودەدات. زۆر چــاکە!

بەڵام چاوەڕوان بە. ڕاستە لە زۆربەی ئابووریـیە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداریدا ڕێژەی هەڵاوسان لە نزیکەی ٨-١٠% لە ساڵی پێشـوودا بۆ ٣-٥%  دابەزیوە. ئەمە کەمێـک دڵنەواییـی داداتە ئەو خێزانانەی کە لە ژێـر فشاری زۆردان، بەڵام ئەمە هێشـتا یانی ئاسـتی نرخەکان لە دوکان و گواسـتنەوە و نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریـیەکان لە بەرزبوونەوەدایە. لەڕاستیدا لەو کاتەوەی کە هەڵاوسان دەستی پێکردووە، تێچـووی ژیان بۆ ماڵە ئاسایـیەکان لە زۆربەی ئابوورییەکاندا بەڕێژەی لەسەدا ١٥ بۆ ٢٠ بەرزبووەتەوە و ئەمە زیاتر بەرۆکی خێزانە هەژارەکان دەگرێتەوە کە بەشێکی زۆری داهاتەکانیان بۆ خۆراک و وزە خەرج دەکەن. نرخەکان ناگەڕێنەوە بۆ پاشەکشەی ئابووری پێش پەتای ساڵی ٢٠٢٠؛ بەڵکو هێواش هێواش زیاد دەبن.

سەبارەت بە بێکاری، ڕاستە ئامارە فەرمیـیەکان لە زۆربەی وڵاتان، ڕێژەی بێکاری لە نزمترین ئاستی مێژوویـیـیان یان نزیکتر نیشان دەدەن، ئەمە بۆچی؟ هۆکاری ئەمە ناگەڕێـتەوە بۆ بەهێزی بازاڕی کار. زیاتریش لەبەرئەوەی لە زەمەنی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، دابینکردنی هێزی کاری بەردەست ڕاوەستاوە. زۆرێک لە کرێکاران بە دەسـت نەخۆشی covidی درێژخایەنەوە دەناڵێـنن (زیادبوونێکی بەرچاو لە داواکارانی بێـتوانایی- disability هەبووە).

بەڵام ئاماژەگەلێک هەن کە دەڵێـن ئاستی نزمی بێکاری لە ئەمریکا و شوێنەکانی دیکەی جیهان هەر ئاوا بەردەوام نابێـت. لە زۆرێک لە ئابووریـیە گەورەکاندا زۆرێک لەو کارانەی لە ساڵی ڕابردوودا ڕەخسێنراون، کاری کاتی بوون، part time. لەڕاستیدا لە ئەمریکا لە مانگی نیسانەوە هەلی “کاری تەواو- full-time” کەمیکردووە و گەشەی هەل بۆ دەسکەوتنی کاریش مانگانە بە خێرایی کەم دەبێـتەوە. جگە لەوەش کاتی کار لە پیشەسازییەکانی ئەمریکادا بەرەو کەمی ڕۆیشــتووە. تەنانـەت ئەگەر ڕێژەی مووچە لەڕێژەی هەڵاوسان زیاتریش بڕوات، ئەگەر کرێکاران کەمتریش کار بکەن، ئەوا داهاتی هەفتانە زۆر کەمتر زیاد دەکات یان بە هیچ شێوەیەک زیاد ناکات. لە ئەمریکا داهاتی هەفتانەی ڕاستەقینە لە ساڵی ٢٠٢٣دا هیچ زیادی نەکردووە. وە کاتێک سەیری بەرهەمدارترین کەرتەکانی ئابووریـیە گەورەکان دەکەین، دەبیـنین شـتەکان ئەوەندە دڵخۆشکەر نین. بۆ نموونە کەرتی بەرهەمهێنانی ئەمریکا لە ئێستاوە لە پاشەکشەدایە.

ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٣دا باشترین ئابووری سەرمایەداری پێشکەوتوو بوو. بەرهەمی ڕاستەقینەی نیشتمانیی ئەو وڵاتە نزیکەی لەسەدا ٢ زیادی کردووە. لە شوێنەکانی دیکەدا، باقی ئابوورییەکانی گرووپی حەوت یان لە ئێسـتاوە لە بێ برەویدان (ئەڵمانیا و کەنەدا) یان نزیـــکن لە بێ برەوی (ئیتاڵیا، فەرەنسا، بەریتانیا و یابان). هەروەها چەندین ئابووری بچووکتری ئەوروپا لە بچووکبوونەوەدان لەوانە (سـوید و هۆڵەندا و نەمسا، لەگەڵ ئەوروپای ڕۆژهەڵات).

تەنانەت “وڵاتە بەختـتدارەکە”ش، ئوســــترالیا، ئەوەندە باش دەرناکەوێت. بەرهەمی ڕاستەقینەی نیشتمانی لەم سـاڵدا تەنها نزیکەی لەسەدا ١.٥ گەشەی کردووە و لە دابەزیندایە. پێوەرەکانی چالاکیـیە ئابوورییەکانی ئوسترالیا لە مانگی نۆڤەمبەردا بۆ ٤٦.٤ دابەزیوە، کە زۆر لە خوار ٥٠ ەوەیە، ئەمە ئاستێکە لە نێوان بووژانەوە و دابەزینـدا. ئابووری ئوسـترالیا هەمیشە پشتی بەستووە بە گەشەی ئابووری لە ئاســتی جیهاندا، بەتایـــبەتی ئابووری وڵاتانی جی حەوت- G7 و چین، بەڵام ئەم ئابوورییانە خۆیان ناسەقامگیــرن. پێشتر ئوسترالیا لەڕووی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ هەر کەسـێک لە هاوتاکانی لە ڕێکخراوی هاوکاری ئابووری و گەشـــەپێدان-OECD باشتر بوو، بەڵام لە دەیەی ڕابردوودا ئەمە وەک خۆی نەمـــاوە. ئابووریناســـانی وڵاتانی OECD پێــیانوایە کە گەشەی ئابووری ئوسـترالیا لە ساڵی داهاتوودا بۆ ١.٣% دێـتە خوارێ، ئەمەش دەبێــتەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری.

بە گشتی، پێشبـیـنـیـیەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە چاو ساڵی ٢٠٢٣ کەمترن. ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری-OECD پێشبینی دەکات کە گەشـەی ئابووریی جیهـان لە نزیکەی ٣% لە ساڵی ٢٠٢٣ (ئەمەش ژمارەیەکی کەمە) بۆ ٢.٧% لە ساڵی ٢٠٢٤ دادەبەزێت. هاوکات گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ڕاســــتەقینە لە ئابوورییە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداریدا لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە سەدا ١.٥ بۆ سەدا ١.٢ خاو دەبێتەوە و داهاتی سەرتاسەری تاکیش کەمتر دەبێـتەوە.

لەم نێوەندەدا بازرگانی جیهانیش دەکەوێـتە پاشەکشێوە. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهانی بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی ٣.٥% دابەزیـوە، ئەمەش گەورەترین دابەزیـنە لە دوای مانگەکانی سەرەتای پەتای کۆرۆناوە.

ئێستاش کەڕێژەی سوود لە چاو دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هێـندە زیادی کردووە و چاوەڕوان دەکرێت بۆ ساڵانی داهاتووش هەروا بە بەرزی بمێنـێتەوە، مەترسییەکی گەورە هەیە بۆ دواکەوتنی کۆمپانیاکان لە دانەوەی قەرز و ئیفلاسبوونیان لە سەرانسەری ئابوورییە گەورەکاندا.

پەتای کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی دواتری هەڵاوسـان و ڕێژەی سوود لە سەرانسەری جیهاندا، زۆرێک لەو وڵاتانەی کە  هەژارترینن خستۆتە مەترســیی نەدانی قەرزەکانیــــانەوە. ئەوان ملیارەها دۆلار لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی، قەرزاری قەرزدەرەکانیانن [وڵاتانی باکور]. ئەم وڵاتـانە تەنها بە بڕینی خزمەتگوزارییـەکان و هەر تێچوونێک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیەکانی خۆیـان، دەتوانن قەرەبووی ئەو قەرزانە بکەنەوە، یان هەر ناتوانن بیـدەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگای دارایی نێودەوڵەتی- (IIF) ، قەرزی جیهانی گەیشــتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی. کۆی قەرزەکان (حکومییەکان، کۆمپانیاکان و خێزانەکان) لە ماوەی مانگی یەک تـا مانگی حوزەیران بەڕێژەی ١٠ تریلیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠٧ تریلیۆن دۆلار، یانی لەسەدا ٣٣٦ی بەرهەمی ناوخۆیی و سەراسەری جیهانی. بانکی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکات کە لەسـەدا ٦٠ی وڵاتانی کەمداهات زۆر قەرزدارن و مەترسی زۆر هەیە کە توانای دانەوەی قەرزەکانیان نەبێت، ئەمە و زۆرێک لە وڵاتانی داهات مامناوەندیش ڕووبەڕووی ئاستەنگی دارایی بەرچاو دەبنەوە.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود لە لایەن بانکی ناوەندییـەوە، بووەتە هۆی زیـادکردنی تێچووی قەرزوەرگرتن. هیچ پێشنیارێک یان ئۆڤەرێـک لە لایەن وڵاتە دەوڵەمەندەکانەوە نەدراوە بۆ لێخۆشـبوون لەم قەرزانە؛ یان کۆتاییهێنان بە باجی بازرگانی و ئاستەنگەکانی سەپێـنراو بۆ سەر هەناردەکردنی بازاڕە تازەپێگەیشتوەکان؛ یان وەستانی ئەو قازانجە گەورانەی کە کۆمپانیا فرەنەتەوەیـیەکان لە وڵاتانی هەژاری – پڕ لە سەرچاوەی دەوڵەمەند بەدەستی دەهێـنن.

تەنانەت ئەگەر ئابووری جیهان بە ئەمریکاشەوە لە ساڵی داهاتوودا خۆی لە دابەزینی بەرهەمهێـنان و وەبەرهێنان و دامەزراندن بەدوور بگرێت، ئەوە ڕۆشـنە کە ئابووریــیەکان لە سەر سک دەخشێن.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە کۆتاییــدا دەڵێت: “ئاسۆی گەشەی جیهانی لە مامناوەندی ماوەدا، دەیان ساڵە لە نزمترین ئاستیدایە”. بانکی جیهانی پێــوایە کە ئاسیا لە نیو سەدەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی یەکێک لە خراپترین چاوەڕوانیـیە ئابوورییەکانی دەبێـــتەوە! بڕیارە وڵاتانی کۆریا، تایوان، سەنگافورە و هۆنگ کۆنگ کە بە “پڵنگەکانی ئاسیا” ناودەبرێن، بە یەکێـک لە نزمترین ڕێژەکان لە ماوەی ٥٠ ساڵدا گوزەر بکەن، چونکە سـیاسەتی پارێزگاریی ئەمریکی و بەرزبوونەوەی ئاستی قەرزەکان ئاستەنگی ئابووری گەورەی بۆ دروســت کردوون. بانکی نێودەوڵەتی هەروەهـا پێشبینی ئەوە دەکات کە گەشەی ئابوریـانەی چین لە ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ ٤.٤% بێــتەخوارەوە، کە ئەمە کەمترین ڕێژەیە لە ماوەی دەیان ساڵدا، هەرچەندە هێشتا ئابووری چیــن زیاتر لە دوو هێنــــدە لەڕێژەی گەشەی ئابووری هەر یەکێـــک لە وڵاتانی گروپی حەوت زیـــاترە. لە دوایــــین ڕاپۆرتی کۆنفرانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێــــدان (UNCTAD) پێشبینی دەکات کە “لەزۆربەی ناوچەکانی ئابووری جیهان، گەشەکردن لە ماوەی ٢٠٢٢-٢٠٢٤ لە خوار ڕێژەی پێش کۆڤیـدەوە دەبێت”.

ئایا هۆکارەکانی ئەم خاوی و بێ برەوییە ئابووریـیانە چین؟

گەشەی بەرهەمهێنان لە ڕێـــی دوو هۆکارەوەیە: ڕێـژەی کرێکارانێکی زۆر کە کاتژمێرێکی زیاتر کاردەکەن لەگەڵ زیـادبوونی بەرهەمهــنان (بەرهەمی زیاتر بۆ هەر کاتژمێـرێک). سەرەڕای کەمی ڕێژەی بێکاری، بەڵام گەشەی دامەزراندن و گەشەی بەرهەمهێنان لە ئاستی جیهانیدا خاو بووەتەوە.

بەپێی دوایین خەمڵاندنی دەستەی کۆنفرانسەکانی ئەمریکا، بەرهەمی گشتی ناوخۆیی بۆ هەر کاتژمێرـکی کار بە ڕێژەی ١.٢ بەرزبووەتەوە [ پێناسەی ستاندارد بۆ بەرهەمهێنانی کار]. ئەمە بە بەراورد بە گەشەی سفر لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەڵام زۆر کەمترە لە تێکڕای دەیەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٠ کە ٢.٦% بووە لە ساڵێکدا (ئەم تێــــکڕایە لە تێکڕای دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیە لە خوارترە). لە ئاسـتی جیهـانیدا ژمارەکە بەم شێوەیەیە: لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەرهەمهێنان لە ئابووریـیە باڵاکاندا تەنها لەسەدا ٠.٤ بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا بەرهەمهێنان لە ئەمریکا تەنها لەسەدا ٠.٢ بەرزبووەتەوە.

هۆکاری سەرەکی دابەزینی بەرهەمهێنان و بازرگانی جیهانی پێویستە لە خاوبوونەوەی گەشەی وەبەرهێنانی بەرهەمدار لە ئابووریـیە گەورەکاندا بدۆزرێتەوە. وەبەرهێنانی نابەرهەمهێـن- Unproductive investment لە بوارەکانی دارایی و خانووبەرە وهەروەهـا خەرجییە سەربازییەکاندا وایکردووە ئەم گەشەیە هەتا ئێسـتاش لە بەرزبوونەوەدا بێت. وەبەرهێنان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیـا و پەروەردە و دروســت کردن ڕووە و کەمی ڕۆیشــتووە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش ڕەوتی چەقبەسـتوویی و تەنانەت ڕووبەرەوخواری قازانجی جیهانی سەرمایەی بەرهەمدارە لەم ٢٣ ساڵەی سەرەتای سەدەی بیسـت و یەکەمدا.

لە ژێر هەژموونی ئەمریکا و لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، جیهـانگیری- globalisation بازرگانی و دارایی کۆتاییـان هات. ئەمە پێگەی هەژموونگەرانەی سەرمایەداری ئەمریکی لە جیهـاندا لاواز دەکات. ئێستاش “پارچەپارچەبوونی جیۆپۆلەتکی” لە ئارادایە: سەرهەڵدانی بلۆکە بەدیلەکان کە هەوڵی جیابوونەوە دەدەن لەو بلۆکە ئیمپریالیستیانەی ئەمریکا ڕابەرایەتیان دەکات. لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ئەگەری ململانێی نێوان ئەمریکا و چیـن لەسەر تایوان تیشکێـــک دەخەنە سەر ئەم پارچەپارچەبوونە.

ئێمە لە جیهانێکی پڕ ناسەقامگیریی و کەشێکی نەرێنیـداین. بەپێی دواییــن ڕاپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، خەڵکی جیهان لە هەر کاتێـک زیاتر لە مێژووی مۆدێرن کە لە پێش جەنگی جیهانی یەکەمەوە دەستپێدەکات لە ئاسۆی مرۆڤایەتیـیان ڕەشبینترن. ڕاپۆرتەکە هەروەها هەستاوە بە تەفسیرکردنی ڕەوتی زمان لە کتێبەکاندا لە ماوەی ١٢٥ ساڵی ڕابردوودا کە زیادبوونێکی گەورەی لەو زاراوانەدا بەدی دەکرێت کەڕەنگدانەوەی “تێکچوونی مەعریفی پەیوەست بە خەمۆکی و جۆرەکانی تری تێکچوونە دەروونیەکان” نیشان دەدات.

ئێستا جیهان لە چەندین لاوە ڕووبەڕووی قەیـران بووەتەوە. پێدەچێت بێ برەوی ئابووری ڕووبدات، تێــیدا داهاتە ڕاستەقینەکان تووشی وەستان یان تەنانەت دابەزین ببێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەژاری و گەورەبوونی قڵشــتی نایەکسانی لە ئاسـتی جیهـانیدا. هێشـتا ٣.٦٥ ملیار کەس لە جیهـاندا لەژێر هێڵی هەژارییەوەن کە بانکی نێودەوڵەتی دیاری کردووە و ٦.٨٥ دۆلارە لە ڕۆژێکدا. لەڕاپرســـییەکی ئەم دواییەی “ڕیسکی جیهانی”دا دەرکەوتووە کە ٢.٧ ملیار کەس تەنها دەتوانن بۆ ماوەی مانگێک یان کەمتر بەبێ داهات پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن. لەو ژمارەیەش ٩٤٦ ملیۆن کەس دەتوانن لانی کەم بۆ ماوەی هەفتەیەک یان زیاتر لە ژیان بمێـننەوە. ئامانجی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کۆتایـیـهێنان بە هەژاری لە جیهاندا تا ساڵی ٢٠٣٠ تەنهـا سەرابێکە و هیچی تر.

سەبارەت بەیەکسانی سەروەت و سامان، دوایین ڕاپۆرتی بانکی “کرێدی سویس- Credit Suisse” سەبارەت بە سامانی تاکەکەسی جیهانی دەریخستووە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەسەدا یەک، خاوەنی ٤٤.٥%ی سەرجەم سامانی تاکەکەســیەکانن لە جیهاندا، ئەم ڕێژەیە کەمێک لەو ڕێژەیەی پێش پەتای کۆرۆنا زیـــاترە. لە لایەکی تری هەرەمی ساماندا، لەسەدا ٥٢.٥ی دانیشتوانی جیهان تەنها لەسەدا ١.٢ی کۆی سامانی تاکەکەســیان هەبووە.

لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە جیهـان لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا لە ڕێڕەوی خۆی دوورە و تا کۆتایی سەدە بەرەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تا ٢.٦ پلە لە ئاستی پێش پیشەسازییەوە دەمێنێـتەوە، [بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی UNCTAD سەبارەت بە ئابووری جیهانی]. هەموو وڵاتەکان تا ساڵی ٢٠٣٠ پێویستە دەردانی غاز بە ڕێژەی لەسەدا ٤٣ بە بەراورد بە ئاستی ساڵی ٢٠١٩  کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی دەرئەنجامە ترسناکەکانی گەرمتربوونی هەســارەکە دوور بخەنەوە. بەڵام ئەمە ڕوونادات. لەبری هاوکاری جیهانی لەلایەن حکومەتەکانەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم “قەیرانە زۆرانە”، ئێمە ڕووبەڕووی ململانێی “ئابووری و سەربازی” زیاتر لە نێوانیاندا دەبیـنین.

ڕەنگە ئابووری ئەمریکا تا ساڵی ٢٠٢٤ ناجێگیر بێت، بەڵام ئابووری جیهانی گەیشـتۆتە ڕێگەیەکی داخراو.

20.01.2024

لینکی ووتار: https://redflag.org.au/article/world-economy-2023-and-beyond

مایکل ڕۆبێرتس: ئابوورینــــــاسێکی مارکسیستی بەریتـــانییە، نووسەری چەندین بەرهەمە، لەوانە “بێبرەوی گەورە، ڕوانگەی مارکســیستی-The Great Recession—a Marxist View”، “بێ برەوی درێژخایەن، مارکس٢٠٠- The Long Depression, Marx 200”. پێـــداچوونەوەیەک بۆ ئابووریی مارکس بە هاوبەشی لەگەڵ گولیلمۆ کارچێـــندی وەک سەرنووسەر. هەروەهـــا جیهــــان لە قەیــراندا. لە ڕێی ئەم ویبلاگەشەوە دەتوانن خوێــنەری بەرهەمەکانی مایکل ڕۆبێرتس بن:

thenextrecession.wordpress.com

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

گۆران عەبدوڵا: لیستەکان مەبەستیانە بگەنە دەسەڵات، خاوەنی هیچ پرۆژەیەک نیین بۆ کێشەی مووچە، و بێکاری،…

ڕەوت: زۆر لە لیستەکان باس لە جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن لەوانی پێشووتر، وە بەزۆری باس ...

شەماڵ عەلی: هیچ هێزێکی مکوڕ لەسەر ماف ‌و ئامانجەکانی خەڵک بەشداری ئەم پرۆسەیەی نەکردووە

ڕەوت: زۆر لە لیستەکان باس لە جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن لەوانی پێشووتر، وە بەزۆری باس ...

ئەمجارە لە بایکۆت زیاتر …

جەمال کۆشش: بەرەی بەشداربووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، تێکڕایان داوایان لەجەماوەر دەکرد، بەشداری هەڵبژاردن بکەن ...

‌هەنگاوی یەکەم ڕیسواکردنی خەسڵەتی بورژوازیانەی ڕژێم و هەڵبژاردنەکەیەتی لە هەرێم!

موئەیەد ئەحمەد هەر چەند ساڵ جارێک کە کەمپێنی هەڵبژاردن دەست پێدەکات لە هەرێمی کۆردستان، حزبە ...

ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە 32- دۆسیەی ١- تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان

ڕوونکردنەوەیەک بۆ خوێنەرانی ڕۆژنامەی (ڕەوت) ژمارە (٣٢)ی ڕۆژنامەکە بەشێکی زۆری تایبەتە بە خولی شەشەم لە ...