ناڕەزایەتییەکانی ئێستای کرێکاران و لاوان و خۆپێشاندانە چاوەڕوانکراوەکان، بە بۆنەی حەوتەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

حەوت ساڵ لەمەوبەر، لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، دووەمین شەپۆلی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر لە عێراق سەریهەڵدا، ئەوەش دوای دابڕانێک کە سێ هەفتەی خایاند لە دوای یەکەم شەپۆل کە لە یەکی هەمان مانگدا دەستی پێکردبوو.

ئەم شەپۆلەی دووەمی ڕاپەڕین، بە خێرایی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڵاوبووەوە، و بۆ زیاتر لە پێنج مانگ بە پلەی جیاواز لە بەهێزی و بەرفراوانی بەردەوام بوو. زیاتر لە ٨٠٠ کەس لە کوڕان و کچانی ڕاپەڕیوو بوونە قوربانیی سەرکوتی هێزەکانی دەسەڵات و میلیشیاکان، و دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون و ژمارەیەکی زۆریشیان دەستبەسەر کران یان فڕێندران.

پێکهاتەی سەرەکیی ئەم خرۆشانە جەماوەرییە شۆڕشگێڕانەیە بریتی بوو لە هێزی چینایەتیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و چەوساوەکان، و سەدان هەزار لە گەنجانی کوڕ و کچی بێکار و شۆڕشگێڕ و خوێندکار، لەگەڵ توێژگەلێکی فراوانی زیانپێگەیشتوو لە  بارودۆخەکە و ملهوڕی ڕژێمەکە.

ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی ئەم ڕاپەڕینە دەکەینەوە و بە ڕێزەوە لەبەردەم قوربانییەکانیدا دەوەستین، و حکومەت بەرپرس دەکەین لە ئاشکراکردنی ئەوانەی تاوانی کوشتنی جەماوەری ڕاپەڕیوویان ئەنجامداوە، وە بەرپرسیشی دەکەین لە ئازادکردنی فڕێندراوان و دەستگیرکراوان، و هەڵوەشاندنەوەی سکاڵا هەڵبەستراوەکان دژ بە چالاکوانانی ناو ڕیزەکانی ڕاپەڕینەکە.

یادکردنەوەی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر لە ڕێگەی خۆپێشاندانە چاوەڕوانکراوەکانی سبەینێوە، کە گروپ و لایەنە جیاوازەکان ئامادەکاریی بۆ دەکەن، لە بارودۆخێکدا دێتە پێشەوە کە ناڕەزایەتیی جەماوەریی گەنجان، کرێکاران و ژنان لە عێڕاقدا ڕوو لە هەڵکشانە؛ ئەو ناڕەزایەتییانەی کە بە ئاستی جیاواز لە هێز و فراوانی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی عێراقدا لە ئارادان، و ئامانجیان بەدیهێنانی داواکاری و ئامانجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بەم جەماوەرەیە، بۆیە هەر یادکردنەوەیەکی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر پێویستە ئەم ئامانج و داواکارییانە ڕەنگ پێبداتەوە لە خۆیدا. هەروەها، ئەم یادکردنەوەیە دەبێت ڕووخساری ئەو شەپۆلە بەرینە شۆڕشگێڕانەیە لە هەڵسانی جەماوەری گەنجان و کرێکاران و بێکاران لە سەرانسەری جیهانیش لە خۆیدا ڕەنگ پێبداتەوە؛ بەتایبەت ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەی کە لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای داگرتووە لە ئاکامی ئەو مەینەتی و بارەسەختەی کە ماوەیەکی دوورودرێژە جەماوەر بە دەستیانەوە دەناڵێنێت، هەر لە توندوتیژبوونەوەی قەیرانی سەرمایەداریی هاوچەرخ و جەنگەکانیەوە بگرە تا پەرەپێدانی عەسکەرتاریەت و سیاسەتە ئابوورییە نیولیبرالییەکانی هێزە بورژوا فەرمانڕەواکان، ئەم مەینەتی و بارسەختیانەی کە لە عێراقیشدا جەماوەر دەرگیریانە.

بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر و بەرزکردنەوەی داواکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییە ئازادیخوازانەکانی چینی کرێکار و گەنجان و ژنان، هەنگاوێکی پێشەنگانەیە و جێگای پشتگیریی هەموو کۆمۆنیست و ئازادیخوازانە. وە لەهەمانکاتدا بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە دژی ئەو سیاسەتانە بووەستینەوە کە ئەم ناڕەزایەتییانە، لەوانەش یادکردنەوەی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر، لەبار دەبات لە ڕیگەی سیاسەتی ڕیفۆڕمیستانەی سازشکارانەوە کە ڕژێمەکە دەپارێزێت و لەگەڵ ئامانج و داواکارییەکانی ئەو ناڕەزایەتیانەدا ناکۆکن و لە قاڵبیان دەدا. بێگومان، ئەم سیاسەتانە دژ بە واقیعی چینایەتی و پرۆلیتاریی ئەم خۆپیشاندانانە و ئاواتەکانی جەماوەرەی ناڕازی و ئامانجە چینایەتییەکانیان و داواکارییە دەستبەجێکانیانە.

یادکردنەوەی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر دەبێت یادکردنەوەی ئەو ئامانج و داواکارییانە بێت کە سەدان هەزار خۆپیشاندەر خەباتیان بۆ کرد؛ واتە کۆتاییهێنان بە ڕژێمی سیاسیی پشکپشکێنەی قەومی و تایفیی گەندەڵ، و ڕزگاربوون لە هەژاری و بێکاری و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی کە دەوڵەت و سیاسەتە ئابوورییە نیۆلیبرالییەکانی سەپاندوویانە بەسەر جەماوەردا؛  ئەمە و خەباتیشیان کرد بۆ جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و لە سیستەمی پەروەردە؛ و کۆتاییهێنان بە پاشکۆیەتی بۆ ئەم یان ئەو هێزی ئیمپریالیستی و هەرێمی.

بەرین بوونەوەی قەڵشتی چینایەتی لە عێراق و خراپتربوونی دۆخی ئابووریی داسەپێنراو بەسەر زۆربەی جەماوەردا، وە زیادبوونی سەرکوتکاریی و زەبروزەنگی دەسەڵاتداران و میلیشیاکان و خلیسکانی هەرچی زیاتری ئەم وڵاتە بۆ ژێرباری کاریگەرییەکانی جەنگێک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە، لەگەڵ بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، گەنجان و ژنان دژ بەم بارودۆخە، و کاریگەریی ناڕەزایەتییەکانی جیهان لەسەر ئەو گەنجە ناڕازییانە، هەموو ئەوانە وایان کردووە ئیسلامییەکانی لایەنگری سەدر و مەرجەعییەت، یان گروپە ئیسلامیـیە سازشکارەکانی وەک “بزووتنەوەی ئیمتیداد” و قەوارە پەرلەمانیـیە هاوشێوەکانیان، ئەمجارە نەتوانن ئەجیندای خۆیان تێکەڵ بە داواکاری و ئاواتەکانی گەنجان بکەن، وەک ئەوەی لە کاتی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)دا ڕوویدا.

بەڵام، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم ناڕەزایەتییانەی ئێستا و خرۆشانی شۆڕشگێڕانەی داهاتوو بەدوور دەبن لە کاریگەری و نفووزی ئەم هێزانە و هێزی ڕیفۆڕمیستی و سازشکاری دیکە، کە بە شێوازی جیاواز بەشداری لەم ناڕەزایەتییانەدا دەکەن دژ بە دابینکردنی سەربەخۆیی سیاسیی چینی کرێکار و هەوڵ دەدەن لە ئێستا و لە داهاتوودا ئەم ناڕەزایەتییانە لە قاڵب بدەن لەناو چوارچێوەیەکی ڕیفۆڕمیستی ڕووکەش کە هیچ مانایەکی جیددییان نەبێت بۆ باشکردنی دۆخی گوزەرانی جەماوەر.

لە ژێر سایەی کۆی ئەم بارودۆخەی ئێستادا، هێشتا هێنانەدی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە بەرژەوەندی جەماوەری چینی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوان و ئازادکردنی کۆمەڵگا لە چنگی سەرمایە و ڕژێمە سیاسییەکەی، هەروەها هێنانەدی سەربەخۆیی سیاسی، ڕێکخراوەیی و فکری ئەو جەماوەرە لە سەرجەم ڕەوتە بورژواکان و حیزبەکانیان هەر بەستراوەتەوە بە بەرزبوونەوەی وزەی شۆڕشگێڕانەی ئەم چینە و توێژە پرۆلیتاریـیەکانی، لە ژنان و پیاوان، وە لە کۆتایـیشدا هێشتا ئەرکە سیاسیـیەکە هەر بریتیـیە لە چەسپاندنی پایەکانی ڕێکخراوێکی سیاسی ڕابەری کۆمۆنیستی لە دڵی ئەم بزووتنەوە چینایەتیـیە پڕۆلیتاریـیەدا کە بەرزبێتەوە بۆ ئاستی بەدیهێنانی ئەم ئەرکە مەزنە.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق لەسەر هەمان ڕێباز و ئاراستە بە جێگیری و لێبڕاوانە خەبات دەکات بۆ ئەوەی چینی کرێکار و جەماوەری پرۆلیتاریا بتوانن بەسەر خاڵە لاواز و کەموکوڕیـیە سیاسی و ڕێکخراوەیـیەکانیاندا زاڵ بن، و لە ناو قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێستادا هەنگاوی گەورە بنێن بۆ هێنانەدی ئەو گۆڕانکاریانە و ڕزگاری خۆیان و کۆمەڵگا لە مۆتەکەی سیستەمی سەرمایەداری و ئەم ڕژێمە سیاسیییەی ئێستا.

٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاوپەیمانی سەربازیی سعودی-تورکی-پاکستانی وەک نموونەیەک!

عەبدوڵڵا ساڵح ووتراوە: "جەنگ سیاسەتە کاتێک وشەکان شکست دێنن، ئابووریـیە کاتێک بەرژەوەندیـیەکان بەریەک دەکەون، و ...

کوشتنی ژنان، لوتکەی شاخە بەفرینەکەی توندوتیژیی خێزانییە، کە لە پشت هەواڵەکانەوە شاردراوەتەوە

شیرین عەبدوڵڵا دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کوشتنیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک ...

کۆمۆنیزم دەبێ ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی و پڕۆلیتاری بە عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگە

نادر عەبدولحەمید هەرێم لە پڕۆسەیەکی مێژوویی جیهانیدا لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە (١٩٩١) کۆمەڵگەی کوردستان ...

ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٤٢

ژمارە (42)ی ڕۆژنامەی (ڕەوت)، ئەیلول/ سێپتێمبەری (2026)، بڵاوکرایەوە ڕۆژنامەی (ڕەوت) بە چاپی وەرەق لە هەرێمی ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، لە یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنیدا

یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق دەکەینەوە، و هەر ساتە هەست بە ...