نا بۆ ئەمریکا و ئێران و تاوانە ترۆریستیەکانیان لە عێراق، ڕێگەی ڕزگاری سەرکەوتنی ڕاپەڕینە

پێکدادانی سەربازی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانی ناو عێراقیەوە، ھەر ماوە نا ماوەیەک بە مەبەستی باڵ شکاندنی یەکتری، دووبارە دەبێتەوە. بە کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەھدی موھەندس و چەند کەسی تر لە لایەن ئەمریکاوە لە بۆمبابارانێکی ھەوایی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، ئەم پێکدادانە گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی.

مێژووی کارکردی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و سیاسەتەکانی، مێژووی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و کاولکاری و داگیرکردنە، مێژووی برسیکردن و گەمارۆی ئابووری و بەکارھێنانی چەکە کوشندەکانیەتی دژ بە گەلێک کە بە ھەزاران کیلومەتر لێیەوە دوورە، مێژووی ئەنجامدانی کوشتارگە و ئاوەڵاکردنی دەستی دڕندە ترۆریستیەکانی چەشنی ئەلقاعیدە و داعشە بۆ وێرانکردنی عێراق و ناوچەکە.

دەسبەسەراگرتنی ئەمریکا بەسەر چارەنووسی جەماوەر لە عێراق و دەستێوەردانی سەربازیانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا، مانایەکی نەبووە جگە لە پاشەکشە پێکردنێکی لە ڕاددەبەدەری مادی و مەعنەوی ئەم جەماوەرە و داسەپاندنی زەلیلی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەسەریدا لە ڕێگەی سیاسەتە نیولیبرالیەکانیەوە، مانایەکی نەبووە جگە لە داڕووخاندنی ژێرخانی مەدەنی کۆمەڵگە و خۆشکردنی زەمینە بۆ بە کۆیلەکردنی ژنان و دابەشکردنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای تائیفە و ” پێکھاتە”کان و دامەزراندن و چەسپاندنی سیستمی سیاسی پشکپشکێنەی تائیفی و قەومی.

ئەم ملھوڕیەی ئەمریکا بەشێکە لە زنجیرەی ئەو تاوانانەی کە ساڵەھایە لەناو عێراقدا ئەنجامی دەدات و بەزاندنی بێ پەردەی ئەو سنورەیە کە لە دووتوێی سیستمی بورژوازی جیھانیدا ناوی لێنراوە سەروەری عێراق.

جمھوری ئیسلامی ئێرانیش نوێنەری ڕژێمی سێدارە و کوشتن و کۆیلەکردن و دژەشۆرشە و مۆتەکەی سەر سنگی جەماوەرە زیاتر لە چوار دەیە، ئەم ڕژێمە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا سەنگەری ئیسلامی سیاسی پێکدەهێنێت و یەکێکە لە ترۆریست ترین ھێزەکانی. ئەو تاوانانەی کە ئەم ڕژێمە و ھێزەکانی و “سوپای قودس” لەژێر ڕابەرایەتی قاسم سلێمانیدا ئەنجامیانداوە دژ بە جەماوەری ئێران و عێراق و ناوچەکە لە ئەژمار نایەن.

ھەوڵەکانی ھێزە میلیشیاکانی سەر بە ڕژێمی ئێران لەناو عێراقدا بۆ بەھرەوەرگرتن لە دۆخەکە و ھێرشی سەربازی بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا درێژەی ھەمان سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانی ئەم ڕژێمە و ئامانجەکانی، و ئامانجی ھێزە میلیشیاکانە لە عێراقدا بۆ خنکاندنی ڕاپەڕینەکە.

ئیمپریالیزمی ئەمریکی و ڕژێمی ئێران و دەستوپێوەندەکانیان لەناو عێراقدا گەورەترین دوژمنانی ڕاپەڕینی ئۆکتوبەر و ھەموو بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازن لەم ووڵاتەدا. حیزبە میلیشیە فەرمانڕەواکان لە عێراق بە ھاوکاری ئێران دەیانەوێت لە ڕێگەی بەسەربازی کردنی ڕاستەوخۆی دۆخەکەوە ڕاپەڕین لەناوبەرن، ئەمریکاش دەیەوێ بەھرەبەرداری ئەو بارودۆخە بکات کە لەئاکامی بەسەربازی کردنەوە دێتە پێش و لێرەوە ڕاپەڕین لەناوبەرێ و پارسەنگی ھێز بگۆڕێت لەناو دەسەڵاتدا لە بەرژەوەندی خۆی و ھێزە کانی سەربەخۆی.

یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتیەکانی ئەم ڕاپەڕینە و ڕوانگەکەی هەر لەسەرەتاوە و تا ئێستا کۆتایی ھێنان بووە بە دەست تێوەردانی ئەم دوو دەوڵەتە و دەوڵەتانی تری ناوچەکە لە ژیانی سیاسی عێراق و هەروەها ڕووخاندنی حیزبەکانی ئەم ڕژێمەی ئێستا و ھێزەکانی بووە کە بە دەیان سەرەداو بەستراونەتەوە بە یەکێک لەم دەوڵەتانە وەیا دەوڵەتانی تری ناوچەکەوە. گرتنەبەری ئەم ڕوانگە سیاسیە و ئەم ئامانجە لە لایەن ڕاپەڕینەوە و کۆبوونەوە لە دەوریان بۆتە پێداویستیەکانی سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە.

ئەی جەماوەری عێراق

ئەی جەماوەری ڕاپەڕیوو

لەگەڵ ھەڵسانی ئەمریکا بە ئەنجامدانی ترۆری یەکێک لە سەرانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانی لەناو خاکی عێراقدا، ئەو مەترسیە زیاتر دەبێت کە عێڕاق بکەوێتە ناو پێکدادانە سەربازیەکان و تووند بوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئەم دوو جەمسەرە کۆنەپەرستە، هەروەها مەترسی تێکچونی دۆخی ئاسایشی عێراقیش زیاتر دەبێت.

بەربەستی ڕاستەقینە لەبەردەم داڕووخانی دۆخی ئاسایش لە عێراقدا؛ پتەوکردنی ئیرادەی جەماوەری ڕاپەڕیووە، بەردەوامیدانە بە ڕاپەڕینەکە، بەرفراوانکردنی پانتاییە کۆمەڵایەتیەکەی و پتەوکردنی ھێزەکانیەتی، پەلوپۆ ھاویشتنیەتی بۆ تەواوی ناوچەکانی ووڵات.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، لە کاتێکدا بە توندی تەواوی کردە سەربازی و کردە ترۆرەکانی ئەمریکا و ئێران لەناو عێراقدا سەرکۆنە دەکات، لە ھەمان کاتیشدا شانبەشانی جەماوەری ڕاپەڕیوو لە عێراق خەبات دەکات بۆ ڕزگار کردنی کۆمەڵگە لە دەستێوەردانەکانیان و دەرپەڕاندنی ھێزە سەربازیەکانیان لە عێراق.

ئەمە و لە جەرگەی ئەم ڕووداوانەدا بەوپەڕی ھێز و پێداگریەوە خەبات دەکات بۆ بەرەوپێش بردن و ڕێکخستنی ھێزەکانی ڕاپەڕین و ھێزەکانی جەماوەری عێڕاق لە شۆرا جەماوەریە شۆڕشگێڕانەکاندا. ڕێگەی ڕزگاری لە تەواوی ئەم بارودۆخەی کە لەئارادایە بەرەو پێشەوە چوونە بۆ بە سەرکەوتن گەیاندنی ڕاپەڕین و هێنانەدی ئامانجە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیەتی لە خۆشگوزەرانی و ئازادی و کار و یەکسانی بۆ ھەموان.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

٣ /کانونی دوەم /٢٠٢٠

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاوپەیمانی سەربازیی سعودی-تورکی-پاکستانی وەک نموونەیەک!

عەبدوڵڵا ساڵح ووتراوە: "جەنگ سیاسەتە کاتێک وشەکان شکست دێنن، ئابووریـیە کاتێک بەرژەوەندیـیەکان بەریەک دەکەون، و ...

کوشتنی ژنان، لوتکەی شاخە بەفرینەکەی توندوتیژیی خێزانییە، کە لە پشت هەواڵەکانەوە شاردراوەتەوە

شیرین عەبدوڵڵا دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کوشتنیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک ...

کۆمۆنیزم دەبێ ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی و پڕۆلیتاری بە عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگە

نادر عەبدولحەمید هەرێم لە پڕۆسەیەکی مێژوویی جیهانیدا لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە (١٩٩١) کۆمەڵگەی کوردستان ...

ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٤٢

ژمارە (42)ی ڕۆژنامەی (ڕەوت)، ئەیلول/ سێپتێمبەری (2026)، بڵاوکرایەوە ڕۆژنامەی (ڕەوت) بە چاپی وەرەق لە هەرێمی ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، لە یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنیدا

یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق دەکەینەوە، و هەر ساتە هەست بە ...