دیمانەی ڕەوت لەگەڵ ئاسۆ کەمال

ئاسۆ کمال:  بەبێ گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە نێوان چینی سەرمایەداری دەسەڵاتدار و چینی چەوساوەی ناڕێکخراودا ناتوانین نەخشەی سیاسی کوردستان و سیستمی سیاسی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی بگۆڕین.

ڕەوت: ئایا بەڕاستی خەڵک دەنگی بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی و نەوەی نوێ دایەوە بۆ دەسەڵاتدارەتیان؟ ئەمە چۆن لێکدەدەیتەوە؟

ئاسۆ کمال:  لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا  دەبینین بەشێکی ئەم خەڵکە ناڕازیـیە کەوتنە دوای بانگەشەی یەکێتی و پارتی و دەنگیان دایەوە بەم حزبانە. ئەم خەڵکە مامەڵە لەگەڵ واقعێکدا دەکەن کە تیایدا دەژین و دەیانەوێ هەر ڕێگایەک تاقی بکەنەوە کە بەو هیوایەن دەنگدان بەم حزبانە بە قازانجیان بێت. هەرچەند باوەڕیشیان بەو حزبانە نەبێت یان خۆشخەیاڵ بن بە وەعدەکانیان. ئەمە نیشانەی ئاستی لاوازی سیاسی ئاسۆی ئەم خەڵکە ناڕازیەیە بۆ گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی، وە  لەمەش زیاتر ئاکامی نەبونی ڕیز و هێزی سەربەخۆ و ناڕێکخراوی ئەم خەڵکە ناڕازیـیەیە، کە نەیانتوانیوە تا ئێستا لە ڕێگەی خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتەوە ئەم دەسەڵاتە بگۆڕن.

ئەم دوو حزبە لە ٣٣ ساڵی دەسەڵاتیاندا خەڵکی کوردستانیان بە دەوری خۆیاندا ڕێکخستوە لە چین و توێژی جیاجیادا. چینی دەسەڵاتدار بریتیە لە بنەماڵە سیاسیەکانی یەکێتی و پارتی کە خاوەنی هێزی چەکدار و دەزگای حکومی و کۆمپانیای نەوت و بازگانی و داهاتی کوردستان و پەیوەندی نێودەوڵەتی و ناوچەیین. بە دەوری ئەم بنەماڵە سیاسیانەدا لە هەرەمی دەسەڵاتدا، چینی ناوەندی کاربەدەستان و خاوەن پۆستە باڵاکان و سەرمایەدارە حزبیەکان تەوەرەی بەستوە کە بڕبڕە پشتی دەزگای بەڕیوەبردنی بیرۆکراتی و سەربازی و ئابوری ئەم دوو حزبە پێک دەهێنێت. بەشێکیش لەم چینە سەرمایەدارە مام ناوەندیە کە ناڕازیە لە بەشی خۆی لە هێزی سیاسی وەک گۆڕان و نەوەی نوێ و ئیسلامیەکاندا خۆیان ڕێکخستوە و لەگەڵ دوو حزبی دەسەڵاتداردا ململانێی سیاسی و پەرلەمانی دەکەن لەسەر دابەشکردنی داهاتی کوردستان. هەرچی باقی خەڵکی کوردستان و زۆرینەکەیەتی چینی کرێکار و فەرمانبەر و مامۆستا و کاسبکار و هەژاری کۆمەڵگەیە، کە بەشێکیان ئەندامانی ئەم دوو حزبە و سەرباز و پێشمەرگەی ئەم دو حزبەن. هەر بۆیە سەرەڕای بونی ناڕەزایەتی چینی هەژاری خوارەوەی کۆمەڵگە بەڵام ئەم چینە لەچاو ئەو دوو چینەی سەرەوەدا نە ڕێکخراوە و نە هێزیكی سەربەخۆ و ئاسۆیەکی سیاسی جیاوازی هەیە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەی کوردستان بە شێوازێکی تر. هەربۆیە لە هەڵبژاردن و دەنگدانەکانی هەموو ئەم ٣٣ ساڵەدا ئەو حزبە دەسەڵاتدارانە توانیویانە هێزی چینی کرێکار و فەرمانبەر و هەژاری کۆمەڵگە بەرنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ڕەوایەتی بدەنەوە بەو دەسەڵاتە میلیشیایی و سەرکوتگەرە بورژوازیـیەی هەیانە.

بەبێ گۆڕان لەم ڕیزبەندیە چیانیەتیە و گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە نێوان چینی سەرمایەداری دەسەڵاتدار و چینی چەوساوەی ناڕێکخراودا ناتوانین بە تەبلیغات و هاندانی دژی گەندەڵی  دەسەڵاتداران نەخشەی سیاسی کوردستان و سیستمی سیاسی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی بگۆڕین.

پرسیار: پێش هەڵبژاردن، پارتی پێداگری دەکرد لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم، یەکێتی یش دەیووت بەبێ من (مودیر عامێکیش) ناتوانێت دابنێت، ئایا پێت وایە دەورەیەکی تری کێشمەکیش لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان بەڕێوەیە؟ ئایا ئەمە چی بەقازانجی خەڵکی هەژاری کوردستانە؟

ئاسۆ کمال: بێگومان دابەشکردنەوەی پۆستەکانی حکومەتی هەرێم بەهەر شێوەیەک بێت هیچی بەپێی قازانج و بەرژەوەندی خەڵک نیـیە و شەڕی ئەم دوو لایەنە لەسەر پۆستەکان لە پێناو حزبەکانی خۆیاندایە، کە هەر کامەیان لە سنوری سەوزدا بێت یان زەرد خەریکی کەڵەکەی سەرمایە و سەرکوتی دەنگی ناڕازیـیە و لەم بارەوە هیچ جیاوازیەکیان نیـیە.

شەڕی دوای هەڵبژاردن وەک پێش هەڵبژاردن بەردەوام دەبێ و هەڵبژاردن هاوسەنگی هێزی نەگۆڕیوە و هیچ کام لە یەکێتی و پارتی ناتوانن حکومەتی هەرێم بێ یەکتر دروست بکەن، چونکە حکومەتی واقعی هەرێم هەمان دوو ئیدارە و دوو حکومەتی ئێستا و ٣٣ ساڵی ڕابردووی سەوز و زەردە.

لە ڕاستیدا  کورسیەکانی پەرلەمان و پۆستەکانی حکومەت هەرچۆنێک ڕێکی بخەنەوە ئەم کەشتیەی دەسەڵاتی تێکشکاوی سیاسی و ئابوری هەرێمیان بەرەو پێشەوە پێ ئاراستە ناکرێ. لەو کاتەوە کە “کاپتن ئەمریکا” دەستی بەرداوە لەم ئەزمونی “فیدراڵی”یەی یەکێتی و پارتی، ئیتر ئەم کەشتیەی دەسەڵاتیان کەوتۆتە گێژاوێکەوە کە بە هیچ شێوەیەک خۆی ناگرێتەوە. نەبونی ئەم ستراتیژیە بۆ ئیدارەیەکی هاوبەشیان، کە بۆ ماوەیەک بە ڕێکەوتنی ستراتیژی ١٠ ساڵەیان بە ڕێیان کرد ، ئیتر ئێستا  باڵانسی هێزی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا تێک داوە. پارتی دەیەوێ باڵادەستی خۆی بپارێزی لە کۆنترۆڵی داهات بەپێی زۆنەکان و یەکێتیش داوای یەکسانی بونی بەشی زۆنی سەوز لەگەڵ زەردا دەکا.

هەر دوو لا دوای هەڵبژاردن درێژە بە هەمان سیاسەت و کار دەدەن کە دەتوانێ باڵانسی هێزیان بەرامبەر بە یەکتر بگۆڕێ. جا یەکێتی لەگەڵ ئێران و حکومەتی شیعەدا بۆ فشار خستنە سەر پارتی کارتی کورسیەکانی پەرلەمانی بەکار دەهێنێ و ڕێگا نادەن پارتی نەوت و گاز بفرۆشێ و پارتیش لەگەڵ تورکیا و لایەنەکانی تری حکومەتی عێراقدا یەکێتی لە قەیرانی موچە و بودجەدا دەهێڵێتەوە و چاوەڕێی هەر فرسەتێک لە عێراق و ناوچەکدا دەکا بۆ شکست پێدانی یەکێتی و ئیدارەکەی. هەڵبژاردنی عێراقیش دیسان دەبێتەوە بە خاڵێکی تر بۆ بردنە پیشەوەی ئەم کێشمەکێشەی یەکیتی و پارتی لەسەر پۆستە سیادیەکانی عێراق و گەڕان بە شوێن هاوپەیمانی عێراقی شیعە و سونەدا دژی یەکتر و لەوانەیە تێکەڵاو بکرێتەوە بە دابەشکردنەوەی دەسەڵات لە کوردستاندا.

ئەمانە ناکۆکی دوو هێزە کە بەرژەوەندی هاوبەشیان لە هێشتنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا هەیە وەک سەرچاوەی هاوبەشی داهات و دەسەڵاتی میلیشیاییان و بەم ناکۆکیانەشیانەوە درێژە بە دەسەڵاتە هاوبەشەکەیان دەدەن.

پرسیار: بۆ ئەوەی کرێکاران و توێژە چەوساوەکانی کوردستان، ماف و داواکانیان بەسەر حکومەتی ئایندەدا بسەپێنن، چی پێویستە لەسەر بزووتنەوەکانیان و هەڵسوڕاوە جەماوەرییەکانیان؟

ئاسۆ کمال: ئەوەی دەتوانێ ئەم دۆخەی کوردستان بگۆڕێ گەشەکردنی ئەو بزووتنەوە ناڕەزایتیـیەی چینە کرێکار و فەرمانبەر و هەژارەکانی کوردستانە بۆ ئاستی بزووتنەوەیەکی سیاسی و ڕێکخراو کە لەهەر شار و ناوەندێکدا لەبەرامبەر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا خۆی بە شێوازێکی سەربەخۆ ڕیکخراو و یەکگرتوو بکا و داوای سیاسی و ئابوری خۆی بەسەر ئەم دوو حزبەدا بسەپێنێ.

یەکەم؛  توێژی ڕۆشنبیری نێو ناڕەزایەتیـیەکان دەتوانن ئاستی سیاسی و هوشیاری دژ بەم دەسەڵاتە بەرز بکەنەوە و لەگەڵ هەر سەرکەوتنێک لە داخوازی موچە و خواستە خزمەتگوزاریەکاندا هوشیاری گشتی خەڵکی ناڕازی بەرەو بە خواستی بەرزتر بۆ گۆڕانکاری سیاسی و لابردنی ئەم سیستمە میلیشیا و گەندەڵە سەرمایەداریەی بەرن . لە ئاستی سیاسی و نوخبەی ڕۆشنبیری چینی کرێکار و هەژاری کوردستاندا پێویستە ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی ڕوبدا و بزوتنەوەی سیاسی چەپ و کۆمۆنیستی نوێ بێتە ئاراوە کە تێکەڵاو بێت لەگەڵ ڕیزی ناڕەزایەتیـیەکانی جەماوەری زەحمەتکێشدا. بێگومان ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە نێو کۆمۆنیست و چەپەکانی کوردستاندا پێویستە تا بتوانن لە ناڕەزاتیـیەکاندا دەوری کاریگەر ببینن، ئەویش بەوەی کە لە پەراوێزی و سیکتاریزمی تا ئیستایان ڕزگار بن.

دوەم ئاستی هەڵسوراوانی ناڕەزایەتیەکانە. ئەم هەڵسوڕاوانە  پێویستە ببن بە ڕێکخەری ئەم بزوتنەوەیە جەماوەریە بە شێوەی جۆراوجۆری تۆڕ و ریکخراوی جەماوەری و کۆمەڵایەتی. پێویستە گۆڕانکاری لە شێوازی ڕیکخراوبونی ناڕەزایەتیەکان و سەرتاسەری بونەوەیان و دروستبونی تۆڕی ناڕەزایتیەکاندا بێتە ئارا.

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

ترامپ وخولیای خەڵاتی نۆبڵ

عەبدوڵڵا ساڵح مەبەست لە نووسینی ئەم بابەتە هەڵسەنگاندنی (خەڵاتی نۆبڵ بۆئاشتی) نیـیە، بەڵام وەسوەسە و ...

مافی ژنان: لە نێوان هەڵکشان و داکشان، ژنانی عێراقی لە چاوی زریاندا

شیرین عەبدوڵڵا لە کاتێکدا کۆتا ڕۆژەکانی ئەمساڵ بەڕێدەکەین و نزیک دەبینەوە لە ساڵی نوێ (٢٠٢٦)، ...

سەبارەت بە جەنگ دژی سەرمایەداری لەناو پەرلەماندا!

نەوزاد بابان ئەو لایەن و کەسانەی کە تاکتیکی بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق بە ...

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی چینە کۆمەڵایەتییەکان و حزبەکان، وە چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لە تاکتیکی بەشداری هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان

گفتوگۆی هەردوو ڕۆژنامەی (ڕەوت) و (الغد الاشتراکی) لەگەڵ (موئەیەد ئەحمەد) هاوپێچی ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٣٩- ...

تارمایی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەسەر ئەجینداکانی بۆرژوازیدا

تێبینیی لەسەر کۆنگرەی سلێمانی (هاوپەیمانی دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە جیهانی عەرەبی)دا! موئەیەد ئەحمەد لە شاری سلێمانی ...