لە یادی هاوڕێ ئاراس و خۆپێشاندانەکەی تەموزی  ١٩٩١دا، چاوپێکەوتن لەگەڵ جەمال کۆشش

ڕەوت: خۆپیشاندانی (١٧-٧-١٩٩١)، لە شاری هەولێر، بۆ ڕۆژی دواتریش لە شاری سلیمانی،جمال کوشش تێکشکانی یەکجاری ڕژێمی بەعس و پێێچانەوەی دامودەزگا سەرکوتگەرییەکانی لە تەواوی کوردستاندا، مێژووییەکی پرشنگداری خەباتی جەماوەرییە، هەڵسوڕاوان و ڕێکخراوەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئەودەم، ڕۆڵیکی گرنگ و چارەنسوسازییان لەو هەڵشاخانە کۆمەڵایەتیانەدا بینی، لەو نەبەردە و لە هێرشی جەماوەر بۆ سەر باڵەخانەی پارێزگاری هەولێر، هاوڕێ (ئاراس مەولود)، کادری (ڕەوتی کۆمۆنیست) تیا گیان لەدەستدا دەدا، دەتوانیت لەو بارەوە، بارودۆخی خۆپێشاندانەکە و ڕۆڵی هاوڕێ ئاراس و چۆنیەتی گیان لەدەستدانەکەی ڕوونکردنەوەی ووردتر بدەی”؟

جەمال کۆشش: یادی ئاراس، یادی ناڕەزایەتی و کۆبونەوەکانی کرێکارانی شارەوانی، کرێکارانی ڕستن و چنین و کارەبایە، یادی گەڕەکە هەژارەکانی تەیراوە و کوران، یادی شۆڕشگێڕی و جەربەزەیی و ئامادەییە بۆ دەستدانە چەک و هەڵشاخان بەڕووی ستمەکاری، هەژاری و بێکاری، بۆ کۆتاییهێنان بە چەوسانەوە.

آراس مولود

کۆمەڵگای ئەو دەمی کوردستان و عێراق، لە ڕەشترین رۆژگارەکانیدا بوو. پاش ئەوەی خەڵک لە ئاوارەبونێکی ملێۆنی بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا، خۆی لە کوشتاری بەکۆمەڵ ڕزگار کردبوو. هەر ئەو دەم خەڵک لە نێو تاشە بەرد و کەند و کێوەکاندا، لاشەی کۆرپەکانی دەناشت، پەککەوتەکانی بەسەر شانەوە بوو، ماڵ و حاڵی لە ژێر چادر و ناو مزگەوت و بندیوارەکان بوو، سەرانی بەرەی کوردستانی، ژێر بەژێر لەڕێگای وەفدەکانەوە، وەک لە نامێلکەی بیرەوەرییەکانیاندا هاتووە، بە نێوەندگیریی موکرەم تاڵەبانی کەوتبونە گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی بەعس

خەڵک ووردە ووردە بە ناچاری و بە بێئومێدی  گەڕانەوە نێو شارەکان، لەو ماوەیەدا، هەندێک بەڕێوەبەرایەتی هاوبەشی بەرەی کوردستانی و حکومەتی بەعس پێکهاتبوو. هەروەها لەو ماوەیەدا هیچ کاروکاسبیەک نەبوو. نرخەی شتومەکەکان بەرزبونەوە و گرانیەکی تۆقێنەر وەک کابوسێکی خنکێنەر لە گەردنی ژیانی هەزاران هاوڵاتیدا ئاڵابوو. لانی کەمی خزمەت گوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا، نەخۆشخانەکان،… بۆ نزمترین ئاست دابەزی بوو. توندوتیژی و ماڵبڕین و نائارامی شاری وێرانکردبوو، ئۆردوویەک لە دەسگێڕ و عەرەبانچی و کاری مەمرەومەژی پەیدا بوو. لەو لاشەوە (پیاوە شۆڕشگێڕەکانی کوردایەتی؟)، کەوتنە ئاودیوکردن و تاڵانکردنی هەرچی پارەی کردبا، گومرگ و سەرانە، دزی و ڕاورووت و ڕێگری  وەک پیشە وپسپۆڕی لێهاتبوو. .

لەگەڵ ئەوەشدا کە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە ئاستی نێونەتەوەییدا، بە خەستی لەژێر بۆردومانی میدیا و فەلسەفەی کۆتایی کۆمۆنیزم و سەرکەوتنی  بۆرژوازیدا بوو، وە لە ئاستی لۆکاڵیشدا، لە نێو ژینگەیەکی زۆر کۆنەپەرست دا هەڵدەسوڕا، بەڵام چەپ و کۆمۆنیزمی ئەو کاتەی کوردستان توانی ڕۆڵێک لەناو ئەو ڕووداو و ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەدا بگێڕێ. هەڵسوڕاوان بە ئازایەتیەکی بێوێنە و گیانفیدایی و لە خۆبوردووییەکی ماندونەناسانەوە، بە ئومێدێکی ئامانجدارانەوە بەگەرمی خەباتیان دەکرد. ئاڵای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس وەک پیشمەرجی هەر ئالوگۆڕێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرزکرابۆوە، لەبەرامبەر ناسیۆنالیزم و پشتبەستنی (بەرەی کوردستانی) بە وڵاتە ئیمپریالیستەکان، ئەنتەرناسینالیزم و هاوپشتی نێو نەتەوەیی ڕاگەیاند و بۆ چارەسەری هەژاری و ئاوارەیی بەدژی ئابڵوقەی ئابوری وەستایەوە و (کار، نان، ئازادی) پەرچەمی تێکۆشانەکانی بوو.

دەمەوێت ئەوە زۆر بەڕاشکاوی بە خوێنەران بگات، کە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بەگشتی و بەتایبەتیش ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست) دوای تێکشکاندنی ڕژێمی بەعس لە کوردستان، تاکە هێزی ڕکەبەری سیاسی لە بەرامبەر (بەرەی کوردستانی) بوو. هێرشەکانی (پارتی دیموکراتی کوردستان) بۆ سەر هەڵسوراوان و بنکە و بارەگاکانی (ڕەوتی کۆمۆنیست) لە ناوچەی بادینان، هێرشە چەندین جارەکانی (یەکێتی) بۆسەر بنکەی (ڕەوت) لە هەڵەبجە و ڕانیە. دەرگیری و کێشمەکێش و پێکدادان لە نێو شار و شارۆچکەکاندا، لەسەرانسەری کوردستان، لە شەقڵاوە و چۆمانەوە بیگرە تا نێو ڕانیە، بە بەردەوامی هەڕەشەی لەنێوبردنمانیان دەکرد. کەمینیان دادەنا بۆ تیمە ئاژیتاتۆرییەکانمان کە لە بنکەی ڕانیەوە بڵاودەبونەوە، خەڵکی شەڕانگێزیان دەنارد بۆ نێومان. چەندین گروپ لەوانە هاوڕییانی گروپی (ئینقاز) و (هێڵی مارکسی) کە کۆمەڵێک پێشمەرگەی (پارتی گەڵ) بوون دەیانویست پێمانەوە پەیوەست. لەبەر هۆکاری ئەمنی و کێشەی ناجێگیری نەتوانرا لەناو ڕیزەکانی (ڕەوتی کۆمۆنیست)دا جێکەون و ببنە بەشێک لە باڵی عەلەنیکارەکەی.

ڕەنگە لە باسی وەڵامدانەوەکەتان واوەتر چوو بم، بەڵام بۆ ئەوە کە تیگەیشتنێکی ووردتر لەو بڕگە مێژوییە بدەین بەدەستەوە، لانی کەم ئەوە ڕوون بێت، کە ناسیۆنالیزمی کورد، تەنها کاتێک کە  توانی بە زەبروزەنگ و تیرۆر و کوشتار، کاریگەری بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لەسەر کۆمەڵگا کەمبکاتەوە، هەژمون ودەسەڵاتی خۆی داسەپاند.

بەهۆی ئەوەی کە من لە بەشی عەلەنیکاری (ڕەوت) بووم، کەمتر ئاگاداری ئەو چالاکی و ئامادەکاریە نهێنیانە بووم کە بەشی نهێنی کاری (ڕەوت) و گروپ و هەڵسوڕاوانی تری بزوتنەوەکە بۆ خۆپیشاندانەکە خەریکی بوون. ئێمە لە  (بنکەی ڕەوت)،  لە شارۆچکەی ڕانیە، چوار (٤) هاوڕێ (جەمال کرێکار، مام ڕەحیم، ئاراس و من) ئەو ئەرکەمان پێسپێردرا کە بەشداری لەو هەڵسان و خۆپیشاندانە جەماوەرییەدا بکەین کە لە (١٧تەموزی ١٩٩١)دا لە هەولێر  بەڕێوەچوو.

دیارە هاوڕێیانی دیش لە بەشی نهێنی (وەک سەمیر نوری ،…) بەشداری کاریگەر و جددییان هەبوو. جگە لەوەی (ڕەوتی کۆمۆنیسیت) بەهۆی بەرگری لە مافەکانی کرێکاران و ژنان و چالاکانە تێدەکۆشا بۆ کۆتایهێنانی ڕژێمی بەعس لە کوردستان، شەخسیەتێکی سیاسی خۆشەویستی پەیدا کردبوو.. (ڕەوت) لە کارگەکان و نێوەندە کرێکارییەکانی ئەو دەم، لەنێو جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستاندا ئۆتۆریتە و سەمپاتی و لایەنگرییەکی زۆری هەبوو، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە ڕۆژی پێشتر ئێمە لە نێو شاری هەولێردا، کەمپینێکی سەرکەتومان لە زۆربەی گەڕەکەکاندا بەڕێوەبردبوو.

هاوڕێ ئاراس، هەرخۆشنووسێکی بە هەرەمەند نەبوو، هەڵسوڕاوێکی مەیدانی کرێکاری و سیمایەکی یەکجار خۆشەویستی نێو کرێکاران و هاوڕێێانی (ڕەوت) و خێزانەکەشی بوو. وە لە نێو (ڕەوت)یشدا چەندین بەرپرسیارەتی جۆراوجۆری گرتبووە سەرشان، ئەو بەرپرسی سەربازی تیمە چوار کەسەکەمان بوو، بەداخەوە ئەو وەک دەبوو، لە جێگایەک کۆببینەوە، ئارامی نەگرتبوو، وە لە ڕیزی پێشەوەی هێرشبەرەکاندا بوو بۆ سەر بنکەی پاڕێزگای هەولێر و لە یەکێک لەو هێرشبردنانەدا، کە هێزەکانی ڕژێمی بەعس خۆپێشاندەران دەدەنە بەر دەستڕێژ، گولـلەیەک بەر دەموچاوی دەکەوێت و یەکسەر گیان لەدەست دەدات. کارەساتی گیانلەدەستدانی ئاراس، وەک باری تایبەتی خۆم، هەموو خۆشیی تێکشکاندن و هەڵپێچانی دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس و کشاندنەوەی لە کوردستان  لە بیربردمەوە.

ئەو خۆپێشاندانە، خۆپیشاندانێکی جەماوەری گەورەبوو، کە خۆپێشاندەران چەکیشیان پێبوو، وە چەکی جۆراجۆری تیا بەکاردەهات، لە ئارپی جی و بیکەسیەوە بیگرە تا دەمانجە وگاز پژێن. لە چەندین لاوە پیکدادان بەردەوام بون..

شکستپێهێنان و دەرپەڕاندنی ڕژێمی بەعس لە کوردستان بە دەستپێشخەری هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی، وە بە خەباتی جەماوەری و شێوازی خۆپیشاندان، ڕوداوێکی گرینگ و هەنگاوێکی شۆڕشگێرانە بوو، ئەمەش لە کاتێکدا وەفدی (بەرەی کوردستانی) بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی لە بەغداد خەریکی گفتووگۆ بوون. بۆیە حزبە پێکهێنەرەکانی (بەرەی کوردستانی) وایان دادەنا کە ئەو خەباتە جەماوەریە و هێزی کۆمۆنیستەکان، کێشی سیاسیان سوکدەکات لە بەرامبەر حکومەتی بەعسدا و کاری دانوسان و ساتوسەودای ئەوان بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە ڕژێمی بەعس تێک دەدات.

ڕەوت: ڕژێمی بەعس وەدەرنرا لە کوردستان، پرۆسەی جێگرتنەوەی دەسەڵات و شێوازی حوکمڕانی هاتە پێشەوە، (بەرەی کوردستانی) پەرلەمانی کوردستانی لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە پێکهێنا، شەڕی نێوخۆ ڕوویدا، چۆن ڕۆڵی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لەو دەورەیەدا هەڵدەسەنگێنی؟

جەمال کۆشش: وەدەرنانی بەعس، بۆ هەروەرچەخانێکی ڕێشەیی پێشمەرج بوو. بەبێ ڕاماڵینی ئەو مۆتەکەیە و دوورخستنەوەی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئاڵوگۆڕ هیچ دەرفەتێکی نەبوو. ئەمە بۆ کۆمۆنیستەکان، تەنها پێشمەرج بوو بۆ ئاڵوگۆڕ لەبەرژەوەندی ئازادی و خەڵک، ماف و کەرامەتیان، ڕزگاربوون لە کابوسی ئەنفال و مەرگی بە کۆمەڵ، لەزیندانی و ئیعدام، بەڵام بۆ ناسیۆنالیستەکان و بەتایبەت حزبەکانی نێو (بەرەی کوردستانی) هەوڵدان بوو بۆ بەشداری لە دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس و دابەشکردنی پۆستەکان و سەروەتوسامان، یان وەک ئەوەی کە بوو بە واقیع جێگرتنەوەی ئەو دەسەڵاتە بوو بە دەسەڵاتی خۆیان کە هەمان سیستم و یاساوڕێسای هەبێت.

کاتێک پرۆسەی هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان لە کوردستان بەڕێوەدەچوو، (ڕەوتی کۆمۆنیست)، بایکۆتی هەڵبژاردنی کرد (هەر چەندە بە بۆچوونی بەشێک لە ڕێکخستنەکان و منیش، ئەوە نەناسینی هەلومەرج و هەڵەیەکی تاکتیکی سیاسی بوو)، بەڵام ژینگەکە هێندە کۆنەپەرستانە بوو، نەماندەتوانی جەماوەر کۆبکەینەوە و سمینار و کۆڕ بگرین سەبارەت بە بایکۆتکردن. بەحساب، هەڵبژاردن و پەرلەمان بەرهەمی خەباتی دیموکراسی و پێشکەوتنخوازییە.. مافی هاوڵاتی و دەوڵەتی یاسای مەدەنی و خۆشگوزەرانی و ئارامی بۆ کومەڵگا لە ڕێگای دابینکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئابورییەوە دابیندەکات. بەڵام ئەوە بۆ (یەکێتی) و (پارتی)، قسەیەکی بێ بنەما و پوچ بوو. یەکەم شەوی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، کەوتنە شەڕە تەقە و مقەڕگرتن و سەروگوێلاک شکاندنی یەکتری و هێزنواندن بەرامبەر یەکتری. هەر چەندە سەرەتا گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە ناسراوە بە ففتی ففتی، بەڵام دواتر کەوتنە تۆپبارانی پەرلەمان و شەڕی نێو شارەکان و هێنانی سوپای ڕژێمی بەعس لەلایەن (پارتی) و پاسدارانی ڕژێمی ئێران لە لایەن (یەکیەتی) و شەڕی ناوخۆ و کوشتن و ئەتککردنی دیلەکانی یەکتری، تا ڕێککەوتنامەی شەڕ ڕاگرتن (١٩٩٨) بە فشاری ڕاستەوخۆی ئەمەریکا و شکستی یەکێتی و ئاڵوگۆرەکانی دواتری گۆڕەپانی سیاسی.

ڕێزگرتن لە ئازادیەکان و مافەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، دایەلۆگی سیاسی و زمانی نەرم، لە کلتوری سیاسی ئەم حزبانەدا ئاسەوارێکی نیە و هەر لە بنچینەدا نەبووە.. هەر ئەو دەم ١٩٩٢(ڕێکخراوەی یەکێتی بێکاران لە کوردستان)، کە پرۆژەیەکی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بوو، بۆ داسەپاندی هەندێ ڕیفۆڕم و بەدەستهێنانی مافی بێکاران بە هەڕەشە و گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی، سەرکوت و کپیان کردەوە.

دواتریش کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق پێکهات، هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی رۆڵیکی کارا بگێڕێت لە نێو چەوساوەکان، بزوتنەوەی کرێکاری، ژنان، وە لە کێشەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستاندا. هەموو ڕێکخراوەکانی؛ وەک (خوێندکارانی سەربەخۆ)، (ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان)، (مامۆستایان)، (کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان)، (کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ) و (نینا) و کۆڕوکۆمەڵە کانی تر هەمویان دیاردەی پرشنگدار بوون، کە مێژویەکی تریان لە کوردستاندا لەبەرامبەر مێژووی سەرکوت و گەندەڵی ناسونالیزمدا تۆمار دەکرد. هەڵسوراوەکان و کلتووری سیاسی و رۆشنبیرییان و زمان و ئاکاریان پەیوەندییەکی قووڵی بە ژیان و شکۆی ئینسان و ماف و ئازادیەکان و بەرژوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانەوە هەبوو. مێژووی ئەو دەورەیە، سەدایەکی ڕاسا بوو، چەوسانەوە کۆمەڵایەتی و ئابووریی و دواکەتوییە فەرهەنگی و زانستیەکانی بە ناوەڕۆکی دەسەڵاتی گەندەڵی بۆرژوازی کوردەوە لە  کوردستانی عێراق گرێدەدا.

هەر بۆیە دەسەڵاتی ئەو حزبە ناسیونالیستانە، زۆر قەهراوی و دڕندانە دەکەونە گرتن و ڕاوەدوونان و تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوانی ئەو ڕێکخراو و بزوتنەوانە لەوانە (بەکر عەلی، نەزیرعومەر، شاپور و قابیل و دەیانی تر)، ناسیۆنالیزمی کۆنەپەرست، ناتوانیت تەحەمولی ڕکابەر وکێشمەکێشی سیاسی بکات، ئەم حزبانە تەنها لە ڕێگای کپکردنی دەنگی ئازادیخوازان و سەرکوتی ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە، لە دەسەڵاتدا ماونەتەوە.

ئەمە کێشمەکێشێکی چینایەتی بوو کە بۆرژوا ناسیونالیستی دەسەڵاتداری کوردی توانی  بەر بە بزوتنەوەی بەرگری لە ئازادی و مافەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان کە کۆمۆنیستەکانی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگیان  تیا بوو، بگرێ و پاشەکشەی پێبکا، بەڵام ئەوە  تەنها نیوەی هەقیقەتەکەیە. نیوەکەی تری هەمان ئەو پرسیارانەیە کە ئەمڕۆ بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە خۆی دەکات، ئایا ئەوە قەدەرێكی حەتمی بوو؟ ئایا وەڵامی کۆمۆنیستەکان  بۆ کێشەکانی ئەمڕۆی چینی کرێکاری کوردستان، لەسەر هەڵسەنگاندنی قوڵ و ڕاشکاوانەی مێژووی ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێت لە چەقبەستنی سیاسی ڕزگاری بکات؟ ئایا نەوەیەکی نوێی کۆمۆنیستی لەمڕۆی کوردستاندا، چ جۆرە ئالتەرناتیفێکی سیاسی هەڵدەبژێرنەوە؟  سوپاس بۆتان

ڕەوت : سوپاس بۆ تۆش.

——–

جەمال کۆشش: زۆرێک لە وردەکاری ئەو ڕوداوانە ڕەنگە بەتەواوی بیرم نەمابن، بەهۆی ئەوەی لە شەڕێکی  پێشتردا، بەخەستی بریندار بووم و گولـلەیەک بەر سەرم کەوت و کاریگەری لەسەر زمان و جەستە و بیرەوەرییەکانم داناوە.

ئابی ٢٠١٩

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاوپەیمانی سەربازیی سعودی-تورکی-پاکستانی وەک نموونەیەک!

عەبدوڵڵا ساڵح ووتراوە: "جەنگ سیاسەتە کاتێک وشەکان شکست دێنن، ئابووریـیە کاتێک بەرژەوەندیـیەکان بەریەک دەکەون، و ...

کوشتنی ژنان، لوتکەی شاخە بەفرینەکەی توندوتیژیی خێزانییە، کە لە پشت هەواڵەکانەوە شاردراوەتەوە

شیرین عەبدوڵڵا دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کوشتنیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک ...

کۆمۆنیزم دەبێ ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی و پڕۆلیتاری بە عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگە

نادر عەبدولحەمید هەرێم لە پڕۆسەیەکی مێژوویی جیهانیدا لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە (١٩٩١) کۆمەڵگەی کوردستان ...

ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٤٢

ژمارە (42)ی ڕۆژنامەی (ڕەوت)، ئەیلول/ سێپتێمبەری (2026)، بڵاوکرایەوە ڕۆژنامەی (ڕەوت) بە چاپی وەرەق لە هەرێمی ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، لە یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنیدا

یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق دەکەینەوە، و هەر ساتە هەست بە ...