یەکی ئایار، ڕۆژی ھاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکار

ئەمساڵ لە کاتێکدا پێشوازی لە یەکی ئایار دەکەین کە چینی کرێکار لە جیھاندا لەناو گێژەڵووکە و قەیران و وەرچەخانێکی نوێی جیھاندا ژیان بەسەر دەبات و ڕووبەڕووی پەتای کوڕۆنایە و بەدەست ئاکامەکانی قەیرانی ئابووری ڕژێمی سەرمایەداری و ئاڵۆزکاوبوونی ناکۆکی و کێشمەکێشە دەوڵەتەکانیەوە دەناڵێنێت.

ھەتا ئێستا نزیک بە دووسەد ھەزار کەس لە جیھاندا بوونەتە قوربانی کوڕۆنا، کە لاوازی سیستمی تەندروستی گشتی و کەموکورتی ئامڕاز و ئامێرەکانی خۆپاراستن و چارەسەرکردن لە زۆربەی ووڵاتاندا ڕۆڵی گەورەی ھەبوە لەو نێوەدا. دەوڵەتە بورژوازیەکان بە درێژایی چەندین دەیە بەردەوام کاریان کردوە بۆ لاواز کردنی ئەم سیستمانەی تەندروستی.

ھەروەھا سەرھەڵدانی ئەم ڤایروسە خۆیشی پەیوەندیەکی شەتەکدراوی ھەیە بە شێوازی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری کە لەسەر بنەمای قازانج دامەزراوە، و هەر ئەم سەرمایەداریەشە ھۆکاری وێرانکردنی ژینگە و شێواندنی یەکیەتی مرۆڤە لەگەڵ سروشتدا. ئەمە و دەیان ملیون لە کرێکار و زەحمەتکێش لە جیھاندا کار و سەرچاوەی ژیانی ڕۆژانەیان لەدەستداوە، وە بە ھۆی ئەم پەتایە و دەرئەنجامەکانیەوە ھەژارکراون.

ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر بە ڕوونی دەردەکەوێت کە فەرمانڕەوایەتی چینی بورژوازی و ڕژێمی سەرمایەداری بەسەر چارەنووسی مرۆڤدا، سەرچاوەی وێرانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ژینگە و ئەو سروشتەیە کە باوەشی بۆ گرتوەتەوە. لە کاتێکدا بنەبڕکردنی کوڕۆنا پێویستی بەکارێکی هاوبەشی جیهانی و هاوئاهەنگی هەیە، دەوڵەتە بورژواکان لەناو قاڵبی تەسکی نیشتمان و خۆپەرستی نەتەوەییدا خۆیان ڕاگرتووە، و لاف لێدانەکانیان بۆ نوێنەرایەتیان بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگە ڕیسوا بووە و ناوەڕۆکی چینایەتی بورژوازیانە و لانگری سەرسەختیان لە بەرژەوەندیەکانی بورژوا قەومی و قازانجی سەرمایەداری لەسەر حیسابی ژیان و تەندروستی ئینسان زۆر بەڕونی ئاشکرا بووە، ئەویش بە مامەڵە کردنیان لەگەڵ بەھێزترین قەیرانی پەتایی کە مێژوو بەخۆیەوە بینیوە.

لەبەرامبەردا، چینی کرێکاری جیھانی، تاکە چینی بەرھەم ھێنەری سەرەکی کە وەگەڕخەری چەرخی ژیانی کۆمەڵگەیە، وەک پێشڕەوی مرۆڤایەتی لە لەناوبردنی ئەم پەتایەدا خۆی نواند. لە ھەموو جیھاندا چینی کرێکار بەتەواوی توێژە جیاجیاکانیەوە ھاتە مەیدان، لە پێشیانەوە کەرتی گشتی تەندروستی و خزمەتگوزاریە گشتیەکان و پاکژکاری و کەرتەکانی بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی، پیشەسازی و کشتوکاڵ و ھاتوچۆ و لێکۆلینەوە زانستیەکان، بۆ جێبەجێکردنی چالاکیەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و پێشکەش کردنی کۆمەک بۆ ھەر کەسێک کە پێویستی پێی ھەیە، ئەوە ئەم چینەیە کە ڕابەرایەتی جەنگ بەدژی ڤایروسی کوڕۆنا دەکات، و هەر ئەویشە کە بەردەوامی ژیان مسۆگەر دەکات لەناو کۆمەڵگە دا.

ئاسۆی ئینتەرناشیونالیستی و سۆشیالیستی چینی کرێکار، لە جەرگەی ئەم بارودۆخەدا، درەوشاوە تر دەبینرێ و ھەوڵەکانی ئەم چینە بەرچاو تر دەردەکەوێت بۆ هەڵپێچانی ھێرشی دڕندانەی دەیان ساڵەی بورژوازی جیھانی بۆ سەر ئامانجە سۆشیالیستیەکانی.

بە بڵاوبوونەوەی کوڕۆنا لە عێراقدا، بۆ هەموان دەرکەوت کە تا چ ڕادەیەک سیستمی تەندروستی و خۆپارێزی گشتی و ناتوانایی حکومەت لاواز و کارەساتبارە لە دابین کردنی پێداویستیەکانی خۆپارێزی و چارەسەرکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە.

لەگەڵ جێبەجێ کردنی کەرەنتینە، بەشێکی بەرفراوانی چینی کرێکار بەتایبەتی کرێکارانی کەرتی تایبەتی و ملیونەھا بێکارکراوی ژن و پیاو لە کاری نامسۆگەر و جەماوەرێکی گەورەی زەحمەتکێشان لە سەراسەری عێراقدا بە کولەمەرگی و نەداری ژیان بەڕێدەخەن، بەبێ ئەوەی ھیچ کام لە حکومەتی ناوەندی و حکومەتی ھەرێم کۆمەگیەکی دارایی کردبن. ئەمە و لەگەڵ بەردەوام بوونی کەرەنتینەشدا بەشەکانی تری کرێکاران دەکەونە بەر مەترسی لەسەر کار دەرکردن، و پێدانی مووچە و کرێی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی گشتیش دوادەکەوێت و لێی دادەشکێندرێ. سەرباری ئەمانەش کرێکاران و کارمەندانی کوردوستان باجی بەردەوامی کێشمەکێشی کۆنەپەرستانەی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی مەرکەزی دەدەن لەسەر حیسابی زیاتر ھاتنە خوارەوەی ئاستی گوزەرانیان.

ڕاپەڕینی ئوکتوبەر لە عێراقدا کپنەبوەتەوە و ھێشتاش دروشمکەی بۆ ڕوخاندنی تەواوی ئەم ڕژێمە سیاسیە بە بەرزی ماوەتەوە و ھێز وەردەگرێت لەقوڵایی کۆمەڵگە و لە هەڵکشانی بێزاری کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ھەژارکراو و  لاوان و خوێندکاران و تەواوی بێبەشان و زوڵملێکراوان.

بەرفراوان بوونی پانتایی بێزاری جەماوەر دژ بە ڕژێمی بورژوا ئیسلامی و قەومی فەرمانڕەوا، تیژبوونەوەی کێشمەکێشی کوشندەی نێوان ھێزەکانی ئەم ڕژێمە و ئاڵۆزکاوبونی قەیرانە بەردەوامەکانی و پتەوبوونی چەپۆکی ئەمریکا و ئێران بەسەر ڕێڕەوی سیاسی لە عێراقدا …، ئەمانە ئەو توخمە بابەتیانەی قەیرانی سیاسی هەمەلایەنە پێکدەهێنن کە عێراقی پیا تێدەپەڕێت. لە جەرگەی ئەم قەیرانەدا توخمەکانی دۆخی شۆڕشگێڕانە لە گەشەسەندایە و ئەرکی مەزن دەخاتە سەرشانی چینی کرێکار و ڕەوتە کۆمۆنیستەکەی بۆ گێڕانی ڕۆڵی ڕابەرایەتی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم قەیرانە شۆڕشگێڕانەیە لە بەرژەوەندی جەماوەری ڕەنجدەر و بێبەشان و بۆ بە سەرکەوتن گەیاندنی ڕاپەڕین و ھەنگاونانی بەرەوپێش بۆ دامەزراندنی سۆشیالیزم.

ئەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش

با خەباتمان یەکخەین بۆ بەرگری کردن لە ژیان و گوزەرانمان، بۆ بەدیھێنانی خواستە ئابووری و کۆمەڵایەتیە گرینگ و دەستبەجێکانمان و بیان سەپێنین بەسەر ڕژێم دا.

دەوڵەت دەبێت ئەم ڕێکارە دەستبەجێیانە بگرێتەبەر:

دابین کردنی بیمەی بێکاری بۆ ھەموو بێکارکراوێکی ژن و پیاو، ڕێگرتن لە دواخستن و لێداشکانی مووچە و کرێی کرێکاران، ڕێگرتن لە دەرکردنی کرێکارانی لەسەرکار لە ھەردوو کەرتی گشتی و تایبەت، لەئەستۆگرتنی لێپرسراویەتی دەوڵەت بۆ پێدانی مووچە بەتەواوی، قەرەبوو کردنەوەی ھەموو ئەوانەی لە ئەنجامی کەرەنتینە سەرچاوەی گوزەرانیان لەدەست داوە، هەڵوەشاندنەوەی تەواوی یاساکانی دژ بە ژنان و داڕشتنی کۆمەڵە یاسایەک کە بنەبڕکردنی سەرکوت و توندوتیژی لەخۆ بگرێت، دامەزراندنی سیستمێکی تەندروستی گشتی سەردەمیانە و پێشکەوتوو کە خزمەتگوزاریە تەندروستی و خۆپارێزیەکان و چاودێریە کۆمەڵایەتیەکان بە خۆڕایی بۆ ھەموان دابین بکات، ئازاد کردنی دەستبەجێی گشت دەستگیرکراو و فڕێنراوانی سیاسی لە زیندانەکانی حکومەت و میلیشیاکانیدا، سزادانی ئەوانەی تاوانیان دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیو ئەنجام داوە.

(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) پیرۆزبایی لە چینی کرێکار دەکات لە عێراق و جیهاندا لە ڕۆژی ھاوپشتیە نێونەتەوەییەکەیدا، وە بە لەبەرچاو گرتنی ڕێنماییە تەندروستیەکان و خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا یادی ئەم ڕۆژە دەکاتەوە.

ھەروەھا لەگەڵ تەواوی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا لە یەک سەنگەردا خەبات دەکات بۆ سەپاندنی خواستەکانیان و بەھێز کردنی ڕێکخراوەکانیان و پێکھێنانی شوورا کرێکاریەکان و بەھێزکردنی ڕیزی خەباتی سیاسیان بۆ ڕووخاندنی سەرمایە و دامەزراندنی سۆشیالیزم.

ڕزگار بوون لەم ڕژێمە سیاسیەی ئێستا بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە، پێویستی بە دامەزراندنی شۆرا جەماوەریە شۆڕشگێڕەکانە کە یەکەمین ھەنگاوە بۆ بەدەست ھێنانی ئازادی و یەکسانی.

بژی یەکی ئایار

بژی سۆشیالیزم

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بەرەو گەشەکردنی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی بەتوانای ژنان، هاوکاتی بزووتنەوەی کرێکاری ڕوو لە هەڵکشان لە عێراقدا.

بەبۆنەی هەشتی مارسەوە: ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا پێشوازی لە (٨)ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەین، کە ...

ئێمە حزبی کۆمۆنستی شۆڕشگێر دادەمەزرێنین. ڕاپۆرتێکی زۆر کورت لەسەر ڕوداوێکی مێژوویی!

ئامادەکردنی - جەمال کۆشش ڕەوتی مارکسیستی نێو گەنجانی سۆشیالیست( دێر فونکە)، رۆژی شەممە ،١٠/٢/٢٠٢٤ لە ...

توندبونەوەی ناکۆکییەکانی سەرمایەداری  و قەیرانە ئیکۆلۆژییەکانی!

جەمال کۆشش کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس   کۆڕبەندی داڤۆس، سروتێکی ناوازەی هەیە، وێنەیەکی چڕی خەونە دۆزەخیەکانی ...

ڕێگری لە خۆپێشاندان و گەمارۆدانی بارەگای حزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر بە توندی مەحکوم دەکەین

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی (حزبی شیوعی کوردستان)، بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری شاری هەولێر مۆڵەتیان نەداوە بە (کۆمیتەی ...

بڕیارنامە لەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پەیوەند بە شەڕێکی کۆمەڵکوژی کە ئیسرائیل لە غەززە بەڕێیخستووە

شەڕی جینۆساید دژی دانیشتوانی غەززە پێی ناوەتە (١٠٨)ەمین ڕۆژی خۆیەوە، لە دووشەممە (٢٢)ی ژانویەی (٢٠٢٤)، ...