هاوڕێ (ئازاد حەمە علی)، ناسراو بە (ئازادی بێکاران)، بەهۆی نەخۆشی کوڕۆناوە (٤-٦-٢٠٢٠) بۆ یەکجاری بەجێیهێشتین و گیانی بەخاک سپارد. 
ئەو مرۆڤێکی زەحمەتکێش و چالاکوانێکی “یەکێتی بێکاران” و بزوتنەوەی بێکاری بوو لە کوردستانی نەوەتەکانی سەدەی بیست. ماڵەکەی شوێنی حەوانەوە و داڵدەدانی هاوڕێیانی کۆمۆنیست و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و بێکاران بوو، خۆشی قەڵغانێک بوو بۆ پاراستنیان لە هەڕەشەی ڕاوەدوونان و گرتن و ترۆری هێزە سەرکوتگەرەکانی حزبە قەومیە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان.
کار و چالاکی ئەو بەشێک بووە لە مێژوویەکی درەخشانی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی و خەباتی چینایەتی لە کوردستاندا و لە خەبات دژ بە بزوتنەوەی بورژوا ناسیونالیست و حزبەکانی. ئێمە و سەرجەم کۆمۆنیستەکان لە کوردستان، کرێکارانی سۆشیالیست و پێشڕەو، بەشێکین لەو مێژووە کە هاوڕێ (ئازاد) تیا چالاک بووە و خاوەن ئەو مێژووەین لە خەباتی چینایەتی و سۆشیالیستی؛ یاد و ڕێزلێنانی هاوڕێمان بەردەوامی دان و پتەوکردن و بە سەرکەوتنگەیاندنی ئەو خەباتەیە.
بە بۆنەی مەرگی هاوڕێ (ئازادی بێکاران)ەوە بەشداری غەم و پەژارەی خۆمان ڕادەگەێنین بۆ ئەندامانی خانەوادەکەی، بۆ خزم و کەسوکار و هاوڕێیانی.
بەرز و شکۆدار بێت یادی هاوڕێ ئازاد
دەستەی بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی (ڕەوت)
٥-٦-٢٠٢٠
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
