سەرکۆنەی موشەکبارانی سوپای پاسداران ئەکەین بۆسەر هەولێر

شەوی دوو شەممە (١٥)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٤)، سوپای پاسدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران، بە نۆ موشەکی بالیستی شاری هەولێری کردە ئامانج و چوار کەس تا ئیستا گیانیان لەدەستداوە و شانزە کەسی تریش بریندارە.

لەشکرکێشی و موشەکباران و درۆنی بومباڕێژکراو، و هێرشی هەوایی و تیرۆری ئۆپۆزیسیۆنی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق، بەردەوام کاری تیرۆریستانەی هەر دوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا بووە بە درێژایی سێ دەیەی ڕابردوو، بەڵام ئەوەی کە لە ئێستادا تایبەتمەندی بەم کردەوە تیرۆریستیـیە دەبەخشێت ئەوەیە کە لەنێو پەرەسەندنی جەنگی کۆمەڵکوژی ئیسڕائیل لەدژی خەڵکی فلستین لە غەززە و کەنارەی ڕۆژاوادا ئەنجام دەدرێت، و گۆشەیەکی زۆرانبازی نێوان ڕژێمی ئێرانە لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسڕائیلدا کە لە هەولێردا نمایش دەکرێت.

ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی وا نیشانیبدا کە توانای پەرچەکرداری هەیە لەبەرامبەر ئەمریکا و ئیسڕائیلدا و بێدەنگ نەبووە لە کوشتنی ڕابەرە میلیشیـیەکانی خۆی لە سوریا و لوبنان، کە لە ناو ئاوهەوای جەنگی غەززەدا ئەنجامدراوە، ئەم هێرشە موشەکیەی کردۆتە سەر هەولێر. مەبەستیشی لە هەڵبژاردنی هەولێر بەر لەهەر شت خۆپارێزیەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕاستەوخۆ لەگەڵیاندا. سەرجەم شێوازی پروپاگەندەکانی و دانپێدانانی کە ئەم تاوانەی ئەنجامداوە ئەمە دەسەلـمێنێ.

جمهوری ئیسلامی ئێران کە لە شەش ساڵی ڕابردوودا چوار جار ڕووبەڕووی ڕاپەڕینی جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئێران بۆتەوە، و بە ئاگروئاسن دایمرکاندۆتەوە، لە ڕێگەی گروپ و تاقمە میلیشیاکانی سەر بەم ڕژێمەوە، هەر لە عێڕاق و یەمەنەوە تا لوبنان لە ململانێ و دەرگیریدا بووە لەبەرامبەر ئیمپریالیزمی ئەمریکی و ئیسڕائیلدا. ئەم ڕژێمە، کە هێز و جەمسەرێکی ناوچەیـیـیە، بۆ دەیان ساڵە لەم ڕیگەیەوە ویستویەتی نەک هەر ئەم پێگەیەی بپارێزیت لە بەرامبەریاندا، بەڵکو لەبنەڕەتدا ئەم دەرگێریانەشی بەشیک بووە لە ستراتیژی ڕاگرتنی خۆی لە ناوخۆی ئێراندا، وەک ڕژێمێکی قەیرانگرتوو و سەرکوتگەر و کۆنەپەرست.

ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ژێر ناوی دژایەتی تیرۆریزم و پاراستنی مافی مرۆڤ و دیموکراتیزمدا لە مێژە بەشیکی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرەو کاولکاری بردووە، و لە ئێستاشدا بەشێکە لە وێرانکاریـیەکی وەحشیگەرانە لە غەززە و کۆمەڵکوژیی فلستینیەکان هاوڕای حکومەتی فاشیستی نەتانیاهۆ.

لەو نێوەشدا ڕەوتە قەومی و دینی و لیبڕاڵەکان و دەوڵەتە بورژوا کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی باڵادەستکردنی ئایدیۆلۆژیا و ئاسۆ و ئەجندا سیاسییەکانیان و بەناوی دژایەتی کردنی “تیرۆریزم” و “دوژمنی دەرەکی” و “ئاسایشی نەتەوەیی”ـیەوە جەماوەر کێش دەکەن بۆ جەنگ و کێشمەکێشەکانی نێوان خۆیان و دەیانکەنە سوتەمەنی.

خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانی عێڕاق کە دەسەڵاتی بورژوا قەومی فەرمانڕەواکەی بێکاری و هەژاری و برسیەتی بەسەریاندا سەپاندووە و موچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووشی (٢٠٢٣) هێشتا دابین نەکردووە، ئا لەم بارودۆخەدا تێوەگلاندنی ئەم هەرێمە و عێڕاق بۆناو جەنگ، ژیان و گوزەران و ئایندەی جەماوەری بەش مەینەت هێندەی تر نالەبارتر دەکات، ئاسایشیان لێ تێک دەدات و ئاستەنگی دێنێتەڕیی ناڕەزایەتی و خەباتێک کە دەستیان داوەتێ بۆ بەدیهێنانی خواستە ڕەواکانیان و ڕزگاربوونیان لەدەست حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە.

بەرگرتن بە تەشەنەسەندنی جەنگی جینۆسایدی ئیسڕائیل لە غەززە و کاولکاریـیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنها بە پاراستنی ڕیزی سەربەخۆی خەباتی چینایەتی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و هاوپشتی نێونەتەوەیـیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابین دەبێت.

ئێمە لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراق) بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە تێرۆریستیـیەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆسەر شاری هەولێر دەکەین، هەروەها، سەرکۆنەی کردەوە تیرۆریستە بەردەوامەکانی ئەم ڕژێمە و تاقمە میلیشیاکانی دەکەین لە سەرجەم عیراق و هەرێمی کوردستاندا.

بەرپرسیارەتی درێژەدان بە تەدەخولی سەربازی ئەمریکا و ڕژێمی ئیسلامی ئیران و تورکیا لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا، دەخەینە ئەستۆی هەردوو حکومەتی مەرکەزی و هەرێم، و حزبە دەسەڵاتدارەکانیان، کە مانەوەی خۆیان بە ستراتیژ و بەرژەوەندە جیۆسیاسیـیەکانی ئەم دەوڵەتانەوە گرێداوەتەوە.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

١٦ /١/٢٠٢٤

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ڕاپۆرتێک لەسەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن، ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦

بۆ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی (یەنار محەمەد) ژنە کۆمۆنیست و ڕابەری بزووتنەوەی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦

   

بە توندی سەرکۆنەی تاوانی وەرنەگرتن و پێشکەش نەکردنی فریاگوزاری بۆ غەزال مەولان، دەکەین

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق بەپێی ڕاگەێندراوێکی (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)، دوانیوەڕۆی سێ ...