
لە ڕۆژی (١٤ تەموزی ٢٠٠٠)دا هیزە چەکدارەکانی “یەکیەتی نیشتمانی کوردستان” تاوانێکی تیرۆریستیان لەناو شاری سلێـمانیدا ئەنجامدا کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی پێنج هاوڕێی خەباتکار لە پیناوی سۆشیالیزم و ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان، کە ئەندامانی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق) بوون.
بە گۆیرەی پلانێکی پێشتر داڕێژراو لەلایەن سەرکردایەتی “یەکیەتی”وە، پاش گەمارۆدانی بنکەی ئەو حزبە و گرتنی دەیان لە کادر و ئەندامانی، سەر لە ئێوارەی ١٤ تەموز هاوڕێیان [عەبدول باست موحسن، محەمەد موستەفا (کەریم) و ئیبراهیم موحمەد (هاوکار) و هاوڕی لەتیف] کەوتنە بەر گولـلەبارانی کەمینێکی هێزەکانی “یەکیەتی” لەناوجەرگەی شاردا و گیانیان لە دەستدا، لە هەمانکاتیشدا بە گولـلەی قەناسی هەمان ئەو هیزە هاوڕێ (ئومێد نیکبیین) گیانی لە دەستدا.
هەندی لە هاوڕێیانی ئێمە، (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)، کە پێشتر ئەندام و کادر و ڕابەری ئەو حزبە بووین، لەناو گەرمەی هەموو ئەو ڕوودا و ڕووبەڕووبوونەوانەدا بووین و کەوتینە بەردەم ئەو هێرش و پەلامارە تیرۆریستییەی “یەکیەتی”. هەروەها هەندێکیشمان لە دەروەی ووڵات لە کەمپێنی دژی “یەکیەتی”دا لێبڕاونە ڕووبەرووی نوینەران و ئیۆفیسەکانیان بوینەوە.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕووی ڕاستەقینەی ئەم حزبانە دەردەکەوێت کە حزبی بورژوا میلیشی گەندەڵ وتاسەر ئێسقان دژە بەرژەوەندی جەماوەرن. ئەو بارودۆخە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیە کارەساتبارەی کە ئەمڕۆ دەیبینین و جەماوەری خەڵکی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێ، شتێک نیە جگە لە ئاکامی کەڵەکە بوونی سیاسەتەکانی پێشویان و ئەو تاوانانەشیان کە دەرحەق بە جەماوەر ئەنجامیانداوە، تاوانی تیرۆری هاوڕێیانی ئێمە یەکێک لە نمونەکانیەتی.
ئەم تاوانەی “یەکیەتی” لەناو شارێکدا کە خۆی دەسەڵاتدار و حوکمڕانی بوو تەنها ئەتوانرێ لە خانەی کردەوەکانی دەوڵەتە فاشییستەکان و هێزە ترۆریستەکان تۆمار بکرێت لە میژوودا و هیچی تر. لە واقعدا ئەم کارە نە تاکە کاری تیڕۆریستانەی ئەوان بووە، وە نە کردەوەیەکی دەرەوەی سیستمی کاری سیاسی و عەسکەری “یەکیەتی” و هیزە چەکدارەکانی ناسیۆنالیزمی کوردە، بەڵکو بەشیکە لە سیاسیەت و تاکتیکیان لە کوردستاندا. ڕەگ و ڕیشە و بناغەی ئەم تاوانانە لە جەوهەری چینایەتی بۆرژوازیانەی بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد و دوژمنایەتی سەرسەختیدایە لە بەرامبەر بزوتنەوەی کریکاری و پرۆلیتاریای سۆشیالیست و هەر بزووتنەوەیکی چەپ و ڕادیکاڵ و ئازادیخوازی ناو کۆمەڵگەی کوردستان.
مێژووی ڕابەرانی “یەکیەتی” و سەرکردەی هێزە چەکدارەکانیان، بە ڕابەری ئەو باڵەشییەوە کە “گۆڕان” یان پێک هێنا، پڕە لە کوشتوبڕی نەیاران و پڕە لە تاوانکاری شەڕی ناوخۆیی و تیروری کەسانی ڕادیکاڵ و چەپ و کۆمۆنیست. هێزەکانی ناسیۆنالیزمی کورد دەستیان بە خوێنی هەڵسوڕوانی سۆشیالستی و چەپ و ئازادیخواز سوورە. تاکە ڕێگەی ڕزگاری کۆمەڵگە لە دەستیان کۆتایی هینانە بە دەسەڵاتدارەتیان لە ڕێگەی بەرەو پێشبردنی خەباتی سوشیالیستی و ئینتەرناسیونالیستی چینی کرێکار و خەباتی ئازادیخوازانەی سەرجەم کریکاران و زەحمەتكێشان و خەڵکانی ڕزگاریخواز.
یادی ئەم هاوڕێ گیان بەخت کردووانەی ڕێگای کۆمونیزم و یەکسانی و ئازادی ئێنسانەکان، هەمیشە بەرز ڕائەگرین و زیندووە لە دڵماندا. وە فاداری و دڵسۆزی بۆیان دریژەدانە بە مارشی خەباتی چینایەتی کرێکاری و کۆمۆنیستی لەپیناو ڕزگاری بەشەریەت لە نیزامی چینایەتی سەرمایەداری.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
١٣-٧-٢٠٢٠
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
