١ی ئایار، ڕۆژی هاوخەباتی و سیمبوڵی بەرەنگاریـیە دژ بە ستەم و چەوساندنەوەی سەرمایەداری!

ئامادەبووانی بەڕێز .. کرێکاران، خەڵکی ناڕازی و ستەمدیدە ..
سەرەتا بەناوی “کۆمیتەی ١ی ئایار” بەخێرهاتن و سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەین بۆ ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، هەموومان پێکەوە لێرەدا ئەم ڕۆژە مێژوویـیە، کە لەسەراسەری جیهان بووە بە هێمای خەبات و هەوڵدان لەپێناوی ژیانێکی باشتر، بەرز ڕادەگرین.
یەکی ئایار، لە ڕۆژژمێری بەرەنگاربوونەوەی ستەم و نادادیـیەکانی سەرمایەداری، بۆ چەوساوەکان و ستەملێکلراوان و تەواوی مرۆڤایەتی، ڕۆژێکی بە بایەخ و پڕ دەسکەوتە. ڕۆژی کەسانێکە، کە بە ڕەنج و ماندووبوون و ئارەقڕشتن، وە بە تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لە پێشخستن و ماف و ئازادی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگاکاندا.
لەمڕۆژەدا ژمارەیەکی بەرین لە کرێکاران و لایەنگرانی ئازادی و یەکسانی، وێڕای نیشاندانی ناکۆکی و ناتەبایی لەگەڵ جیاکاری و ناعەداڵەتی سیستەمی باو، هاوکات بۆ ژیانێکی باشتر دەنگ هەڵدەبڕن، ئێمەش لەم گۆشەی دنیاوە وەک بەشێک لە نمایشەکانی یەکی ئایار، دەنگی خۆمان تێکەڵ بەو دەنگە ناڕازی و ژیانخوازە جیهانیـیە دەکەین.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی یەکی ئایار بەڕێوەدەچێت، کە ناکۆکیـیەکانی سیستمی سەرمایەداری تەقیوەتەوە و کێبەرکێ و شەڕی بازرگانی و ململانێی دەوڵەتە زلهێزەکان لەسەر دابەشکردنەوەی جیهان، ئاسایش و چارەنوسی کۆی ژیانی سەرڕووی زەوی خستۆتە مەترسییەوە. فاشیزمێکی نوێ بەڕابەرایەتی ئەمریکا و ئیسڕائیل، کە لەتوانای سیاسی و سەربازی وێرانکەر بەهرەمەندن، خەریکە گڕ لە دنیا بەردەدات، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کەوتۆتە بەردەم ڕووداوی گەورە، نەخشەی ئابووری و سیناریۆی سیاسی جۆراوجۆر بۆ ئارایشدانەوەی ناوچەکە بەقازانجی زلهێزەکان، لەئارادایە.
دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان و هێزە هەلپەرستەکانی ناوچەکە، تێکرا خەریکی خۆگونجاندنن لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریـیانەدا، تورکیا و ئێران و سوریای دوای ئەسەد و ئیسڕائیل، لەهیچ جۆرە تاوانێک دەست ناپارێزن، هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بە هەموو نرخێک هەوڵدەدەن وەک ئیمپریالیزمی ناوچەیی ڕۆڵی دژە ئینسانی و دژە ئازادی خۆیان درێژە پێبدەن، دەوڵەتی ئیسڕائیل زۆر خوێنساردانە لەغەززە کۆمەڵکوژی دەکات و حەماس و ڕەوتە ئیسلامیـیەکانی بەناو “بەرەی موقاوەمە”، داخستنی دۆزەخێکی نوێ، کە لەدەرەوەی خۆیان هەمووان بسووتێنێت، وەک مژدە دەبەخشنەوە.
دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی عێراق و هەرێمی کوردستان، دژایەتی ژیانی خەڵکیان کردووە بە سیاسەت و ستراتیژی خۆیان، هەموو هەنگاو و بڕیارێکیان دەبێتە مایەی ترس و نیگەرانی و دڵەڕاوکێ لە درووستبوونی ژیانێکی خراپتر. بە پیادەکردنی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزم سەروەت و سامانی کۆمەڵگە و خزمەتگوزاریەکانی وەک (تەندروستی و خوێندن و کارەبا و خزمەتگوزاری شارەکان …) ڕادەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کراوە و لەڕێگەی کۆمپانیاکانەوە گیرفانی هاوڵاتیان دادەتەکێنن. قووت و هۆکاری ژیانی خەڵک و موچەخۆرانیان کردووە بە کارتی گوشار و بارمتەی ناکۆکیـیەکانیان. دانیشتوانی هەرێم، لەلایەکەوە بەهۆی ململانێی نێوان ناوەند و هەرێم و لەلایەکی تریشەوە بەهۆی ڕێککەوتنەکان و ناکۆکیـیەکانی نێوان (پارتی) و (یەکێتی)، تووشی هەلومەرجێکی سیاسی و ئابووری نەخوازراو بوون.
لەبەرامبەر وەها بارودۆخێکی جیهانی و ناوچەیی، ڕەوت و بزووتنەوە ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازەکان کەوتوونەتە بەردەم ئەرکێکی مێژوویی کە چۆن سەربەخۆیی دەپارێزن و نابنە پاشکۆ و پارسەنگی ئەم بلۆکی ئیمپیریالی و ئەو دەوڵەتی کۆنەپەرستی ناوچەیی و ئەم یان ئەو ڕەوت و حزبی بەرژەوەندیخواز.
لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، هەر ئاڵوگۆڕێک بە قازانج و بەرژەوەندی خەڵک، بەستراوە بە هاتنەمەیدان و ڕێکخراوبوونی چین و توێژە کارگەر و بەرهەمهێنەرەکانەوە، لەوبارەیەوە پێویستە خۆئامادەکردنێکی باش هەبێت بۆئەوەی لەو ئاڵوگۆڕانەی دێنەپێشەوە قازانج و بەرژەوەندی خەڵک جارێکی تر لەناو دەسکەوتەکانی هێزە خۆسەپێنەکاندا ون نەبێت.
خۆشبەختانە خەڵک ڕادەستی ئەم بارودۆخە نامرۆڤانەیە نەبووە و خەبات و تێکۆشانی خۆی، لەپێناو گۆڕینی ئەو دۆخەی هەیە پەرەپێداوە. کرێکار و مامۆستا و فەرمانبەر و خانەنشین و خوێندکاران و لاوانی کچ و کوڕی بێکار و ژنان، لەبەرامبەر سیاسەت و شێوەژیان و شێوەی حوکمڕانیی، بۆ ڕزگاری و بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان، بە خۆپێشاندان و مانگرتن، هەوڵی زۆریان داوە و ڕێگای جۆراوجۆریان گرتۆتەبەر.
خاڵی لاوازی ئەم تێکۆشانە ئەوەیە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان خاوەنی ڕێکخراوی جەماوەری و پیشەیی خۆیان نین و ئاسۆی ڕۆشن و ڕێگای ڕۆشنیان بۆ گۆڕانکاری نییە، لە پێشەنگایەتییەکی بەرچاوڕوون بەهرەمەند نین، پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی توندوتۆل بەڕێوەبەرانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان و جەماوەری ناڕازی ئاوێتە نەکردووە، ڕێبەرایەتیـیەکی سیاسی وا نەخەمڵێوە تا ئامانجەکان و چالاکیەکان، نەخشەمەندانە پێکەوە گرێبدات.
بێگومان هێزێکی کۆمەڵایەتی کاریگەر و ئاڵوگۆڕبەخش، ململانێی نێوان خەڵک و دەسەڵات دەباتە ئاستێکی جێگای ئومێد، ئەویش پەیوەستە بەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و موچەخۆران و لاوان و ژنان و کرێکاران و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە، وەک بکەری سیاسی بە هەماهەنگی و بەپێی ستڕاتیژی دیاریکراو، خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتی – سیاسی بکەین، تا بتوانین کارابین لە پرۆسەی سیاسیدا و کاریگەر بین لەسەر بڕیاری سیاسی و بڕیاردەر بین لەسەر چارەنووسی خۆمان و کۆمەڵگاکەمان.
سەبارەت بە باشترکردنی دۆخی ئێستای کرێکارانیش بەپێویستی دەزانین:
١- یاساکارێکی نوێ دابنرێت، بەگوێرەی ستانداردی جیهانی ماف و بەرژەوەندی کرێکارانی تێدا ڕەچاوکرابێت و نوێنەرانی کرێکاران بەشدار بن لە داڕشتنیدا، ئازادی و ڕێکخراوبوون و خۆپیشاندان و مانگرتن و چالاکی سەندیکایی بۆ کرێکاران دەستەبەر بکات، کرێکارانی کۆچبەر و بیانی و کرێکارانی ناوخۆ مافی وەکیەکیان هەبێت، ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ وەک کاری فەرمی ئەژمار بکرێت، خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت، بیناسازی، ژینگەپارێز و بەرکەوتەی ڕووداوەکانی شوێنی کاریش بگرێتەوە، باشترکردنی هەلومەرجی کارکردن و سەلامەتی شوێنی کار و بنەماکانی سەلامەتی کار جێبەجێ بکرێت، …
٢- لانیکەمی کرێ و موچە، بەگوێرەی ژیانێکی سەردەمیانە دیاری بکرێت و لەئێستادا هاوتا لەگەڵ نرخی بازاڕ و ژیانێکی هاوچەرخ زیاد بکرێت، مافی کارکردن یان بیمەی بێکاری بۆ هەموو کەسێکی سەروو (١٨) ساڵ ( ژن و پیاو) دابین بکرێت، موچە و دەرماڵەکان لە سیستەمی مووچەدا یەکسان بکرێن و جیاوازی لە پێدانی ماف و حەقدەستەکان نەمێنێ، وانەبێژان و گرێبەستەکان بکرێن بە هەمیشەیی، موچە و کرێ لەکاتی خۆیدا و بەبێ لێبرین بدرێت و قازانجی ساڵانەی کارگەکان بە کرێکاران و کارمەندان بدرێت. وە خزمەتگوزاری تەندرووستی و خوێندن و ئاو و کارەبا وەک بەشداری حکومەت لەژیانی گشتی، دابینبکرێت.
با یەکی ئایار ببێتە گوڕ و توانا بەخشین لەو ڕاستایەدا.
بژی یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و هاوخەباتی کرێکاران …
ئێوەش شاد و سەرکەوتووبن
کۆمیتەی یەکی ئایار
١/٥/٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
