بە تەشەنەکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمڕۆ مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی یەکێک لە ترسناکترین ھەڕەشەکانی مێژووی خۆی دەبێتەوە. تا ئێستا ئەم پەتایە بۆتە ھۆکاری مردنی ھەزاران و تووش بوونی سەدان-ھەزار کەس لە دانیشتوانی سەر گۆی زەوی و لە تەشەنەکردنی بەردەوام دایە لەسەر ئاستی جیھان بەبێ بەربەست.
سەرمایەداری جیھانی و دەوڵەت و ڕژێمە سیاسیە جۆراوجۆرەکانی دەریانخست کە نەک تەنھا دەستەوستانن لەبەردەم هەڕەشەکانی نەخۆشیەکی تەشەنەکەری لەم جۆرە، بەڵکو خۆشیان هۆکاری ھەڕەشەن بۆسەر ژیانی مرۆڤ و ژینگە سروشتیەکەی، وە ھەر خۆیانن کە نەبوونی و ھەژاری و بێبەشی داسەپێنن بەسەر ملیارەھا کرێکار و خەڵکی بێبەشی جیھان و دەیان خەنە ڕیزی پێشەوەی توشبوان بەم پەتایە.
هەموو ئەمانەش بەو هۆیەوەیە کە پێداویستیەکانی کەڵەکەی سەرمایە و قازانج یاری بە مرۆڤ و ژیانی دەکات و ملکەچیان دەکات بۆ ئەو پێداویستیانە، هەروەها بەو هۆیەشەوە کە زۆرێک لە وڵاتان وەک بارمتە کەوتونەتە دەست ڕژێمگەلێکی کۆنەپەرست و گەندەڵ و سەرکوتگەر کە خۆشیان ڤیرۆسێکی کوشندەن و لەسەر لاشەی ئەو کۆمەڵگانە دەژین کە فەرمانڕەوایەتیان دەکەن.
پەتای کۆرۆنا پەردەی ھەڵماڵی لەسەر قووڵایی ناکۆکیەکانی ئەم سیستمە سەرمایەداریە دڕندەیە و دژایەتی توندی ئەو لەگەڵ ھەر شتێک کە پەیوەندی بە خۆشگوزەرانی و تەندروستی مرۆڤەوە ھەیە. ئاکامەکەش تا ئێستا تیاچونی ھەزاران کەسە لە دانیشتوانی گۆی زەوی و خستنی مرۆڤایەتیە بۆ بەردەم هەڕەشەی هەرچی زیاتری کارەسات و ھەژاری و بێکاری و پاشەڕۆژێکی تاریک. ئەم سیستمە لە زۆربەی ووڵاتانی جیھاندا لە ڕێگەی سیاسەتە نیولیبراڵیەکانیەوە، لەم چوار دەیەی دواییدا، سیستمی تەندروستی گشتی و تواناییەکانی پەکخستوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی و چارەسەری نەخۆشی. ئەمە جگە لە جەنگەکانی ئەم سیستمە و خەرجی لەڕادەبەدەری سەروەتوسامانیش بۆ ئەمبارە سەربازیەکان و دابینکردنی پێداویستیەکانی ھێشتنەوە و پاراستنی ئەم سیستمە چینایەتیە بورژوازیە.
بە سەرھەڵدانی کۆرۆنا جیھان پێی نایە ناو سەردەمێکی تازەوە، کە ساڵانێک بوو لە قۆناغی شکڵگیریدا بوو، بە تایبەتی لە قەیرانی ئابوری ساڵی (٢٠٠٨)ەوە و ئێستا لەگەڵ ئەم پەتایەدا گەیشتۆتە لوتکەی خۆی. ئەوەی کە ئەمڕۆ دەیبینین ھاوشێوەی سەردەمی جەنگە جیھانیەکان و وەرچەرخانە گەورەکانە لە ژیانی مرۆڤایەتی دا، بە جۆرێک کە ئابوری سەرمایەداری جیھانی کە خۆی لە قۆناغی پوکانەوەدایە و ئێستا خەریکە دەچێتە قۆناغی چەقبەستووییەوە، دەبێتە ھۆکاری پێشھێنانی تراژیدیا بۆ ملیارەھا کرێکار و زەحمەتکێش و کرێکارانی کاتی و بێکارکراوانی ژن و پیاو لە جیھاندا.
لە پەیوەند بە عێراقیشەوە، لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و بەرزبونەوەی بێکاری و داڕووخانی زیاتری ئابوری کە هاوڕای خەرجیەکانی گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپاراستنە بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ملیونەھا کەس لە جەماوەری کرێکار و خەڵکی ھەژارکراو لەم ووڵاتەدا ڕوبەڕووی دژواریەکی گەورەتری گوزەران دەبنەوە لەوەی کە ئێستا لە ئارادایە و بێکاری و نەداری ئابوری و گرفتی کۆمەڵایەتی گەورە یەخەیان دەگرێت، کە ئەمەش سەردەکێشێ بۆ بەرزبونەوەی خەباتی ئابوری و سیاسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش.
خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەبێتە ھێزێکی پاڵپێوەنەری گەورە نەک تەنھا بۆ پڕۆسەی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو ڕوخساری تەواوی پرۆسەکەش بەسروشتی خۆی دەنەخشێنێ. ئەمەش واوەتر ڕۆیشتن لە چوارچێوەی ڕژێمی سەرمایەداری و چەکداربوون بە ئاسۆ و سیاسەتی سۆشیالیستی، وەک ئامانجێک، دەکاتە ئەرکێکی هەنوکەیی و گرینگی بزووتنەوەی کرێکاری و شۆڕشگێڕانە لە عێراقدا.
جەماوەری ڕاپەڕیو لە عێراق، پاش ئەزموونێکی شەش مانگ لە خەباتی بەردەوام، ئامادە و مەشق پێکراوە بۆ بەرپاکردنی خەباتێکی جەماوەری شۆڕشگێڕانە لە جەرگەی ئەم بارودۆخە قەیراناویەی ئێستا و ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بەدوایدا دێت.
ئەمە و بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا زۆر پێویستە پابەندی ئەو ئامۆژگاریە تەندروستیانە بین کە لایەنە پەیوەندیدار و زانستیەکان ڕایدەگەێنن. هەروەها بۆ دورخستنەوەی مەترسیەکانی کۆڕۆنا لە خۆپێشاندەران، وا پێویست دەکات بە شێوەیەکی کاتی دوور بکەوینەوە لە ڕێکخستنی خۆپیشاندان و ڕێپێوانە جەماوەریەکان تا کاتی فەراهەم بوونی دۆخێکی گونجاوی تەندروست و پارێزاو بۆ ئەم چالاکیانە.
لە پەیوەند بە مانەوە لە مەیدانەکانی ڕاپەڕین لە بەغداد و پارێزگاکانی تر، تا ئەو کاتەی کە ھەلومەرجی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بۆ خەڵکی ڕاپەڕیو دابین دەکرێت، بڕیاری مانەوە لە مەیدانەکاندا لەم قۆناغەی گەشەی پەتاکەدا لە دەستی خۆیاندایە. بەڵام لەھەموو حاڵەتێکدا دەبێ مەیدانەکانی ناڕەزایەتی کە دانیشتوانەکەی خەڵکی ڕاپەڕیوە، وەک گەڕەک و شوێنی نیشتەجێ بوونی ئەو شارانە مامەڵە بکرێت و ھەلومەرجی تەندروستی و خۆپارێزی و چارەسەرکردنیان بۆ دابین بکرێت لە کاتی هەرجۆرە تووشبوونێک بەم پەتایە.
ھەر ھەوڵێک لەلایەن دەسەڵاتداراران و حیزب و ھێزە میلیشیاییەکانیانەوە بۆ بەھرەمەندی لەو دۆخەی کە کۆرۆنا بەدوای خۆیدا دەیھێنێ بۆ ھێرش بردنە سەر خەڵکی ڕاپەڕیو تاوانێکی دوو بەرابەرە، نەک تەنھا دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیو، بەڵکو دژ بە تەواوی کۆمەڵگەش. مەیدانەکانی خۆپێشاندان بەشێکن لە ڕووداوە سیاسیەکانی ناو کۆمەڵگە و پرۆسەی گۆڕینی، لەبەرئەوە نابێت ئەم مافە لە ژێر ھیچ بیانوویەکدا لە خەڵک زەوت بکرێت.
ئێمە لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) ھاوڕیز و شانبەشانی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشکراو و خەڵکی ڕاپەڕیو ڕادەوەستین، وە پێداگری دەکەین لەسەر ئەوەی:
- لەناوبردنی کۆرۆنا کارێکی کۆمەڵایەتیە و پێویستی بە پابەندبوون بە مەرجەکانی خۆپارێزی و ھاوکاری و ھاوپشتی تەواوی ھاوڵاتیان هەیە لە ھەموو شوێنێک.
- لەسەر حکومەت پێویستە تەواوی کرێی هەموو کرێکارانی کاتی بدات بەوانەشەوە کە بە کاری نیوەناچڵ مەشغوڵن، لەگەڵ پێدانی کرێیەکی گونجاو بۆ ژیان بە دەستفرۆشان و زەحمەتکێشان کە کارەکانیان ڕاوەستاوە بەهۆی پابەندبوونیانەوە بە ڕێنماییەکانی بەرگری لە کوڕۆنا.
- لەسەر حکومەت پێویستە، بە هاوئاهەنگ لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا تەواوی کرێی ئەو کرێکارانە بدات کە بەھۆی کۆرۆناوە کارەکانیان دەوەستێ.
- پێویستە لەسەر حکومەت ئامڕازەکانی چارەسەرکردن دابین بکات بۆ تووشبوان لە نەخۆشخانەکان و ھەروەھا بڕە پارەیەکی پێویستیش دابنێت بۆ ژیانی ئەوانەی لە کەرەنتینەدان. وە کۆمەڵگە بە بەردەوامی و بە ڕۆشنی لە دواین ئەو ئاڵوگۆرانە ئاگادار بکاتەوە کە پەیوەستن بە بڵاوبوونەوەی پەتاکە و بەرپێگرتنی.
- لەسەر حکومەت پێویستە هەموو ئەو شتانە دابین بکات کە پێویستن بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتی ئەوانەی کە لە دامەزراوە تەندروستیەکاندا کار دەکەن لەگەڵ هەموو ئاسانکاریەکی پێویست بۆیان تا ئەمانیش و ھەموو کارمەندانی خزمەتگوزاریە گشتیەکان بتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن.
- ئازاد کردنی دەستوبردی ھەموو زیندانیە سیاسیەکان و تەواوی ئەوانەی فڕێندراون لە خەڵکی ڕاپەڕیو.
- چاودێری ڕۆژانەی بارودۆخی زیندانەکان بۆ بەرگرتن بە بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی دەستبەجێ بۆ چارەسەرکردنی تووش بوان.
- دابین کردنی پێداویستیەکانی خۆپارێزی دەستبەجێ لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئاوارەی کەمپەکان و دانیشتوانی شوێنە پەڕاوێزەکانی دەوروبەری شارە گەورەکان.
- ڕاگرتنی تەواوی ڕێپێوان و گردبوونەوە ئاینیەکان و بۆنە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان کە دەشێ ببنە زیاتر کردنی مەترسیەکانی بڵاوبونەوەی کۆڕۆنا
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق
٢١/ئازاری ٢٠٢٠
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
