بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق
ڕۆژی چوارشەممە (٧)ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری (٢٠٢٦)، حکومەتی عەلی زەیدی بڕیاریدا نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلارێکی ئەمریکی بۆ (١٥٢٠) دیناری عێراقی بەرزبکاتەوە، کە پێشتر نرخە فەڕمیـیەکەی (١٣٢٠) دینار بوو. ئەمە سێـیەم دەستکاریی لەم شێوەیەیە لە مانگی کانوونی دووەم/دێسەمبەری (٢٠٢٠)ەوە، هەرچی نرخی ئاڵوگۆڕی هاوتەریبی بازاڕیشە، ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی نرخە نوێـیەکە بەرزبۆوە بۆ نزیکەی (١٨٠٠) دینار.
ئەم هەنگاوە سیاسەتێکە لە دووتوێی خۆیدا دەرەنجامی کارەساتباری هەڵگرتووە، کە بارگرانیـیەکەی بە زۆری دەکەوێتە سەر شانی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش و توێژگەلێکی بەرفراوانی کۆمەڵگا، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن داهاتێکی نزمن لە فەرمانبەران و خانەنشینان، واتە ئەوانەی مووچەی مانگانە وەردەگرن، و ڕاستەوخۆش کاریگەریی لەسەر هێزی کڕینیان دەبێت، چونکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان، بەتایبەتی نرخی پێداویستیـیە سەرەکیـیەکانی وەک خواردن و دەرمان و پێداویستیـیە گرنگەکانی تر. ئەمەش بە مانای توندکردنەوەی هەژاری لەسەر زۆرینەی جەماوەرێک، کە هەر ئێستا هەژارن، هەروەها دەشبـێـتە هۆی زیادبوونی ژمارەی بێکاران لە ژنان و پیاوان و سەخترکردنی ئەو تەنگەنا ئابووریـیانەی کە بەدەستیـیەوە دەناڵێنن، ئەمە جگە لە تەماحی بێسنووری گەورە بازرگانان، کە ئەم دۆخە دەقۆزنەوە بۆ کەڵەکەکردنی هەرچی زیاتری قازانج.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لەو سیاسەتە ئابووریـیە نیو-لیبراڵیـیانەی کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان گرتوویانەتەبەر، و لەسەر ئەو بنەمایەش دامەزراون کە بژێوی جەماوەر بخەنە ژێر لۆژیکی بازاڕەوە و خەرجی خزمەتگوزاریـیە گشتیـیەکانیش کەم بکەنەوە. ئەمڕۆش حکوومەتی عەلی زەیدی درێژە بە هەمان ڕێباز دەدات وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانە خنکێنەرە دارایـیـیەکەی ڕژێمی ئیسلامیی تائیفی و قەومی کە مۆتەکەی سەر سنگی جەماوەرە، لە دوای لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی (٢٠٠٣)وە. قەیرانێک کە هەر لە سەرەتاوە هاوڕای ڕژێمەکە و سیاسەتە ئابووریـیەکانی بووە، و ئێستاش بەهۆی کاریگەریـیەکانی جەنگی ئەمریکا دژ بە ئێران و چەند هۆکارێکی دیکه خراپتر بووە. ئەم هەنگاوەی عەلی زەیدی دەرەنجامی سروشتیی تاڵانی و گەندەڵیی بەربڵاوی ناو سیستەمی حوکمڕانیـیە و گوزارشە لە بێتوانایی ئەم سیستەمە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو قەیرانەی کە دروستکراوی خۆیەتی و ئێستاش عەلی زەیدی بەم هەنگاوەی دەیەوێت لێی دەربازبێت و بارگرانیـیەکەی بخاتە سەر شانی جەماوەر.
حکومەتەکەی ئەم ڕژێمە سیاسییە گەندەڵە سەرمایەدارییە سەلماندوویەتی کە شتێک نیـیە جگە لەوەی درێژکراوەیەکی سروشتی حکومەتەکانی پێش خۆی، وە ئەو بانگەشەیەش کە بەناوی چاکسازیـیەوە دەیکات، وەک بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سنوردارکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و دروشمی پووچی تری لەو جۆرە، جگە لە پڕوپاگەندە و چەواشەکردنی جەماوەر شتێکی تر نیـیە، وە بۆ ئەوەیە سەرنجیان لابدات لەسەر ئازارە ڕاستەقینەکانیان.
هەر کە ئەم هەنگاوە ڕاگەیەندرا، جەماوەرێکی زۆر ڕژانە سەر شەقامەکان لە بەغدا، بەتایبەت لە ناوچەی سەوز و لەبەردەم بانکی ناوەندیی عێراق، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بەوەی حکومەت پێـیهەڵساوە، و داوایان کرد پاشگەزبـێـتەوە و دەستبەرداری هەوڵەکانی بێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەکەی و خۆ دەربازکردنی لە قەیرانە قووڵەکانی لە ڕێگەی بـێـبەشکردنی جەماوەر لە پاروە نانی بژێویـیەکەی.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق خەبات دەکات شانبەشانی خەباتی جەماوەری بەهەژارکراو دژ بە سیاسەتەکانی ئەم تاقمە گەندەڵە و بۆ بەرگریکردنی لە ماف و خواستەکانی خۆیان و هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە کە تەنها لە ڕێگەی خەباتی ڕێکخراو و پێداگرانەی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و ئەو جەماوەرەوە دێتەدی کە لێی زەرەرمەندە لە سەرتاسەری وڵاتدا.
هەر سەرکەوتنێک لەم ڕەوەندەدا هەنگاوێکە بۆ بەدیهێنانی ئیرادەی جەماوەری کرێکاران و زحمەتکێشان و بەهەژارکراوان لە جەرگەی ئەم شەڕە چینایەتیـیە بەردەوامەی نێوانیان لەبەرامبەر بۆرژوا ئیسلامی و قەومی فەرمانڕەوا.
٩ی تشرینی یەکەم/نۆڤەمبەری ٢٠٢٦
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
