بە تاوسەندنی ئەم دواییانەی ڕاپەڕین، ئەویش بە دەست پێشکەری جەماوەری ڕاپەڕیو لە ڕۆژی بیستی ئەم مانگەدا (٢٠-١-٢٠٢٠)، ڕاپەڕینی ئوکتوبەر پێی نایە قۆناغێکی نوێوە. لێرەوە خەڵکی ڕاپەڕیو و جەماوەری ئازادیخواز ڕووبەڕووی چەند ئەرکێکی دەستبەجێ بوونەتەوە لە بەھێز کردنی ڕاپەڕین لە ڕووی سیاسی و ڕێکخراوەیی و چەسپاندنی پایەکانی دەسەڵاتێکی شۆرایی بەدیل بۆ ئەم ڕژێمەی ئێستا.
ڕاپەڕین لە چەند مانگی ڕابردوودا ھەنگاوی گەورەی هەڵێناوەتەوە و بۆتە قەڵایەکی ڕێگر لە سەرکوت و گرتن و فڕاندن کە دەسەڵات و دامودەزگا موخابەراتیەکانی و میلیشیاکانی ئەنجامیان داوە و دەستبەرداری نەبوون. بەردەوامی ڕاپەڕین و سەرکەوتنەکانی، تەواوی ژێرخانی ئیسلامی سیاسی و دەسەڵات و دامەزراوە ئایدیولوژیاکانی تووشی قەیرانێکی قووڵ و ئاڵۆزکاو کردووە. ئەم قەیرانە دەسەڵاتی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بەسەر ژیان و چارەنوسی ملیونەھا کەس لە جەماوەری عێراقدا ئیفلیج کردوە و بەدوای خۆیدا کەش و ھەوایەکی شۆڕشگێڕانەی لە عێراقدا ھێناوەتە گۆڕێ بە ڕەنگدانەوەشی لە ووڵاتانی تری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێکاران و لاوانی کچ و کوڕ و خوێندکاران و ژنانی کرێکار و چەوساوە و جەماوەرێکی بەرفراوان کە کاری نیوەناچڵ دەکەن، ئەمانە ھێزی بزوێنەری سەرەکی ئەم ڕاپەڕینە پێکدەھێنن، وە ئەمانەن کە ڕاپەڕینیان بە سروشتی چینایەتی خۆیان نەخشاندوە. ئەم جەماوەرە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک لە دژایەتیەکی کوشندەدایە لەگەڵ دەسەڵاتداران و تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فیکری فەرمانڕەوادا.
ڕاپەڕین قەڵای ئەم جەماوەرە پرۆلیتاریە و سەنگەری بەرگری و ئامرازێکی لێهاتووی خەباتیەتی دژ بە دەسەڵاتداران. ئەم ھێزە کۆمەڵایەتیە ئازادیخوازە، وە بە خەبات کردنی نوێنەرایەتی پێشکەوتوخوازی کۆمەڵایەتی و بەدیھێنانی بەرژەوەندیەکانی تەواوی کۆمەڵگە دەکات بۆ بنەبڕکردنی ھەژاری و بێکاری و ھەڵاواردن و ئازاد بوون لە هەر شتێکی دواکەوتوانە، کۆنەپەرستانە و ئیستیبدادی کە دژی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و بەھا یەکسانیخوازەکان و بەختەوەری مرۆڤ و ژیانی ھاوچەرخ بێت.
هەرچەندە ھەوڵوتەقەلاکانی ئێران و ئەمریکا بۆ میلیتاریزەکردنی دۆخی سیاسی عێراق و لەناوبردنی ڕاپەڕین بەردەوام بووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و ڕاپەڕینەکە بە هێز و توانا و چستوچالاکی خۆیەوە شەپۆلی داوە سەرەڕای کاریگەریە نەرێنیەکانی کێشمەکێشی چەکدارانەی نێوان ئەو دوو لایەنە و هەوڵوتەقەلاکانی ھێز و حیزبە میلیشیاییەکان لە عێڕاقدا بۆ میلیتاریزەکردنی دۆخەکە و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک ڕووەو “دوژمنی دەرەکی” و ورووژاندنی هەستونەستی قەومی و تائیفی لەناو جەماوەردا. ڕاپەڕین بە دروشمی “نا بۆ ئەمریکا و نا بۆ ئێران” و دەست تێوەردانیان لە عێراق، وەڵامی ھەردوولای ئەو کێشمەکێشەی دایەوە و پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە ڕێگەی بەرەوپێش چوون، سەرکەوتنی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئەو حیزب و ھێزە میلیشیاییانەیە کە بە سەدان داو بە ھەردوو لایانەوە بەستراونەتەوە.
ئەو داستانە پاڵەوانێتیانەی لاوان و خوێندکارانی شۆڕشگێڕ ڕۆژانە بەڕێی دەخەن بۆ بەرگری کردن لە ڕاپەڕین و بەسەرکەوتن گەیاندنی، دیوارێکی پۆڵایین جیای ناکاتەوە لە خەباتێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرفراوان و ڕۆژانەی ملیونەھا کرێکار و زەحمەتکێش و بێکارانی ژن و پیاو لە عێراقدا لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی باشتر و بە دژی ئەم ڕژێمە سیاسیە.
کۆمەڵگە پۆلاریزە بووە، ھێزە چینایەتیە کرێکاری و جەماوەریە ئازادیخوازیەکانی کۆمەڵگە لە جەمسەرێک و لە دۆخی ڕاپەڕین و خەباتی بەردەوام دان، وە جەمسەرەکەی تر، وەک ھێزی دژەشۆرش، خاوەنانی پوڵوپارە و سەرمایەن، ڕەوتە قەومی و ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و دەسەڵات و حیزب و ھێزە گەندەڵەکانیان و حوتە گەندەڵەکانن.
ئەم پۆڵاڕێزەبوونە کۆمەڵایەتی و چینایەتیەی کە لە عێراقدا هاتۆتە ئاراوە، ناتوانرێت لەڕێگەی توندوتیژی و سەرکوت و میلیتاریزە کردنەوە لەناو ببرێت، وە ناشتوانرێت پاشەکشە بەم پێشڕەویە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایدیولوژیە بکرێت کە بۆتە واقعێکی زیندوو وە بە شێوەیەکی پڕشنگدار لە ڕاپەڕیندا بەرجەستە بۆتەوە.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق ھەر لە ڕۆژەکانی یەکەمی ڕاپەڕینی ئوکتوبەرەوە دروشمی “ھەموو دەسەڵات بۆ جەماوەری ڕاپەڕیو”ی بەرز کردەوە و پێی لەسەر ئەوە داگرت کە جەماوەری ڕاپەڕیو پێویستە خۆی لە شۆرا جەماوەریە شۆڕشگێڕانەکاندا ڕێکخا و وەک دەسەڵاتێکی بەدیل بۆ ئەم دەسەڵاتەی ئێستا کاربکات. ھەر لەم ڕووەوە ڕێکخراومان پلاتفورمێکی سیاسی خستە دەستوری کاری خۆیەوە و بێ ووچان کاری کرد تا جەماوەری ڕاپەڕیو قەناعەت پێبکات هەنگاو هەڵێننەوە بۆ پێکھێنانی شۆرا جەماوەریە شۆڕشگێڕەکان. وە لە بەڵگەنامەیەکی تایبەتیشدا کە ڕۆژی ٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ دەرمانکردوە سەبارەت بە پێکهێنانی شۆراکان لەژێر ناوی “سەرخەتە گشتیەکانی دامەزراندنی شۆرا جەماوەریە شۆڕشگێڕەکان”، سەرخەتی ئەو سیاسەت و ئامانجانەمان ڕونکردۆتەوە کە پێویستە تەوەرەی سیاسەتەکانی دەسەڵاتدارێتی شۆرایی و دەستووری ووڵات بێت.
لەم بەڵگەنامانە و ئەدەبیاتەکانی ترماندا پێمان لەسەر ئەوە داگرتووە کە دامەزراندنی سیستمێکی شۆرایی بەدیل بۆ دەسەڵات لە عێراقدا دەبێت لەناو دڵی کۆمەڵگە دا، لە کارگە و کارخانە و دامەزراوەکاندا، لە گەڕەک، زانکۆ و پەیمانگا و قوتابخانەکاندا دابمەزرێندرێت، بەجۆرێک کە چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و توێژە کۆمەڵایەتیە جیاجیاکان لە ژنان و لاوان و خوێندکاران و بەشە جۆراوجۆرەکانی چەوساوەکان خۆیان لە شۆرا جەماوەریەکاندا ڕێکخراو بخەن. وە ئەم شۆرایانە پەیکەرەی دەسەڵاتێکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری لە سەراسەری ووڵاتدا پێک بھێنێت کە جێگەی پەرلەمان و سیستمی پەرلەمانی و حکومەت بگرێتەوە، کە لە یەککاتدا هەڵسێت بە ئەرکەکانی یاسا دانان و جێبەجێکردنی.
تاوسەندنی ئەم دواییانەی ڕاپەڕین و ڕاگەیاندنی ئامادەیی جەماوەری ڕاپەڕیوی شاری ناسریە بۆ پێکھێنانی “حکومەتێکی بەدیل”، کە پشتیوانی لێکرا لەلایەن خەڵکی ڕاپەڕیو لە بەغداد و پارێزگاکانی تر، بەم مانایەیە کە ئەم ڕوهێنانە واتا پێویستی خۆڕێکخستنی ھێزەکانی ڕاپەڕین وەک دەسەڵاتێکی بەدیل، بەشێوەیەکی عەمەلی لەلایەن جەماوەری ڕاپەڕیوەوە دەخرێتەڕوو، ئەمەش پەرەسەندنێکی گرنگ و ئەرێنیە.
سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی دەست بەکار بوون بۆ دامەزراندنی شۆرا جەماوەریە شۆڕشگێڕیەکان، دەست پێشکەریە بۆ بەستنی کۆبوونەوە گشتیەکان لەلایەن خەڵکی ڕاپەڕیوو لە مەیدانەکاندا، وە دەست پێشکەری چالاکوانانە لە ڕیزەکانی کرێکاران و لاوان و خوێندکاران و ژنان و ھاووڵاتیاندا بۆ بەستنی کۆبوونەوە گشتیەکان بە مەبەستی پێکھێنانی شۆراکان لە شوێنەکانی کار و نیشتەجێ بوونیاندا. کۆبوونەوە گشتیەکان بڕیار لەسەر سیاسەت و پرێنسیپە گشتیەکانی بزووتنەوە شۆرایەکە دەدەن کە دواتر دەبنە تەوەرەی سەرەکیەکانی دەستووری وڵات.
هەرچەندە بزووتنەوەی شۆرایی لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی سیاسی و ئیداری لۆکاڵیدا سەقامگیر دەکرێ، بەڵام بزووتنەوەیەکی سەراسەریە لە گشت ووڵاتدا، کەوا پێویست دەکات دامەزراندنی شۆراکان لە ھەر شارێکدا هاوکات بێت لەگەڵ دابین کردنی پەیوەندی و ھاوئاهەنگیاندا بە شۆراکانی ترەوە لە شارەکان و پارێزگاکانی تردا.
لەگەڵ بەربڵاوبوونی ڕاپەڕین و کشانی بۆ ناو گەڕەک و شوێنەکانی شار لە بەغداد و پارێزگاکانی تر لەم چەند ڕۆژانەدا، وە لەگەڵ ھەر پلەیەک لە پاشەکشەی ھێزە میلیشیایی و حکومیەکان لەم شوێنانەدا، پێکھێنانی شۆرا جەماوەریە شۆڕشگێڕیەکان لە ھەموو کاتێک زیاتر دەبێتە ئەرکێکی گرنگ و دەستبەجێ. مسۆگەرکردنی ڕابەرایەتی ڕاپەڕین و بەدەستھێنانی سەرکەوتن و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی بەدیل بۆ دەسەڵاتی ئێستا، دەستپێشەکەریە بۆ پێکھێنانی شووراکان.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی
٢٣ی کانوونی دووەم ٢٠٢٠
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
