نەوزاد بابان

لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا دژ بە گرانبوونی نرخی یەکەی کارەبا، لە ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی (٢١-٥-٢٠٢٥) لەبەردەم پارێزگای سلێمانی، وتەیەکم پێشکەش کرد، وەک هەڵسوڕاوێکی کرێکاری کەرتی کارەبا، ئەمەی خوارەوە کورتەیەکی وتەکانمە:
—-
نرخی یەکەی کارەبا لەو خشتەی تازەیەدا کە حکومەتی هەرێم دیاریکردووە جیاوزی زۆری هەیە لەگەڵ نرخە کۆنەکەدا، بۆ نمونە نرخی هەزار (١٠٠٠) یەکەی کارەبا لە خشتە کۆنەکەی پێشوو بیست و سێ هەزار و سەد (٢٣،١٠٠) دینار بوو، لە خشتەتازەکەی ئێستادا سەد و حەوت هەزار (١٠٧،٠٠٠) دینارە، کەوابوو جیاوازیەکە یەکجار زۆرە و چەند بەرابەرە.
ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێ ئەم خشتە تازەیەی ئێستا نەک لە قازانجی خەڵکی کەم دەرامەتە، وەک میدیاکانی سەر بە دەسەڵات بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو تاڵانکردنی گیرفانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەیە.
ئەوەشمان بیرنەچێت، کێشەکە تەنها بەرز کردنەوەی نرخی کارەبا نـیـیە، ئەوەتا کەرتی خوێندن و پەروەردە و تەندروستی و باقی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی تریشیان ڕادەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی کردووە بۆ ڕووتانەوەی هاوڵاتیان و بوونەتە بارگرانییەکی زۆر بەسەر شانی جەماوەری زەحمەتکێشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەشکرێک گەنجانی ئامادەبەکارمان هەیە کە زۆربەیان خاوەن بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگاکانن و خانەوادە نیـیە چەند بێکاری ئامادە بەکاری تێدا نەبێت.
لە (٣٣) ساڵی ڕابردودا دوو هێزی سەرمایەداری میلیشیای فەرهودی لە چوارچێوەی ئەم سیستەم و پەڕلەمانەدا درێژەیان داوە بەمانەوەی دەسەڵاتیان. لەولاشەوە ئۆپزسوێنێکی موزەیەف کە بە بەردەوامی لەخزمەتی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە هەنگاوی ناوە.
ئەم پرسە پەیوەستە بەژیانی هەموومانەوە کەوابوو نابێت هیچ ئاسۆ و ئامانجێک بەم سیستەم و دەسەڵاتە و ئۆپۆزسیۆنەکەیەوە ببەستینەوە، تەنها ڕێگە دەبێت ئێمەی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش ئیرادە بکەین لە ناوەندەکانی ژیان و کاردا خۆمان ڕێکخراوکەین، نوێنەرانی خۆمان هەڵبژێرین و بیر لە ئەڵتەرناتیفێکی تر بکەینەوە لەبەرام بەر ئەم سیستەم و دەسەڵاتە.
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
