بەیاننامەی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) بەبۆنەی یەکی ئایارەوە

ڕۆژی یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی خەباتی چینی کرێکار لەپێناو ڕزگارکردنی خۆی و هەموو بەشەرییەت لە کۆت و بەندی سەرمایەداری، هەمیشە ئاسۆیەکی درەخشان و مەشخەڵێکی درەوشاوەی کاروانی ڕزگاری ئینسانە.
ناکۆکییەکانی سیستمی سەرمایەداری هاوچەرخ تا ئەوپەڕی خۆی توندوتیژ بۆتەوە، بەجۆرێک کە زوربەی هەرەزۆری بەشەرییەت دەناڵێنێت بەدەست زیادبوونی هەژاری و بێکاری و پاشەکشەی مەعنەوی، نەک هەر ئەمە بەڵکو ژینگەی گونجاویشی بۆ ژیان خستۆتە بەردەم وێرانکردن، ئەمە جگە لەوەی جەنگ و عەسکەرتارییەت و خۆپڕچەککردن و توندوتیژ بوونەوەی کێشمەکێشە جیۆسیاسی و جیۆئابوورییەکانیش کارەسات بۆ بەشەرییەت دەخوڵقێنن و چینی کرێکاریش ڕووبەڕووی لێ سەندنەوەی دەستکەوتەکانی بۆتەوە لە مەیدانەکانی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان.
هەر لەم پەیوەندەشدا بۆرژوا فەرمانڕەوای هەموو وڵاتان دڕندانە کەوتوونەتە سەرکوتکردنی خەباتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و چەوساوە، وە شەڕێکی چینایەتی هەمەلایەنە و بەردەوامیشیان بەڕێخستووە بەدژیان لەسەر ئاستی فکری، ئایدیۆلۆژی، سیاسی و ڕێکخراوەیی و حزبیبوون، و هەروەها لەسەر ئاستی خەباتی سەندیکایی و شورایی و پێکهێنانی یەکێتییە کرێکارییەکان و شکڵ و شێواز و ئامڕازەکانی خەباتی دەستەجەمعیـشیان. ئەم بورژوا فەرمانڕەوایانە لەم شەڕەدا هەموو دامودەزگای سەرکوت و ئیمکاناتی میدیایی و ماڵی بەکاردەهێنێن.
ئەمە و بورژوازی لە ڕێگای نوێنەران و وەکیلەکانییەوە لە ناوەندەکانی چینی کرێکار و جەماوەری چەوساوە و ڕیزەکانی خەباتیاندا بەدەوام هەوڵدەدات بۆ لەباربردنی هەرجۆرە جموجوڵێکی سیاسی چینایەتی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان، وە هەوڵدەدات بۆ لەباربردنی هەر هەوڵێکی پڕۆلیتاریای سۆسیالیست لەناو بزووتنەوەی کرێکاریدا بۆ گێڕانی ڕۆڵی ڕابەری و کاریگەری خۆی لەو خەباتە چینایەتییەی کە لە ئارادایە لەناو کۆمەڵگەدا.
هەڵکشانی تڕامپیزم و نیو فاشیزم لە ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی ئەمریکای باشور، ئاڵوگۆڕی چۆنایەتی کۆنەپەرستانەن لە وێستگەکانی ئەو هێرشە جیهانییەی بورژوازی بۆسەر چینی کرێکار و گوزەرانی، بۆسەر دەسکەوتەکان و هەلومەرجی کارکردنی، کە ئەو مەترسییەش هاوڕایەتی کە ئەم هێرشەی بورژوازی تەشەنە بکات بۆ باقی وڵاتانی جیهان، بەڵام لە هەمانکاتیشدا خەباتی چینایەتی توندوتیژتر دەبێتەوە و ڕووبەرەکەشی بەرفراوانتر دەبێتەوە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهاندا.
لە جەرگەی ئەو قەیرانە ئاوێتانە و ئەو ئاڵوگۆڕانەی سیستمی سەرمایەداری جیهانیدا، ئیسڕائیل و حکومەتەکەی ناتانیاهۆ، بە پشتیوانی تەواوەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە هێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوا، بەردەوامن لە تاوانکاری کۆمەڵکوژی دژی دانیشتوانی کەرتی غەززە و فەلەستینیەکانی کەنارەی ڕۆژاوا، کە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسیان بوونەتە قوربانی لە ماوەی ١٨ مانگی ڕابردوودا، وە تا ئێستاش هیچ ڕۆژێک تێناپەڕێت بەبێ خوێنڕشتنی مناڵانی غەززە و دانیشتوانی ئەو کەرتە لە تەمەنە جۆراوجۆرەکان.
بزووتنەوەی چینی کرێکار لە عێڕاق لەگەڵ ئەوەدا کە ڕیزەکانی پرش و بڵاوە، بەڵام نەوەستاوە لە بەرەوپێشچوون، خەبات گەلێکی جۆراوجۆری کرێکاری بەردەوام لەئارادایە لە کەرتە جۆراوجۆرەکان و لەسەراسەری وڵاتدا. بزووتنەوەی هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچەکان لە بەرژەوەندی کرێکاران و کارمەندانێک کە ئاستی مووچەکانیان نزمە، بزووتنەوەیەکی زیندوو و چستوچالاکە کە بەردەوام خۆپیشاندان و گردبوونەوە ڕێکدەخات و بە دینامیکییەکی بەهێز دەناسرێتەوە لە ڕێکخراو کردن و هەڵخراندن و ڕوونی لە بەرگری لە خواستە پیشەیی و چینایەتییەکانیان.
ئەمە و لە ناوەندی خوێندنیشدا خەبات بەردەوامە، مامۆستایانی بنەڕەتی و دواناوەندی و پەروەردەکاران لە کەرتی حکومیدا دەستەویەخەی خەباتن بۆ هێنانەدی خواستە پیشەییەکان و بۆ باشترکردنی ئاستی گوزەرانیان لە ڕێگەی زیادکردنی مووچە و دەرماڵە، و کردن بە هەمیشەیی گرێبەستەکانی ئەوانەی کە ڕۆژانەکارن، و ئەوانەش کە خۆبەخشن دابمەزرێن، وە چەندین خواستی تر، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەسەڵات بە سەرکوت و ڕاوەدوونان ڕووبەڕوویان دەوەستێتەوە. هەروەها ساڵانێکە کرێکارانی کەرتی پیشەسازیش ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوامە دژی سیاسەتی نیولیبراڵی ئابووری دەوڵەت و بەتایبەتی کردن، ئەمە جگە لە ناڕەزایەتی بێکاران و خوێندکارانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا و کرێکارانی کشتوکاڵ و توێژە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران کە ڕێکخراو نین.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم، هەرماوە نا ماوەیەک بەردەوامن لە دواخستنی پێدانی مووچەی کارمەندان و مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی تەندروستی و دائیرەکانی حکومەت لە هەرێم، ئەمە جگە لەوەی دەسەڵات لە هەرێمەکە بە بیانووی پاشەکەوتکردنی مووچەوە مووچەکان دەبڕێت. کرێکاران و کارماندان و مامۆستایان چەندین خۆپێشاندان و گردبوونەوە و مانگرتنی یەک لە دوای یەکیان ئەنجامداوە بەتایبەتی لەو ناوچانەدا کە لەژێر دەسەڵاتی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) دایە.
ئەم بزووتنەوە کرێکاری و ئەم خەباتە کۆمەڵایەتییەی کە ڕووی لە هەڵکشانە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا، هێزێکی چینایەتی و کۆمەڵامەڵایەتی مەزن و کاریگەر پێکدەهێنێت، بەڵام ڕیزی خەباتەکانیان پرش و بڵاوە و بەزۆری بزووتنەوەیەکی کرێکارین بۆ بەدەستهێنانی خواستەکان و بەرزنەبونەتەوە بۆ ئاست بزووتنەوەیەکی سیاسی چینایەتی سەربەخۆ و یەکگرتوو لەسەر ئاستی سەراسەری وڵات. ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ باڵادەستی ڕێژەیی ئاسۆی سیاسی بۆرژوا ڕیفۆڕمیستانە و خۆشباوەڕی بە پەرلەمانتاران و ئومێد بەستن بە دەسکەوتی نیوەناچڵ. هەروەها دەشگەڕێتەوە بۆ نفوزی ڕەوتە جۆراوجۆرەکان و حزبە سیاسییە قەومی و ئیسلامی و نیولیبڕاڵەکان بە پلەی جیاجیا لەناو ئەو خەباتانەدا.
ئەرکی بنەڕەتی ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوەیە ڕیزی چینایەتی و سەربەخۆی خۆی بەدەستبهێنێت، و ئاسۆیەکی سیاسی چینایەتی پڕۆلیتاری بخاتەبەردەم خۆی کە ڕیزەکانی پێ یەکگرتوو بکات. بە دڵنیاییەوە پەرەنەسەندنی سیاسیـیانەی سەربەخۆی بزووتنەوەی کرێکاری نەک هەر تەنها مەترسیدارە بۆ لەبارچوونی بزووتنەوەی کرێکاری، بەڵکو دەشیکاتە نێچیرێک بەدەست ڕەوت و حزبە بورژوا جۆراوجۆرەکانەوە کە چاویان بڕیوەتە ئەوەی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانیان بن و لە ڕێڕەوی خۆی لای بدەن بۆ هێنانەدی ئامانج و بەرژەوەندە تایبەتەکانیان.
ئەم شەپۆلە لە خەبات و ئەم گەشەیەی بزووتنەوەی کرێکاری و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە جەرگەی بارودۆخێکدا لە ئارادان کە ئەگەری سەرهەڵدانی شەپۆلێکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری لە ئارادایە بەهۆی ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەوە کە لە سەراسەری عێڕاقدایە، ئەمەش ڕێکخراوکردن و یەکگرتووکردنی ڕیزی خەباتی سیاسی سەربەخۆی پڕۆلیتاریا دەکاتە ئەرکێکی گرینگ و هەرە دەستبەجێ کە دواکەوتن هەڵناگرێت. لەگەڵ هەر ڕوبەڕوبونەوەیەکی تیژی چینایەتی و هەر قەیرانێکی شۆڕشگێڕانەی بەرفراوانی چاوەڕوانکراودا، ئایندەی ئەم ڕژێمەی ئێستا و دەسەڵاتی حزبە بورژوا ئیسلامی و قەومییەکانی فەرمانڕەوا دەکەوێتە مەترسییەوە، بەڵام بەبێ بزووتنەوەیەکی چینایەتی پڕۆلیتاری یەکگرتوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندە سیاسییە چینایەتییە سەربەخۆکانی، سەرکەوتن ناتوانێت لە بەرژەوەندی کرێکاران و چەوساوەکان بێت.
با دروشمی سەرەکیمان لە یەکی ئایاری ئەمساڵدا بریتی بێت لە:
یەکخستنی خەباتی کرێکاران بەدەوری بەرژەوەندی چینایەتیی سەربەخۆیاندا، مەرجی پەرەسەندنیەتی
وە خەباتیش بکەین بۆ هێنانەدی ئەم خواستانە:
- بیمەی بێکاری بۆ هەموو بێکارێک.
- هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچەکان بە یاسایەک لە بەرژەوەندی کرێکاران و فەرمانبەران.
- ئازادی ڕێکخراوبوونی سەندیکایی لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت.
- دەستەبەرکردنی مافی ئەو کرێکارانەی بە ڕۆژانەکار وەیا بە گرێبەست کاردەکەن لە کەرتی گشتی و تایبەت.
- دابینکردنی کەشێکی پڕ لە دڵنیایی بۆ ژنانی کرێکار لە شوێنی کار بە پشتیوانەیەکی یاساییـیەوە دژ بە هەراسانکردن و توندوتیژی و هەڵاواردن.
- هەڵوەشاندنەوەی هەموارکردنەوە کۆنەپەرستانەکەی یاسای باری کەسایەتی (١٨٨)، کە هەموارکردنەوەیەکی دژ بە ژنان و یەکێتی ڕیزەکانی چینی کرێکارە.
- هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتەکانی بەتایبەتی کردن و ئاڵوگۆڕی لە پەیکەرەی کۆمپانیاکانی کەرتی پیشەسازی حکومی و دەرکردنی کرێکار لەسەر کار.
- پێدانی مووچەی کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان و خانەنشینان لە دامەزراوە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان وەک باقی ناوچەکانی تری عێڕاق و پێدانی مووچە نەدراوەکانیان.
- یاساغ کردنی هەڵاواردنی کرێکارانێک کە ڕەگەزنامەی وڵاتانی جۆراوجۆریان هەیە و لە عێڕاق کاردەکەن، لەگەڵ دابینکردنی پاراستنی یاسایی و عەمەلی بۆیان.
- یاساغ کردنی کاری منداڵان و دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ مناڵان و خانەوادەکانیان.
بژی یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران
بژی سۆشیالیزم
٢٤ی نیسان/ئەپریلی ٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
