حەوتەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، واتە لە یەکی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)دا، ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر لە عێراق هەڵگیرسا و چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو. جارێکی تر دوای کەمتر لە سێ هەفتە و بە دیاریکراوی لە (٢٥)ی ئۆکتۆبەردا سەریهەڵدایەوە، بە شێوەیەکی گشتگیر لە پارێزگا جیاوازەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگیش بەردەوام بوو بە پلەی جیاواز لە توندی و بەرفراوانی.

لە ئەنجامی سەرکوتی ئەم خرۆشانە جەماوەریـیە شۆڕشگێڕانەیەدا لە لایەن هێزەکانی دەسەڵات و میلیشیاکانەوە، زیاتر لە (٨٠٠) کەس لە کچان و کوڕانی ڕاپەڕیوو بوونە قوربانی و دەیان هەزار کەسیان لێ بریندار و دەستگیرکرا، وە ژمارەیەکی زۆریشیان فڕێندرا.

ئەو هێزە کۆمەڵایەتیـیەی کە بزوێنەری ئەم کارە سیاسیـیە جەماوەریـیە شۆڕشگێڕانەیە و بڕبڕەی پشتی بوو، بریتی بوو لە هێزێکی چینایەتی پێکهاتوو لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و ستەملێکراوان و سەدان هەزار لە ژنان و پیاوانی بێکار، و خوێندکاران و کچان و کوڕانی شۆڕشگێڕ، و توێژگەلێکی بەرفراوان لەو جەماوەرەی کە زەرەمەندن لە بارودۆخەکە و لە زۆرداریی دەسەڵاتداران.

لە کاتێکدا ئەمڕۆ بە شانازیـیەوە یادی ئەم ڕاپەڕینە دەکەینەوە، بە ڕێز و شکۆوە لە بەردەم قوربانیـیانی ئەم دەستپێشخەریـیە جەماوەریـیە شۆڕشگێڕانەیەدا دەوەستین و حکومەت بەرپرس دەکەین لە ئاشکراکردنی ئەوانەی تاوانی کوشتنی جەماوەری ڕاپەڕیوویان ئەنجامداوە، وە بەرپرسیشی دەکەین لە ئازادکردنی فڕێندراوان و دەستگیرکراوان، و هەڵوەشاندنەوەی سکاڵا هەڵبەستراوەکان دژ بە چالاکوانانی ناو ڕاپەڕینەکە.

هاوکاتبوونی ڕۆژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەم ساڵدا (٢٠٢٦)، جا بە مەبەست بێت یان بە بێ مەبەست، لەسەروبەندی ساڵیادی ڕاپەڕینەکە، و پاشان دەرکردنی بڕیارێکی حکومی بۆ ناوزەدکردنی ئەو ڕۆژە بە “ڕۆژی سەروەری” وڵات، و دانانی بە پشووی فەرمی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت لەم ساڵ و ساڵانی داهاتوودا، لە کردەوەدا وای کرد ساڵیادی ڕاپەڕینەکە بکەوێتە ژێر سێبەری کەشوهەوای بەناو “ڕۆژی سەروەری”، و دوورخستنەوەی سەرنجەکان لەسەر ساڵیادی ڕاپەڕین و لەسەر خودی ڕاپەڕینەکە.

ئەمە و هاتنی ساڵیادی ڕاپەڕینەکە لەمساڵدا لە بارودۆخی جەنگی ئیمپریالیستی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە دژ بە ئێران، و عێراقیش کەوتووەتە ناو گێژاوی کاریگەریـیە وێرانکەرە ئابووریـیەکانی ئەم جەنگەوە. نەک تەنها ئەوە، بەڵکو هێزە میلیشیایی و گرووپە چالاکە جیاوازەکان لە عێڕاق کە سەر بە ڕژێمی ئیسلامی ئێرانن، عێڕاقیان پەلکێش کردووەتە ناو ئەم جەنگەوە.

سەرەڕای شێوازی دڕندانەی دەسەڵات و هێزە میلیشیایـیەکانی لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی ئوکتۆبەردا، بەڵام نەیانتوانی گڕی ڕاپەڕینەکە خامۆش بکەن؛ چونکە ئەو زەبروزەنگ و سەرکوتکردنە بە تەنیا کافی نەبوو، وە هۆکارێکیش بوو بۆ ئەوەی ئاگری ڕاپەڕینەکە بەردەوام بڵێسە بسێنێت، بۆیە، هێزەکانی دژە شۆڕشی ناو ڕاپەڕینەکە؛ چەشنی ئیسلامیـیە تایفیـیەکانی سەر بە سەدریـیەکان و لایەنگرانی “مەرجەعیەت”، و ڕیفۆڕمیستانی سازشکار لە چەپەکانی لایەنگری “حکومەتی مەدەنی” و ڕەوتی قەومی نیمچە لیبڕاڵی گرێدراو بە ئەجێندای دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و دەوڵەتە ئیستیـبدادیـیەکانی ڕکەبەری ڕژێمی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو ئەو دژە شۆڕشیـیانە لەگەڵ دەسەڵات بە شێوەیەکی نیمچە ئاشکرا یەکیان گرت و هاوپەیمانەتیـیەکیان پێکهێنا بۆ ڕاگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی ڕاپەڕینەکە. ئەمەشیان بۆ هاتەدی لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی ئەنجامدانی “هەڵبژاردنی پێشوەختە” و ناچار کردنی چالاکوانانی ڕاپەڕینەکە بە قبووڵکردنی.

بەم شێوەیە، چاوەڕوانی لە دەسەڵات و هەڵبژاردن و بەڵێنی فریودەری حیزبە مەزهەبی و قەومیـیەکان، جێگەی کاری سیاسیی سەربەخۆ و ڕاستەوخۆی جەماوەری گرتەوە، کە بە شێوەی ڕاپەڕین بەردەوام بوو، بۆ بەدەستهێنانی داواکاریـیە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیـیەکان و ئامانجە سیاسیـیەکانی.

ئەمەش بە نۆرەی خۆی دەرگای بە تەواوی ئاوەڵا کردەوە بۆ ڕەوتە فەرمانڕەواکان، تا ڕاپەڕینەکە لەناوببەن و چەپۆکی دەسەڵاتیان بەهێزتر بکەن و بازنەکانی کۆنەپەرستی سیاسی لە هەموو ئاستەکاندا فراوانتر بکەن. هەروەها دەرگاشی کردەوە بۆ قۆناغێک لە خنکاندنی ئازادیـیەکان و مافەکانی ژنان و ئازادیـیە سیاسی و مەدەنیـیەکان، و زەوتکردنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین، وەک هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هتد، و پاشانیش دەسەڵاتداران کەوتنە سزادانی چالاکوانانی بەشداربووی ڕاپەڕینەکە بە بیانووی تۆمەتی هەڵبەستراوەوە.

وەرگرتنی وانە لە ئەزموونی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر و شکستەکانی، لە ڕووی تیۆری و کردەیـیـیەوە ئەستەمە بەبێ پەیڕەوکردنی ڕوانگەیەکی سیاسی چینایەتی پڕۆلیتاری و میتۆدێکی مارکسی شۆڕشگێڕانە بەرامبەر بەو ڕاپەڕینە، ڕوانگەیەک کە بە قوڵی لەوە بکۆڵێتەوە بۆچی وزەی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریای گەنج کە زۆربەی هێزەکانی ئەم ڕاپەڕینەی پێکدەهێنا، نەگۆڕدرا بۆ سیاسەتێکی چینایەتی سەربەخۆی ئەم چینە، ئەمە و لە هۆکارەکانی گەشەنەکردنی ڕێکخستنی سەربەخۆ و ڕادەستکردنی سەرکردایەتی ڕاپەڕینەکە بە هێزە بورژوا ئیسلامی و قەومی و لیبراڵەکان و لایەنە سیاسیـیە ڕیفۆڕمیستە سازشکارەکانیش بکۆڵێتەوە.

ئەمڕۆ، لەجەرگەی زیادبوون و ئاڵۆزبوونی قەیرانی سیاسیی ڕژێم و قەیرانی ئابووریی سەرمایەداری لە عێراق، و توندبوونەوەی دژایەتی سیاسەتی ئابووری نیولیبراڵی دەوڵەت لەگەڵ کۆمەڵگە و ژیان و بژێوی زۆرینەی جەماوەر، و لە ژێر سایەی شەڕێکدا کە عێراقی خستووەتە ژێر کاریگەریـیە وێرانکەرەکانیـیەوە، هەروەها لە جەرگەی ئەو خەباتە ڕوو لە هەڵکشانە ئابووریـیەی کرێکاران و گەنجان دژ بە ڕەهەندە جیاوازەکان لە کارەساتەکانی ئەم بارودۆخە، ئەوە واقیعە کە هێنانەدی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە بەرژەوەندی جەماوەری چینی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوان هەر بەوەوە بەستراوەتەوە کە وزەی شۆڕشگێڕانەی ئەم چینە و توێژە پرۆلیتاریـیەکانی، لە ژنان و پیاوان، سەرهەڵداتەوە و سەربەخۆیی سیاسی و ڕێکخراوەیی و فکریـیان  لە تەواوی ڕەوتە بۆرژوازیـیەکان و حیزبەکانیان، بێتەدی. وە لە کۆتایـیشدا هێشتا ئەرکە سیاسیـیەکە هەر بریتیـیە لە چەسپاندنی پایەکانی ڕێکخراوێکی سیاسی ڕابەری کۆمۆنیستی لە دڵی ئەم بزووتنەوە چینایەتیـیە پڕۆلیتاریـیەدا کە بەرزبێتەوە بۆ ئاستی بەدیهێنانی ئەم ئەرکە مەزنە.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنیـیەوە هەنگاوی هەڵێناوەتەوە بۆ هێنانەدی ئەم ئەرکە، و هەر لەم ڕاستایەشدا خەباتی کردووە لەناو ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەردا؛ ئەم ڕێکخراوە دروشمی (تەواوی دەسەڵات بۆ جەماوەری ڕاپەڕیوو) و پێکهێنانی (شورا جەماوەریـیە شۆڕشگێڕیـیەکان)ی بەرزکردۆتەوە و بانگەشەی خۆبەهێزکردنی کردووە بە ڕوانگەیەکی سیاسی چینایەتی سەربەخۆ لە بۆرژوازی. ئەمە و ڕێکخراوەکە چەند بڕیارنامەیەکیشی پەسەند کردوە کە تێیدا داواکاری و ئامانجە سیاسیـیەکانی ڕاپەڕینەکەی ڕوونکردۆتەوە و داوای لە جەماوەری ڕاپەڕیوو کردووە پەسندیان بکات. سنوورداریی کاریگەریی ئێمە، و سەرکوتی دڕندانەی ڕاپەڕین لە لایەن دەسەڵاتداران، و گەورەیی هێرشی هێزە دژە-شۆڕشیـیەکان و ڕەوتی سازشکاری ناو ڕاپەڕینەکە، بەربەستێکی زۆر گەورە بوون لە بەردەم گەشەکردنی ڕاپەڕینەکەدا.

هەڵوێستی بنەڕەتی و لێکدانەوەی سیاسیی دروستی ئێمە لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە کە بێ وێنە بوو لە ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستیی عێراقدا بەرامبەر ڕاپەڕینەکە تەنانەت پێش سەرهەڵدانیشی، مایەی شانازیی خەباتی ئێمەیە. ئێمە بەردەوامین لەسەر هەمان ڕێباز و ئاراستە بە جێگیری و بە هەموو تواناشمانەوە خەبات دەکەین بۆ ئەوەی چینی کرێکار و جەماوەری پرۆلیتاریا بتوانن بەسەر خاڵە لاواز و کەموکوڕیـیە سیاسی و ڕێکخراوەیـیەکانیاندا زاڵ بن، و لە ناو قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێستادا هەنگاوی گەورە بنێن بەرەو ڕزگاری خۆیان و کۆمەڵگا لە مۆتەکەی سیستەمی سەرمایەداری و ڕژێمی سیاسیی ئێستا.

١ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

کوشتنی ژنان، لوتکەی شاخە بەفرینەکەی توندوتیژیی خێزانییە، کە لە پشت هەواڵەکانەوە شاردراوەتەوە

شیرین عەبدوڵڵا دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کوشتنیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک ...

کۆمۆنیزم دەبێ ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی و پڕۆلیتاری بە عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگە

نادر عەبدولحەمید هەرێم لە پڕۆسەیەکی مێژوویی جیهانیدا لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە (١٩٩١) کۆمەڵگەی کوردستان ...

ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٤٢

ژمارە (42)ی ڕۆژنامەی (ڕەوت)، ئەیلول/ سێپتێمبەری (2026)، بڵاوکرایەوە ڕۆژنامەی (ڕەوت) بە چاپی وەرەق لە هەرێمی ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، لە یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنیدا

یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق دەکەینەوە، و هەر ساتە هەست بە ...

چەند کلیپێک لە بەشداریکردنەکانی مەراسیمی یادی هاوڕێی ئازیز یەنار محەمەد لە سلەیمانی ٢١-٦-٢٠٢٦

چەند کلیپێک لە بەشداریکردنەکانی مەراسیمی یادی هاوڕێی ئازیز یەنار محەمەد لە سلەیمانی ٢١-٦-٢٠٢٦ لەم کلیپەدا: ...