دەربارەی گەمارۆی ئابووری لەسەر ئێران، کەش وھەوای جەنگ و تەقینەوەکان لە عێراقدا

ماوەیەکی درێژە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ و دامەزراوەی دەسەڵاتدارەتی ئەمریکا سەرگەرمی تاوپێسەندنی هەڵمەتێکن بۆ سەپاندنی مەرجی زیاتر بەسەر ڕێککەوتننامەی ناسراو بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان (پێنج + یەک) لەگەڵ ئێراندا. بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانەش، ئەمریکا گەمارۆی ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاندوە، کە ڕێگری لە فرۆشی نەوتەکەشی گرتۆتەوە و لەوپێناوەشدا زنجیرەیەک ھەنگاوی گرۆتەبەر.

ھاوکات لەگەڵ جێبەجێ کردنی ئەم سیاسەتانەی ئەمریکا، ئێرانیش ھەستاوە بە لێدانی بنکە ئیسرائیلی و سعوودی و ئیماراتیەکان بە موشەک، ئەویش بە بەکارھێنانی ھێزە میلیشیاییەکانی پابەند بە خۆیەوە لە وڵاتانی تری ناوچەکەدا، کە ئەنجامەکەی خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکی بێ فڕۆکەوان و لێدانی کەشتیەکانی گواستنەوەی نەوت بوو لە دەریای عەرەب و تەنگەی  ھورمز و چەند کردەیەکی  سەربازی تر.

ئەمە و لە لایەکی تریشەوە، بەپێی لێدوانی ھەندێ لایەن چەند فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی بە ھاوکاری لەگەڵ ئەمریکادا لە ناوەڕاستی مانگی تەموزی ڕابردوودا، ھەستان بە لێدان و تەقاندنەوەی چوار سەربازگە و زەخیرەی تەقەمەنیەکانی (حەشدی شەعبی) لە عێراقدا. سەرجەم ئەم ڕووداوانە خوڵقێنەری کەش و ھەوایەکی جەنگی و هەڕەشە بوون بۆ سەرئاسایش و سەلامەتی  هاوڵاتیانی ئێران و عێراق و ناوچەکە و ئەم دۆخەی ئێستایان پێشھێنا کە ھەندێک دەڵێن “جەنگێکە هاتۆتە بەردەم دەرگا” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەرگرتن بە گەشەکردنی تواناییە سەربازیەکانی ئێرانی و ڕێگرتن لە بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمی و کۆنتڕۆڵی تواناییە جەنگیەکانی لە ناوچەکەدا، چەندان ساڵە بەشێکە لە سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریکا، ئەوەش بۆ ئاڕاستەکردنی ڕێڕەوە سیاسی و سەربازیەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا لە بەرژەوەندی خۆی و بەدژی دەوڵەتە ئیمپریالیستە ڕکەبەرەکانی. ئەم سیاسەتانەی ئەمریکا لە بنەڕەتدا پەیوەندی نیە بە گۆڕانی ھاوکێشەی ھێزەکان لە بەرژەوەندی ڕوسیا و ئێران و تەواو بوونی ئاکامی جەنگ لە سوریا لە بەرژەوەندی ئەسەد و پاشەکشە پێکردنی سەربازیانەی داعش و شکستی سعوودیە لە یەمەن، لەگەڵ ئەوەشدا ھەموو ئەم فاکتورانە کاریگەریان ھەبوو لەسەر خێرایی پێدانی گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە دژ بە ئێران.

ناوچەکە ساڵانێکی دوور و درێژە لە دۆخی جەنگێکی بەردەوام دا دەژی بەڕادەیەک کە بۆتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشمەکێشی نێوان بلۆکە ئابووریە جیھانی و ناوچەییەکان و کێشمەکێشی نێوان دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتە ناوچەییە ھاوپەیمانەکانیان بۆ دابەش کردنەوە و دووبارە دابەش کردنەوەی ناوچەکە بە مەبەستی جیۆسیاسی و ستراتیژی و بەدەستھێنانی بەرژەوەندیە ئابووریە گرنگەکانیان. بە شێوەیەکی تایبەتی، لەم دوو دەیەی دواییدا بەڕێخستنی جەنگ لە دەرەوەی سنووری دەوڵەتە دژ بەیەکەکان و کردنی وڵاتانی ئەم ناوچەیە بە مەیدانی جەنگ گرنگی زیاتری پەیداکردوە و جێگەی شەڕی ڕووبەڕووی ڕاستەوخۆی ئەو دەوڵەتانەی لەگەڵ یەکتریدا گرتوەتەوە و بۆتە ئەو شیوازەی کە تاڕاددەیەک دەیگرنە بەر لە ئێستادا.

ئەم جەنگە لەھەر شێوەیەکدا بێت، ئەو سیاسەتەی کە لە پشتیەوە وەستاوە ھەمان سیاسەتی دابەشکاری و کۆنتڕۆڵی جیۆسیاسی ناوچەکانە لە نێوان بلۆکە ئیمپریالیستەکان و ھاوپەیمانە ناوچەییەکانیاندا. ئەم جەنگەی کە لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەئارادایە جەنگێکی ھاوچەرخە لەنێوان دەوڵەتە سەرمایەداریە ئیمپریالیستەکان و ھاوپەیمانە ناوچەییەکانیان وە لە ناوەڕۆکدا چوارچێوەی گرفت و کێشە خۆجێیەکانی خودی ئەم ووڵاتانەی تێپەڕاندوە.

عێراق لە جەرگەی ئەم ڕێڕەوە گشتیانە و ئەم جەنگەی کە لە ئارادایە دەژی وە لەگەڵ ھەر توند بوونەوەیەکی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران مەترسی ئەوەی کە ببێتە یەکێک لە مەیدانەکانی ئەم ڕووبەڕوو بونەوەیە زیاتر دەبێت. وە ناتوانرێت بە ووتار و خۆزگەخوازی حکومەتی عێراقی و کۆبوونەوەکانی هەر “سێ سەرۆکایەتی”ەکە و پێداگرتنەوەیان لەسەر بێ لایەنی عێراق، ووڵاتەکە لەم مەترسیە ڕزگار بکرێت، بەڵکو بە سەپاندنی پاشەکشە و کۆتایی ھێنان بە خودی ڕژێمی سیاسی دەسەڵاتدار و ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و قەومیەکانی زال بەسەر ئەم دۆخەی ئێستادا لەم مەترسیە ڕزگار دەبێ، ئەوەش لە ڕێگەی بردنە پێشەوەی خەباتی یەکگرتووانە و ڕێکخراوی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری ئازادیخواز و کردنی بە بزووتنەوەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانەی بەھێز بەڕووی تەواوی ئەم دۆخەی کە لەئارادایە، ئەمەش پێویستی بە بەھێزکردنی یەکگرتوویی نێونەتەوەیی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و کۆمۆنیستەکان و ڕزگاریخوازان لە سەرجەم ناوچەکەدا ھەیە.

بێگومان پاڵنەرە ڕاستەوخۆکانی ئەم شەپۆلە تازەیە لە هەڵمەتەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە بنەڕەتدا پاڵنەری کۆنەپەرستانەی دەوڵەتێکی سەرمایەداری ئیمپریالیست و عەسکەرتارێکی بە توانایە لە ئاستی جیھاندا، و هەڵقوڵاوی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ستراتیژە جیھانیەکەیەتی دژ بە دوژمنە جیھانیەکانی بەتایبەتی چین و ھاوپەیمانەکانی. ئەمە سیاسەت و ستراتیژیەتێکە بۆ ھێشتنەوەی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر ڕێڕەوی ڕووداوەکانی جیھان و لەو نێوەشدا کۆنتڕۆڵ کردنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەو قەوارە ناوچەییانەی کە بەدەوریەوەن وەکو ئیسرائیل و سعوودیە و ئیمارات ..

جمھوری ئیسلامیش لە ئێران جمھوریەتی دژە شۆڕشە، جمھوریەتی خنکاندن و لە گۆمی خوێن ھەڵکێشانی شۆڕشی ١٩٧٩ی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری بەرفراوانی بێبەش کراوە لە ئێران دا. چاوخشاندنێکی خێرا بە ڕژێمە سیاسیەکانی ئێران و گشت دەوڵەتانی ناوچەکەدا، کە کۆنتڕۆڵی ژیانی سەدان ملیون کەسیان کردوە، نیشانمان دەدات کە ئەم ڕژێمانە لە ئێران و سعوودیە وە ھەتا میسر و سووریا و عێراق و ووڵاتانی تریش ھەموو ڕژێمی بورژوازی ئیسلامی و قەومین کە لە کاتی جیاجیادا لەسەر بنەمای خنکاندنی شۆڕشەکان و تێکۆشانە شۆڕشگێڕانەکانی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەش کراوان بۆ بەدەستھێنانی ژیانێکی باشتر، دروست بوون.

سەرکەوتنی ئەو شۆڕشانە وەیان چوونە سەری  تەوژمی شۆڕشگێڕانە لە زۆربەی ئەو ووڵاتانەدا، وەک لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و لە میسر ٢٠١١، دا ڕوویدا، دەکرێ مانای چونە پێشەوەی هەرچی زیاتر بێت بۆ لێدانی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتدارێتی سەرمایە و نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی فەرمانڕەوایەتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری شۆڕشگێڕ بۆ بەدەستھێنانی سۆشیالیزم.

ئەوەی کە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت لە ململانێی سیاسی نێوان ھێزە بۆرژوازیە جیاجیاکان ھەڵگری سرووشتی ئەم دژە شۆڕشەیە لە سەرجەم ڕێڕەو و گەشەسەندنەکانیدا. پێشھێنانی کەش و ھەوای جەنگ و ھەڵگیرساندنی جەنگ و توندوتیژ کردنەوەی کێشمەکێشی ئیمپریالیستیانە لەلایەن ئەمریکاوە دژی دوژمنە جیھانی و ھێزە ناوچەییە ھاوپەیمانەکانیان، لە بناغەدا لە پێناوی هەرچی پتەوکردنی زیاتری دژە شۆڕش بوونە لە ناوچەکەدا. لەکاتێکدا کە ھەڕەشە و گەمارۆی ئابووری ئەمریکا ئاراستەی ڕژێمی ئێران دەکرێت لە ھەمان کاتدا و بەشێوەیەکی جیانەکراوەش ئاراستە دەکرێت بۆ لاوازکردنی ھێزەکانی شۆڕش و خنکاندن و لێدانی تەواوی جموجۆڵە شۆڕشگێڕانەکان لە ئێران و ناوچەکەدا.

ئەو ناوەڕۆکە ئیمپریالیستیە کۆنەپەرستانەیەی کە لە پشت گەمارۆی ئابووری ئەمریکاوەیە بۆ سەر ئێران، هەر لەو کاتدا کە هێنانەدی بەرژەوەندیە سیاسی و ستراتیژیە کۆنەپەرستەکانیەتی لە هەمان کاتیشدا هێنانەدی مەرامەکانیەتی لە سەرکوت و خنکاندنی شۆڕشەکان و ڕێگرتن بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لە ئێران و ناوچەکەدا. گەمارۆی ئابووری و خوڵقاندنی کەش و ھەوای جەنگ، دژی خەباتی جەماوەر و بزووتنەوەی ڕوولەسەری خەڵکە لە ئێستادا بۆ ڕزگار بوون لە دەست ڕژێمی ئیسلامی دەسەڵاتداری ئێران.

ئێمە لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق)، گەمارۆی ئابووری ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ملھوڕی و ھەڕەشەی جەنگ و خوڵقاندنی کەش و ھەوای جەنگ لە ناوچەکەدا بە توندی سەرکۆنە دەکەین. وە لەھەمان کاتدا ھاوپشتی نێونەتەوەیی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری ئازادیخواز و کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکانی ئێران بۆ ڕزگاربوون لە دەست ڕژێمی دژە شۆڕشی بورژوازی، ڕژێمی جمھوری ئیسلامی و بەدەستھێنانی ئازادی و ئاسوودەیی و یەکسانی.

ھەروەھا هەر لەو کاتەدا کە بە توندی سەرکۆنەی دەست تێوەردانەکانی ڕژێمی جمھوری ئیسلامی دەکەین لە عێراقدا لە ڕێگەی دروستکردنی ھێزی میلیشیایی پابەند بەخۆی و بەکارھێنانیان بۆ جێبەجێ کردنی کردەی سەربازی بۆ بەدەستھێنانی ئامانجە ستراتیژیەکانی لەم وڵاتەدا، لە هەمانکاتیشدا،  سەرکۆنەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەین لە کردنی عێراق بە گۆڕەپانی جەنگ لەگەڵ ئێران. ھەروەھا سەرکۆنەی ئێران دەکەین لە ئەنجامدانی کاری سەربازی و تووند کردنەوەی کەشی ئەم جەنگەی ئێستا.

ئەمە و ھێزیشمان دەخەینە پاڵ ھێزە جیھانیەکانی دژ بە جەنگ، وە بانگەوازی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشان و ئازادیخوازان دەکەین لە عێراقدا، بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی خەباتیان بۆ کۆتایی ھێنان بە ڕژێمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەسەڵاتدار.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

٢٣/٨/٢٠١٩

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بەرەو گەشەکردنی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی بەتوانای ژنان، هاوکاتی بزووتنەوەی کرێکاری ڕوو لە هەڵکشان لە عێراقدا.

بەبۆنەی هەشتی مارسەوە: ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا پێشوازی لە (٨)ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەین، کە ...

ئێمە حزبی کۆمۆنستی شۆڕشگێر دادەمەزرێنین. ڕاپۆرتێکی زۆر کورت لەسەر ڕوداوێکی مێژوویی!

ئامادەکردنی - جەمال کۆشش ڕەوتی مارکسیستی نێو گەنجانی سۆشیالیست( دێر فونکە)، رۆژی شەممە ،١٠/٢/٢٠٢٤ لە ...

توندبونەوەی ناکۆکییەکانی سەرمایەداری  و قەیرانە ئیکۆلۆژییەکانی!

جەمال کۆشش کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس   کۆڕبەندی داڤۆس، سروتێکی ناوازەی هەیە، وێنەیەکی چڕی خەونە دۆزەخیەکانی ...

ڕێگری لە خۆپێشاندان و گەمارۆدانی بارەگای حزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر بە توندی مەحکوم دەکەین

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی (حزبی شیوعی کوردستان)، بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری شاری هەولێر مۆڵەتیان نەداوە بە (کۆمیتەی ...

بڕیارنامە لەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پەیوەند بە شەڕێکی کۆمەڵکوژی کە ئیسرائیل لە غەززە بەڕێیخستووە

شەڕی جینۆساید دژی دانیشتوانی غەززە پێی ناوەتە (١٠٨)ەمین ڕۆژی خۆیەوە، لە دووشەممە (٢٢)ی ژانویەی (٢٠٢٤)، ...